ڕاپۆرتی کوردستانی

02:56 - 09/09/2020

مافووری كوردی له‌ سایه‌ی هه‌ژموونی سیاسه‌تی ئێراندا‌

پەیسەر

كورد به‌یه‌كێك له‌و گه‌لانه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌ژمێردرێت كه‌ ده‌ستێكی باڵایان هه‌بووه‌ له‌ دروستكردنی مافوور –قاڵی- دا، ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ مێژووی دێرینی كورد، ئه‌وا به‌بێ مافووری ده‌ستی و ڕۆڵی ژنان به‌تایبه‌تی له‌وبواره‌دا به‌سه‌ر كردنه‌وه‌كه‌ نیوه‌ناچڵ و ناته‌واو ده‌بێت به‌تایبه‌تی له‌ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كێشه‌كه‌ قووڵده‌كاته‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كورد كیانی سه‌ربه‌خۆی نه‌بووه‌، ئه‌و مێژووه‌ به‌ناوی ئێرانه‌وه‌ ڕۆشتووه‌. له‌ ئێستاشدائه‌و وڵاته‌ به‌ هۆی زۆربوونی گەمارۆکان و بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا پاشەکشێیەکی گەورەی لەهەناردەکردنی فەرش کردووە، بێگومان ئه‌و زیانه‌ به‌ كوردانی رۆژهه‌ڵاتیش ده‌كه‌وێت به‌ تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی بژێوییان له‌سه‌ر چین و فرۆشتنی مافوور بووه‌ به‌ قه‌باره‌ی گه‌وره‌و بچووكیه‌وه‌.

دابه‌زینی فرۆشی فه‌رشی ئێران هەواڵێکی ڕووخێنەر بوو بۆ ئێرانییەکان، به‌ جۆرێك فەرشی دەستچنی ئێرانی کە هەمیشە شانازی پێوە کردوه‌و به‌ یه‌كێك له‌ سه‌رچاوه‌ داراییه‌كانی خۆیان هه‌ژماركردووه‌، ئێستا ڕوو لە نەمان و لەناوچووێتی لەجیهاندا.
 هەناردەکردنی ئەم کاڵایە کە وەک سەمبوڵێک بوو بۆ بازاڕ و کەرتی نەریتی و بەرهەمهێنانی ئێران، لەساڵی ۱٩٩٤ گەیشتبووە سەروو دوو ملیار دۆلار.
لەساڵی ٢٠١٩ بۆ ٦۹ملیۆن دۆلار دابەزی و لە سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵیشدا ٦.۲ملیۆن دۆلار زیاتر نەبووە.
واتە بەبارێکی دیکەدا دەتوانین بڵێین بە بەردەوامبوونی ئەم ڕەوتی دابەزینە، فەرشی ئێرانی کە سەردەمانێک کاڵایەکی درەوشاوەی بازاڕی جیهانی بوو بۆ ئێرانییەکان، بۆ ئەمساڵ هەناردەکردنی لە ۲٥ملیۆن دۆلار زیاتر ناڕوات.

فه‌رش وه‌ك بەشێک لە شوناسی ئێرانییەکان
ئەگەر بەڕێژەیەکی نێوەندگیر هەژماری بکەین، لەسەرەتای ساڵی ٢٠٠٠ەوە تا ناوەڕاستی ٢٠٢٠ ، ڕێژەی فرۆشتنی فەرشی ئێرانی ساڵانە نزیکی ٤٥۰ ملیۆن دۆلاری ئەمریکی بووە.
دابەزینی ئاستی هەناردە لە چەند ساڵی ڕابردوو و ئەم چەند مانگەی سەرەتای ئەمساڵیش ئاماژەیەکی دیار و بەرچاوە بۆ لەناوچوونی بازرگانی و کاڵا درەوشاوەکەی ئێران، به‌مه‌ش زیانێكی گه‌وره‌ به‌ر داهاتی ئه‌و وڵاته‌ ده‌كه‌وێت و كۆرۆناو گه‌مارۆ پێكه‌وه‌ زیانه‌كه‌یان لێداوه‌.

