ڕاپۆرتی کوردستانی

12:58 - 05/09/2020

ئەنكەره‌ گڵۆپی سەوز بۆ رێككەوتنی هەولێر و بەغداد هەڵدەكات‌

پەیسەر

وەفدی هەرێمی كوردستان دەگەڕێتەوە بۆ بەغداد و چاوەڕوان دەكرێت هەنگاوەكانی رێككەوتن لەنێوان هەولێر و حكومەتی ناوەندی خێراتر بكرێن، بەپێی زانیارییەكانی "پەیسەرپرێس"یش توركیا گڵۆپی سەوزی بۆ رێككەوتنەكە هەڵكردووە و  ئەگەر لەم هەفتەیەدا دانوستانەكان ئەنجامیان هەبێت ئەوا رۆژی 20ی ئەم مانگە بەغداد بڕی 320 ملیار دینار رەوانە هەرێمی كوردستان دەكات.

دواین پێشهاتەكان چین؟
دوای گەڕانەوەی لە واشنتۆن، مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق تا رادەیەك نیگەران بوو لە خەمساردی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ رێككەوتن و پێیوابوو كە هەولێر دەیەوێت كات بكوژێت و رەخنەی هەبوو كە سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان خۆی نایەوێت بچێتە بەغداد، هەربۆیەش بڕیاریدا كە چیتر خۆی پێشوازی لە وەفدی هەرێم نەكات و لەبری ئەوە دەسەڵاتی سەرۆكایەتی وەفدی دانوستانكارانی حكومەتی ناوەندی بە وەزیری دارایی عێراق سپارد، ئێستاش كە بڕیارە جارێكی دیكە وەفدی هەرێم بگەڕێتەوە بەغداد بەپێی زانیارییەكان وەفدەكە هاوشێوەی سەردانەكانی پێشوو لەلایەن جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمەوە سەرۆكایەتی دەكرێت و لە بەغدادیش وەزیری دارایی عێراق لەگەڵیان كۆدەبێتەوە.

فشاری دەرەكی
یەكێكی دیكە لە خاڵە جیاوازەكانی ئەم سەردانەی وەفدی هەرێمی كوردستان بۆ بەغداد پەیوەندی بەو فشارە نێودەوڵەتییانەوە هەیە كە خراونەتە سەر چ هەولێر و چ بەغداد بۆ رێككەوتن، بەتایبەت دوای سەردانی ئیمانوێل ماكرۆنی سەرۆكی فەرەنسا بۆ بەغداد و كۆبوونەوەی چ لەگەڵ مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق و چ لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بەپێی زانیارییەكانی پەیسەر لەو كۆبوونەوانەدا ماكرۆن پەیامی پاریس و واشنتۆنی بۆ بەغداد و هەولێر دووپاتكردووەتەوە كە ئەوان دەیانەوێت هەرێم و ناوەند رێكبكەون و كێشەكانیان بەرەو چارەسەر بەرن.

هەر لە چوارچێوەی فشار و پێشهاتە سیاسییە دەرەكییەكاندا پەیوەست بە دۆسێی رێككەوتنی هەولێر و بەغداد، سەردانی وەفدی حكومەتی هەرێم دوابەدوای سەردانێكی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمە بۆ ئەنكەرە و كۆبوونەوەی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا دێت كە بەپێی زانیارییەكان یەكێك لە دۆسێ‌ سەرەكییەكانی كۆبوونەوەكانی سەرۆكی هەرێم لە توركیا پەیوەست بووە بە رێككەوتنی هەولێر و بەغداد.

توركیا رازی بووە
پەیسەر زانیاری دەستكەوتووە كە دوای سەردانەكەی نێچیرڤان بارزانی، ئەنكەرە  گڵۆپی  سەوزی بۆ رێككەوتنی هەولێر و بەغداد هەڵكردووە، چونكە پێشتر توركیا نەیدەویست دوای رووداوەكان لە ناوەرۆكی رێككەوتنەكە ئاگاداربكرێت بەتایبەت چەند خاڵێكی رێككەوتنەكە كە پەیوەستبوو بە فرۆشتن و گواستنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان و پرسی ئیدارەدانی هاوبەشی دەروازە سنورییەكان بە تایبەت ئەو دەروازانەی هاوسنوری توركیان، بەڵام ئێستا بەبێ‌ ئەوەی وردەكارییەكەی ئاشكرا بكرێت، توركیا ئامادەیی نیشانداوە كە هیچ لەمپەڕێك بۆ رێككەوتنی حكومەتی هەرێمی  كوردستان و حكومەتی عێراق دروستنەكات، ئیدی نازانرێت لە بەرامبەردا توركیا چی دەوێت یان بەڵێنی چی پێدراوە.

