ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

03:41 - 17/08/2020

حایم سابان؛ دەڵاڵە ملیاردێرەکەی نێوان ئیسرائیل و ئیمارات کێیە؟‌

پەیسەر

دوای ئەوەی ئیسرائیل و شانشینە یەکگرتووەکانی ئیمارات رێککەوتنی ئاشتیان بە ئەنجام گەیاند، تەلەفیزیۆنێکی ئیسرائیل پەردە لەسەر ئەو کەسە هەڵدەداتەوە کە رۆڵی گرنگی هەبووە لە نزیکردنەوەی تەلئەبیب و ئەبوزەب و گەیشتن بە رێککەوتەنەکەی نێوانیان، کە هەردوولا بە "مێژوویی" ناویدەبەن.

رێککەوتنێکی دەگمەن
هەرچەند چەند وڵاتێکی عەرەبی بە نهێنیی و ئاشکرا پەیوەندیان لەگەڵ ئیسرائیل هەیە، بەڵام رێککەوتنی نێوان ئیسرائیل و ئیمارات مێژوویی بوو، چونکە پێش ئیمارات هیچ وڵاتێکی کەنداو پەیوەندی راستەوخۆی لەگەڵ ئیسرائیل نەبووە.

رێککەوتنەکە جگە لە دروستکردنی پەیوەندی راستوخۆ لەنێوان هەردوو وڵاتدا، میکانیزمێکیشە بۆ وەستاندنی پلانەکانی تەلئەبیب لە خاکی فەڵەستین

حاییم سابان
سابانی ئەمریکی – ئیسرائیلی ساڵی ١٩٤٤ لە ئەسکەندەریەی میسر لەدایکبووە، بە رەچەڵەک میسرییە، دوای جەنگی ١٩٥٦ی سەر میسر، لەگەڵ خێزانەکەی کۆچیان کردووە بۆ ئیسرائیل و دواتریش رووی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کردووە.

گۆڤاری فۆربێس لە ریزبەندی ژمارە ٩٨ی ٤٠٠ دەوڵەمەندەکەی ئەمریکادا دایناوە و ساماناکەی نزیکەی سێ ملیار دۆلارە، دوو منداڵی هەیە بە ناوەکانی تانیا و نیس.

ساڵی ١٩٩٥ چووە نێو تیمەکەی ئیمپراتۆری میدیای رۆژئاوا رۆبەرت مەردۆخ و کەناڵی فۆکسی منداڵانی کڕییەوە.

ساڵی ٢٠٠٢ کاتێک مانیر داجانی هاوڕێی وەک بەڕێوەبەری مۆساد دەستبەکار دەبێت، پێشنیاری دامەزراندنی ناوەندی توێژینەوە سیسسییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بۆ دەکات و ناوەندەکە دادەمەزرێنێت، بۆ ئەو مەبەستەش ١٣ ملیۆن دۆلاری پێدەدات.

ساڵی ٢٠٠٣ هەردوو تەلەفیزیۆنی ئەڵمانی Pro7  و Sat1 بە بڕی ٢٢٥ ملیۆن یۆرۆ دەکڕێتەوە.

یەکەم ئیسرائیلی – ئەمریکییە مامەڵەی لەگەڵ بانکی تەقوا و سەرمایەداری سەر بە برایانی مسوڵمان یوسف نەدا کردووە و هاوکاری رێکخراوی Islamix Reliefی کردووە.

یەکێکە لە دامەزرێنەرانی ناوەندی مێمری (The Middle East Media Research Institute (MEMRI) explores the Middle East) کە یەکێکە لە پایە میدیاییەکانی دەزگای هەواڵگریی مۆساد.


رێکخەری بەشی بی بی سی بووە لەگەڵ سعودییە و قەتەر کە دواتر بەشێکی زۆریان چوونە کەناڵی جەزیرە، رێکخەری سەردانەکەی شیمۆن پێرێزیش بوو بۆ کەناڵی جەزیرە لە ساڵی ٢٠٠٧.

