ڕاپۆرتی کوردستانی

02:07 - 12/09/2020

سیما جیاوازەكانی سەردانێك لە سەردەمی نائومێدیدا‌

پەیسەر

سەردانەكەی مستەفا كازمی بۆ هەرێمی كوردستان زۆرترین قسە و باس و لێكدانەوە و شرۆڤەی چ لە شەقامی كوردی و چ لە شەقامی عێراقی بەدوای خۆیدا هێناوە، هەندێك بە سەرەتایەكی باش لە هێوركردنەوەی گرژییەكان و هەندێكیش بە نمایشێكی سیاسی بەپاڵەوانكردن دەیچوێنن، بەڵام ئەوە هیچ لەو راستییە ناگۆڕێت كە هاتنی كازمی بۆ هەرێمی كوردستان لە سەردەمێكی نائومێدی هاوڵاتیاندا بوو، نائومێدییەك بە ئەندازەی پارانەوە لە پاسەوانە تایبەتەكانی كازمی بۆ پێدانی عەریزە و داواكاری لەناو دڵی پایتەختی شەهیدانی كوردستاندا كە پارێزگای هەڵەبجەیە.
لە لایەكی دیكەوە جیاوازییەكی زۆر لە شێوازی سەردانەكە لەنێوان هەولێر و سلێمانی بەدیدەكرا، بەجۆرێك وەك شرۆڤەكارێكی عێراقی دەڵێت سەردانەكەی كازمی بۆ هەولێر سەردانێكی پرۆتۆكۆلی بوو لە سەردانی سەرۆكی دەوڵەتێك دەچوو بۆ دەوڵەتێكی دیكە، بەڵام لە سلێمانی لە گەشتی سەرۆكێك دەچوو بۆ پارێزگایەكی وڵاتەكەی خۆی.


كاتی سەردانەكە
سەردانی مستەفا كازمی بۆ هەرێمی كوردستان لە چەند روویەكەوە دەتوانرێت خوێندنەوە بۆ كاتەكەی بكرێت، لەلایەك كاتێكە كە بەهۆی قەیرانێكی دارایی چەندساڵی كە لە سیاسەتی ئابوری سەربەخۆ و فرۆشتنی نەوت لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە لە ساڵی 2014ەوە سەرچاوەی گرتووە، هاوڵاتیان بە گشتی و مووچەخۆران بەتایبەتی توشی جۆرێك لە نائومێدی بوون بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەكە.
لەلایەكی دیكەشەوە چەقبەستوییەكی سیاسی بە سیستمی سیاسی هەرێمەوە بەدیدەكرێت و ئێستا هەموو چاوەكان لەسەر هەنگاوەكانی ئاسایكردنەوەی رێژەیی دۆخی دارایی كراوەن، هەمووان پێیان وایە كلیلەكە لە بەغدادە و دەركەوت كە هەنگاوێك دووركەوتنەوە لە بەغداد چەندین هەنگاو كێشەكان لە چارەسەر دووردەخاتەوە.

پرۆتۆكۆلی سەردانەكە 
لە چوارچێوەی ئەو شرۆڤانەی بۆ سەردانەكەی كازمی دەكرێت باس لە دوو سیمای جیاوازی سەردانەكە دەكرێت لە یەك كاتدا، سیمایەكیان سیمایەكی پرۆتۆكۆلییە كە لە دیدارەكانی هەولێر بەدیكرا و سیمایەكیشیان سیمایەكی سەردانی دۆستانەیە كە لە سلێمانی بەدیكرا.
شرۆڤەكارێكی عێراقی دەنوسێت، سەردانەكەی كازمی بۆ هەولێر سەردانێكی زیاتر پرۆتۆكۆلی بوو، سەرجەم كۆبوونەوەكانی لەگەڵ بەرپرسان كۆبوونەوەی سیاسی و پرۆتۆكۆلی بوون، كاتێك لە دوورەوە سەیری دیمەنە گشتییەكە دەكرا هەستدەكرا كە سەرۆكی حكومەتی وڵاتێك سەردانی وڵاتێكی دیكەی كردووە، بەڵام كاتێك سەیری سەردانەكەی كازمی دەكرا بۆ سلێمانی هەست دەكرا سەردانێكی ئاساییە و سەرۆكی حكومەتێك سەردانی پارێزگا یان ناوچەیەكی وڵاتەكەی خۆی كردووە.