وردەكاریی رێككەوتنەكە چییە؟
بەپێی زانیارییەكان تا هەنوكە وردەكاریی رێككەوتنی هەولێر و بەغداد نەنوسراوەتەوە، بەڵام هێڵە ستراتیژییەكانی تا رادەیەك رێككەوتنیان لەسەركراوە، بەتایبەت لە دۆسێی داهاتی دەروازە سنورییەكان و دۆسێی نەوتدا، بەجۆرێك كە هەرێمی كوردستان رێگەی پێدەدرێت رۆژانە تا 650 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم بهێنێت، لەو ژمارەیەش داهاتی 250 هەزار بەرمیلی دەگەڕێتەوە بۆ بەغداد  ئەوەشی كەدەمێنێتەوە هەرێمی كوردستان بۆ دانەوەی قەرز و خەرجی كۆمپانیاكان بەكاری دەهێنێت، لەگەڵ پڕكردنەوەی كورتهێنانی مووچەی فەرمانبەران و خەرجییەكان بەوپێیەی كە ئەو بەشە پارەیەی بڕیارە بەغداد مانگانە رەوانەی بكات لە 320 تا 360 ملیار دینار دەبێت و ئەوەش تەنها بەشی مووچە ناكات.

هاوكات پێشتر لەبارەی دەروازە سنورییەكانەوە لە چەند رۆژی رابردوودا ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیارێكی دەستەی دەروازە سنورییەكانی بڵاوكردەوە كە  چەند خاڵێكی پەیوەست بوو بە دەروازە سنورییەكانی هەرێمی كوردستان و لەو چوارچێوەیەشدا بڕیاردرابوو كە پشتبەستن بە پێناسەی گومرگی یەكگرتوو لەنێوان دەروازەكانی هەرێم هاوشێوەی تەواوی دەروازەكانی دیكەی عێراق، هەروەك بڕیاردرابوو بە هاوردەكردن بەپێی یاسای هاوردەكردنی عێراقی فیدراڵ لەو دەروازانەی كە دەكەونە هەرێمی كوردستانەوە.

ماوەی رێككەوتنەكە چەندە؟
ئەگەرچی بەپێی لێكتێگەیشتنێكی تەلەفۆنی نێوان مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق، بڕیاربوو كە تا مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ بەغداد مانگانە بڕێك پارە رەوانەی هەرێمی كوردستان بكات تا ئەوكاتەی رێككەوتنی كۆتایی لەسەر بودجەی ساڵی 2021ی عێراق دەكرێت، بەڵام ئێستا هەندێك پێشهات هاتوونەتە ئاراوە كە لەپاڵ گفتوگۆی ستراتیژی بودجەی سێ‌ ساڵی عێراق، تەمەنی رێككەوتنی هەولێر و بەغدادیش بۆ ماوەی 3 ساڵ درێژبكرێتەوە، ئەگەر رێككەوتنەكەش بۆ ماوەی 3 ساڵ بێت، ئەوا تا 36 مانگی دیكە بەغداد مانگانە لە رۆژی 20ی مانگدا ئەو بڕەپارەیە رەوانەی لقی هەولێری بانكی ناوەندی دەكات كە لەسەری رێكدەكەون، بەو پێیەش هەرێمی كوردستان دەتوانێت مانگانە مووچەی مووچەخۆرەكانی دابین بكات بەڵام نازانرێت دەتوانێت مووچەی تەواو دابین بكات بەبێ‌ لێبڕین یاخود هاوشێوەی ئەم دوو مانگەی رابردوو مووچە بڕێكی لێدەبڕدرێت، بەتایبەت كە بەغدادیش بڕی پارەی مانگانەی رەوانەكراو بۆ هەولێر دەبەستێتەوە بە بەرز و نزمی نرخی نەوتەوە و لە رێككەوتنەكەدا ئاماژە بەوە دەدرێت كە بەپێی نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهاندا حكومەتی ناوەندی رێژەی پارەی مانگانەی هەرێمی كوردستان دەستنیشان دەكات.