کوردستان

11:33 - 03/09/2020

بڕیاری پشتی لابتۆپ و زیانی داهاتووی قوتابیان‌

پەیسەر پرێس

دۆخی هەرێمی كوردستان خۆی لە خۆیدا لەبار نەبوو، لە 2014 ەوە تائێستا كێشەی دارایی هەیەو هەرجارەی بە پاساوێك مووچەی فەرمانبەران نادرێت، كەچی لە ناوەڕاستی خوێندنی ساڵی پاردا كۆرۆناشی هاتە سەر، وەرزی دووەم نەخوێنراو پرۆسەی بە ئۆنلاینكردن هاتە پێشەوە، بەڵام سەركەوتوو نەبوو، لەبەر ئەوە ئەنجامی كوۆتایی وەرزی یەكەم كرایە بنەماو بە بڕیارێك كۆتایی بە هەموو شت هات، ئبەشێك گوتیان گەرچی كۆرۆناش كاریگەریی هەبووە، بەڵام هۆكاریرە ڕاستەقینەی پرۆسەكە ناڕەزایەتی مامۆستایان و ڕاگەیاندنی بایكۆت بوو بۆیە پرۆسەكە پەكخرا، هەندێكی دیكەش گوتیان خۆ پێشتریش لە ناوچەكانی پارێزگاكانی سلێمانی و هەردوو ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕین بایكۆت هەر هەبوو، پرۆسەكەش بەردەوام بوو. هەرچۆنێك بێت كار بەم شێوەیە بڕوات زیانی گەورە لە ئێستاو داهاتووی باشووری كوردستان دەدرێت و قەرەبوو كردنەوەی نەك هەر ئەستەمە بەڵكو هەرگیز قەرەبوو ناكرێتەوە، لەبەر ئەوەی خوێندن و پرۆسەی پەرورەدە پەیوەندی بەتەمەن و فێربوونەوە هەیە، تەمەن و كاتی فێربوونیش هەرگیز  قەرەبوو ناكرێتەوە. لە نوێترین بڕیاریشدا ئەنجوومەنی وەزیران دەڵێت وەرزی یەكەمی خوێندنی ساڵی 2020-2021 بە شێوەی ئۆنلاین بەڕێوە دەچێت، پرۆسەكە لە ڕووی تیۆرییەوە لەوانەیە خۆهەڵواسین بێت بە دونیای پێشكەوتوودا، بەڵام لەناوەڕۆكدا پڕپڕە لە گرفت، نەك گرفتی ئاسایی، بەڵكو گرفتی گەورەی قەرەبوو نەكراو.

 

دوای ئەوەی دوێنێ چوار شه‌ممه ‌ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری یەكلاكەرەوەی لەبارەی خوێندنی ئەمساڵی داو چەند بڕیارێكی لەو بارەیەوە خستە ڕوو، كاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، پسپۆڕان و شارەزایان و مامۆستایان لەو بارەیەوە قسەی زۆریان كردو زۆرینەی ڕەخنەكانیان بەیەك ئاڕاستە بوو، سەرەڕای ئەوەی كە ڕەخنەگران باوەڕیان وایە ئامانجی ئەنجوومەنی وەزیران خۆدزینەوە بووە لە پێدانی مووچەی مامۆستایان و دوورخستنەوەیان لە هۆڵەكانی خوێندن لە ڕووی زانستی و بەراوردكاییەوە بەو وڵاتانی پێشكەوتوو، بڕیارەكانی ئەنجوومەنی وەزیران كەموو كوڕیی زۆری تێدایە،ئەمە سەرەڕای ئەوەی بەشێك لە سۆشیاڵ میدیا بە شێوەی گاڵتەئامێزو پێكەنیناوی لەو دۆخەیان ڕوانی و لێكدانەوەیان بۆكرد.

