ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

03:24 - 22/08/2020

بەغدا و دەوحە؛ نزیکبوونەوەی دوو کەنداویی لە یەکتر‌

پەیسەر

ماوەی چەند ساڵێکە و بەتایبەت چەند مانگێکە عێراق هەوڵی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی دەدات لەگەڵ وڵاتانی کەنداو، بەشێکی ئەم دوورکەوتنەوەیەش لەسەر حسابی ئێران دەبێت، یەکێک لەو وڵاتانەی رۆژ بە رۆژ پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەغدا بەهێز دەکات قەتەرە، قەتەرییەکان دەیانەوێت روو لە عێراق بکەن و پەیوەندییە ئابوورییەکانیان لەگەڵ عێراقییەکان بەهێز بکەن.

 بەغدا و قەتەر
عومەر بەرزنجی باڵیۆزی عێراق لە قەتەر لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ رۆژنامەی سەباح باس لە پەیوەندییەکانی نێوان قەتەر و عێراق دەکات، بەرزنجی دوایین هەنگاوەکانی لێکنزکبوونەوەی هەردوولا و بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا دەکات.

بەرزنجی لە چاوپێکەوتنەکەیدا ئاماژە بەوە دەکات، ئارامیی و سەقامگیری بەلای قەتەرییەکانەوە گرنگە، چونکە کاریگەری راستەوخۆی دەبێت لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان هەدوولا، پەیوەدنییەکانی ئێستاش لە ئاستێکی باشدایە، گفتوگۆکانیش دەربارەی رێکخستنی هاتوچۆی نێوانیان لە قۆناغی کۆتاییدایە، تاکو کۆت و بەندەکانی سەر هاتوچۆی هاوڵاتیانی عێراق بۆ قەتەر هەڵبگیرێن و لاببرێن.

 گرنگی قەتەر بۆ عێراق
دەربارەی گرنگی قەتەر بۆ عێراق عومەر بەرزنجی دەڵێت، دەوڵەتی قەتەر خاوەن ژێرخانێکی بەهێزە لە بوارەکانی پەروەردە و تەکنەلۆجیا، قەتەر خاوەن چەندین پەیوەندی نێودەوڵەتییە کە دەتوانرێت سودی لێببینرێت، ئەمەش لەسەر بنەمای ئەوەی کە چەندین بەرژوەندی ئابووری و سیاسیی لەنێوان هەردوو وڵاتدا هەن کە دەتوانرێت لە بواری سودگەیاندن بە هەردوو وڵات بەکاربهێنرێت.

بەرزنجی ئاماژە بەوە دەکات عێراق دەتوانێت سود لە بەرەوپێشچوونە نێودەوڵەتییەکانی قەتەر و کۆمپانیاکانی لە بواری ئاوەدانکردنەوەی وڵات و بەهێزکردنەوەی ژێرخانەکەیدا ببینێت، پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولاش بەرەو بەهێزبوونی زیاتر دەڕۆن و ئەمەش لە ئەنجامی گفتوگۆ و سەردانەکانی هەردوولا بۆ لای یەکترەوە دروستبووە، بۆیە دەکرێت ئەمە وەک هەلێک بۆ ئاوەدانکردنەوەی عێراق بەکاربهێنرێت.

١٢٩ ملیۆن دۆلار
عومەر بەرزنجی دەربارەی ئاستی ئاڵۆگۆڕی بازرگانی نێوان هەردوولا و پەیوەندییە ئابورییەکانی قەتەر و بەغدا دەڵێت، ئاستی ئاڵوگۆڕی نێوان هەردوو وڵات ١٢٩ ملیۆن دۆلارە.


