ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

05:46 - 02/09/2020

كەشكۆڵەكەی ماكرۆن چی تێدابوو بۆ عێراقییەكان؟‌

پەیسەر

ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا بە جانتایەكی پڕ لە دۆسێی جیاواز و هەنوكەییەوە سەردانی بەغدادی كرد، جانتایەك كە هەر لە دۆسێی نەوت و وزەوە ئابورییەوە تا خوێندنی باڵا و گەنجان و ئاوەدانكردنەوە و سەروەری خاكی عێراق و پەرەپێدانی توانای سەربازی و رووبەروو بوونەوەی تیرۆری لە هەناوی خۆیدا هەڵگرتبوو.
ئەوە جگە لەوەی كە ماكرۆن هێشتا فرمێسكی چاوی ئێزدییەكانی لەیاد نەكردووە و لەسەر راسپاردەی نادیە مورادی باڵیۆزی ئاشتی ئامادەیی پاریس بۆ هاوكاریكردنیان دووپات دەكاتەوە.


رووبەرووبوونەوەی تیرۆر
لە سەردانەكەیدا بۆ عێراق كە دوای سەردانی بۆ بەیروت هات، بەیروتێك كە هێشتا بۆنی دوكەڵ و خوێنی لێدێت دوای تەقینەوە بەهێزەكەی بەندەری ئەو شارە لە چەند هەفتەی رابردوودا، سەرۆكی فەرەنسا لە كۆبوونەوەكانیدا چ لەگەڵ سەرۆك كۆماری عێراق و چ لەگەڵ سەرۆكی حكومەت، جەختی كردووەتەوە كە هێشتا مەترسی تیرۆریستانی داعش كۆتایی نەهاتووە.
بە بڕوای ماكرۆن داعش ئێستا لە قۆناغی خۆ رێكخستنەوەدایە، یەكێكیش لەو وڵاتانەی چاوی تێبڕیوە عێراقە، هەربۆیە پێویستە عێراق بە وریایی و چاوی كراوەوە بەردەوام بێت لەسەر راوەدونان و روبەروو بوونەوەی گروپی تیرۆریستی داعش تا كۆتایهێنان بەو گروپە و بۆ ئەمەش سوپای فەرەنسا ئامادەیە پشتیوانی سوپای عێراق بكات.

بونیادنانەوەی دیموكراسیەت
بە سروشتی خۆیان ئەوروپاییەكان، بەتایبەت فەرەنساییەكان یەكێكن لە وڵاتانی پاسەوانی دیموكراسی، یاخود بە واتایەكی دیكە بەردەوام وەك جەنگاوەری دیموكراسی تەنانەت لە دەرەوەی خاكی خۆشیان دەجەنگن و كار بۆ بەهێزكردنی پایەكانی دەكەن.
لەم سەردانەشیدا بۆ بەغداد ماكرۆن بە عێراقییەكان و هەموو جیهانی وت كە ئێمە پشتیوانی دیموكراسین و لەبەردەمی مایكی كەناڵە ناوخۆیی و جیهانییەكانیشدا وتی ئێمەی گەلی فەرەنسی هاوڕێی عێراقییەكانین، پشتیوانی بەردەوامیانین بۆ پەرەپێدانی دیموكراسی و تەنانەت بەر لەوەی بێمە بەغدادیش باسم لەوە كردووە كە فەرەنسا دۆستی عێراقە و پشتیوانی عێراقە بۆ دووبارە بونیادنانەوەی دیموكراسییت.

دۆسێی سەربازی و ئەمنی
فەرەنسا لە دۆسێی ئەمنی عێراقدا پێگەیەكی گرنگی هەیە، لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعشیش بە هەمان شێوە رۆڵی یەكلاكەرەوە و بەرچاوی هەبوو بەتایبەت لە هێرشی ئاسمانی و پشتیوانی هێرشە ئاسمانییەكاندا، هەربۆیە ئێستاش جارێكی دیكە دەیەوێت رۆڵی هەبێت لە پەرەپێدانی دۆسێی ئەمنی عێراقدا.
ئیمانوێل ماكرۆن لە بەغداد و لە كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆك وەزیراندا بە دەق دەڵێت: "ئێمە لەگەڵ سەروەری خاكی عێراقین، لەپاڵ ئەو سەروەرییەشدا لەگەڵ سەقامگیری رەوشی ئەمنیداین، لەرووی ئەمنی و سەربازییەوە دەمانەوێت پێكەوە كاربكەین، نامانەوێت وابزانن كە فەرەنسا خاكێكی دوورە لە مەترسییەكانی تیرۆر و بۆشایی ئەمنی، هەر بۆشاییەكی ئەمنی و تیرۆر لە عێراق دروست ببێت ئێمەش وا هەست دەكەین لە مەترسیداین و بۆ ئەمەش چ راهێنەرانی سوپا و چ تیمە ئەمنییە تایبەتمەندەكانمان ئامادەی هەر جۆرە هاوكارییەكن".

