ڕاپۆرتی کوردستانی

01:41 - 18/09/2020

پرۆژه‌كانى پێش كۆنگره‌ى مه‌لا و كورسییه‌كه‌ى ئێستاى‌

پەیسەر پرێس

 مه‌لا به‌ختیار پێش كۆنگره‌ى چوارى حزبه‌كه‌ى لە ته‌مووزى ساڵى رابردوو پرۆژه‌یه‌كى راگه‌یاند و گوتى، پرۆژه‌ى كه‌س قبوڵ ناكات، پرۆژه‌كه‌ى خۆى نه‌بێت، بۆ ئه‌وه‌ش هۆشدارو جموجوڵى زۆرى كرد ناوبه‌ناو له‌گه‌ڵ كادیره‌كانى یه‌كێتى كۆبوونه‌وه‌یه‌كى له‌ ماڵى خۆى رێكده‌خست و گوایه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ى ناڕازییه‌، بایكۆتى كۆبوونه‌وه‌كانى مه‌كته‌بى سیاسى و سه‌ركردایه‌تى كردبوو.

 هه‌موو نمایشه‌كانى پێش كۆنگره‌، له‌ به‌یانى یه‌كه‌مى كۆنگره‌ به‌تاڵ بوونه‌وه‌، كاتێك له‌ ریزى پێشه‌وه‌ى كۆنگره‌ دانیشت بێ ئه‌وه‌ى به‌ یه‌ك وشه‌ش باسى پرۆژه‌كه‌ى بكرێت، یاخود بخرێته‌ به‌رنامه‌ى كاره‌وه‌ خۆى به‌ ده‌ست و پێى خۆى پێداگرییه‌كانى پێشووى پوچه‌ڵ كرده‌وه‌، مه‌لا به‌ختیار له‌دواى كۆنگره‌ى سێ، به‌شدارى له‌ زۆر یارى و پاشقولبازیدا كرد تا له‌ كۆنگره‌ى چوار جێ پێى قایم بكات، بۆ ئه‌وه‌ش رێگاى زۆرى تاقیكرده‌وه‌، دژایه‌تى گۆڕان و خۆبردنه‌ پێشه‌وه‌ى له‌ ده‌باشان، دروستكردنى دابڕان، دروستكردنى لینك له‌گه‌ڵ پارتى و پاكانه‌كردن بۆ پارتى، راگه‌یاندنى پرۆژه‌ و بایكۆتى كۆبوونه‌وه‌كان، كۆنگره‌و لێدوانى رۆژنامه‌وانى.

هه‌موو جموجوڵه‌كانى مه‌لا به‌ختیار بێ ئه‌نجام بوون، داواجار له‌سه‌ر كورسییه‌كى سارودوسڕى كۆنگره‌و بێ هیچ به‌ڵێن و گره‌نتییه‌ك دانیشت و به‌ پۆستێكى رووكه‌ش هاته‌ ده‌ره‌وه‌.
پۆسته‌كه‌شى به‌ ته‌زكیه‌و بێ ده‌نگدان وه‌رگرت، ئه‌وه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ 10 ساڵى ره‌به‌ق به‌رده‌م مایكه‌كانى به‌رنه‌ده‌دا و باسى شه‌رعییه‌تى كۆنگره‌و ده‌نگدان و بردنه‌وه‌و دۆڕانى ده‌كرد.

له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و كورسییه‌دا ئه‌م پیاوه‌ پرۆژه‌نووسه‌ ده‌سته‌به‌ردارى ئه‌و هه‌موو وشه‌یه ‌‌بوو كه‌ به‌ناوى پرۆژه‌و پاكێجه‌وه‌، ده‌رخواردى خه‌ڵكى ده‌دا و مه‌زاجى خه‌ڵك و كادیره‌كانى حزبه‌كه‌شى شێواندبوو.

باشه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و هه‌موو پرۆژه‌و ره‌شنوس و شانامه‌یه‌ پره‌نسیپ و سه‌وابیت بوون، چۆن له‌ به‌رامبه‌ر كورسییه‌كى رووتى بێ ده‌سه‌ڵاتى ئه‌نجومه‌نى به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى یه‌كێتى وا خێرا له‌بیریكردن؟ پشتى له‌ هه‌موو قسه‌كانى خۆى كرد چونكه‌ وه‌ك خۆى ده‌یوت له‌به‌رئه‌وه‌ى كاسبییه‌كه‌ى كۆنگره‌و سیاسه‌ته، بۆیه‌‌ به‌شدارى كۆنگره‌ ده‌كات.


ته‌نانه‌ت یه‌ك وشه‌ش له‌ پرۆژه‌كه‌ى رووناكى نه‌بینى و كۆنگره‌یه‌كى له‌و شێوه‌ كه‌ ئه‌و له‌ دێڕه‌كانى پرۆژه‌كه‌ى ریزى كردبوو نه‌هاته‌ دیى، به‌ڵام هه‌موو ئه‌وانه‌ى به‌ كورسییه‌كى ئه‌نجومه‌نێك گۆڕییه‌وه‌ كه‌ خۆى ئێستا ده‌ڵێت، تا ئێستا هیچ ده‌سه‌ڵاتێكى بۆ دیارینه‌كراوه‌و نیگه‌رانن له‌ بێده‌سه‌ڵاتییان، چاوه‌ڕێن ئه‌ندامانى سه‌ركردایه‌تى هه‌ندێك ده‌سه‌ڵاتیان بۆ شۆڕ بكه‌نه‌وه‌. مەلابەختیار پێش كۆنگره‌ پێی وابوو قورسایی پرۆژەكە لەناو كۆنگرە كەم دەبێتەوەو باشتر وایە لە دەرەوە بۆ رای گشتی ئاشكرا بكرێت.