گومانی تێدا نیە دوو هۆکاری گەورەی وەک گەمارۆ ئابوورییەکان و هاتنی ڤایرۆسی کۆرۆنا ، ڕۆڵی سەرەکییان هەبووە لە داڕووخانی بازرگانی فەرشی ئێرانی، بەڵام لەپاڵ ئەمەشدا هۆکاری ڕاستەقینەی ئەم بابەتە شتێکی دیکەیە.

لەڕاستیدا لاوازبوونی ئەم کاڵا ئێرانییە لە بازاڕەکانی جیهاندا زادەی لاوازی بازرگانی کۆماری ئیسلامی ئێرانە کە وه‌ك پێویست له‌ ئاڵوگۆڕیی بازرگانی جیهانی نازانێت و ئه‌وه‌ش لایەنە باشەکانی ئێرانی بۆ لایەنی نەرێنی و ڕوو لەخراپی گۆڕیوە.

بەجۆرێک کە ئێرانییەکان هاتنی كابینه‌ی حه‌سه‌ن رۆحانی وەک لێدانێک بۆ پیرۆزی و پێشکەوتن و سەروەری خۆیان دەبینن. وەک دەستێک دەیبینن کە هێنرابێت بۆ‌تێکدانی ئێران و پێیان وایه‌ سه‌ره‌تاكه‌شی ده‌ركه‌وتووه‌.

بەهای فەرشی ئێرانی و ڕۆڵی ئەم فەرشە بەدرێژایی مێژوو لەئێراندا لە کاڵایەک زیاتر بووە و دیوێکی "ناکاڵا" لەخۆیدا دەبینێت.
کۆنترین فەرشی دۆزراوە لە جیهاندا ناوی "پازیریک" بووە و لە مۆزەخانەی "ارمیتاژ"ی ڕوسیا هەڵگیراوە، تەمەنی نزیکەی ۲٥۰۰ ساڵ دەبێت ، ژمارەیەکی زۆری پسپۆڕان دەیگەڕێننەوە بۆ فارسەکانی سەردەمی هەخامەنشییەکان.

هەروەها ژمارەیەکی بەرچاو فەرشی دەستچن دەبینرێت لە ژیان و کەلتووری ئێرانییەکاندا لە سەردەمی ئەشکانی و ساسانییەکاندا دروستكراون.

به‌رهه‌مهێنانی فه‌رش لە سەردەمی سەفەوییەکاندا دەگاتە ئاستێکی بەرز و لە کۆتایی سەردەمی قاجارییەکان و سەردەمی پەهلەویدا دەردەکەوێتەوە. واتە ئێرانییەکان بەگوێرەی وتەی خۆیان چەندین سەدەیە کاری فەرشی دەستچن دەکەن و بەشێک لە ئەوروپییەکان ئەم هونەرە بە بەشێک لە کەلتوری ئێرانییەکان هەژماردەکەن.

كاری فه‌رش هەلێکی زۆری بەتایبەتی بۆ خەڵکی گونده‌كان ڕەخساندووە لەو وڵاتە بۆ چەندین ساڵ توانیویانە پشتی پێ ببەستن و وەک کارێک بژێوی خۆیانی پێ هەڵسوڕێنن، به‌تایبه‌تی له‌ناوچه‌ كوردنشینه‌كاندا و پیشه‌سازیی مافوور نه‌ك ته‌نها له‌ گونده‌كان به‌ڵكو له‌ شارو شارۆچكه‌كانیش له‌ناو كورده‌وارییدا پشتی پێبه‌ستراوه‌.

سه‌رده‌مانێكی زۆر بژێوی ملیۆنان خێزانی گوندنشینه‌كانی دابین دەکرد، بۆیە ئێستا قسه‌ی زۆرینه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ باسکردنە لە تیاچوونی کار و هونەرێکی ئێرانی کە ڕیشەیەکی گرنگی لەو وڵاتەدا هەبووە.

