ڕاپۆرتی کوردستانی

04:01 - 02/09/2020

ئەو فەرماندە کوردەی سەدام لەسەر ھەڵەیەک کوشتی‌

پەیسەر

کاتژمێر چواری عەسری ٣١-٥-١٩٨٢، عەزیز حەسەن حەدیسی، بەڕێوەبەری ئەوکاتی پۆلیسی ھەولێر، پەیوەندی بە لیوا محێدین یونس، بەڕێوەبەری پۆلیسی شارەوانییەوە دەکات و پێی دەڵێت:"خێرا وەرە بۆ پارێزگا". دەگاتە بارەگای پارێزگای ھەولێر، دەبێنێت لەوێ، بەڕێوەبەری ئەمن، بەڕێوەبەری پۆلیس، فەرماندەی فەیلەقی پێنج لە ژووری پارێزگار دانیشتوون، محێدین وەک لە یاداشتەکانی خۆیدا باسی دەکات، دەڵێت "داوایەکی سەیریان لێ کردم، بەڕێوەبەری پۆلیس و پارێزگار گوتیان بە خێرایی و لە نیو کاتژمێردا گۆڕێکمان بۆ ھەڵبکەنە".

بەرپرسی پۆلیسی شارەوانی بە خێرایی شارەوانی رادەسپێرێت، لە کەمتر لەو ماوەی دیاریکراوە شارەوانی گۆڕەکە ئامادە دەکات، بێ ئەوەی ھیچ وردەکارییەک بپرسن، تەنھا وتراوە ئەمری پارێزگارەو ئەوەی کە لە سەرتانە جێبەجێکردنیەتی. 

گۆڕەکە بۆ کێیە؟

ساڵی ١٩٨٢ سوپای عیراق بەھۆی ھەڵەیەکی سەربازییەوە، شاری موحەمەرەی ئێرانی لەدەستدا و دوو فیرقەی تیاچوون، یەکێک لە فەرماندەی فیرقەکان کوردێک بوو بە ناوی جەواد ئەسعەد ئاغای شیتنە، فەرماندە مەیدانییەکان بە ھەڵە تەفسیری فەرمانی سەرووی خۆیان کردبوو کە وتبووی پردەکان بتەقێننەوە تا سوپای ئێران نەتوانن رووباری کارۆن ببڕن، بەڵام فەرماندەکان وا تێگەشتبوون دوای پەڕینەوەی سوپای ئێران پردەکان بتەقێننەوە بۆئەوەی گەمارۆیان بدەن و بیان کوژن، بۆیە عێراق ئەو شارەی لە دەستداو کشایەوە بۆ سنوری دووساڵ پیشتر و زیانی گەورەی سیاسی و سەربازی کرد، جەواد یەکێک بوو لەوانەی لەسەر ئەو شکستە سزادراو بە خێرایی دادگایی کراو لە سێدارەدرا، بۆیەش بە عس ویستی بە بێدەنگی و شارەوانی تەرمەکەی بنێژێت، تا کەسوکاری کۆنەبنەوەو ھیچ ئاڵۆزییەک دروستنەبێت.

لیوا محێدین دەڵیت، گۆڕەکە ئامادەکراو بە خێرایی گەڕامەوە بۆ پارێزگا، لە دەرگای پارێزگا پیاوێکی بەتەمەنم بینی، کە جلوبەرگی کوردی لەبەرەو بە غەم و پەژارەی زۆرەوە دەگری، ئەو پیاوە ئەسعەد ئاغای شیتنە بوو، بە محێدین دەڵێت کوڕەکەی من بێتاوان و دڵسۆزی دەوڵەت بوو بەڵام ئێستا تەنھا جەستەکەمان دەوێتەوە، تا خۆمان لە گوندەکەمان" شیتنە" بینێژین، داوا لە بەڕێوەبەری پۆلیسی شارەوانی دەکات کە لەگەڵ پارێزگار و بەڕێوەبەری پۆلیس قسە بکات، تا رازی ببن تەرمی کوڕەکەی رادەست بکەنەوەو شارەوانی نەینێژێت. 