"زانكۆی موسڵ ئاوەدان دەكەینەوە"
یەكێكی دیكە لە دۆسێیەكانی ناو جانتاكەی سەرۆكی فەرەنسا، دۆسێی ئاوەدانكردنەوە و هاوكاری بوو، بۆ ئەمەش لە كۆبوونەوەكانیدا لەگەڵ بەرپرسانی عێراق ماكرۆن وتویەتی كە فەرەنسا دەیەوێت هاوكاری عێراق بكات لە ئاوەدانكردنەوەدا و داوای لە لایەنی عێراقی كردووە كە تاوتوێی چەند پرۆژەیەك بكەن تا پاریس لە بەغداد ئەنجامی بدات بەتایبەت پرۆژەی خزمەتگوزاری گشتی و ستراتیژی لە بەرژەوەندی هاوڵاتیان.
هاوكات ئیمانوێل ماكرۆن وەك دیاری دەستی بۆ عێراق بەڵێنی داوە كە وڵاتەكەی لەپاڵ هاوكاری پرۆژە خزمەتگوزارییەكاندا زانكۆی موسڵ ئاوەدان بكاتەوە كە بەهۆی ئەوەی شارەكە لە چەند ساڵی رابردوودا بوبوە مۆڵگەی داعش ئێستا نیمچە خاپوور بووە و لەو چوارچێوەیەشدا زانكۆی موسڵ كە یەكێك بوو لە زانكۆ بەهێز و دەوڵەمەندەكان لەرووی سەرچاوەی زانیاری نەك تەنها لەسەر ئاستی عێراق بەڵكو لەسەر ئاستی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست ئێستا خاپوور بووە، هەربۆیە فەرەنسا تێچووی ئاوەدانكردنەوەی زانكۆكە و دووبارە بوونەوەی بە ناوەندێكی زانستی دەوڵەمەند دەگرێتە ئەستۆ.

فرمێسكی ئێزدییەكان
لە بەشێكی تری كۆبوونەوەكانیدا لەگەڵ بەرپرسانی عێراقدا سەرۆكی فەرەنسا باسی لە دۆسێی ئێزدییەكانی شەنگال كردووە و هاوسۆزی ئیلزییەی بۆ دەربڕیون و وتویەتی ئێمە ئەو كارەساتە لەیاد ناكەین كە بەسەر ئێزدییەكان هێنرا، بۆ ئەمەش لە رابردوو فەرەنسا هاوكار بووە و لە داهاتووش هەروا دەبێت بەتایبەت لەرووی پێشكەشكردنی هاوكاری تەندروستی و دەرونی بە قوربانییەكان.
هەروەك ماكرۆن ناوی نادیە مورادی هێناوە كە وەك چالاكێكی رفێندراوی ئێزدی دواتر بووە باڵیۆزی ئاشتی و لە زۆرێك لە ناوەندەكانی جیهاندا پێشوازی لێكرا و وتویەتی ئێمە لە هەوڵی جێبەجێكردنی داواكارییەكانی نادیە موراد دەبێن بۆ پێشكەشكردنی هاوكاری بە ئێزدییەكان.

