ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

03:03 - 16/09/2020

جووەکانی ئیمارات؛ ژیان و ئاینداریی لە تاریكییەوە بۆ روناکی‌

پەیسەر

ئیمارات دەرگای دۆخێکی نوێی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کردەوە، دەرگایەک کە دەبێتە سەرەتای دروستبوونی پەیوەندی و تێڕوانینی نوێ لەنێوان جولەکە و ئیماراتییەکاندا، بەر لە هەرکەسێک جولەکەکانی ئیمارات پێشوازیییان لەم دۆخە نوێیە کرد، چونکە ئیتر ئەوان لە ژیانێکی نیمچە نهێنیی و سێبەرییەوە دێنە ژیانێکی ئاشکرا و ئازادانە و بەبێ ترس وەک جولەکەیەک دەژین.

ماڵی جولەکەکان
ئیمارات ماوەی چەند ساڵێکە بووەتە ماڵی دووەمی ئیماراتییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەو جولەکانەی لە ئیمارات دەژین باس لە ژیان و پەیڕەوکردنی دینی خۆیان دەکەن بە ئازادیی و وڵاتەکە بە ماڵی خۆیان دەزانن، رێککەوتنەکەی تەلئەبیب و ئەبوزەبیش هێندەی دیکە دڵنیایی بە جولەکەکانی ئەم وڵاتە عەرەبییە داوە.

ماڵی روس کرێل سەرۆکی ئەنجومەنی جولەکە لە ئیماراتە، ماڵەکەی پڕە لە تابلۆ و ئەو کەلوپەلانەی کە پەیوەستن بە دینی جولەکەوە. لە ماڵەوەش زمانی عیبری فێری منداڵەکانی دەکات و هەوڵیان لەگەڵ دەدات لە تەورات شارەزا بن.

ئەم خێزانە لە ساڵی ٢٠١٣وە لە باشوری ئەفریقاوە روویان کردووەتە ئیمارات، لەو کاتەوەش بە شێویەکی ئاشکرا و بێگرفت سروتە ئاینییەکانی جێبەجێ دەکات، مناڵەکانی روس دوبەی بە "ماڵ" ناودەبەن و کە لە گەشتەکانیان دەگەڕێنەوە بۆ دوبەی دەڵین "گەڕاینەوە بۆ ماڵ."

ژیانێکی ئازادتر
لە دوای رێککەوتنەکەی ئیمارات و ئیسرائیل ژیانی خێزانەکەی روس و دوو هەزار جولەکەی دانیشتووی ئیمارات چووە قۆناغێکی نوێوە، بەتایبەت لە دوبەی و ئەبوزەبی کە زۆرترین جولەکەکان لەم دوو شارەدا دەژین.

ئیتر روس و جولەکەکانی ئیمارات دەتوانن بە تەلەفۆن و لە رێگەی کۆدی ٩٧٢وە، راستەوخۆ پەیوەندی بە ئیسرائیلەوە بکەن، هەروەها ئیتر پێویست ناکات لە رێگەی ئەردەن، قوبرس و تورکیاوە بێنە ئیمارات، بەڵکو دەتوانن راستەوخۆ لە ئیسرائیلەوە گەشتی ئیمارات بکەن.

خواردنی جولەکە
پێش رێککەوتننامەکەش، ژمارەیەکی بەرچاو جولەکە رۆژانە گەشتیان بۆ ئیمارات دەکرد، ئیلی هاوسەری روسیش خواردنی تایبەت بە جولەکەکانی پێشکەش بە میوانە جولەکەکانی وڵاتەکەی دەکرد.

دوای ماوەیەک ئیلی بینی ژمارەی گەشتیارە جولەکەکان بۆ ئیمارات روو لە زیادبوون دەکەن، بۆیە خواست لەسەر خواردنەکانی بەردەوام بەرزدەبوونەوە، بۆیە بڕیاریدا چێشتخانەیەک بکاتەوە، کە ئەمەش بوو بە یەکەم چێشتخانەی تایبەتی جولەکەکان لە دوبەی و ئیماراتیش.

چێشتخانەکەی ئیلی لە مانگی شوباتی ساڵی رابردوو کرایەوە، لە چێشتخانەکەدا خواردن و خزمەتگوزاری تایبەت بە سروتە ئاینییەکانی جولەکە پێشکەش دەکرێن.

زۆرترین داواکاری لە چێشتخانەکەدا بۆ نانی (Challah) و نانی (Babka)ە، کە بە چۆکلاتەوە لە ماڵە جولەکەکاندا دروستدەکرێت.

