ڕاپۆرتی کوردستانی

11:22 - 17/09/2020

نەوشیروان مستەفا: هەركەس گۆڕی رابردوو بۆ مەرامێكی تایبەت و سیاسی هەڵبداتەوە ئێمە ناترسین‌

پەیسەر

نەوشیروان مستەفا، رابەری نیوسەدە خەباتی گەلی كورد لە سەروبەندی دروستكردنی لیستی گۆڕان بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، من لایەنگری ئەوەم گۆڕی رابردوو هەڵنەدەینەوە و لە رابردووی خۆشمان ناترسین.

لە چاوپێكەوتنێكی میدیایدا لە ساڵی 2009 و لە سەروبەندی دروستكردنی لیستی گۆڕان بۆ هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان، پرسیار لە رەوانشاد نەوشیروان مستەفا دەكرێت كە رابردووی شۆڕش  و ئایندەی هەرێمی كوردستان.

رەوانشاد دەڵێت، من تەمەنای ئەوەم دەكرد ئێستا گفتوگۆ لەسەر سبەینێ‌ و دوو سبەی بكەین، نەك گفتوگۆ لەسەر پێرێ‌ و بەسرپێری.

هەر لەو وەڵامەدا رەوانشاد نەوشیروان مستەفا باس لەوەش دەكات كە ئەو خۆی لایەنگری هەڵدانەوەی گۆڕی رابردوو نییە بۆ مەرامی سیاسی و دەڵێت: من خۆم لایەنگری ئەوە بووم گۆڕی رابردوو هەڵنەدەینەوە، بەڵام كاتێك كە خەڵكی تر بۆ مەبەستێكی دیاریكراو و بۆ مەبەستێكی سیاسی بیانەوێت رابردوو هەڵبدەنەوە ئێمە لە رابردووی خۆمان ناترسین لەبەرئەوەی هیچ شتێكمان نییە.

ئەو دیدارە میدیاییەی رەوانشاد نەوشیروان مستەفا دوای بڵاوكردنەوەی بەشێك لە یاداشتەكانی دێت لە ساڵی 2009 كاتێك بە زنجیرەیەك وتار و بەڵگە باسی رووداوەكانی هەرێمی كوردستانی دەكرد و دواتر لەسەر داوای ژمارەیەكی زۆر كەسایەتی سیاسی و كۆمەڵایەتی بڵاوكردنەوەی یاداشتەكانی راگرت، لەو كاتەدا پرسیاری لێدەكرێت كە هۆكار چییە لە بڵاوكردنەوەی یاداشتەكانی وەستا، رەوانشاد لە وەڵامدا دەڵێت بۆ ئەوەی گرژی زیاتر دروستنەبێت وەستاندویەتی.

باسنەكردن لە رابردوو یان لەو بەڵگانەی لەبەردەستیدا بوون لای رەوانشاد نەوشیروان مستەفا وەك جۆرێك لە ئەخلاقی سیاسی مامەڵەی لەگەڵدا كراوە.

لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا رەوانشاد دەڵێت، من بە حوكمی ئەوەی لە مەوقیعێكی مەسئولیەتی بەرزدا بووم، بە سەدان مەلەفی جیا جیا، نەك هەر مەلەفی گەندەڵی، مەلەفی ئەخلاقی هەزاران خێزان كەوتووەتە بەردەستم، مەلەفی دزی كەوتووەتە بەردەستم، مەلەفی جاسوسی كەوتووەتە بەردەستم، مەلەفی شتی خراپ كەوتووەتە بەردەستم، بەڵام ئەخلاقی سیاسی من رێگەی بە من نەداوە كە تەشهیر بە هیچ كەسێك بكەم، وە ناوی هیچ كەسێكیش بەرم.

هەر لەو چاوپێكەوتنە تەلەفزیۆنییەدا، رەوانشاد نمونەیەك دەهێنێتەوە و دەڵێت، هەموو میهنەیەك پێویستە جۆرێك لە ئەخلاق و ئیتیكی خۆی هەبێت، بۆ نمونە كابرایەك سەرتاشە، یان ژنێك ساڵۆنی حەلاقەی هەیە، كەسێك دەڕواتە لای سەری چاك بكات، كاتێك دەبینێت سەری كەچەڵە یان پڕە لە برین، ئەو كەسەی سەری چاك دەكات ئەخلاقی میهنەكەی وای لێ داوادەكات كە نابێ‌ بڕوات لە ئەملا و ئەولا بڵێت فڵانە كەس فڵان عەیبی هەیە.


سەرچاوەكان
ئەرشیفی كەناڵی KNN
ئەرشیفی گۆڤاری لڤین