وێڕای ئەوەش، پسپۆڕانی پیشه‌سازیی مافوور له‌ ئێران ژمارەی كرێكاره‌ دەستچنەکانی فەرش بە یەک ملیۆن کەس مەزەندە دەکەن، بەڵام ئەگەر کۆی کارکەرەکان لە سەرەتاوە تا کۆتایی و بەردەستبوونی بەرهەمی فه‌رش له‌ دروستكردنه‌وه‌ تا فرۆشتن بژمێرین، ژمارەی کارکەرانی ئەو بوارە دەگاتە زیاتر له‌دوو ملیۆن کەس، كه‌ زۆرینه‌ی ڕه‌های ئه‌و ژماره‌یه‌ له‌ ئێستادا به‌ره‌و بێكاریی رۆشتوون و بگره‌ بیر له‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ داموده‌زگاكانیان بپێچنه‌وه‌و به‌دوای كارێكی دیكه‌دا بگه‌ڕێن.

تێکەڵکردنی نەریت و مۆدێرنیتە
سه‌رده‌مانێك وڵاتێکی وەک ئێران کە پیشه‌سازیی دەستچنینی هەبوو و وەک سیمبولی خۆی لێی دەڕوانی، به‌ڵام به‌ تێپه‌ڕبوونی كات و هۆكاری جیاواز وه‌ك شاره‌زایان باسی ده‌كه‌ن بایه‌خی ئەو بەرهەمەی خۆی نەزانی و ئاستی بازرگانی بۆ ژێر سەدملیۆن دۆلار لە ساڵێکدا دابەزاند، چین و تورکیا و پاکستان و هندستان و نیپاڵ شوێنی ئێرانیان لە بازاڕی جیهانیدا گرتووەتەوە، بەهۆی نەتوانین لە ئەندامبوون لە ڕێکخراوی جیهانی بازرگانی و گۆشەگیربوونی سیاسی، کۆماری ئیسلامی ئێران تەنانەت نەیتوانی لە بەرانبەر پاراستنی مافی خاوەدارێتی نەخش و نیگاری فەرشی ئێرانیدا بەرگری بکات.

ئێران دەڵێت وڵاتانی دیکە بەتایبەت کۆماری چین (کە پسپۆڕی لاساییكردنه‌وه‌و ساختەکردنی هه‌موو جۆره‌ شمه‌كێكه‌) ، نەخشی فەرشە ئێرانییەکان کۆپی دەکات و هەندێکجاریش بەناوی ئێرانەوە فەرشەکانی خۆی دەخاتە بازاڕەوە.

بەدرێژایی مێژوو کۆمەڵێک کەرەستە هەبوونە کە بەناوی خەڵک و سەرزەمینێکەوە ناسراوە و جۆرێک وەک شوناسی وڵاتان ناسراون، فەرشی ئێرانی یەکێکە لەوانە کە لە جیهاندا ناسراوە، بەڵام لە ئێستاد تا دێت بەها و بایەخی ئەو کاڵایە لەدەستدەدات کە ڕۆژگارێک سەمبولێکی شانازیی خۆیان بوو.

 هەبوونی سیستەمێکی سیاسی کە نەتوانێت پارێزەری کەلتور و کاڵا بێت، زیانێکی گەورە بە بەرهەمە ناوخۆیی و سەمبولییەکانی نەتەوەیەک دەگەیەنێت، نەک ئێران، دەشێت ئەم بابەتەش بۆ کوردەکانیش ڕاست بێت،چوون ئه‌وه‌ی ئێران باسیده‌كات و له‌ سه‌ر كۆی گشتی وڵاته‌كه‌ی دایده‌نێت به‌شێكی فراوانی په‌یوه‌ندی به‌ رۆژهه‌ڵاتی كوردستانیشه‌وه‌ هه‌بووه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كورد خاوه‌نی كیانی خۆی نه‌بووه‌ به‌رهه‌مه‌كه‌ی چووه‌ته‌ خزمه‌تی ئه‌وانه‌وه‌.

