ڕاپۆرتی کوردستانی

04:26 - 16/09/2020

ئەو كەسەی مەلا بەختیاری دەستگیركردەوە: دەیویست بەرەو سلێمانی رابكات‌

پەیسەر پرێس

شێخ كامیل شێخ قادر، كە یەكێكە لە پێشمەرگە دێرینەكان و ماوەیەكیش لێپرسراوی ئیدارەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بووە، بەرپرسی دەستگیركردنەوەی مەلا بەختیار بووە ئەوكاتەی كە ساڵی 1986 مەلا بەختیار لە سجنی یاخسەمەر رایكردووە و بە نامەی فەرمی مام جەلال داوای لێكراوە ئەگەر لەكاتی دەستگیركردنیدا هەوڵی خۆ قوتاركردن بدات بكوژرێت.

شێخ كامیل شێخ قادر لە دیدارێكی میدیایدا دەڵێت، ئاڵای شۆڕش و پارتی بارەگایان لە یەكترەوە نزیكبوو، ئەوان هەركات بۆیان هەڵكەوتایە لە یەكێتی جیادەبوونەوە، لە سنووری مەڵبەندی یەك لە قەرەداغ، هەندێك كادریان هەبوو كە بۆخۆیان كاریان دەكرد، هەربۆیە لەلایەن مەڵبەندی یەكەوە مەلابەختیار گیرا و ناردیان بۆ ناوچەی سەركردایەتی.

ئەوان دەیانویست جیاببنەوە و دەیانوت بۆچی بۆ مام جەلال حەڵاڵ بووە لە پارتی جیاببێتەوە، بۆچی ئێمە بۆمان نییە لە یەكێتی جیاببینەوە؟

چیرۆكی گرتنەوەی مەلا بەختیار
شێخ كامیل شێخ قادر لەبارەی چیرۆكی گرتنەوەی مەلا بەختیار دوای هەڵاتنی لە سجن بە وردی رووداوەكە دەگێڕێتەوە و دەڵێت، لە یەكێك لە رۆژەكانی ساڵی 1986، سەعات دووی شەو بوو كاك حاكم شوان هات بۆلام و نامەیەكی مام جەلالی پێبوو كە تێیدا تەڵێت، مەلا بەختیار لە زیندان رایكردووە، هیمەتێك بكەن بۆ گرتنەوەی، ئەو شەوەی كە رایكردبوو هەر ئەو شەوە ئەو نامەیەم بۆ هات.

لە درێژەی گێڕانەوەی بیرەوەرییەكەدا شێخ كامیل دەڵێت، مەلا بەختیار لە یاخسەمەر زیندانی بوو، ئەوكاتە ئەبوشەهاب چاودێری ئەو زیندانەی دەكرد، زیندانەكە تەنها تەنها ژوورێك بوو تایبەت بوو بەو كەسانەی كە وا مەترسی ئەوەیان لێدەكرێت زیان بە شۆڕش بگەیەنن.
كە نامەكەی مام جەلالم بەدەست گەیشت سەعات دووی شەو، كەمینم بە هەموو لایەكدا دەركرد، لە دۆڵەڕووتەوە هەتا كانی بەردینە و ئەو ناوچانەی پیادەڕەو بوون، لە پیرەمەگرون و سورداش، تا من ئەم كارانەم رێكخست رۆژ بوەوە و ئەبوشەهابیش هاتەلام، وتی مەلا بەختیار لە دەستی من رایكردووە، بەڵكو هاوكاریم بكەی بۆ گرتنەوەی.

مەلا بەختیار لەكوێ‌ گیرا؟
شێخ كامیل شێخ قادر لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا باس لە كاتی دەستگیركردنەوەی مەلا بەختیار دەكات لەلایەن یەكێك لەو كەمینانەی بۆیان داناوە و دەگەڕان بەدوایدا و دەڵێت، لەوكاتەدا بڕیارێكمان پێبوو كە ئەگەر هەوڵی خۆ قوتاركردن بدات بكوژرێت هەربۆیە بە مەفرەزەكانم وت هەوڵی گرتنەوەی بدەن تا كوشتن، لە كاتژمێر 12:20 خولەك لە یەكێك لە كەمینەكانی خوار خۆمەوە مەلا بەختیاریان گرت.

نانەڕەقە و كۆمەڵێك 25 دیناری پێبوو
شێخ كامیل لەبارەی ساتی دەستگیركردن و بینینی مەلا بەختیاریشەوە دەلێت، كە گرتیان وتی من سەركردەتانم، لەوكاتەدا لە گیرفانیدا هەندێك نانەڕەقە و كۆمەڵێك 25 دیناری پێبوو، لێكۆڵینەوەم لەگەڵدا كرد و مام جەلالیش پێی باشبوو كە لێكۆڵینەوەی لەگەڵدا بكرێت، چونكە ئەوكاتە بارودۆخەكە ناسك بوو، كۆمەڵێك پێشمەرگە لە دەشتی رانیە تەسلیم بە رژێم بوبوونەوە، لەوە دەترساین كە رژێمی بەعس بەرەیەك لە دژی پێشمەرگە دروستبكات.
ئەو شەوە مەلا بەختیارمان هێنایە قزلەر، ناردم بەشوێن كاك ئەبوشەهابدا وتم ئەوە مەلابەختیار لەدەستی تۆ رایكردووە و دەیدەمەوە دەستی تۆ و بیكە بە دیاری دەستی خۆت و بیبەرەوە بۆلای مام جەلال، پاشان كرایەوە هەمان زیندانەكەی پێشووی خۆی، مام جەلال منی نارد تا لە زیندان لێكۆڵینەوەی لەگەڵدا بكەم و مەلابەختیار دانی بەوەدا نا كە بە هەموو شێوەیەك دەیانەوێت جیاببنەوە.
هەروەك لە لێكۆڵینەوەكاندا بۆم دەركەوت مەلا بەختیار دەیویست بەرەو سلێمانی رابكات.


سەرچاوە: گۆڤاری لڤین