یەکێکە لەو پێنج کەسەی کە تامیر باردو چاوی پێیان کەوت کاتێک بوو بە بەڕێوەبەری مۆساد لە ساڵی ٢٠١١.

من پەیوەستم بە ئیسرائیلەوە
سابان دەڵێت، "من لە رووی دەروونییەوە پەیوەستم بە ئیسرائیلەوە، کاتێک لە فڕۆکەوە بەسەر کەنارەکانیدا دەڕۆم، چاوم پڕ دەبێت لە ئاو."

حایم سابان هەرکاتێک قسە دەکات بەردەوام باسی خۆشەویستی خۆی بۆ ئیسرائیل دەکات، سەبارەت بە جێهێشتنی وڵاتەکەشی دەڵێت، "من کۆچم بۆ ئەمریکا کرد و لێی نێشتەجێبووم، تاکو پارێزگاری لە بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل بکەم."

لە مۆسیقاوە بۆ بازرگانی
سابان سەرەتا بە کاری مۆسیقا دەست بە ژیانی دەکات، بە تایبەت لە تەمەنی ٢٤ ساڵییەوە، دواتر روو لە فەڕەنسا دەکات و پاش ئەوە و لە ساڵانی هەشتای سەدەی رابردوودا، بەرەو ئەمریکا کۆچ دەکات و ئیتر دەچێتە ناو سیسەت، میدیا و  بازرگانییەوە.

دوای گەیشتنی بە لۆس ئەنجلوس بە ماوەیەکی کەم، دەبێت بە یەکێک لە دەوڵەمەندەکانی ئەمریکا، ئەوەش دوای کڕینی مافی زنجیرە کارتۆنی یابانی (Power Rangers) و ریکلام بۆکردنی لە رێگەی کۆمپانیا تایبەتەکەی بە ناوی (سابان بۆ کات بەسەربردن).

بەرەو سیاسەت
ساڵی ٢٠٠٢ سابان یەکێک لە هەنگاوە گرنگەکانی ژیانی نا بۆ هاتنە ناو جیهانی سیسەت، ئەم ویستەشی بە دامەزراندنی (ناوەندی سابان بۆ سیاسەتەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست) دەستپێکرد.

ناوەندەکە سەر بە پەیمانگای بۆکینگسی ئەمریکییە، ناوەندەکەی لە واشنتۆنە و تایبەتە بە لێکۆڵینەوە و شیکردنەوە لەبارەی بابەتە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ناوەندەکە ساڵانە کۆڕبەند بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل دەکات.

سەرۆکی بە کردەوەی ئیسرائیل
ئەو کاتەی سابان لە ئیسرائیل دەبێت لە ریزەکانی سوپای بەرگری ئیسرائیلدا خزمەتی کردووە، ئێستاش یەکێکە لەو کەسانەی زۆرترین پارە بە سوپای ئیسرائیل دەبەخشێت و هەمیشەش باس لەوە دەکات سەروەتەکەی دەخاتە خزمەتی ئیسرائیلەوە، ئەمەش دەرگای لێکردووەتەوە روو لە جیهانی سیاسەت بکات.

یوری مسجاف شیکەرەوەی سیاسی لە رۆژنامەی هارتسی ئیسرائیلی سابان بە سەرۆک وەزیرانی بە کردەوە و راستەقینەوەی دەوڵەتی ئیسرائیل و دەوڵەتی جولەکەی جیهانیی ناو دەبات، ئەمەش لەبەر رۆڵی ئەم ملیاردێرە لە خزمەتکردنی ئیسرائیل و جولەکەکانی جیهان لە رێگەی کارکردنی لە سیاسەتی ئەمریکیدا.