بەردەم لابتۆپ و پۆلی 40 قوتابی:
زۆرینەی ئەو ڕەخنانەی كە لە كۆبوونەوەكەی دوێنێی ئەنجوومەنی وەزیران گیران، بریتی بوون لەوەی كە ئەنجوومەنی وەزیران كە بە ئەندازەی ژمارەی قوتابیانی یەك پۆلن، ناوێرن(یان نایانەوێت) پێكەوە كۆببنەوەو بە ئۆنلاین و لە پشتی كۆمپیوتەرەكانیانەوە بڕیارەكانیان دەردەكەن، ئەوە لە كاتێكدا كە هۆشیاریی وپێداویستی پاكوخاوێنی لە نێوان ئەنجوومەنی و وەزیران قوتابخانەكانی كوردستاندا بەراورد ناكرێت، ئەوان چۆن و لەسەر چ بنەمایەك سەدان قوتابی دەخەنە نێو قوتابخانەیەك، چەندین قوتابی دەخەنە پۆلێك . 2 تا3 قوتابی لەسەر یەك تەختە و لە تەنیشتی یەكەوە دابنیشن، بە بێ هیچ پێداویستیەكی پاكوخاوێنی، جگە لەوەش پارەی بەردەستی كارگێریی قوتابخانەكان كەی بەشی ئەوەی كردووە كە بتوانێت كەرەستەكانی پاكوخاوێنی دابین بكات.

ڕاگەیەنراوی ئەنجوومەنی وەزیران چی گوت:
ده‌قی راگه‌یه‌نراوی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران له‌باره‌ی ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی خوێندنی ئه‌مساڵ
دوای تاوتوێ کردنی هەموو ئەگەرەکان و بە هۆی بەردەوامیی تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان و لە پێناو بەردەوامیدان بە پرۆسەی خوێندن و فێرکردن و پاراستنی بەرژەوەندیی قوتابیان و خوێندکارانی ھەرێمی کوردستان و لەسەر پێشنیاری وەزارەتە پەیوەندیدارەکان، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا وەرزی یەکەمی ساڵی نوێی خوێندنی ٢٠٢٠-٢٠٢١ بە شێوەی خوێندنی ئەلیکترۆنی دەست پێ بکرێت (جگە لە قۆناغی دوازدەی ئامادەیی) و، وەزارەتە پەیوەندیدارەکانیشی ڕاسپارد لە چوارچێوەی دەسەڵاتی خۆیان ڕێنمایی و ئامادەکاریی پێویست بۆ ڕاگەیاندنی رۆژژمێری وەرزی یەکەمی خوێندن لە گشت ناوەندەکانی خوێندن و دیاریکردنی یەکەم ڕۆژی دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن بە شێوەی ئەلیکترۆنی بکەن.

ئەنجومەنی وەزیران سەرەڕای دووپاتکردنەوەی گرنگیی پابەندبوونی ھاووڵاتیان بە ڕێنماییەکانی خۆپارێزیی لە کۆرۆنا کە بەداخەوە لە تەشەنەکردندایە، وەزارەتی تەندروستیشی ڕاسپارد کە ڕێنماییە تەندروستیيەکانیان لەمبارەیەوە ڕێکبخەنەوە و بە ھامەھەنگيی لەگەڵ فەرمانگەی میدیا و زانیاری لەسەر ھەڵمەتەکانی ھۆشیارکردنەوەی خۆپارێزی بەردەوام بن و، وەزارەتی دارایی و ئابووری و سەرۆکایەتی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانیش، ڕاسپێردران بە ھەماھەنگی لەگەڵ ھەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی پێداویستیی دارایی بۆ ئەم پرۆسەیە دابین بکەن.