عێراق چی دەوێت؟
لەپاڵ ئەوەی كە فەرەنسا هاوبەشی سەرەكی روبەروو بوونەوەی داعش بوو، بەڵام هێشتا عێراق چاوی لەوەیە كە فەرەنسا هاوكاری زیاتری ئەمنی و سەربازی بكات و لە كۆبوونەوەكەشیاندا مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق داوای لە ماكرۆن كردووە كە گرنگی زیاتر بە دۆسێی ئەمنی و سەربازی بدەن و لەسەر بنەمای بەهێزبوونی ئەمنی و سەربازی پەرە بە پەیوەندییەكانیان بدەن.
هاوكات یەكێكی دیكە لە داواكارییەكانی عێراق لە ئیمانوێل ماكرۆنی سەرۆكی فەرەنسا ئەوەبووە كە وڵاتەكەی رۆڵی هەبێت لە دووبارە بیناكردنەوەی ئەو ناوچانەی تووشی زەرەر و زیانی جەنگی بوون بەهۆی رووبەروو بوونەوەی داعش، لەپاڵ ئەوەشدا كازمی داوای لە ماكرۆن كردووە كە هاوكاری عێراق بن لە پەرەپێدانی وزە بەتایبەت چارەسەری دۆسێی كارەبا و پشتیوانی بن لە رێكخراوی وزەی نێودەوڵەتی.
خواستێكی دیكە، یاخود داواكارییەكی دیكەی عێراق لە ماكرۆن ئەوەبووە كە كۆمپانیای زیاتری فەرەنسی بێتە عێراق بۆ كاركردن و دەرفەتی كاری زیاتر بۆ هاوڵاتیانی عێراقی بڕەخسێنن، لە بەرامبەریشدا حكومەتی عێراق ئاسانكاری زۆر بۆ كۆمپانیا فەرەنسییەكان دەكات.

هەگبەی كوردی
لەپاڵ كۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆكایەتییەكانی عێراق، ئیمانویڵ ماكرۆن و باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق و دوو وەزیری فەرەنسی كە یاوەری سەرۆكی ئیلیزیەیان كردبوو بۆ بەغداد، بۆ ماوەی نیو كاتژمێر لەگەڵ وەفدی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوە كە پێكهاتبوون لە سەرۆكی هەرێم و جێگرەكانی و راوێژكارێكی باڵای سەرۆكی هەرێم بۆ كاروباری نێودەوڵەتی.
بەپێی زانیارییەكان لەو كۆبوونەوەیەدا ماكرۆن جارێكی دیكە باسی لە خواستی فەرەنسا كردووە بۆ مانەوەی عێراق بە یەكپارچەیی و یەكگرتوویی و دۆستایەتی مێژوویی وڵاتەكەشی بۆ هەرێمی كوردستان دووپات كردووەتەوە.
هاوكات نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە تویتێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر لەبارەی كۆبوونەوەكەی لەگەڵ ماكرۆن دەڵێت: "پێخۆشحاڵم بە بینینەوەی سەرۆك ئیمانوێل ماكرۆن. ئەمڕۆ لە بەغدا كۆبوونەوەیەكی بەرهەمدارمان هەبوو. سوپاسگوزاری پشتیوانیی بەردەوام و پەیوەندییە بەهێزەكانی فەرەنسام بۆ هەرێمی كوردستان. بە هیواوە چاوەڕوانی گەشەپێدان و بەهێزتركردنی پەیوەندییەكانمانین لەگەڵ فەرەنسا".

دژایەتی دەستوەردان
بەپێی زانیارییەكانی پەیسەرپرێس، لەم گەشتەیدا بۆ بەغداد ئیمانوێل ماكرۆن لە تەواوی كۆبوونەوەكانیدا لەگەڵ بەرپرسانی عێراق و هەرێمی كوردستان قسەیەكی هاوبەشی كردووە، ئەویش ئەوەیە كە وڵاتەكەی بە هەموو شێوەیەك دژی دەستوەردانە لە كاروباری عێراق، تەنانەت لە كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆك كۆماری عێراق بە دەق وتویەتی: "ئێمە دەزانین كە ئێوە گیرۆدەی دوو شتن یەكەم تیرۆر و دووەم دەستوەردانی دەرەكی".
رەنگە ئەم وتەیەی ماكرۆن پەیامێكی روون بێت بۆ ئەو عێراقەی كە بەدرێژایی زیاتر لە 15 ساڵی رابردوو هێندەی گۆڕەپانێك بووە بۆ بەریەككەوتنی ئەجێندای وڵاتانی هەرێمی و زلهێزەكان چەندین هێندە كەمتر وڵاتێك نەبووە بۆ ژیان و پەیامەكەی ماكرۆن هیچ تەمومژێكی پێوە نییە و بە روونی دیارە كە مەبەستی لە دەستوەردان چییە، بەڵام هێشتا روون نییە كە عێراق چۆن لەو پەیامە تێدەگات و چۆن دەتوانێت لەپاڵ رەواندنەوەی مەترسی تیرۆردا خۆی لە مەترسی دەستوەردانیش قوتار بكات.