ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

03:21 - 22/08/2020

كازمی لە واشنتۆن چی چاندووە و لە بەغداد چی دەدورێتەوە؟‌

پەیسەر

سەردانەكەی كازمی و تیمی یاوەری بۆ كۆشكی سپی كۆتایهات، ئەو سەردانەی هەندێك بە مێژوویی و هەندێكیش بەبێ‌ بایەخ ناوی دەبەن، ئەوەی روونە سەرۆك وەزیرانی عێراق بە دوو دەستی پڕ لە رێككەوتنەوە دەگەڕێتەوە بەغداد، بەڵام بەغداد ئێستا وەك هەوارێكی خاڵی لێهاتووە بۆ كازمی و پێناچێت شیرینی سەركەوتنەكانی تا كۆتایی چێژی بمێنێتەوە.

دەستكەوتەكانی چین؟
لەپاڵ ئەوەی خودی سەردانەكە دەشێ‌ وەك دەستكەوتێك بۆ مستەفا كازمی لێكبدرێتەوە بەتایبەت كە عێراق رۆژەكان دەژمێرێت بۆ گەیشتن بە هەڵبژاردنی پێشوەخت، هاوكات چەند گرێبەستێكی واژۆكردووە كە بە بڕوای هەندێك بۆ خۆی گرێبەستەكانی جۆرێكن لە دەستكەوت.
بەپێی زانیارییەكان مستەفا كازمی گەیشتووە بە رێككەوتن لەگەڵ پێنج كۆمپانیای ئەمریكی لە بواری وزە، نەوت و كارەبادا، وەزارەتی وزەی ئەمریكاش لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوە كردووە، هەریەك لە كۆمپانیاكانی (Honeywell International Inc، Baker Hughes، General Electric، Stellar Energy، Chevron Corporation) چەند گرێبەستێكی بازرگانییان لەگەڵ وەزارەتەكانی كارەبا و نەوتی عێراقدا واژۆ كردووە.

ئەمریكا بەڵێنی چی داوە؟
بەپێی راگەیەندراوەكانی هەردوو كۆشكی سپی و ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، دۆناڵد ترەمپ بەڵێنی بە مستەفا كازمی داوە كە لەماوەی 3 ساڵدا هێزەكانی ئەمریكا لە خاكی عێراق دەبرێنە دەرەوە و تەنها چەند یەكەیەكی هونەری و راهێنان بۆ هێزە عێراقییەكان دەمێننەوە، بە وتەی كازمی ئەوە یەكەمجارە ئەمریكا راستەوخۆ لە خواستی حكومەتی عێراق تێبگات و رێز لە بڕیارەكانی عێراق بگرێت، كە مەبەستی بڕیاری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە بۆ دەركردنی هێزە بیانییەكان كە مەبەستی سەرەكی لە بڕیارەكە هێزەكانی ئەمریكایە.
دەشێ‌ خودی ئەم بڕیارەی ئەمریكا دەرگای كۆمەڵێك كێشەی بۆ كازمی داخستبێت، بەوپێیەی هێشتا لەگەڵ سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا كۆنەبوبوەوە لە بەغداد مەترسی شڵەژانی ئەمنی هەبوو، هاوكات گروپە چەكدارە شیعییەكان ئەوەیان نەشاردبوەوە كە ئەگەر كازمی سەرۆكەوتوو نەبێت لە دۆسێی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا یان نەرمی بنوێنێت یان هەرجۆرە رێككەوتنێك بكات بە ئاراستەی مانەوەی ئەو هێزانە، ئەوا لێی قبوڵ ناكەن و بە راستەوخۆ و ناراستەوخۆ هەڕەشەی لەكارخستنیان دەكرد، بەڵام ئێستا كە بڕیارەكەی پەرلەمانی عێراق بۆ كشاندنەوەی هێزەكانی ئەمریكا ئەگەری جێبەجێكردنی بەهێزتر بووە، هێشتا ئەو ئارامییە بەدی ناكرێت كە كازمی تێیدا بێت و بیر لە ئایندەی خۆی بكاتەوە، بەوپێیەی هەموومان چاویان لە هەڵبژاردنی پێشوەختە كە بڕیارە مانگی حوزەیرانی ساڵی داهاتوو ئەنجام بدرێت و هەموو ركابەرەكانیش چەند چاویان لە سەركەوتنی خۆیانە، ئەوەندە زیاتریش چاویان لە شكستی كازمییە و خودی شكستەكەی ئەو بە سەركەوتنی خۆیان دەزانن.