شارەزایان چی دەڵێن؟
عەتا ئەحمەد كە سەرپەرشتیاری پسپۆرییەو لە هەمان كاتیشدا جێگری سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستانەو لە نزیكەوە ئاگای لە دۆخی مامۆستایان و پرۆسەی پەروەردەو گۆڕانكارییەكانیشە، لەو بارەیەوە سەرنجی خۆی هەیە كە لەچەند خاڵێكدا كورتی كردووەتەوەو لەو بارەیەوە دەڵێت:  بڕیارەکەی ئەنجومەنی وەزیران بۆ دەستپێکردنەوەی خوێندن کەم و کورتی زۆری تێدایە :
1-  هیچ کەس لەمامۆستایان و سەرپەرشتیاران و شارەزایان خوێندنی ئۆنلاین بەگونجاو نازانن و بەڕێگەیەکی گونجاوی نازانن بۆ فێرکردن ، چۆن یانزە قۆناغ دەکەیتە ئۆنلاین ؟؟
2-  قۆناغی بنەڕەتی و بەتایبەت بازنەی یەکەمی ( 1 و 2 و3 و4 ) هەرگیز سودمەند نابن لەوجۆرە خوێندنە پێویستیان بەمامۆستا هەیە ڕوبەڕوو لەگەڵیان بێت ..
3-  بەشێکی زۆر لەهاوڵاتیان و خوێندکاران بەتایبەت شارۆچکەو گوندەکان هەرکیز ناتوانن سودمەند بن لەوشێوازە و پێداویستی ئۆنلاینیان بەردەست نیە .
4- خوێندنی ئۆنلاین پشت بەتەلقین و تەنها گوێگرتنی خوێندکار دەبەستێت ئەمەش فاشیلترین جۆری فێرکردنە ..
5- تاقیکردنەوەکان و هەڵسەنگاندن بۆخوێندکار بونی نامێنێت بەمەش خوێندکار ناچارنابێت بۆهەوڵدان و کۆشش کردن .

ئەو بەرپرسەی یەكێتی مامۆستایان و لە هەمان كاتدا سەرپەرشتیاریی پەروەردەیی دەڵێت : داواکارم لەبەڕێزان وەزارەتی پەروەردە پێداچونەوە بکەن بەو بڕیارە نەبونی لەبونی باشترە  هەروەها كورتكراوەی بۆچوونی خۆی لە دوو خاڵدا خستووەتە ڕوو:
1- ئەگەر موچە هەبێت بەباشی پێویست ناکات خوێندن دوابخرێت ..
2-  باشترین بژاردە کەکەمترین زیانی دەبێت و تاڕادەیە گونجاوە ، کردنی قوتابخانە و پۆلەکان بۆدووگروپ و جەخت کردنەوە لەخۆپارێزی و ڕێکاری پێویست گرتنەبەر بۆ ئەو مەبەسته ..
خوێندنی ئۆنلاین زۆرترین قازانجی بۆ حکومەت هەیە و کەمترین سوود بۆ پرۆسەی پەروەردەو خوێندکار ..
بەڵام ڕوونی نەكردووەتەوە كە سوودی خوێندنی ئۆنلاین بۆ حكومەت چییە؟

نموونە نزیك و بەرجەستەكان :
1-خوێندنی 2019-2020 وەرزی دووەمی بە شێوەی ئۆنلاین بەڕیوە چوو، بەڵام ئەو پرۆسەیە شکستی هێنا و کەمترین مامۆستا و قووتابی پێشوازیان لێ کردوو و جێ بەجێیانکرد، باشترین بەڵگەش ئەنجام نەدانی تاقیكردنەوەكان بوو بۆ وەرزی دووەم و ئەژماركردنی نمرەی وەرزی یەكەم، وەك شارەزایان باسی دەكەن حكومەت بە گشتی و وەزارەتی پەروەردە ئەگەر باوەڕی تەواوی بە شكستی ئەو پرۆسەیە نییە، چۆن بڕیاری لەو شێوەیەی دەركرد و تاقیكردنەوەی نیشتیمانی پۆلی نۆیەمی بنەڕەتی هەڵوەشاندەوەو بەشێكی زۆریشی لە پرۆگرامی پۆلی 12 كان لادا.
خوێندنی ئۆنلاین لە وڵاتە پێشکەوتوەکان و ئەوروپاش بۆ قۆناغی بنەڕەتی { ١ تا ٩ } بەکار ناهێنرێ و سەرکەوتوو نەبوو سەرەڕای ئەوەش لە بەشێكی زۆری وڵاتان چوونەتەوە ناوەندەكانی خوێندن بەڵام بە پێی ڕێنماییە تەندروستیەكان و دابینكردنی پێداویستییەكان .