محێدین دەچێتەوە ژورەوەو دەڵیت گۆڕەکە ئامادەیە، "بەڵام گەورەم من باوکی جەوادم بینی، ئەو تکا دەکات تەرمی کوڕەکەی وەربگرێتەوە، لێرەیە پەرێشان و تێکشکاوە، تەنھا داوا دەکات تەرمی کوڕەکەی بدەنەوە خۆیان بینێژن". دەڵیت پیاوێکی بە تەمەنەو بەڵێن ئەدات کە ئەو مەبەستی دروستکردنی پشێوی ئەمنیی نییە، دوای راگۆڕینەوە بەرپرسانی بەعس لە ژووری پارێزگا بڕوا دەھێنن کە تەرمەکە بدەنەوە بە باوکی، بەڵێننامەکەی پێ پڕ دەکەنەوە، کە پرۆسەی ناشتنەکە بێ ھیچ پشێوییەک و بە بێدەنگی بەڕێوەبچێت. چونکە سەرانی بەعس ترسیان دەبێت کەسوکاری لەسەر گۆڕەکە کۆببنەوەو بیانەوێت تۆڵە بکەنەوە.

تەرمەکە دەبرێتەوە، شیتنەو لەوێ بە خاک دەسپێردرێت، بەڕێوەبەری پۆلیسی رەواندوز ھەواڵ بە پۆلیسی ھەولێر دەدات کە پرۆسەکە بێ کێشە تەواو بووە.

دوای مانگێک لە ناشتنی تەرمەکە، ئەسعەد ئاغای شیتنە، باوکی کوژراوەکە، داواکارییەک پیشکەش دەکات بۆ بینینی سەدام حسێن، دوای دووجار پێشکەشکردنی داواکاری دەچێتە بەغدا و دیداری سەدامی بۆ رێکدەخرێت، سەدام داوای لێبوردنی لێ دەکات و دەڵیت:"عەمید روکن جوان ئەسعەد یەکێک بووە لە پاڵەوانەکانی سوپای عێراق، ئازابووە، بەڵام کاری جەنگ دەبێت ورد بێت، ھەر ھەڵەیەک کارەسات دروست دەکات"، رێزی لێدەنێت و وەک شەھید دەیناسێنێت. 

بۆچی لە سێدارەدرا؟

نزار خەزرەجی لە کتێبەکەیدا بە ناونیشانی شەڕی عێراق- ئێران باس لەوە دەکات، ساڵی ١٩٨٢ چەند زانیارییەک دەگات بە عێراق، کە ئێران ئامادەکاری بۆ ھێرشێکی گەورە دەکات بۆ رۆژھەڵاتی بەسرە، بۆ ئەوەش ھێزێکی زۆری کۆکردبووەوە، لەو ناوچەیەش کە چاوەڕواندەکرا رووبەڕووی ھێرشەکە ببێتەوە، فەیلەقی چوار و فیرقەی یەک و ١٠ لەوێ بوون.

سوپای ئێرانییەکان جوڵە دەکەن، بەڵام دەردەکەوێت عێراق بەھەڵەدا چووەو ئێران ئامانجی رۆژھەڵاتی بەسرە نییە، بەڵکو ئامانجی گرتنەوەی موحەمەرەیە، کە شارێکی سنورییەو نزیکە لەبەسرەو عێراق داگیری کردبوو. زانیاری دەگات بە ھەواڵگری سەربازی و فەرماندەیی گشتی، کە ئێران دەیەوێت رووباری کارۆن ببڕێت و بچێتەوە موحەمەرەو کۆنتڕۆڵی بکات. 

ئەوکات لە موحەمەرە فەیلەقی سێی سوپای عیراقی لێدەبێت، فیرقەی سێ جەواد ئەسعەد شیتنە فەرماندەیی دەکرد، وە فیرقەی حەوت کە تاڵع دوری فەرماندەیی دەکرد. 