پرسیار ئه‌وه‌یه‌ ئاخۆ ئێمەی کورد لە پێشتردا هەروا كه‌مبه‌رهەم بووین؟ ئایا خاوەنداریی کاری دەستچنین و بەرهەمی خۆمانە نەبووین و ئایا خۆمان نەماندەتوانی پێویستی خۆمان دابین بکەین؟ ئەی ئێستا لە چ دۆخێکداین؟ ئایا هیچ بەرهەمێکمان هەیە کە وەک سەمبولی نەتەوەکەمانی لێ بێت و بتوانین هەناردەی وڵاتانی جیهانی بکەین؟ ئەگەر نەخێر بۆچی؟ ئایا تا چەند سیستەمی سیاسی و خراپی بەڕێوەبردن ڕێگە دەگرێت لەوەی کورد ببێتەوە بەخاوەنی کاڵا و کەرەستەی خۆی و تا چەند حکومەتەکان خەڵکی لە کردنی به‌ بەکاربەر نزیک دەکاتەوە و دووری دەخاتەوە لە بوونی بەخه‌ڵكی بەرهەمهێنەر.

کوردەکان یەکێک بوون لەو نەتەوانەی کە لەپێشتردا توانای خۆبەڕێوەبردنیان هەبووە لە بواری دروستکردن و بەرهەمهێنانی بەرهەمی ناوخۆیی و هەر بەو کەرەستە و کاڵایانە توانیویانە خۆیان بژێنن، بەڵام ئەگەر ئێستا کورد لە دۆخێکی بەکاربەردا دەبینین، مانای ئەوە نیە کورد خەڵکانێکی بەکاربەربوونە له‌ ڕابوردوودا، بەڵکو هۆکاری سەرەکی بۆ چۆنێتی بەڕێوەبردنی سیستەمی سیاسی ئەم دواییەی باشووری کوردستان دەگەڕێتەوه‌، لە ڕۆژهەڵاتیش کورد وەک پەراوێزنشینی لێ کراوە لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە و توانای بەرهەمهێنانیان لێ دەگرنەوە و لەکاتێکدا ئێران لەچاو کوردستاندا زیاتر وڵاتێکی بەرهەمهێنەرە، کەچی ژمارەیەکی زۆری کوردەکان دەبینین کراون بە کۆڵبەرله‌بریی ئه‌وه‌ی بچنه‌وه‌ سه‌ر پیشه‌و كاره‌ به‌رهه‌مهێنه‌كانی پێشوویان، کوردەکان لە ڕۆژهەڵات بۆ نموونە لە بەرهەمهێنەرییەوە دەکرێن بە کۆڵبەر و بەژیانی کولەمەرگی دەیانژێنن، لەکاتێکدا لە هەردوو لاوە، واتە کوردی ڕۆژهەڵات و کوردی باشوور، ئەگەرچی بە دوو سیستەمی سیاسی جیاوازدا دەژین، بەڵام هەردوولا وەک یەک کراون بە بەکاربەر و توانای داهێنان و بەرهەمهێنانیان لێ وەرگرتوونەتەوە، لایەک حکومەتی هەرێمی کوردی و لایەک حکومەتێکی ئیسلامی ئێرانی.

 

تەنانەت ئێران لەسەر حسابی باشووری کوردستان کاڵاکانی خۆی ساغ دەکاتەوە، بەڵام هێشتا کوردەکان لە ڕۆژهەڵات خەریکی کۆڵبەری و ژیانی کولەمەرگین، کە ئەمەش مانای وایە ئێران لە هەردوو سەرەوە هەوڵی لە بەکارخستنی هێز و توانای بەرهەمهێنەرانەی کوردەکان دەدات. کوردێک کە پێشتر خەڵکانێکی بەرهەمهێنەر بوون و پشتیان بە بازوو و ڕەنجی شانی خۆیان دەبەست. به‌ڵام ئێستا ئه‌گه‌ر به‌رهه‌مێكیشی هه‌بێت به‌ناوی ولاتی ئێرانه‌وه‌ ده‌ڕوات و له‌ڕووه‌ مێژوویی و میدیایی و ژیارییه‌كه‌یه‌وه‌ به‌رهه‌مه‌كه‌ی ده‌چێته‌ گیرفانی ئه‌و به‌رپرسانه‌وه‌ كه‌ ئێستا ئێران به‌ڕێوه‌ ده‌به‌ن..