2-پۆلەکانی بازنەی یەکەم { ١-٢-٣} بناغەی فێربوونی قوتابین ، کە بەهیچ شێوەیەک ناتوانرێت بە ئۆنلاین فێربکرێن ، بەركەوتن وفێربوونی نێو پۆل و بەرجەستە و بەشدارییكردنی قوتابی لەو قۆناغەدا لە هەموو شت گرنگترە، لە ساڵی 2014 ەوە كێشە بۆ ئەم قوتابیانە دروست دەبێت و پارساڵیشی هاتە سەر كە هیچ قوتابییەك نەیتوانی پیت و ژمارەكان تەواو بكات و هیچیان لەبارەوە نازانێت. ئەوە سەرەڕای ئەوەی قوتابیانی پۆلی چوارەم بۆیەكەمجار تاقیكردنەوەی سەر وەرەقە ئەنجام دەدەن و لەو قۆناغەشەوە وەڵامی پرسیارەكان زۆرینەی هەلبژاردنەو ئەوەش دەبێتە هۆكاری ئەوەی خوێندنەوەو ناسینی پیت و ژمارەیان بۆ دروست دەبێت كە بە هیچ شتێك قەرەبوو ناكرێتەوە.
3-زۆرینەی زانایانی بواری پەروەردەی منداڵ و دەرونناسان یەک دەنگن لەسەر ئەوەی بەکارهێنانی مۆبایل و ئایپات و ئامێرەئەلکترۆنیەکان زیانی گەورە بە منداڵان و قوتابیان دەگەیەنێت چ لە ڕووی فراوانی فیكریی و چ لە زیانی جەستەیی بە تایبەتی چاوو دەمارەكان و هۆكاری قەڵەویی و كەمبوونەوەی وزەو توانا، سەرەڕای ئەوەی ناتوانن لە ڕێگەیانەوە فێرببن.

فەرامۆشكردنی مامۆستایان و فەرمانبەران:

لە بڕیارەكەی ئەنجوومەنی وەزیراندا بەهیچ شێوەیەك بایەخ بەڕۆڵی مامۆستایان و فەمانبەرانی ناو پرۆسەكە نەدراوە، كە وەك لە سۆشیاڵ میدیادا قسەی لەبارەوە كرا، پێویست بوو وەزیری پەروەردە و ئەنجومەنی وەزیران پێش ئەوەی لە بیری کردنەوەی دەرگای قوتابخانەکاندا بن لە لە خەمی چارەسەرکردنی کێشەکانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی پەروەردەدا بوونایە وەکو پێکهێنەرێکی سەرەکی پرۆسەی پەروەردە .