ترسیشی لەوە هەبوو رێگەی پێنەدەن لە كۆنگرە پرۆژەكەی پێشكەش بكات، بۆیه‌ له‌ كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانیدا پرۆژه‌كه‌ى خۆى راگه‌یاند، به‌ئومێدى ئه‌وه‌ى فشار دروست بكات. بەشداریكردنی لەكۆنگرەی چوارەمی یەكێتی بەستەوە بە سەركەوتن و پاڵپشتیكردنی پرۆژەكەی.
به‌ڵام له‌ كۆنگره‌ ته‌نها به‌شدارى خۆى قبوڵكرا. ئێستا كورسییه‌كه‌ى ئه‌وه‌نده‌ بێ سه‌نگه‌ خۆشى تاقه‌تى به‌شدارى له‌ كۆبوونه‌وه‌كانى ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ نییه‌، له‌ دوایین چاوپێكه‌وتنى بۆخۆى ده‌ڵێت، حه‌ز ده‌كات كه‌مترین ئاماده‌یى هه‌بێت له‌ كۆبوونه‌وه‌كان، باشه‌ كورسییه‌ك ئه‌وه‌نده‌ بێ بایه‌خه‌ لاى، خێره‌ گۆڕییه‌وه‌‌ به‌ هه‌موو پرۆژه‌و به‌رنامه‌و ره‌شنوسه‌كانى؟

ئێستا چاوه‌ڕێى مه‌رحه‌مه‌تى ئه‌و ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تییه‌یه‌ تا ده‌سه‌ڵاتى بۆ دیارى بكه‌ن، كه‌ وه‌ك خۆى ده‌ڵێت، جاران ویستویانه‌ وێنه‌ى له‌گه‌ڵ بگرن. بڵێى چى له‌ پشت هه‌موو ئه‌و شكست و سازشه‌وه‌ بێت، كه‌ له‌ هۆشدارى و هه‌ڕه‌شه‌ و كۆنگره‌ى رۆژنامه‌وانییه‌وه‌ ئێستا هاتووه‌ته‌ سه‌ر ده‌وامى ماڵه‌وه‌ى خۆى و پۆستكردن له‌ فه‌یسبووك و چاوپێكه‌وتنى ته‌له‌فیزیۆنه‌كانى پارتى؟

یاخود خۆى باش ده‌زانێت كه‌ چیرۆكى ئه‌و كۆتایى هاتووه‌و ته‌نانه‌ت خزمایه‌تییه‌كه‌ى ده‌باشانیشى چیتر فریاى ناكه‌وێت.
مه‌لا به‌ختیار كاتى خۆى له‌ كۆمه‌ڵه‌ وا خلیسكا به‌ ئاشیش نه‌ گیرسایه‌وه‌ و خۆى خزانده‌ زحمه‌تكێشان و دواتر به‌ زه‌حمه‌تى زۆر له‌ یه‌كێتى وه‌رگیرایه‌وه‌، به‌ڵام ئێستا ئاستى ململانێكه‌ى وه‌ك جاران نییه‌.

جاران به‌ده‌ست سه‌ركردایه‌تى شۆڕشه‌كه‌وه‌ مایه‌ پوچ بوو ئێستا وه‌ك خۆى ده‌ڵێت، به‌ ده‌ست ململانێی "كۆنه‌ حیمایه‌كان"ى و ئه‌وانه‌ى ده‌یانویست وێنه‌ى له‌گه‌ڵ بگرن گیرى خواردووه‌و ئیحاله‌ى ماڵه‌وه‌ كراوه.

دوایین خه‌ونى مه‌لا به‌ختیار دواى خزانى كۆنگره‌، وه‌رگرتنى كورسى سه‌رۆك كۆمارى عێراقه‌، بۆ ئه‌وه‌ش ماوه‌یه‌كى دوور و درێژه‌ پاكانه‌ بۆ پارتى و سه‌ركرده‌كانى ده‌كات، به‌ڵام به‌هۆى ئه‌وه‌ى بڕوانامه‌كه‌ى ساخته‌یه‌ ئه‌م خوله‌ له‌ ركابه‌رییه‌كه‌ دوورخرایه‌وه‌، كاتى خۆشى له‌ زانكۆى سلێمانى له‌سه‌ر بنه‌ماى ئه‌وه‌ى گوایه‌ بڕوانامه‌كه‌ى له‌ خوارى عێراقه‌ ده‌ستى به‌ خوێندنى به‌كالۆریۆس كرد له‌ زانكۆى سلێمانى به‌ڵام دواى پرۆسه‌ى ئازادى عێراق ده‌ركه‌وت، هیچ بڕوانامه‌یه‌كى نییه ‌و هیچى نه‌هێنایه‌وه‌، دواى ئاشكرابوونى رۆشته‌ ماڵه‌وه‌و ده‌ستیكرده‌وه‌ به‌ كۆڕو سیمینار، ئێستاش به‌ چیرۆكى داتاشراو و تۆمه‌ت دروستكردن بۆ هاوسه‌نگه‌ره‌كانى و پاكانه‌كردن بۆ هه‌ندێك ئه‌م رێگایه‌ش بۆ ئه‌م پۆسته‌ ده‌شێلێت.