كورد چی دەستدەكەوێت لەم سەردانە؟
فەوزی هەریری سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان‌و سەرۆكی شاندی هەرێمی كوردستان بۆ واشنتن رایگەیاند، مستەفا كازمی سوپاسی شاندەكەی كردووە بۆ ئامادەبوون و پشتگیریكردنیان لە دانوستانەكانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا لە بوارە جیاوازەكان، هەروەها داوای كرد بەردەوام بین لە بەدواداچوون بۆ ئەو بڕیارانەی لەو یەك دوو رۆژە دران.
هەریری ئەوەشی راگەیاندووە، كازمی هەروەها وتی: زۆر گرنگە هەفتەی داهاتوو بێن و لە بەغدا ئامادەبن بۆ ئەوەی دووبارە دەست بە دانوستانەكان بكەین بۆ چارەسەركردنی كێشەكان.
سەرۆكی شاندی هەرێمی كوردستان بۆ میدیای پارتی ئەوەشی راگەیاندووە، كازمی سوپاسی سەركردایەتی سیاسیی هەرێمی كوردستانی كردووە بۆ ئەو پشتگیرییەی پێشكەشیان كردووە تا بتوانێ كارەكانی حكومەتی عێراقی فیدراڵ بەڕێوە ببات.
ئەگەر خودی ئەم قسانەی هەریری وەك دانپێدانانی كاریگەری سەردانەكە لەسەر نزیكبوونەوەی زیاتری هەولێر و بەغداد وەربگیرێن، ئەوا لە بەرامبەردا رایەك هەیە پێیوایە كە سەردانەكە ناتوانێت كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغداد بەرەو چارەسەری زیاتر بەرێت چونكە رێككەوتنی تاكلایەنەی هەرێمی كوردستان لەگەڵ توركیا یەكێكە لە لەمپەڕە گەورەكان.
عەبدولستار مەجید، سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی كوردستان كە پێشتریش وەزیر بووە لە حكومەتی هەرێمدا لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ بەشی كوردی ئاژانسی هەواڵی میهری ئێرانیدا دەڵێت، هیچ ڕێككەوتنێك سەركەوتوو نابێ ئەگەر پابەندكردنی  هەردوولای تێدا نەبێ، گرفتی گەورە لەبەردەم ڕێككەوتنی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ناوەند ئەو گرێبەستە نەوتیە پەنجا ساڵییەیە كە حكومەتی هەرێم لەگەڵ توركیا كردوویەتی و هەرئەوەش كۆسپی بەردەم ڕێكنەكەوتن بووە لە ساڵانی ڕابردوودا ،لە ھەمان كاتدا نەبوونی شەفافیەت لە داھات و خۆدزینەوە لە ھەندێ پابەندی لە لایە ھەرێمەوە ئەمەو وێڕای ئەوەی كە حكومەتی ناوەندیش بەفری بێ پەڵە نیە بەڵام ئێمە گیرۆدەی ئەم حوكمڕانی و حوكمڕانە خراپەین بەقەناعەتی من سەردانی بەڕێز كازمی بۆ ئەمریكا و پێشوازیكردنی لەلایەن سەرۆك و بەرپرسانی ئەو وڵاتەوە ئاماژەی ڕوونن بەوەی كە ئەمریكا پشتیوانی كازمی و حكومەتەكەی دەكات و ئەگەر ئەمریكاش بە جدی بێتە سەر خەت، پێموانیە نە هەولێر نە بەغدا توانای خۆدزینەوەیان هەبێ لە ڕێككەوتن.

توركیا نارازییە
خودی سەردانەكە و گفتوگۆی كازمی لەگەڵ ترەمپ و ناوزەدكردنی توركیا بەوەی كە سەروەری خاكی عێراق پێشێل دەكات، توڕەیی ئەنكەرە و بەرپرسانی حكومەتی ئەو وڵاتەی بەدوای خۆیدا هێناوە.

مەولود چاوش ئۆغلۆ، وەزیری دەرەوەی توركیا لە كاردانەوەی قسەكانی كازمی لەبارەی لەشكركێشییەكانی توركیا بۆناو خاكی هەرێمی كوردستان دەڵێت، توركیا بۆ پاراستنی ئاسایشی خۆی بەردەوام دەبێت لە ئۆپەراسیۆنەكانی.
دەشڵێت، ئەگەر حكومەتی عێراق (پەكەكە) لە ناوچە سنورییەكانی خۆی دەربكات، ئەوا ئەنكەرەش بڕیاری خۆی دەگۆڕێت.

هەرچۆنێك بێت سەردانی كازمی بۆ كۆشكی سپی كۆتایی هات، بەڵام ناكۆكییەكانی ناوخۆ و كێشە هەڵواسراوەكانی بەغداد چ لەگەڵ هەولێر لەلایەك و چ لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی كۆتایی نەهاتووە و هێشتا نازانرێت چ ئایندەیەك خۆی بۆ مەڵاسداوە بۆ پیاوێكی وەك كازمی كە هەردوو دەستەكانی پڕكردووە لە رێككەوتنی ئەمریكی لە هەوارێكی خاڵیدا.