ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

03:53 - 17/08/2020

گاردیان : له‌به‌رچاونه‌گرتنی مەترسییه‌كانی ئەردۆگان كارەسات ده‌خوڵقێنێت‌

پەیسەر

رۆژنامەی " گاردیانی بەریتانی" لە راپۆرتێكدا رەجەب تەیب ئەرۆدغان سەرۆكی توركیای بە هەرەشەی راستەقینە بۆ سەر سەقامگیری وەسف كرد، و هۆشداری دا لەوەی پشتگوێ خستنی دیكتاتۆریەتەكەی دەبێتە هۆی كارەسات، داواشیكردووە سەركردەی وڵاتانی ئەوروپا رێكاری پێویست بگرنەبەر ئەگەر مەترسیەكانی توركیا بوونە راستی.

سایمون تیسدال نوسەری دێرینی گاردیان دەڵێت " دەبێت رەخنەی توندی ئەوروپا تەنها بۆ ئەلیسكاندر لوكاشینكو سەرۆكی بیلاروسیا و دەسەڵاتە دیكتاتۆرەكەی نەبێت، بەڵكو ئاراستەی دیكتاتۆرێكی تریش بێت كە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیایە كە ئاسایش و سەقامگیری رۆژهەڵاتی دەریای سپی ناوەراستی خستۆتە مەترسیەوە"

تیسدال دەڵێت " توركیا ئەندامی هاوپەیمانیەتی ناتۆ و هاوبەشێكی سەرەكی بازرگانی یەكێتی ئەوروپا و پاسەوانی سنورەكانی ئەوروپایە و لە سوریا و رۆژهەڵاتی ناوەراست كاریگەرە، بەپێچەوانەی بیلاروسیاوە، رەنگە ئەوە وەها لێكبدرێتەوە كە بۆتە هۆی بێدەنگی شەرمننانەی ژمارەیەك لە حكومەتەكان، لەناویشیاندا حكومەتی بەریتانیا.

ئەو نوسەرە باسی ئەوەشی كردووە ئەوانەی گومانیان لە دیكتاتۆریەتی ئەردۆغان هەیە با سەیری ئەو یاسایە بكەن كە لە ماوەی كەمی رابردوودا لە توركیا سەپێندرا، و رێگە دەدات چاودێری و لێپرسینەوەی تۆڕەكۆمەڵایەتیەكان بكرێت.

لای خۆیەوە توم بورتیوس لەرێكخراوی هیومان رایتس ووچ دەڵێت" یاسا نوێكەی توركیا چاودێری بەسەر ئینتەرنێتەوە زیاد دەكات، و سیستمێكی دیكتاتۆری و چەوسێنەرەوە دروست دەكات، ئەویش لەرێگەی بێدەنگ كردنی هەموو دەنگە رەخنەگرەكانەوە"

رۆژنامە بەریتانیاكە دەڵێت" ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا لە دیارترین سەركردەكانی ئەوروپایە كە بەڕووی ئەردۆغاندا وەستایەوە و توڕەی خۆی بە ئاشكرا بەرامبەر فراوانخوازیەكانی ئەنكەرە و گەران بەدوای نەوت و غاز لە ئاوەكانی یۆنان پیشاندا هەفتەی رابردوو هێزی دەریای رەوانەی رۆژهەڵاتی دەریای ناوەراست كرد و داوای لە ئەردۆغان كرد پاشەكشە بكات.

ئەردۆغان دەیەوێت پارێزگاری لە وێنەی خۆی بكات
یاوز بیدر رۆژنامەنوسی ئۆپۆزسیۆنی توركیا دەڵێت ئەردۆغان  لەكاتێكدا بەدەست قەیرانی دارایی و پەتای كۆرۆنا و دابەزینی نرخی لیرەی توركییەوە دەناڵێنێت دەیەوێت خۆی وەك سەركردەیەكی بەهێز و گەورەترین سەركردە دەربخات، بۆ ئەوەی وا پیشان بدات كە پارێزگاری لە شەرەفی توركیا و پێگەكەی دەكات لە جیهاندا، ئەو پێویستی بەوە هەیە كە هەموو رۆژێك وێنەكەی خۆی بدرەوشێتەوە، بەپێی راپۆرتی رۆژنامەی گاردیان حكومەتە دیكتاتۆرەكەی ئەردۆغان بەشێوەی توند بەدەست چەند كێشەیەكەوە گیری خواردووە لە ساڵی 2016 وە، لەو كاتەوە توركیا سەركوتكردنی هەرەمەكی ناوخۆی بەخۆیەوە بینیوە، و هەزاران كەس لە كەسانی ئۆپۆزسیۆن و دەرەوەی ئۆپۆزسیۆن لە زیندانەكاندان، ئەوە جگە لە ناسەقامگیری لەدەرەوەی سنورەكانی.