شكستی تەندروستی:
هەرلەمانگە سەرەتاكانی سەرهەڵدانی ڤایرۆسی كۆڤید19 ەوە وەزارەتی تەندروستی و سیستەمی تەندروستی كەمتوانایی خۆیان ڕاگەیاند، بەجۆرێك لە ئێستادا زۆرینەی خەڵك متمانەی بەوە نەماوە ئەگەر تووشی نەخۆشییەكەش ببێت بچێتە نەخۆشخانە حكومیەكان، جگە لەوەی ئەو كەرتەش سزا دراون بە بڕین و دواكەوتنی مووچەكانیان، وەك خۆشیان باسی دەكەن خودی نەخۆشخانەكانیش ناوەندیكی دیكەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكەن و نەتوانراوە وەك پێویست پارێزگاریی لە خاوێنییان بكرێت. ئیتر ئەم سیستەمە چۆن دەتوانێت ئەركی پارێزگاریی قوتابخانەكانیش بخاتە ئەستۆی خۆی. چ جای ئەوەی چاوەڕێ بكرێت سیستەمی پەروەردە لەناو قوتابخانەكاندا نەخۆشخانەی گەڕۆك بكاتەوە، یان پەرستارێكی شارەزایان بۆ دابین بكات بۆ ئەوەی رۆژانە بەرپرسیارێتی خاوێنی ژینگەی پۆل و قوتابخانە و قوتابیەكانیش لەبەرچاو بگرێت و ئەگەر كەسێك گومانی لێكرا كە نەخۆش بێت بە خێرایی –لانی كەم- كەرەنتینە بكرێت.

بێ باكی لەبەرامبەر  پرۆسەی خوێندن:
گەرچی ئامانجی خوێندن قەتیس كردن لە دامەزراندن و كاركردن نیە لە كەرتی حكومیدا، كارەساتێكی گەورەو هەڵە تێگەشتنێكی ترسناكە بۆ پرۆسەی پەروەردە و وەزارەتی پەروەردەو ڕێكخراوەكانی گەشەپێدانی مرۆیی و لایەنە پەیوەندیدارەكانیش نەیانتوانیوە ئەو هەڵە گەورەیە ڕاست بكەنەوە و تا ئێستاش هەروا دەڕوات، منداڵ كاتێك دەچێتە قوتابخانە بۆ ئەوە نییە كە ببێتە كەسێكی چاوكراوەو خوێندەوار و رۆشنبیر، بەڵكو بۆ ئەوەیە كە لە داهاتوودا لە یەكێك لە فەرمانگەكاندا دابمەزرێـت، خێزان و خانەوادەكانیش لەو بوارەدا ڕۆڵی سەرەكییان هەیەو بەردەوام ئەم هەڵەیە تۆخدەكەنەوە.

لە ئێستاشدا كە دامەزراندن تەنها بۆ كەسانێكی تایبەتەو ڕووە گشتیەكەی نەماوە، بایەخی خوێندن هێندەی دیكە كەمبووەتەوە، كاتێك قسە دێتە سەر ئەوەی گرنگە قوتابییەكانمان بخوێنن زۆرینەی ڕەهای خەڵك باس لەوە دەكەن كە خۆ دامەزراندن –تەعینات- نەماوە ئیتر بۆچی بخوێنن.

وەك شارەزایان باسی دەكەن لەوانەیە بەشێكی زۆری ئەو بابەتە پەیوەندی بە ئەجێندای شاراوەی دەسەڵاتدارانی كوردستانەوە هەبێت بەو پێیەی نایانەوێت نەوەیەكی هۆشیاربێتە پێشەوەو فێری وشەی نەخێر ببێت و بەردەوام رۆحی ڕەخنەگرتنی تێدا گەشە بكات و لە هەمان كاتیشدا پێویستی بەوە نەبێت كە بچێتە بەردەم بارەگاو دەزگاو فەرمانگەكانیان. هەربۆیە پەرە بەو بۆچوونە دەدەن و هێندەی تر خوێندن بێ بایەخ دەكەن و دەیانەوێت لەناو خێزانەكانیشدا هێندەی تر بایەخی كەم ببێتەوە.

مامۆستایەك دەیگوت: قوتابییەكم هێندە گرنگی بە خوێندن نەدەدا، تا بەناچاری لە قوتابخانە دەركرا، دواتر چووە نێو فەرمانگەیەكی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ، ئێستا مووچەی ئەو دوو هێندەی منە، ئەو لەبەر خوێندن هەڵات و منیش تا ئێستا چاوەڕێی سەری مانگ و وەرگرتنی پارچەیەك زەوییم.