ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

03:29 - 07/09/2020

رێژەی بێكاری بۆ دوو هێندەی پێش بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا بەرزدەبێتەوە‌

پەیسەر

رێژەی بێكاری لە عێراق بۆ دوو بەرامبەری پێشتر بەرزدەبێتەوە، لایەنە رەسمییەكان دەڵێن زیادبوونی بێكاری بۆ لێكەوتەكانی كۆرۆنا دەگەڕێتەوە و بەشێك لە چاودێرانیش هۆكارەكەی بۆ گەندەڵی و بێ‌ پلانی حكومەت دەگەڕێننەوە.


بێكاری لە 20% بۆ 40% بەرزدەبێتەوە
لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رێژەی بێكاری ئاشكرا دەكات و دەڵێت لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و راگەیاندنی قەدەغەی هاتووچۆ بێكاری 40%ـی تێپەڕاندووە.
بەپێی زانیارییەكانی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و راگەیاندنی قەدەغەی هاتووچۆ، بێكاری لە عێراق بەرزبووەوە، بەجۆرێك 40%ـی تێپەڕاند، لە كاتێكدا پێش بڵاوبوونەوەی ئەو پەتایە بەپێی داتاكان رێژەی بێكاری لە عێراق تەنها 20% بووە.
هاوكات محەمەد تەمیمی، شارەزای بواری دارایی پێیوایە كە كۆرۆنا گەورەترین كاریگەری لەسەر بەرزبوونەوەی رێژەی بێكاری لە عێراق هەبووە، هۆكاری ئەو كاریگەرییە زۆرەشی بۆ بێكاربوونی هەزاران كرێكار لە سەرجەم سێكتەرەكان دەگەڕێتەوە.

دامەزراندن چارەسەرە؟
لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە راپۆرتی خۆیدا لەبارەی بەرزبوونەوەی مەترسیداری رێژەی بێكاتری ئاماژەی بەوەشداوە، كە لە ئێستادا چەند چارەسەرێكی خێرا هەن بۆ كۆنترۆڵكردنی رێژەیی بێكاری دەتوانرێت پشتیان پێببەسترێت وەك پاڵپشتیكردنی كەرتی تایبەت، و هەروەها دووبارە بووژاندنەوەی ئەو كەرتانەی كە زیانیان بەركەوتووە بەتایبەت لە شەڕی روبەروو بوونەوەی تیرۆر.
جەختیشیكردەوە، دامەزراندن لە كەرتی گشتیدا بێكاری چارەسەر ناكات، بەڵكو قورساییە داراییەكانی سەر دەوڵەت زیاتر دەكات، بۆیە پێویستە گرنگی زیاتر بە كەرتی تایبەت بدرێت تا رێگری لە زیاتر بەرزبوونەوەی ژمارەی بێكاری بگیرێت.
لەبارەی چارەسەریشەوە محەمەد تەمیمی، شارەزای بواری دارایی دەڵێت، لەگەڵ كۆتایهاتنی ڤایرۆسی كۆرۆنا، پێویستە یەكەم هەنگاو حكومەتی عێراق هەوڵی كەمكردنەوەی رێژەی بێكاری و هەژاری بدات، ئەوەش لە رێگەی پەرەپێدانی كەرتی تایبەتەوە.

ئامارەكان جێگەی گومانن
بەبڕوای چاودێرانی بواری دارایی و كارگێڕی لە عێراق، ئەو ئامارانەی لەبارەی بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا بڵاودەكرێنەوە جێگەی متمانە نین و بە تەواوی ناتوانرێت وەك ئامارێكی دروست مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت بەتایبەت كە هۆكاری بەرزبوونەوەی رێژەی بێكاری دەگەڕێندرێتەوە بۆ تەشەنەكردنی پەتای كۆرۆنا.
بۆ نمونە بەپێی رووپێوییەكی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، رێژەی بێكاری لە عێراق بەهۆی پەتای كۆرۆناوە بە رێژەی تەنها (3%) بەرزبووەتەوە، بەڵام لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت بەهۆی كۆرۆناوە رێژەی كۆرۆنا (20%) بەرزبووەتەوە.

گەندەڵی هۆكارەكەیە
عادل عەبدولزەهرە، نوسەر و رەخنەگر لە وتارێكدا بەناوی (هۆكارەكانی بەرزبوونەوەی رێژەی بێكاری) نوسیویەتی، عێراق بەدەست دەردێكەوە دەناڵێنێت كە وەك میرات لە ساڵانی كۆنەوە بۆی بەجێ‌ ماوە و سەروو یەك ملیۆن كەس لەخوار هێڵی هەژارییەوەن.
بە بڕوای ئەو نوسەرە گەندەڵی ئیداری هۆكاری سەرەكی بەرزبوونەوەی رێژەی بێكاری و هەژارییە و نمونە بەوە دەهێنێتەوە كە لەدوای ساڵی 2003 تا ئەمڕۆ ملیارەها دۆلار هاتە عێراقەوە بەڵام نەتوانرا نەك رێژەی هێژاری و بێكاری كەمبكاتەوە، بەڵكو ئەو پارە زۆرە خۆی فاكتەرێك بوو بۆ هەژارتربوونی هاوڵاتیانی عێراق بەهۆی گەندەڵی و خراپ بەكارهێنانەوە.

ریزبەندی هەژاری چۆنە؟
پێشتر دامەزراوەی دەروازەی عێراق بۆ داتا ئەلیكترۆنییەكان ریزبەندی هەژاری لەسەر ئاستی پارێزگاكان بڵاوكردەوە و لە ریزبەندییەكەدا پارێزگای موسەنا زۆرترین بێكار و هەژاری تێدا بوو و پارێزگای سلێمانیش كەمترین.


لەسەر ئاستی پارێزگا ریزبەندی زۆرترین رێژەی بێكاری لە عێراق بەپێی ئەم ریزبەندییەیە.
پارێزگای موسەنا 52%
پارێزگای دیوانیە 48%
پارێزگای میسان 45%
پارێزگای زیقار 44%
پارێزگای نەینەوا 37.7%
پارێزگای دیالە 22.5%
پارێزگای واست 19%
پارێزگای سەلاحەدین 18%
پارێزگای ئەنبار 17%
پارێزگای بەسرە 16%
پارێزگای نەجەف 12.5%
پارێزگای كەربەلا 12%
پارێزگای بابل 11%
پارێزگای بەغداد 10%
پارێزگای دهۆك 8.5%
پارێزگای كەركوك 7.6%
پارێزگای هەولێر 6.7%
پارێزگای سلێمانی 4.5%



بێكاری بەپێی تەمەن
%13.8ی بێكارەكان تەمەنیان سەروو 15 ساڵە
%27.5ی بێكارەكان تەمەنیان لە 15 بۆ 24 ساڵە
%24.5ی بێكارەكان تەمەنیان لە 15 بۆ 19 ساڵە
%2.9ی بێكارەكان تەمەنیان لە 60 بۆ 64 ساڵە


بەرزبوونەوەی بەردەوامی رێژەی بێكاری و هەژاری لە عێراق لەكاتێكدایە ئەو وڵاتە یەكێكە لە وڵاتە دەوڵەمەندەكان بە نەوت و یەكێكیشە لە هەناردەكارانی زەبەلاحی بازاڕی نەوت، بەڵام ژیانی هاوڵاتییەكانی تا دێت خراپ و خراپتر دەبێت لەرووی داراییەوە.