کار و جولەکەکانی ئیمارات
جولەکەکانی ئیمارات لە وڵاتی جیاوازەوە هاتوون، لە بواری جیاوازدا کاردەکەن بە تایبەت لە کەرتی بانکی، دارایی، یاسایی، دڵنیایی و تەندروستی، جولەکەکان لەم بوارانەدا تێکەڵ بە دانیشتوانی ئیمارات بوون کە لە دین و نەتەوەی جیاوازن.

ئەلێکس پیتەر فرۆیند جولەکەیەکی بەلجیکییە و لە ئیمارات دەژی، لە ساڵی ٢٠٠٨وە کاری بازرگانی ئەڵماس دەکات، ئەلێکس بە بی بی سی وتووە، "لە رۆژی یەکەممەوە لە ئیمارات، ئاینەکەم نەشاردووەتەوە، چونکە پێم وا نییە موسڵمانێکی ناو وڵاتێکی ئەورووپا سروتە ئاینییەکانی بشارێتەوە."

لەگەڵ ئەوەی نوێژی جولەکەکان پێویستی بە ئامادەبوونی ١٠ کەس هەیە، بەڵام ئەلێکس و روس ناچاربوون پێکەوە نوێژ بکەن، ئەمەش لەبەرئەوەی ساڵانی پێشوو ژمارەی جولەکەکانی ئیمارات کەم بوون، بەشێکیشیان نەیاندەویست دین و شێوازی نوێژی خۆیان ئاشکرا بکەن.

ئەمڕۆ ژمارەی جولەکە لە ئیمارات زۆر بووە، نوێژەکان لە کڵێسایەکی یەهودی دەکەن لە دوبەی، جولەکەکانی ئیمارات دێن و پێکەوە لەم کڵێسایەدا نوێژ دەکەن، سروتە ئاینییەکان جێبەجێ دەکەن و بە ئاشکرا چالاکییە ئاینیی، کۆمەڵایەتیی و رۆشنبیرییەکانیان ئەنجام دەدەن.

ژیانی حاخامەکان
بەهۆی کرانەوەکانی ئیمارات بە رووی ئیسرائیلدا، حاخامەکانیش روویان لە ئیمارات کرد. لیڤی داخمان ماوەی پێنج ساڵە لە نیویۆرکەوە رووی کردووەتە دوبەی، لە ئێستادا حاخامی رەوەندی جولەکەیە لە ئیمارات.

لیڤی ئەو حاخامە بوو کە مانگی رابردوو لە نوێژی بەیانیدا فوی لە بوق کرد کە بە (Shofar) ناسراوە، ئەوەش کاتێک یەکەم فڕۆکەی ئیسرائیلی راستەوخۆ لە تەلئەبیبەوە گەیشتە ئیمارات.

لیڤی دەربارەی رەوەندی جولەکە دەڵێت، رەوەندی جولەکە ماوەی ١٥ ساڵە لە ئیمارات دەژین، ئاهەنگی تایبەت بە خۆیان دەگێڕن و سروتە ئاینییەکانیان جێبەجێ دەکەن. لیڤی ئەوەی ئاشکرا کردووە کە لە ماوەیەکی نزیکدا کڵێسایەکی جولەکە لە ئەبوزەبی دەکرێتەوە، ئەمەش لە چوارچێوەی کۆمەڵگەی ئیبراهیمی کە مزگەوتێک، کڵێسایەکی کریستیانەکان و کڵێسایەکی جولەکەکانی لەخۆگرتووە.

ژیان لە سێبەردا
لەگەڵ ئەوەی ماوەی چەند ساڵێکە بەشێک لە جولەکەکانی ئیمارات بە ئازادی دەژین، بەڵام بەشێکی دیکەشیان باس لەوە دەکەن، کە لە بێدەنگیی و ژیانێکی تایبەت و داخراودا دەژین، ئومێدیشیان وایە لە دوای رێککەوتنەکەی تەلئەبیب و ئەبوزەبی رەوەندی جولەکە دەست بە ژیانێکی ئاشکرا و ئازادتر بکەن.

سولی وۆڵف سەرۆکی رەوەندی جولەکەش کە ماوەی ٢٠ ساڵە لە ئیمارات دەژی دەڵێت، رێککەوتننیان لەگەڵ ئیمارات جیاوازە لە رێککەوتنیان لەگەڵ میسر و ئەردەن، چونکە رێککەوتن لەگەڵ ئەو وڵاتانەی دیکەدا لە کاتی جەنگدا بووە، ئەمەش وای کردووە گەلانی ئیسرائیل، میسر و ئەردەن نەتوانن ئاشتییەکی تەواو بهێننە ئاراوە.