ڕاپۆرتی کوردستانی

11:46 - 29/08/2020

بلۆکی نەوتی سەرسەنگ و کار و چالاکی شەش مانگی یەکەمی ٢٠٢٠‌

یادگار سدیق گەڵاڵی

کۆمپانیای ئێچ کەی ئێن ئەنێرجی HKN Energy LTD کە کۆمپانیایەکی ئەمریکییە و لە بلۆکی نەوتی سەرسەنگ وەبەرهێنانی دەکات و خاوەنی ٦٢٪ ی پشکەکانی ئەوبلۆکەیە چالاکی دارایی و کارەکانی نیوەی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٠ بڵاو کردەوە کە تا٢٠٢٠/٦/٣٠ دەگرێتەوە.

خاڵە سەرەکییەکانی چالاکییەکان
داهات لە شەش مانگی یەکەمی ٢٠٢٠ دا

 بەڕێژەی ٤٦٪ کەمی کردووە بە بەراورد بە هەمان ماوەی لە ساڵی ٢٠١٩ دا. بەشێوەیەکی سەرەکی هۆکاری ئەم کەمکردنی داهاتە بۆ دابەزینی نرخی نەوت دەگەڕێتەوە کە ٤٤٪ کەمترە لەساڵی ڕابوردوو.

بڕی ٥٤,٧ ملیۆن دۆلار داهاتی نەختی(کاش) لەفرۆشی نەوت وەرگیراوە لە حکومەتی هەرێم وە بڕی ٩ ملیۆن دۆلار لە دوای ٦/٣٠ وە وەرگیراوە (ئەم بڕەی دوایی تەنها شایستەی دارایی مانگی تەموزە بەو پێیەی حکومەت و کۆمپانیا نەوتییەکان ڕێک کەوتون لەمانگی ئازارە وە مانگانە شایستەکانیان وەر بگرن.

حکومەتی هەرێم ئاگادارکراوەتەوە کە لە ئایندەدا دەبێت پابەندبێت بەپێدانی بڕی ٦٨,٦ ملیۆن دۆلار وەکو شایستەی کۆمپانیا لە فرۆش و گواستنەوەی نەوت بۆ مانگەکانی تشرینی یەکەم ٢٠١٩ تا شوباتی ٢٠٢٠. شایستەی دارایی کۆمپانیاکانی نەوت بۆ ئەو چوار مانگە لای حکومەتە. حکومەتی هەرێم بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت لەمانگی ئازار و پێشتریش کێشەی گەڕانەوەی داهاتی نەوت نەیتوانیوە شایستەکان بدات وە بە بڕیارێک دواخرا، لانی کەم تا کۆتایی ساڵ یان تا ئەوکاتەی نرخی نەوت دەگاتە ٥٠ دۆلار وە ئەم بڕە پارانە سودی ناچێتە سەر.

کۆی ئەو خەرجیانەی کۆمپانیای (HKN ) کە بە کۆست ریکەڤەری (Cost recovery)ناسراوە تا بەرواری ٢٠٢/٦/٣٠ لای حکومەتی هەرێم ماوە و نەدراوە بریتییە لە ٦٠٧,١ملیۆن دۆلار. ئەم پارە وەکو قەرزە دەبێت لەکاتی بەرهەمی کێڵگەکەدا بدرێتەوە. ئەم بڕە تەنها ٦٢٪ ی قەرزی کێڵگەکەیە وە ١٨٪ ی تری کێڵگەکە پشکی کۆ مپانیای تۆتاڵی Total فەرەنسیە و ئەوەشی دەمێنێتەوە پشکی حکومەتی هەرێمە.

ئەگەر لەسەر هەمان بنەمای HKN حسابی خەرجییەکانی کۆمپانیای تۆتاڵیش بکەین ئەوا ١٧٦,٢٥ ملیۆن دۆلاریش قەرزی خەرجی تۆتاڵە. ئەوا بە نزیککراوەیی قەرزی کۆمپانیاکان لە کێڵگەی سەرسەنگ کە بەرهەمی تەنها ٢٢,٨٥٧ بەرمیلە لە ڕۆژێکدا و تەنها ٥٪ ی بەرهەمی هەرێم پێک دەهێنێت دەکاتە ٧٨٣ ملیۆن دۆلار. ئەی دەبێت قەرزی خەرجی هەموو کۆمپانیا نەوتییەکان چەند بێت؟

کۆمپانیای HKN دەڵێت لەپەیوەندی بەردەوام داین لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بەو بابەتە، لەگەڵ ئەوەشدا تا ئێستا هیچ پلانێکی کۆنکرێتی نییە بۆ چۆنیەتی دانەوەی ئەو پارەیە.

