ڕاپۆرتی کوردستانی

01:35 - 11/09/2020

وەفدی حكومەتی هەرێمی كوردستان تا هەنوكە هیچی نەدوریوەتەوە‌

پەیسەر

وەفدی حكومەتی هەرێمی كوردستان گەڕایەوە هەرێمی كوردستان و هاوشێوەی سەرجەم سەردانەكانی چەند مانگی رابردوویان بەبێ‌ هیچ واژۆیەكی رەسمی كۆتاییان بە سەردانەكەیان هێنا بۆ بەغداد.
هاوكات هاوشێوەی سەردانەكانی پێشوو تەنها یەك دێڕ قسەیان هەیە بۆ هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان كە چەند ساڵە لە قەیران و نەهامەتیدان دێڕەكەش ئەوەیە "كۆبوونەوەكان ئیجابی بوون و هیوا هەیە كە ئەنجامیان هەبێت".

دواین سەردان
ناوەراستی ئەم هەفتەیە، جارێكی دیكە ئەندامانی وەفدی حكومەتی هەرێمی كوردستان ملی رێگایان گرتەوە بەرەو بەغداد، بەپێی راگەیەندراوەكانیش لە بەغداد جگە لە كۆبوونەوەیان لەگەڵ وەفدی حكومەتی ناوەندی بە سەرۆكایەتی وەزیری دارایی عێراق، لەگەڵ سەرۆك وەزیران و وەزیرانی نەوت و كارەبادا كۆبوونەتەوە.
بەڵام ئەوەی كە خاڵی هاوبەشی ئەم سەردانەشە لەگەڵ سەردانەكانی رابردووی وەفدەكە بۆ بەغداد، ئەوەیە كە بەبێ‌ هیچ واژۆ و رێككەوتنێكی كۆنكرێتی گەڕانەوە بۆ هەولێر و تەنها هیوایان هەیە كە گفتوگۆكان دەلاقەیەك بكەنەوە رێككەوتن.

هەرێم پابەند دەكرێت
جگە لەوەی بەغداد دەیەوێت لەرووی دەستوریی و یاساییەوە هەرێمی كوردستان پابەندی رێككەوتن بكات ئەوەش لە رێگەی رێككەوتن بەپێی مادە و بڕگە دەستورییەكان و گواستنەوەی رێككەوتنەكە بۆناو پرۆژە بودجەی ساڵی 2021ی عێراق، هاوكات بەغداد دەیەوێت هەرێمی كوردستان لەبواری نەوت و وزەدا پابەندی ئەو رێككەوتنانە بكرێت كە عێراق لە وڵاتانی كەنداو یان لە كۆمەڵی نێودەوڵەتی ئەنجامی دەدات بۆ نمونە رێككەوتنی كۆمەڵەی ئۆپیك لەبارەی كەمكردنەوەی رێژەی بەرهەمهێنانی نەوت.
خالید شوانی، وەزیری هەرێم بۆ كاروباری بەغداد لە دیمانەیەكی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، پێشتر بەهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی كوردستان 480 هەزار بەرمیل بوو لە رۆژێكدا، بەڵام بەهۆی بڕیاری ئۆپیك بۆ كەمكردنەوەی رێژەی بەرهەمهێنان و لەسەر داوای حكومەتی ناوەندی، هەرێمی كوردستان رۆژانە 120 هەزار بەرمیل بەرهەمهێنانی نەوتی كەمكردووەتەوە.

كێشە و نییەت لە یەك كاتدا
بە وتەی ئەو كەسانەی ئاگاداری ناوەرۆكی گفتوگۆكانی هەولێر و بەغدادن، ئێستا رەوشەكە بە خاڵێك گەیشتووە كە لە یەك كاتدا هەم كێشە و ئاڵۆزی و هەمیش نیەتی رێككەوتن هەیە.
سەمیر هەورامی بەرپرسی راگەیاندنی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، سەبارەت بە ئەنجامی سەردانی شاندی هەرێم بۆ بەغداد دەڵێت: زنجیرەیەك كۆبوونەوەمان ئەنجامداوە لەگەڵ وەزیری دارایی و بەرپرسانی وەزارەتی نەوت و گرنگترین كۆبوونەوەش لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی عێراق مستەفا كازمی ئەنجامدرا، ئەوەی گرنگ بوو لە كۆبوونەوەكەدا بەدیمانكرد كە نیەتی ئەوەیان نیشانداوە لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان بگەنە رێككەوتن، هەروەها زۆر بە چڕی باسمان لە ناوچە جێناكۆكەكان و پرسی ماددەی ١٤٠ كرد، پرسی بوودجەی پێشمەرگەش تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بوو، خۆشبەختانە ئەوەی بەدیمانكرد نیەتی چارەسەركردنی كێشەكان هەبووە.
بە وتەی هەورامی، بە گشتی گفتوگۆكان سەبارەت بە كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەولێر و بەغدا بوون بە تایبەت لەسەر پرسی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان كە لە پڕۆژە یاسای بوودجەی ساڵی ٢٠٢١دا، بەتایبەتی كە ئێستا حكوومەتی عێراق  لە سەروبەندی نووسینەوەی پرۆژەبودجەدایە.
هاوكات زاگرس فەتاح، بریكاری وەزارەتی پلاندانانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە میدیاكانی سەر بە پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاندووە كۆبوونەوەكان ئەرێنی بوون و داواكارییەكانی هەرێمی كوردستان بە گوێرەی دەستوور بووە.

بە وتەی بریكاری وەزارەتی پلاندانانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر تەواوی دۆسیەكان تێگەیشتنی باش هەیە و لەسەر خاڵە سەرەكییەكان گفتوگۆ كراوە، وەك رادەستكردنی نەوت لە لایەن هەرێمی كوردستان و هەروەها حكومەتی عێراقیش دەبێت شایستە داراییەكان بدات، و لە بودجەی 2021 شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان جێگیر بكرێن. 

نیمچە دەستبەتاڵ
ئەگەرچی سەردانی وەفدی هەرێمی كوردستان بۆ بەغداد چەندەمین سەردانە تەنها لەماوەی ئەم چەند مانگەی ئەمساڵدا، بەڵام بە تێڕوانینێكی خێرا دەردەكەوێت كە ئەم سەردانانە تەنها بۆ بەردەوامیدانە بە گفتوگۆكان نەك چارەسەری كێشەكان، نمونەی زەقی ئەمەش ئەوەیە كە تا هەنوكە بەغداد ئەگەر بڕەپارەیەكیش بنێرێت بۆ هەرێمی كوردستان پشتی بە پەیوەندییەكی تەلەفۆنی نێوان هەردوو سەرۆك وەزیرانی هەرێم و ناوەند بەستووە نەك كۆبوونەوەی وەفدەكان.
ئەحمەد مەلا تەڵال، وتەبێژی سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند، سەرۆك وەزیرانی عێراق و سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان رێككەوتوون گفتوگۆكان بەردەوام بێت، بۆئەوەی هەموو ئاستەنگییەكان چارەسەربكرێن و هەردوولا پابەندی پابەندبوونە دەستوورییەكانیان بن و دەستوور دەبێتە چوارچێوەی ئەو رێككەوتنە.