داواكاری خەڵك
سەردانەكەی كازمی بۆ سلێمانی لەبەر دەرگای فرۆكەخانەوە بە خۆپیشاندان پێشوازی لێكرا، جوتیاران لەبەرەمی دەرگای فرۆكەخانەی سلێمانی خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و داوایان لە كازمی كرد كە شایستە داراییەكانی چەند ساڵی رابردوویان بۆ خەرج بكات.
هاوكات لە پارێزگای هەڵەبجە دەركەوتنی پیرەپیاوێك بە عەریزەیەكەوە كە لە پاسەوانەكانی كازمی دەپارێتەوە تەنها رێگای بدەن عەریزەكەی بگەیەنێتە دەستی سەرۆك وەزیرانی عێراق هەرزوو كاردانەوە و دەنگدانەوە لەناو میدیا و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لێكەوتەوە، بەشی زۆری بەكارهێنەرانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لەوەدا كۆكن و نوسیویانە كە خەڵك چیتر متمانەی بە بەرپرسان و دەسەڵاتدارانی هەرێمەكە نەماوە و بۆ جێبەجێكردنی داواكارییەكانیان روو دەكەنە سەرۆك وەزیرانی عێراق.

تاجەگولًچینە و مۆنۆمێنت
یەكێكی دیكە لە جیاوازییەكانی ئەم سەردانەی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ هەرێمی كوردستان لەپاڵ كۆبوونەوە سیاسییەكان و تاوتوێكردنی دۆسێ‌ هەڵپەسێردراو و هەستیارەكان، مستەفا كازمی سەردانی مۆنۆمێنتی ئەنفال و مۆنۆمێنتی شەهیدانی هەڵەبجەی كرد، ئەوەش بۆ میللەتێك كە چەندین كارەساتی لەو بەغدایەوە بەسەرهێندراوە كە ئێستا سەرۆك وەزیرانەكەی دێت تاجە گوڵینە لەسەر مۆنۆمێنتەكان دادەنێت خاڵێكی جیاكەرەوەی سەردانەكەی ئەمجارەی سەرۆك وەزیرانی عێراقە بۆ هەرێمی كوردستان بەراورد بە سەردانەكانی پێشووی سەرۆك وەزیرانەكانی عێراق بەڵام بۆ ئەمەش دیسان خوێندنەوەی جیاواز دەكرێت و هەندێك پێیانوایە كە ئەم نمایشەی ئێستا مستەفا كازمی دەیكات سەرەتای كەمپەینێكی هەڵبژاردنی بێدەنگ و راكێشانی سۆزی كەسوكاری قوربانییانە و دەیەوێت لە یەك كاتدا هەم هاوسۆزی بەرامبەر گەورەیی كارەساتەكانی مێژووی كورد لە عێراقدا و هەمیش توڕەیی و ناڕەزایی ئێستای هاوڵاتیانی هەرێمەكە یەكانگیر بكات و لە هەڵبژاردنی داهاتوودا یان لەسەر مێزی گفتوگۆ و رێككەوتنە سیاسییەكان وەك كارتی سیاسی لە بەرژەوەندی خۆی بەكاریان بهێنێت.

تەحەددا لە دەروازەكانەوە
خاڵێكی دیكەی سەردانەكەی كازمی بۆ هەرێمی كوردستان كە بووە جێگەی سەنج، سەردانكردنی دەروازە سنورییەكان بوو، بەتایبەت دەروازەی نێوان عێراق و توركیا كە بە درێژایی سەرجەم كابینەكانی حكومەتی دوای پرۆسەی ئازادی عێراق یەكەمجارە سەرۆك وەزیران پێ‌ بخانە سەر خاكی ئەو دەروازانە بەمەش پەیامێكی راستەوخۆی گەیاند بە یار و نەیارەكانی هەم لە هەرێمی كوردستان و هەمیش لە عێراق، بە دۆستەكانی وت سازش لە بڕیار و مەبادیئەكانمان ناكەین و بڕیارێكمان داوە بۆ كۆنترۆڵكردنەوەی دەروازەكان و هیچ دەروازەیەكی لێ‌ بەدەر نییە بە هەرێمی كوردستانیشەوە.
هاوكات پەیامێكی راستەوخۆش بوو بۆ نەیارەكانی بەتایبەت ئەو بەرە فراوانە شیعەیەی لە دژی كراونەتەوە و بەشێك لە قیادەكانی ناو ئەو بەرەیە پێشتر خۆیان لەسەر كورسییەكەی كازمی بوون، بە هەموویانی وت ئەوەی ئێوە پێتان نەكراوە من كردوومە و ئەو شوێنەی كە پێی دەوترێت دەروازەی سنوری و ئێوە تەنها لەرێگەی مانگە دەستكردەكانەوە وێنەكانیتان دەبینی، ئەمڕۆ من هاتووم سەردانم كردووە و لە ئایندەشدا بە رێككەوتن یان هەر رێگایەكی دیكە كۆنترۆڵی دەكەین.