ئەردۆغان رۆڵی خۆی لە توڕەكردنی وڵاتانی دراوسێ زیادكردووە، چەند رۆژێك پێش ئێستا هێرشی كردە سەر كوردەكان لەناو خاكی عێراق و بەهۆیەوە دوو ئەفسەر و سەربازێكی عێراق كوژران.

تیسدال دەڵێت " بەسەرۆكایەتی ئەردۆغان توركیا لە جەنگی لیبیا تێوەگلاوە، بۆ ئەمەش چەند هۆكارێك هەن بەڵام لەناویاندا گەشەكردنی گەلی لیبی نیە"

رۆژنامەنوسەكە دەڵێت  " كاتێك توركیا لەمانگی شوباتی رابردوودا سنورەكانی لەگەڵ یەكێتی ئەوروپا بۆ پەنابەران كردەوە، ئەردۆغان باسی لەوە كرد كە بەتەواوەتی ئامادەیە كۆچبەران وەك چەكی سیاسی بەكاربهێنێت"

نوسەر پێی وایە توركیا بەردەوامە لە بڵاوەپێكردنی هەزاران لەهێزەكانی لە باكوری سوریا، وا خۆیان دەرخست كە هێزی ئاشتی پارێزن، بەڵام لە واقعدا هێزی داگیركەرن.
نوسەر بە گاردیانی راگەیاندووە " ئەردۆغان لەدۆخی پێكدادانی بەردەوامدایە لەگەڵ ئیسرائیل، ئیدانەی رێككەوتنەكەی هەفتەی رابردووی نێوان ئیمارات و ئیسرائیلی كرد بۆ ئەوەی پشتیوانی كارتی توندرەوەكان بهێڵێتەوە، هەروەها پێشتریش سوكایەتی بێ بیانوی بە مەسیحیەكان كرد لەرێگەی گۆڕینی كەنیسەی ئایاسۆفیا بۆ مزگەوت لەشاری ئیستەنبوڵ.

تیسدال پێداگری لەسەر ئەوە دەكات كە پێویستە سەركردەكانی ئەوروپا ئەوە بزانن كە كێشەی ئەردۆغان ناكرێت پشتگوێ بخرێت یان كەم بكرێتەوە یان دوابخرێت بۆ كاتێكی نادیار، بە ئومێدی ئەوەی لەكۆتایدا هەر دەروات، رەفتاری هەڵەی توركیا ئەگەرێكی راستەقینە و مەترسیدارە.

هاوپەیمانیەتیەكی سەربازی دژی ئەردۆغان
لەلایەكی ترەوە هەوڵەكانی توركیا بۆ دەرهێنانی وزە لە دەریای ناوەراست ڕووبەڕووی رەخنەی وڵاتانی تر دەبێتەوە و لەژێر ناوی " هاوپەیمانیەتیەكی سەربازی دژی ئەردۆغان " گیفورگ میرزایان لە " فزگلیاد" بابەتێكی نوسیوە و ئاماژەی بە پشتیوانی فەرەنسا و ئیسرائیل و میسر و سعودیە كردووە بۆ یۆنان لەدژی هەڵوێست و پلانەكانی رەجەب تەیب ئەردۆغان.

 

نوسەر لە وتارەكەیدا نوسیویەتی :

وڵاتێكی تر كە بڕیار دەدات بچێتە ناو ئاڵۆزیەكانی نێوان توركیا و یۆنانەوە، فەرەنسایە، بە ئاستێك كە ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی ئەو وڵاتە بڕیاریدا هێزی سەربازی بۆ پشتیوانی یۆنان رەوانە بكات، هەروەها یۆنان پشتیوانی لەلایەن میسرەوە بۆ دەربڕدراوە ، عەبدولفەتاح سیسی سەرۆكی میسر، پێی وایە توركیا وڵاتێكی دوژمنە كە هەرەشە لە سیستمی سیاسی میسر دەكات لەرێگەی پشتیوانی ئیخوان موسلیمینەوە، هەروەها ئیسرائیل بێ ئومێد بووە لە دەستوەردانی ئەردۆغان لە كاروباری فەلەستین، هەروەها سعودیە بەشێوەی ناراستەوخۆ پشتیوانی یۆنان دەكات، بەتایبەتیش كە پێشتر ئەنكەرە پشتیوانی قەتەری كرد لە كاتی بایكۆتی سعودیە و هاوپەیمانەكانی، بۆیە ئەگەر بەكردەوە  هاوپەیمانیەتیەكی بەم شێوەیە دروست بێت لەدژی توركیا ئەوە ئەردۆغان خۆی لەدۆخێكی قورسدا دەبینێتەوە.