بەرهەمی کێڵگەکە لە نیوەی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٠ دا بەڕێژەی ٣٪ کەمی کردووە بەراورد بەهەمان ماوە لە ساڵی ٢٠١٩ دا، لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا لە چوارچێوەی ئەوپلانەدایە کە دانراوە بۆ بەرهەمی ٢٠٢٠ کە لە نێوان ٢١ هەزار بۆ ٢٤ هەزار بەرمیلی ڕۆژانە یە.

لەماوەی چارەکی یەکەمی ٢٠٢٠ دا دوو دامودەزگای بەرهەم هێنان لە سوارە تکە(production facilities) بەشێوەیەکی ئاسایی کاریان کردووە. بەڵام لەهەمان ماوە دا دامودەزگای بەرهەمهێنانی سوار تکەی ڕۆژهەڵات East Swara Tika کاری نەکردووە.


کۆی بەرهەمی کەڵەکە بوو لە سەرسەنگ تاوەکو بەرواری ٢٠٢٠/٦/٣٠ گەشتووەتە ٢٦,٤ ملیۆن بەرمیل نەوت. بڕی ٧,٧٥ ملیۆن دۆلار شایستەی حکومەتی هەرێمە وەکو پاداشتی بەرهەم هێنان کە ناسراوە بە شیرینی بەرهەم ( بەپێی گرێبەستی هاوبەشی کردن لە بەرهەم، کاتێک کۆی بەرهەمی کێڵگەیەک دەگاتە ئاستێکی دیاری کراو، بڕێک پارە دەدرێت بە ووڵاتی خانەخوێ “هەرێم” وە پێی دەوترێت پاداشتی بەرهەم هێنان Production bounus) لێرەدا کاتێک کە کۆی بەرهەم دەگاتە ٢٥ ملیۆن بەرمیل پشکی کۆمپانیای HKN Energy کە بیدات بە هەرێم بریتیەلە ٧,٧٥ ملیۆن دۆلار. ئەم بڕە پارەیە دەبوایە لەمانگی نیسانی ٢٠٢٠ دا بدرایە بەحکومەتی هەرێمی کوردستان بەڵام دواخراوە بۆ ئەوکاتەی ئەو بڕە پارەی لای حکومەتی هەرێمە تەسوییە دەکرێت(لێرەدا مەبەست ٦٨,٦ملیۆن دۆلارە کەیە.

بڵاوبونەوەی پەتای جیهانی کۆڤید-١٩ لە چارەکی دووەمی ساڵدا کاریگەری هەبووە لەسەر چالاکییەکانی بلۆکی سەرسەنگ. کۆمپانیای HKN ڕێکاری زیاتری گرتەبەر لەو ماوەیەدا بۆ ئەوەی بتوانێت بەردەوام بێت لە وەبەرهێنان و پارێزگاری لە ئاستی بەرهەم و سەلامەتی هاوبەشەکانمان بکەین. بەو هۆیەوە ڕێژەی ٥٠٪ ی کارمەند کانیان کەمکردەوە، ئەمەش بویە هۆی کەم بوونەوەی بەرچاوی چالاکییەکان و خەرجی سەرمایە Capex. ئەوسەقامگیرییەی بەم دواییە لەبازاڕی نەوت دروست بوو هەروەها سووککردنی بەربەستەکانی هاتوچۆ هاوکاربوون بۆ ئەوەی هەندێ چالاکیمان کەوەستا بوو دەست پێ بکاتەوە لەوانە :
• لە بیری ST-1A دا Tie in دەکرێت بەم هۆیەشەوە چاوەڕێ دەکرێت بڕی ٢ هەزار بەرمیل لە چارەکی یەکەمی ٢٠٢١ دا زیاد بکات.
• دەستپێکردنەوەی کاری دامودەزگای بەرهەم هێنانی سوارە تکەی ڕۆژهەڵات EST بەمەش تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٠ بڕی ٥ هەزار بەرمیل بەرهەم زیاد دەکات.
رەسیدی نەختی (کاش) تا ٢٠٢٠/٦/٣٠ بریتی بووە لە ٨٤,٩ ملیۆن دۆلار.

پێشبینی بۆ ئایندە
کارکردن لە یەکەی نوێی جیاکردنەوەی نەوت ٢٥ هەزار ب.ڕ بەشێوەیەکی سنوردار بەردەوامە لە پێناو پارێزگاری لە بەرهەمهێنان و دەرچون لەم بارودۆخە ناهەموارەی کۆرۆنا. HKN دەڵێت لەنزیکەوە کار دەکات لەگەڵ بەڵێندەرەکان و تیمی ئەندازە و کڕین و بنیاتنان تاوەکو خشتەی کارکردن نوێ بکاتەوە.

