ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

04:07 - 15/09/2020

گروپە چەکدارەکان؛ تاقیکردنەوە سەختەکەی دەزگای رووبەڕووبوونەوەی تیرۆری عێراق‌

پەیسەر

یەکێک لە ئاڵنگارییە گەورەکانی بەردەم مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عیراق بریتییە لە چەکداماڵینی گروپە چەکدارەکان، ئایا مستەفا کازمی لەم ئەرکەدا سەرکەتوو دەبێت و هەموو بەربەستەکان تێدەپەڕێنێت؟ ئایا ئەگەر دەسەڵاتی تەواو بدرێت بە دەزگای رووبەڕووبوونەوەی عێراق دەتوانێت چەک لە گروپە چەکدارەکان وەربگرێتەوە و بیگەڕێنێتەوە دەستی دەوڵەت؟

گروپە چەکدارەکان
رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و گەڕاندنەوەی چەک بۆ دەوڵەت، باس و خواسی بەشێکی زۆری توێژەران بووە، بەهێزی گروپە چەکدارەکان لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ وای کردووە هەموان گومان بکەن لەوەی کە هیچ حکومەتێک بتوانێت بەربەستیان لەبەردەم دروستبکات و چەکیان بکات.

بەشێکی زۆری گروپە چەکدارەکانی ئێستای عێراق سەر بە حەشدی شەعبین، کە چەندین گروپی جیاواز و ئاڕاستە جیاوازن، لەگەڵ ئەوەی بە فەرمی سەر بە هێزە ئەمنییەکانی عێراقن، بەڵام تا ئاستێکی زۆریش سەربەخۆ و خاوەن دەسەڵاتی خۆیانن.

بەشێکی زۆر لەم گروپانە لە رووی ئایدۆلۆجییەوە سەر بە عەلی خامنەیی رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانن، وێنەی خامنەیی و خومەینی لە بارەگاکانیان هەڵدەواسن.

 گەڕاندنەوەی ساعدی
چەند رۆژێکە مستەفا کازمی دەستی بە گۆڕانکاری کردووە لە پۆستە باڵاکانی دامەزراوەکانی وڵاتدا، یەکێک لەم گۆڕانکارییانەش بەشێکی دیاری عێراقییەکانی خۆشحاڵکرد، ئەوەش گەڕاندنەوەی فەریق عەبدولوەهاب ساعدی بوو بۆ پۆستی سەرۆکی دەزگای رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر.

ساعدی پێشتر لەلایەن عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی پێشوو دوورخرابووەوە، کە دواتر خۆپیشاندەرانیش رژانە سەرشەقامەکان و یەکێک لە داواکارییەکانیان گەڕاندنەوەی ساعدی بوو بۆ پۆستەکەی.

دەزگای رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر دەتوانێت چی بکات؟
دوای ئەوەی ساعدی پۆستی سەرۆکی دەزگای رووبەڕووبوونەوەی تیرۆری وەرگرت، گفتوگۆ لەبارەی توانای دەزگاکە و سەرۆکەکەی بۆ گەڕاندنەوەی چەک بۆ دەستی دەوڵەت دەستیپێکرد، بەڵام بەشێک لە شیکەرەوە عێراقییەکان پێیان وایە مستەفا کازمی دەسەڵاتی تەواو بە ساعدی نادات بۆ ئەم کارە.

رەعد هاشمی توێژەری عێراقی لە هەژمارەکەی خۆی لە تویتەر راپرسییەکی کردووە لەبارەی ئەوەی "لەکاتی پێدانی دەسەڵاتی تەواو بە دەزگای رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لەلایەن کازمییەوە، دەتوانرێت دۆخەکە ئارام بکرێتەوە و گروپەکان سنوردار بکرێن؟

هاشم بە پێگەی "الحرة"ی راگەیاندووە، تاکو ئێستا دەزگای رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، نەڕۆشتووەتە ناو ئەرکی رووبەڕووبوونەوەی ئەو تیرۆرەی کە گروپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران دروستیان کردووە، هەر بۆیە چالاکوانانی عێراقیش داوا دەکەن دەسەڵاتی زیاتر بە ئەم دەزگایە بدرێت کە لە جەنگی رووبەڕووبوونەوەی چەکدارانی داعش رۆڵی گرنگی بینی.

توێژەرە عێراقییەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، هەر دەزگایەکی ئەمنیی و سەربازی لە عێراقدا ئەرکی تایبەت بە خۆی هەیە، بەڵام دەبێت دەسەڵاتەکانیان فراوانتر بکرێت تاکو رۆڵێکی گەورەتر بگێڕن لە رووبەڕوبوونەوەی ئەندامانی ئەو گروپانەی نزیکن لە ئێرانەوە و چەکیش بۆ دەستی دەوڵەت بگێڕنەوە، هەروەها چەکیش لە دەستی مافیا تاڵانچییەکان و هۆزە چەکدارەکان وەربگرنەوە.

هاشم باس لەوە دەکات، کازمی دەیەوێت دەسەڵاتی زیاتر بە دەزگای هەواڵگریی و دەزگای رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر بدات، هۆکاری ئەمەش ئەوەیە کە ئەم دوو دەزگایە کەمتر لەلایەن ملیشیا و حزبەکانی سەر بە ئێران دەستیان تێخراوە، هەردوو دەزگاکەش خاوەن توانان دوور لە ململانێ سیاسییەکان.