ھەڵەیەک کارەساتی لێکەوتەوە

سەدام گرنگی زۆری بە موحەمەرە دەدا وەک ناوچەیەکی ئێران کە دەستی بەسەردا گرتبوو بۆیە عێراق دەیویست بەھەر رێگەیەک بووە پارێزگاری لە موحەمەرە بکات و دەرنەکرێت، فەرماندەی گشتی فەرمانی بە سوپای عێراق کرد کە ھەموو پردەکان بتەقێننەوە، سیغەی دارشتنی فەرمانەکە ناڕوونی بۆ فەرماندە مەیدانییەکان دروستکردبوو، بەوپێیەی لەھەمان کات فەرمانی تەقاندنەوەی پردەکان دراوە باسی لەناوبردنی سوپای ئێران دەکات، فەرماندە مەیدانییەکان وا تەفسیری فەرمانەکەی فەرماندەی گشتییان کرد، کە دەبێت رێگە بە ئێرانییەکان بدەن رووبارەکە ببڕن و لە پردەکە بپەڕنەوە، دواتر پردەکان بتەقێننەوەو گەمارۆی سوپای ئێران بدەن و لەناویان بەرن.

یەکەم کۆمەڵەی سوپای ئێران لە ٢-٥-١٩٨٢ لە رووبارەکە پەڕینەوە، لە ٦ی ھەمان مانگ هێزێکی گەورەی سوپای ئیران بە ئاڕاستەی رۆژهەڵاتی موعەمەرە پێشڕوەییان کرد، فیرقەی حەوت و سێی سوپای عێراق بۆ پشتی پردەکە پاشەکشەیان کرد، بە پێچەوانەوە سوپای عێراق گەمارۆدراو ھەردوو فەیلەقەکە بە یەکجاری تێکشکان و سوپای عێراق لەو شەڕەدا موعەمەرەی لە دەستداو زیانێکی گەورەی کرد. لە ٢٥ی ٥ ١٩٨٢ ئێرانییەکان بە تەواوی شارەکەیان کۆنتڕۆڵکردەوە. 

لە ٨ی مانگی ٦ی ١٩٨٢ عێراق لە ژێر کاریگەری ئەو شکستەدا، کشاندنەوەی بۆ سنوری نێودەوڵەتی راگەیاند، گەڕایەوە بۆ ھەمان کاتی پێش شەڕەکە، لە ڕووی سیاسیشەوە عیراق پاشەکشەی زۆری کرد، رووبەڕووی سەدمەیەکی گەورە بووەوە، سەدام خۆی گوتبووی ئێمە مێشێکمان دیل نەبوو بەڵام ئێستا ژمارەیەکی گەورەی سوپاو جەیش شەعبی لای ئێرانییەکان دیلن دوو فیرقەشمان داڕوخاوە. 

دادگای سەربازی بڕیاریدا

دوای ئەو شکستە، بە خێرایی دادگای سەربازی پێکھات و سێ فەرماندە تۆمەتبار بوون، لیوا روکن سەلاح قازی کە فەرماندەی فەیلەق بوو، عمید رکن جوان اسعد شیتنە، فەرماندەی فیرقەی سێ، عقید روکن محسن عبدالجلیل فەرماندەی لیوای ١٢. دوای دوو رۆژ فەرمانی لە سێدارەدانیان بۆ دەرچوو. ھەموو ئەو رێوشوێنانە لە ماوەی شەش رۆژدا تەواو بوون، بەوپیێیەی ٢٥ی ٥ موعەمەرە کۆنتڕۆڵکرا لەلایەن ئێرانەوە، ٣١ی ئایار تەرمی جەواد ئەسعەد شیتنە گەیشتەوە ھەولێر. رێوشوێنەکان بە خێرایی تێپەڕین و بە خێرایی سزاکە جێبەجێکرا.

کوردەکە سزای وەرگرت و عەرەبەکە سزا نەدرا

دوو فیرقە بەرپرسیارێتی ئەم شکستە ھەڵدەگرن، یەکەمیان فیرقەی سێ کە جەواد ئەسعەد شیتنە فەرماندەی بووەو دوەمیان فیرقەی حەوت کە تاڵع دوری فەرماندەی بووە، بەڵام تاڵع دووری تۆمەتبار نەکراو لە سێدارە نەدرا، بەرپرسانی بەعس بیانیووی ئەوەیان باسکردووە کە تاڵع دوری زۆر ئاگادار نەبووەو بەرپرسارێتی ھەڵناگرێت.