بەرزنجی لەبارەی کارە هاوبەشەکانی نێوانیان و هەوڵەکانیان لەم بارەیەوە باس لەوە دەکات، لیژنەیەکی هاوبەش هەیە لەنێوان هەردوو وڵاتدا کە دواین جار ساڵی ٢٠١٨ لە دەوحە پێکەوە دانیشتوون و گفتوگۆیان کردووە، ئەمەش دوای وەستاندنی گفتوگۆی هەردوو وڵات بۆ ماوەی ١٦ ساڵ. بەرزنجی هیوسشی خواستووە خولی دووەمی گفتوگۆکانی نێوانیان لە بەغدا ئەنجام بدرێت.

پەیوەندییە ئەمنییەکانی دەوحە و بەغدا
سەبارەت بە پەیوەندییە ئەمنییەکانی نێوانیان بەرزنجی ئەوەی خستووەتەڕوو، یەکێک لە بەرژەوەندییە هەرە گرنگەکانی نێوان هەردوولا رووبەڕووبوونەوەی رێکخراوە "تیرۆریستییەکان"ە، بەتایبەت داعش و رێگرتن لە دووبارە بڵاوبوونەوەیان لە ناوچەکەدا.

بەپێی قسەی باڵیۆزی عێراق لە دەوحە دووبارە ئاوەدانکردنەوەی ناوچە زیانلێکەوتووەکانی دەستی "تیرۆر" یەکێکە لە کارە گرنگاکنی نێوان هەردوولا و بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی نێوانیان. قەتەریش بە گرنگییەوە لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق دەڕوانێت و سەقامگیری عێراق بۆ قەتەر و هاوبەشەکانی گرنگە، لەنێوان هەردوو وڵاتیشدا لێکتێگەیشتنی هاوبەش هەیە لە بواری ئاسایشدا.

تەندروستی و هەماهەنگی
عومەر بەرزنجی دەربارەی هەماهەنگییەکانی نێوانیان باس لەوە دەکات، قەتەر دوو نەخۆشخانەی مەیدانی ئامادەکراوی بۆ عێراق ناردووە کە هەموو پێداویستییە پزیشکییەکانی لەگەڵدایە، ئەمەش وەک بەشێک لە هەوڵەکانی رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

بەرزنجی جەختیش لە بەهێزبوونی پەیوەندییەکانی دەکات لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا و دەڵێت، پەیوەندییەکانی نێوان دەوحە و بەغدا بەرەوپێشچوونی ئەرێنییان بەخۆیانەوە بینیوە و ئەمەش بەهۆی گفتوگۆ هاوبەشەکانی هەردوولایە، بەتایبەت دوای ئەوەی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی وڵات لە ٢٠ی تەموز لەلایەن خالید بین خەلیفە بین عەبدولعەزیز ئەلسانی پەیوەندی پێوەکرا، هەردوولا باسیان لە باشکردنی هاریەکارییەکانی نێوانیان و گەشەپێدان و بەهێزکردنی کرد و باسیشیان لە چەند بابەتێکی هەرێمیی و نێودەوڵەتی کرد.

هەڵگرتنی کۆت و بەندەکانی هاتوچۆ
یەکێک لە کارە هاوبەشەکانی نوێنەرایەتی قەتەر و عێراق دەستپێکردنی هەوڵەکانیانە بۆ لابردنی کۆتوبەندەکانی هاتوچۆی نێوانیان، بەرزنجی دەڵێت، یەکێک لە کارە گرنگەکان هەوڵی باڵیۆزخانەی عێراقە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ لایەنی قەتەری لەپێناو لابردنی مەرجەکانی سەر رۆشتنی عێراقییەکان بۆ قەتەر و بابەتی ڤیزا.


ئاماژە بەوەش دەکات، سەرەتا و بەپێی پۆلێنبەندی هەوڵ دەدرێت کاروباری تایبەت بە هەڵگرانی پاسپۆرتی دیپلۆماسیی، خزمەتگوزاری، تایبەت و بازرگانەکان رێکبخرێن، دوای ئەم هەنگاوەش بابەتی لابردنی کۆت و بەندەکانی سەر هاتوچۆی هاوڵاتیانی ئاسایش قسەیان لەسەر دەکرێت.