توێژەرەکە ئەوەش دەخاتەڕوو، کە پشتیوانیکردنی دەزگای رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر تەنها بەوە نابێت کە دەسەڵاتی ئەوەیان پێبدرێت پشکنین، گەڕان و دەستگیرکردن بکەن، بەڵکو پێویستە هەڵمەتی دەستگیرکردنەکانی دەزگاکە پشت ئەستور بن بە فەرمانی دادگا، تاکو دەستگیرکراوەکان دواتر بە ئاسانی ئازاد نەکرێن، وەک ئەوەی لە پێشوودا روویداوە.

ئەم کارەش پێویستە پلە بە پلە ئەنجام بدرێن و بە وردی کاریان لەسەر بکرێت، تاکو ئامانجەکە بە باشی بپێکرێت.

رێگا و میکانیزمی دیکە
وەهاب بیلال توێژەر لە سیاسەتی رۆژهەڵاتی نزیک لە پەیمانگای واشنتۆن لە وتویژێکی پێشوودا لەگەڵ "الحرة" باسی لەوە کردبوو، "کازمی بە مکوڕییەوە کار لەسەر کۆتاییهێنان بە هەژموونی گروپە چەکدارەکان دەکات."

ئاماژەی بەوەش کردبوو، کازمی لەوە تێگەیشتووە کە رێگای گونجاو رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆ نییە لەگەڵ میلیشیاکان، بەڵکو پێویستە سەرچاوە داراییەکانیان وشک بکرێن، رێگای گرنگیش بۆ ئەمە هەڵمەتی روبەڕووبوونەوەی گەندەڵیی و کۆنترۆڵکردنی دەروازە سنورییەکانە.

واتە لەبری رووبەڕووبوونەوەی سەربازیی و شەڕ لەگەڵ گروپە چەکدارەکان، باشترە سەرچاوە داراییەکانیان وشک بکرێت.

تاقیکردنەوەیەکی سەخت
لەگەڵ ئەوەی ئومێد هەیە کازمی لەم کارەدا سەرکوتوو بێت، بەڵام هێشتا زووە باس لە سەرکەوتنی تەواوەتیی ئەم هەنگاوانە بکرێت تاکو دەستپێدەکرێت، واتە نابێت باس لە سەرکەوتنی پڕۆسەیەک بکرێت کە هێشتا دەستیپێنەکردووە.

وەهاب بیلال پێی وایە، هەوڵەکانی کازمی لەم بوارەدا بەشێکی پەیوەندی بە ویستی خۆیەوە هەیە بۆ سەپاندنی خۆی وەک سەرۆک وەزیران، بەشێکی دیکەشی پەیوەندی بە  قایلکردنی ئەو خۆپیشاندەرانەوە هەیە کە ئەوان نەبوونایە هەرگیز پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراقی بەدەستنەدەهێنا.

هەنگاوی کردەیی، بەڵام سنوردار
وەک ئاماژەیەکی دەستپێکردنی هەوڵەکانی کازمی بۆ سنوردارکردنی دەسەڵاتی گروپە چەکدارەکان، لە ماوەی پێشوودا پڕۆسەیەکی چەکداماڵین لە بەسرا دەستیپێکردبوو، هەڵمەتەکەش لەلایەن ئەبو مەحمود بەدران فەرماندەی پاسەوانی سنور و سەرکردە لە رێکخراوی بەدر سەرکردایەتیی دەکرا کە سەر بە ئەفسەرە هاوبەشەکانە.

ئەفسەرە هاوبەشەکان ئەوانەن کە لە میلیشیاکانەوە بۆ سوپای عێراقی گواستراونەتەوە، بەبێ تەواوکردنی خولی کۆلێژە سەربازییەکان پلەی سەربازییان پێدراوە، ئەمەش لەو کاتەوە دەستیپێکردووە کە مالکی هەوڵیدا چەکداری گروپەکان تێکەڵ بە هێزە ئەمنییەکان بکات.

ئەوەی جێگای رەخنەیە هەڵمەتەکانی بەسرا نەگەیشتووە بەو ناوچانەی کە ناوەندی هەڵگرتنی چەکی گروپە چەکدارەکانن و شوێنی سەرەکی ئەو هۆزە چەکدارانەن کە بڕێکی زۆر چەکیان لەدەستدایە، بەڵکو تەنها لە شوێنە ئاساییەکاندا ئەم هەڵمەتە ئەنجامدراوە.

تێڕوانینی نەرێنیی بۆ گروپە چەکدارەکان
گروپە چەکدارەکان لای بەشێکی دیاری خەڵکی بەسرا جێگای رەخنەن، تەنانەت چالاکوانان (عصائب الحق وثأر الله) بە تیرۆرکردنی بەشێک لە چالاکوانەکان تۆمەتبار دەکەن.

ئەم تێڕوانینە نەرێنییەی بەشێکی دیاری هاوڵاتیان بۆ گروپە چەکدارەکان، یارمەتی کازمی دەدات تاکو دەستی کراوە بێت لە دژایەتیکردنی گروپە چەکدارەکان و چەکداماڵینیان.

رووداوەکان بەردەوامن، تیرۆرکردنی چالاکوان و رۆژنامەنووسان ناوەستێت، گروپە چەکدارەکان هێزی جارانیان ماوە و مایەی هەڕەشەن، لەگەڵ ئەوەشدا هیوا هەیە کازمی بتوانێت سنورێک بۆ ئەم گروپانە و پڕۆسەکانی تیرۆرکردن دابنێت، بەڵام زۆریشن ئەو توێژەرانەی پێیان وایە کازمیش تەنها بەڵین دەدات و توانای ئەو لەوە بچوک و سنورداترە بتوانێت دەستی ئەم گروپە چەکدارانە کورت بکاتەوە و چەکەکانیان لێوەربگرێتەوە.