دۆستەکەی خێزانی کلینتۆن
مسجاف باس لە رۆڵی سیاسیی سابان دەکات لەم ساڵانەی کۆتاییدا، کە رۆڵێکی گرنگی لە هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی ساڵی ٢٠١٦ی ئەمریکا بینی و هاوکارییەکی زۆری دیموکراتەکانی کرد، ئەوە جگە لەوەی ماوەی ٢٥ ساڵە هاوکاریی دارایی خێزانی کلینتۆن دەکات.

نامە دزەپیکراوەکانی ویکلیکس باس لە پەیوەندی نێوان هیلاری کلینتۆن و سابان دەکەن لە بواری هاوکارییدا، کە یارمەتییەکی زۆری هیلاری داوە لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکاندا.

یەکێکە لە هاوڕێ نزیکەکانی شیمۆن پێرێز، کلینتۆن و هیلاری کلینتۆن، تەنانەت ساڵی ٢٠٠٢ لە یەک شەودا بری حەوت ملیار دۆلاری بە حزبی دیموکرات بەخشی.

سابان چۆن ئیسرائیل و ئیماراتی لەیەکتر نزیککردەوە؟
حایم سابان کە رۆڵێکی گرنگی لە لێکنزیککردنەوەی ئیسرائیل و ئیماراتدا بینیوە، لە لێدوانێکیدا بۆ پێگەی (جیوش ئینسایدەر) رێککەوتنەکە بە "دەستکەوتێکی یەکلاکەرەوە" ناو دەبات.

بەپێی زانیارییەکانی پێگەکە سابان ساڵی ٢٠١٨ سەردانی ئیماراتی کردووە و چاوی بە محەمەد بین زاید شازادەی جێنشینی ئەبوزەبی کەوتووە، زاید لە چاوپێکەوتنەکەدا باسی لە پێویستی گەیشتن بە رێککەوتن کردووە لەنێوان هەردوو وڵات بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندی دیپلۆماسیی راستەوخۆ لەنێوان هەردوو وڵات.

ملیاردێرەکەی ئیسرائیل چەند جارێک ئاماژەی بەوە کردووە، کە چەند جارێک پەیوەندی بە محەمەد بین زاید و یوسف عەتیبەوە کردووە کە باڵیۆزی ئیمارات بووە لە ئەمریکا، ئەوەش بە ئامانجی دروستکردنی پەیوەندی راستوخۆ لەنێوان ئەبوزەبی و تەلئەبیب.

سابان و عەتیبە
١١ رۆژ پێش ئەوەی یوسف عەتیبە باڵیۆزی ئیمارات لە ئەمریکا پەیامێکی ڤیدیۆیی ئاڕاستەی گەلی ئیسرائیل بکات، لەگەڵ سابان دانیشتووە تاکو لەو بارەیەوە راوێژی پێبکات و بتوانێت باشترین وتار پێشکەشی ئیسرائیلییەکان بکات و پەسەندکراو بێت.

سابان ئامۆژگاری عەتیبەی کردووە کە پەیامەکەی بە زمانی عیبری بخوێنێتەوە و لە میدیایەکی گەورەی ئیسرائیلیشدا بڵاویبکاتەوە.

سەرەتا وتارەکە لە نیویۆرک تایمز و واشنتۆن پۆست بڵاوکرایەوە، دواتریش سابان وتارەکەی لە میدیاکانی ئیسرائیلدا بڵاوکردەوە، ئەمەش قۆناغێکی گرنگیی ئامادەکارییەکانی هەردوولا بوو بۆ رێککەوتنەکەی نێوان هەردوو وڵات.

١٣ی ئابی ٢٠٢٠ ئەمریکا، ئیسرائیل و ئیمارات بەیاننامەیەکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و تێیدا رێککەوتنی ئاشتی نێوان ئەبوزەبی و تەلئەبیبیان راگەیاند، رێککەوتنێک کە لە سەروو هەموویانەوە تورکیا و ئێران رەتیان کردەوە و لەلایەن بەشێکی زۆری وڵاتانی جهیانیشەوە پێشوازی لێکرا.