ڕاپۆرتی کوردستانی

04:47 - 25/08/2020

كورد تەنها داوای پارە لە بەغداد دەكات و كێشەكانی پێشمەگە و كەركوكی وەلاناوە‌

پەیسەر

جارێكی دیكە پرسی گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ كەركوك دەوروژێندرێت، وروژاندنێك كە تەنها هەڵای راگەیاندنە و هیچی تر، دەنا لە واقیعدا نە هیچ هەنگاوێكی پراكتیكی نراوە بۆ یەكلایكردنەوەی ئەو پرسە و نە بەغداد ئامادەیە پێشهاتێكی وا قبوڵ بكات و نە لە هیچ یەكێك لە گفتوگۆكانی وەفدی هەرێم و بەغداد باسی دۆسێیەكی لەو شێوەیە كراوە.

هیچ رێككەوتنێك نەكراوە

 
جەبار یاوەر ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە لە لێدوانێكی میدیایدا رایدەگەیەنێت، تا ئێستا هیچ ڕێككەوتنێكی كۆتایی لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق نەكراوە.

بە وتەی یاوەر، تا ئێستە دوو كۆبوونەوە كراوە و بەمنزیكانە كۆبوونەوەیەكی تریان دەبێت لەسەر چۆنێتی پێكهێنانی هێزی هاوبەش و ئۆپەراسیۆنی هاوبەش و هێڵی بەرگریی هاوبەش، بەڵام تا ئێستە نەگەیشتوونەتە ڕێككەوتنی كۆتایی.

باسی لەوەش كرد، دەبێت میكانیزمێك دابنرێن بۆ ڕێككەوتنەكە و لێكتێگەیشتیمان هەیە و ڕۆژانە گفتوگۆی بەردەوام هەیە.

بەڵام ئەو وتانەی ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە لە كاتێكدایە كە گفتوگۆكانیانیان هیچ ئەنجامێكی ئەوتۆی لێ‌ سەوز نەبووە جگە لە بڕیاری پێكهێنانی یەكەیەكی هەماهەنگی.

لە لایەكی دیكەوە بابەكر زێباری، ڕاوێژكاری سەربازیی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی ڕاگەیاند: "دانوستانی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و بەرگریی عێراق بەردەوامن لەبارەی پێكهێنانی ژووری هەماهەنگی و ئۆپەڕاسیۆن لە ناوچە كوردستانییەكان، بەڵام نەگەیشتوونەتە ڕێككەوتنی كۆتایی، چونكە پێكهێنانی ژووری ئۆپەڕاسیۆن كارێكی ئاسان نییە.

هەماهەنگی نەك گەڕانەوە

فەرماندەیی گشتی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە، گەڕانەوەی هێزەكانی پێشمەرگەی بۆ كەركوك رەتكردەوە، بەڵام وتی: هەماهەنگییەكی باش لەنێوان هێزەكانی عێراق و پێشمەرگەدا هەیە لەبارەی دۆخی ئەمنی كەركوك و روبەڕوبونەوەی تیرۆرەوە.
تەحسین خەفاجی، وتەبێژی فەرماندەییەكە، بە ئاژانسی هەواڵی رەسمی عێراقی رایگەیاند: گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ پارێزگای كەركوك بونی نییە.

ئەوەشی خستەڕو: فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان كە كۆنترۆڵ و فەرماندەیی پارێزگاكەی لەڕێگەی بارەگا باڵاكەیەوە لەدەستدایە، لە پەیوەندی راستەوخۆدایە لەگەڵ تەواوی لایەنە پەیوەندیدارەكان و هێزە ئەمنییەكانی پارێزگاكەدا.

وتیشی: سەردانەكەی جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان لەگەڵ فەرماندەی پۆلیسی فیدراڵ بۆ كەركوك، بۆ تاوتوێكردنی ئاڵنگارییە ئەمنییەكان و ئەو پرسانە بوە كە جێی گرنگی هاوڵاتیانی پارێزگاكەن.

عەرەب و توركمان دژن

وەك هەمیشە، پرسی باڵادەستی و هێز یەكێكە لە كێشە بەردەوامەكانی كەركوك لەنێوان پێكهاتە جیاوازەكاندا، لەگەڵ ئەوەی تا ئێستا تەنها دەنگۆی ئەوە هەیە كە رێككەوتن بكرێت بۆ گەڕانەوەی پێشمەرگە، عەرەب و توركمانەكانی كەركوك ناڕەزایی خۆیان بە رەسمی دەربڕیوە و پێناچێت دوای گۆڕانكارییەكانی 16ی ئۆكتۆبەر، جارێكی دیكە پێكهاتە جیاوازەكانی كەركوك قبوڵی ئەوە بكەن كە پێشمەرگە و دەسەڵاتی كوردی بگەڕێتەوە بۆ پارێزگاكە.

عەرەب و توركمانی پارێزگای كەركووك لە راگەیەندراوێكی هاوبەشدا ئاماژەیان بەوە داوە كە وێرای ئەوەی پارتە كوردییەكان بوونی هێزەكانی پێشمەرگەیان لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی كەركووك، نەینەوا و دیالە پشتڕاستكردووەتەوە، بەڵام فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان گەڕانەوەی پێشمەرگەی بۆ كەركووك رەتكردووەتەوە.

لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە بۆ فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان روونی دەكەینەوە كە بوونی پێشمەرگە لە سنووری كارگێڕی كەركووك، پێچەوانەی دەستوورە. 

كورد داوای ناكات

لە ماوەی رابردوودا چەند جارێك وەفدی كوردی چوونەتە بەغداد و لەگەڵ سەرۆك وەزیران و بەرپرسانی سیاسی و ئیداری عێراقدا كۆبوونەوەیان هەبووە و زیاتی لە 12 جار لێكتێگەیشتن و تێبینییان ئاڵوگۆڕ كردووە، بەڵام سەرجەم داواكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان تەنها داوای پارە و بودجە و مووچە بووە و هیچكات باسی پرسی كەركوك  و گەڕانەوەی پێشمەرگە و ئاسایكردنەوەی رەوشەكە نەكراوە، بە بڕوای چاودێرانیش ئەوە یەكێكە لە خاڵە لاوازەكانی دانوستاندنی كوردی كە دەیان دۆسێی ئاڵۆزی لەگەڵ عێراق لەسەر یەك كەڵەكەبوون بەڵام تەنها داوای پارە و بودجە دەكات و دۆسێ‌ ستراتیژییەكانی وەلاناوە.