ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

04:53 - 19/08/2020

سەلیم عەیاش؛ تاوانباری تیرۆرکردنی رەفیق حەریری کێیە؟‌

پەیسەر

ماوەی پانزە ساڵە لوبنان و دۆست و دوژمنی لوبنانییەکان، بە دوای وەڵامی یەک پرسیاردا دەگەڕێن، پرسیارێک کە لوبنانی خستە ناو دەیان کێشە و قەیرانی سیاسیی و ئابووری گەورە و سەختەوە، کێ بوو رەفیق حەریری لە لوبنانییەکان کرد و ١٠٠٠ کیلۆ تی ئێن تی پێدا تەقاندەوە؟ سەمیر عەیاش، تاکە تاوانبارەکە کێیە؟

تیرۆرکردنی رەفیق حەریری
لە ١٤ی شوباتی ٢٠٠٥ تەقینەوەیەک شاری لوبنانی خوێناوی کرد، تەقینەوەیەک بە ١٠٠٠ کیلۆ تی ئێن تییەوە لە نزیک هۆتێلی سان جۆرج لە بەیروت، کاروانی ئۆتۆمبێلەکانی رەفیق حەریری سەرۆک وەزیرانی پێشووی لوبنانی کردە ئامانج.

لە تەقینەوەکەدا رەفیق حەریری و ١٢ کەسی دیکە گیانیان لەدەستدا، لەنێو کوژراوەکاندا چەند پاسەوانێکی حەریری هەبوون و کوژراوێکی دیکەش هاوڕێیەکی نزیکی حەریری بوو، باسل فلیحان وەزیری ئابووری لوبنانیش یەکێکی دیکە بوو لە کوژراوەکان.

دادگایەکی تایبەت
دوای ماوەیەک لە لێکۆڵینەوە و گەڕان بە دوای ئەنجامدەرانی تەقینەوەکەدا، هیچ ئەنجامێک بەدەستنەهات. بۆیە لە شەشی شوباتی ٢٠٠٦ حکومەتی لوبنان و نەتەوە یەکگرتووەکان رێککەوتن لەسەر پێکهێنانی دادگایەکی نێودەوڵەتی تایبەت بە لوبنان، لە تەنیشت ئەمەشدا لێکۆڵینەوە سەربەخۆکانی نەقیب وەسام حەسەن بەردەوام دەبن کە دەستی بە کۆمەڵێک بەڵگە کەوتووە کە تێوەگلانی حزبوڵا لە دۆسییەکەدا دەردەخەن.

دادگای نێودەوڵەتی تایبەت بە لوبنان لە لاهای پێشتر (سەلیم عەیاش و هەریەک لە حسێن عەنیسی، حەسەن حەبیب و ئەسەد سەبرا)ی بەوە تۆمەتبار کرد کە دەستیان لە تەقینەوەکەدا هەبووە.

بڕیاری داداگا
دوای شەش ساڵ لە دادگایی و لێکۆڵینەوەی بەردەوام، دادگاکە بڕیاریدا بە تاوانبارکردنی سەلیم عەیاش و بێتاوانبوونی سێ تۆمەتبارەکەی دیکە.

بەپێی بڕیارەکەی داداگا، دەکرێت لە ماوەی ساڵێکدا پێداچوونە بەم بڕیارەدا بکرێت کە تایبەتە بە هەر چواریان.

عەیاش کێیە؟
بەپێی زانیارییەکانی داداگای نێودەوڵەتی تایبەت بە لوبنان، سەلیم عەیاش لە ساڵی ١٩٦٣ لە گوندی حاروف لە باشوری لوبنان لەدایکبووە، عەیاش هەڵگری رەگەزنامەی لوبنانییە.

عەیاش کە کەمترین زانیاریی هەیە لەبارەی ژیانە تایبەتەکەیەوە، ساڵی ٢٠١١ فەرمانی دەستگیرکردنی و راگرتنی لەلایەن حکومەتی لوبنانییەوە بۆ دەرچوو، لە تەموزی هەمان ساڵ بڕیاریکی نێودەوڵتیش بۆ دەستگیرکردنی دەرچوو.

تاکو ئێستا شوێنی سەلیم عەیاش نازانرێت، حەسەن نەسروڵا ئەمینداری گشتی حزبوڵای لوبانیش پێشر رەتیکردبووەوە، هیچ یەکێک لە عەیاش و چوار تۆمەتبارەکەی دیکە رادەست بکات.

دادگایکردنی نائامادەیی
لە شوباتی ٢٠١٢ دادگا بڕیاری دادگایکردنی نائامادەیی عەیاش و سێ تۆمەتبارەکەی دیکەی دەرکرد، ئەمەش لەبەر نەبوونی زانیاری دەربارەی شووێنی خۆشاردنەوەی، لە کانونی دووەمی ٢٠١٤ش بە فەرمی دادگایکردنی هەر چوار تۆمەتبارەکە بە نائامادەیی دەستیپێکرد.

دادگا بەشێوەیەکی سەرەکی پشتی بە زانیارییەکانی ناو ئەو مۆبایلانە بەستبوو کە دەوترا لە پلاندانان و جێبەجیکردنی هێرشەکەدا بەکارهێنراون.

دوا بڕیار
دوای ٤١٥ دانیشتنی دادگا، گوێگرتن لە ٢٩٠ گەواهیدەر و کۆکردنەوەی سێ هەزار و ١٣١ زانیاری، دادگاکە تاوانباربوونی عەیاشی راگەیاند و سێ تۆمەتبارەکەی دیکەی بێتاوان دەرکرد.

دادگا ئاماژەی بەوە کردووە، سەلیم عەیاش چەند مۆبایلێکی بەکارهێنراوە کە بۆ دیارکردنی شوێنی تەقینەوەکە بەکارهاتووە، لە بڕیارەکەدا باس لەوەش کراوە عەیاش پەیوەندی بە حزبوڵاوە هەیە، بەڵام دادگاکە بڕوای بەوە نەبووە کە تۆمەتبارەکانی دیکە هیچ پەیوەندییەکیان بەو مۆبایلانەوە هەبێت.

تۆمەتەکانی سەر سەلیم عەیاش
*رێکخستن و پلاندانان بۆ ئەنجامدانی کاری تیرۆریستی
*ئەنجامدانی کاری تیرۆریستی بە بەکارهێنانی ئامێری تەقینەوە
*کوشتنی بە ئەقەنستی رەفیق حەریری بە بەکارهێنانی ماددەی تەقینەوە
*کوشتنی ٢١ کەسی دیکە بە ئەنقەست بەبەکارهێنانی ماددەی تەقینەوە
*هەوڵی کوشتنی ٢٢٦ کەس بە ئەنقەست بەبەکارهێنانی ماددەی تەقینەوە

تۆمەتی دیکە
جگە لەم دادگاییە، لە دادگایەکی دیکە و جیادا چەند تۆمەتێکی دیکە ئاڕاستەی عەیاش کراوە، لەوانەش سێ کردەوە لە ساڵەکانی ٢٠٠٤ و ٢٠٠٥ لە دژی چەند سیاسییەکی لوبنان، لەوانەش ئەندام پەرلەمانی سەربەخۆ و وەزیری پێشوو مەروان حەمادە کە لە چەند کابینەیەکدا وەزیر بووە، ئەلیاس ئەلمەر وەزیری پێشووی بەرگری و جۆرج حاوی سکرتێری گشتی پێشووی حزبی شیوعی لوبنانی کە لە هێرشەکەدا گیانی لەدەستدا.