• ئێمە چاوە ڕێ دەکەین یەکەم بەرهەمی ئەم یەکەیە لە ٢٠٢١ دا دەست پێ بکات ، بەڵام دیاری کردنی کاتی زۆر ورد تر دەکەوێتە سەرنوێ کردنەوەی خشتەی کار کردن. هەر دواکەوتنێک لە دابینکردنی پێداویستییەکان بەهۆی کۆڤید ١٩ کاریگەری دەبێت لەسەر دواکەوتنی کارەکان. دەستپێکردنەوەی کارەکانی هەڵکەندن پێویستە بۆ یەکەکە (یەکەی جیاکردنەوەی نەوت)ئەویش پەیوەستە بە وەرگرتنەوەی ئەوشایستانەی کەلەلای حکومەتی هەرێمی کوردستانە.
• بەردەوام دەبین لە هەڵسەنگاندنی کاتی پەیوەستکردن بە بۆری هەرێمی کوردستانەوە کە ئێستا لەژێر بنیادناندایە.
• ڕێنمای بەرهەم هێنان گۆڕانکاری بەسەردا نەهاتووە بەپێی ئەو ڕێنماییاە بەرهەم لەساڵی ٢٠٢٠ دا لە نێوان ٢١ هەزار بۆ ٢٤ هەزار بەرمیلە دەبێت لە ڕۆژێکدا.
• لەگەڵ دەستپێکردنەوەی ئەو چالاکییانەی لەسەرەوە باسکران کۆمپانیای ئێچ کەی ئێن خەرجی سەرمایەی Capex بۆ ساڵی ٢٠٢٠ زیاد دەکات لە ٤٠-٦٠ ملیۆن دۆلار بۆ ٥٥-٧٠ ملیۆن دۆلار (تەنها پشکی HKN).

بلۆکی سەر سەنگ
ئەم بلۆکە نەوتییە کەوتوەتە پارێزگای دهۆکەوە، کۆمپانیای وزەی ئێچ کەی ئێن HKN Energy ی ئەمریکی پشکی ٦٢٪ ی کێڵگەکەی هەیە کە ڕوبەرەکەی ٤٢٠ کیلۆمەتری چوارگۆشەیە ، هەروەها کۆمپانیای توتاڵی فەرەنسی ڕێژەی ١٨ ی پشکەکان و حکومەتی هەرێمیش ٢٠٪ ی پشکەکانی هەیە .


پشکی کۆمپانیاکان لە بلۆکی سەرسەنگ
کۆمپانیا ئەمەریکیە کە لە ساڵی ٢٠٠٧ وە کۆمپانیای سەر کارە لەسەرسەنگ. کێڵگەکە لە دوناوچە پێک دێت:
ا- سوارە تکە: لە ئێستادا گرنگترین بەرهەم هێنانی سەرمایەی ئێمە پێک دەهێنێت کە لە توانایدایە بە دوو یەکە و پێنج بیر ٢٥ هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم بهێنێت. بەپێی هەڵسەنگاندنی P2 بۆ حەشارگەکە ئەم ناوچەیە دەتوانرێت بڕی ٣٦٨ ملیۆن بەرمیل نەوتی لێ دەردەهێنرێت لە چینی دەباشیری. ئەچینە جۆری نەوتەکەی زۆر بەرزە و چڕی API لە نێوان ٣٦°-٣٩° دایە.
ب – ناوچەی ڕۆژهەڵاتی سوارە تکە EST: ئەم ناوچەیە دوبیری تیایە و بەرهەمی ٥ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا و بە پێی هەڵسەنگاندنی P2 بۆ ئەندازەی نەوت لە حەشارگەی نەوتییەکەدا دەتوانرێت ١٢ ملیۆن بەرمیل نەوتی لێ دەربهێنرێت، بەهەمان شێوەی ناوچەی سوارە تکە جۆری نەوتەکەی سوکەو چڕیەکەی API لە نێوان ٣٦° بۆ ٣٩° دایە.
ئێستا بەرهەمی ئەم کێڵگەیە لەڕێی تەنکەرەوە دەگەیەنرێتە فیشخاپور، حکومەتی هەرێم سەرقاڵی پەیوەستکردنیەتی بە بۆری هەرێمەوە. درێژی هێڵی بۆریەکە لە بلۆکەکەوە ٢١ کیلۆمەتر وە توانای گواستنەوەی ١٠٠ هەزار بەرمیلی دەبێت لە ڕۆژێکدا لەکاتی تەواوبوونی دا.