02:42 - 18/09/2020
مارف به‌رزنجی.. به بڕیاری قاسم زیندانیكراو به‌عس له‌سێداره‌یدا
له‌ساڵی ١٩٥٩ به‌هۆی رووداوێكه‌وه، كه‌وته زیندان و دوو حكومه‌ت له‌سه‌ر حوكمی له‌سێداره‌دانی ئه‌و كۆك و هاوڕا بوون، دوو حكومه‌تی دژ به‌یه‌ك به‌جۆرێك كه یه‌كیان كوده‌تای به‌سه‌ر ئه‌ویتردا كرد، به‌ڵام فه‌رمانی له‌سێداره‌دانی مارف به‌رزنجی-یان ئه‌وه‌نده پێ باشبوو، كه قاسم زیندانی كرد و به‌عسییه‌كان له‌سێداره‌یان دا.
مارف به‌رزنجی كێ بوو؟
كه‌سایه‌تییه‌كی دیاری كورد بوو، نوسه‌ر و شاعیر، چیرۆكنووس و سه‌رنوسه‌ری گۆڤارێكی ئه‌ده‌بی بوو، له هه‌مانكاتدا پارێزه‌ر و ده‌رچووی كولیه‌ی حقوقی به‌غدا بوو ماوه‌یه‌كیش سه‌رۆكی شاره‌وانی كه‌ركوك بوو. له‌ڕووی كۆمه‌ڵایه‌تیشه‌وه پیاوێكی ناسراوی كه‌ركوك و سلێمانی بوو. په‌یوه‌ندی به به‌سیاسه‌ته‌وه له‌حزبی هیواوه ده‌ستیپێكرد و به‌هۆی ڕه‌خنه‌گرتنی له ره‌فیق حیلمی له هیوا ده‌ركرا و دواتر له حزبی شیوعی درێژه‌ی دا به سیاسه‌ت، هاوڕێی ئیبراهیم ئه‌حمه‌د و عومه‌ر ده‌بابه و شێخ له‌تیفی شێخ مه‌حمود بوو.
له مانگی شووباتی ساڵی ١٩٢١ له ناوچه‌ی قادر كه‌ره‌می سه‌ر به‌شاری كه‌ركوك له‌دایك بوو. شێخ عه‌بدولكه‌ریمی باوكی پیاوێكی ئایینیی و شێخێكی خاوه‌ن ته‌كیه بوو كه سه‌ر به ڕێبازی ته‌سه‌وفی قادری بوون، ده‌چنه‌وه سه‌ر شێخ حه‌سه‌نی قه‌ره‌چێواری جێنشینی كاك ئه‌حمه‌دی شێخ. باوكی ئه‌گه‌رچی شێخی ته‌ریقه‌ت بوو به‌ڵام ڕقی له سۆفێتیی بوو، پیاوی سیاسه‌ت بوو، ده‌ستی ڕاستی (شێخ مه‌حمود) بوو له جووڵانه‌وه‌كانیدا.
مارف له‌منداڵییه‌وه دایكی خۆی نه‌بینی بوو، چونكه دایكی به‌سه‌ر منداڵه‌وه مردبوو، بۆیه ئه‌و حه‌سره‌ته‌ی هه‌ر له‌دڵدا مابوو. باوكی ژنێكی تری هێنابوو.
ئه‌م كوڕه شێخزاده‌یه به‌پێچه‌وانه‌وه‌ی بیروباوه‌ڕی باوكییه‌وه ڕووی له‌بیروباوه‌ڕی چه‌پڕه‌وی كرد و له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا كه‌سێكی چه‌پ و لایه‌نگری شیوعییه‌كان بوو، به‌ڵام بیروباوه‌ڕی كوردانه‌ی له‌بیر نه‌كردبوو. خه‌می گه‌وره‌ی ئه‌وه بوو گه‌له‌كه‌ی وه‌ك سه‌رجه‌م گه‌لانی دیكه‌ی دنیا به خه‌ونی خۆی بگات، داخی ئه‌و په‌رت بوون و پارچه پارچه بوونه ئازاری ئه‌دا.
قوربانییه‌كی ڕووداوه‌كانی ١٩٥٩ی كه‌ركوك
مارف به‌رزنجی له دوای كوده‌تاكه‌ی ١٤ی ته‌مووزی ساڵی ١٩٥٨ به سكرتێری ڕێكخراوی ئاشتیخوازان (ئه‌نسارلسه‌لام) كه‌ركوك هه‌ڵبژێررا، له پاشان كرا به سه‌رۆكی شاره‌وانی كه‌ركوك. ئاژاوه‌ی ته‌مموزی ساڵی ١٩٥٩ له‌شاری كه‌ركوك پیلانێك بوو كۆمپانیای نه‌وتی كه‌ركوكی سه‌ر به ئینگلیز داینابوو دژ به بزوتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی كورد و لێدان ده‌ستكه‌وته‌كانی كوده‌تای ١٤ ی ته‌مموزی ١٩٥٨له‌سه‌رانسه‌ری عیراق و دروستكردنی ناكۆكی و چاندنی تۆوی رق و كینه له‌دڵی كورد‌و توركمان كه سه‌دان ساڵ به‌ئاشتی و برایه‌تی ده‌ژیان. ئه‌گه‌ر له‌و رۆژه گوێ له مارف به‌رزنجی بگیرایه ئه‌و كاره‌ساته روی نه‌ده‌دا.
له‌ساڵی ١٩٥٩ له‌كه‌ركوك دا بڕیاردرا به‌بۆنه‌ی یه‌كه‌م ساڵیادی شۆرشی ١٤ ی ته‌مموزی ١٩٥٨ خۆپیشاندانێكی جه‌ماوه‌ری سازبكرێ، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته لیژنه ئاماده‌كارییه‌كه له (نوێنه‌ری پارێزگار یان موته‌سه‌ڕیف، نوێنه‌ری سه‌ندیكای كرێكاران ، به‌رگریی میللی- مقاوه‌مه شه‌عبی، به‌ڕێوبه‌ری ئاسایش ، سه‌رۆكی شاره‌وانی و نوێنه‌ری حزبی شیوعی عیراق ) پێك هات.
پێش ئه‌و ڕوداوه كه زه‌مینه له‌بار بوو بۆ روودانی ئه‌م ئاڵۆزییه و زۆركه‌س هه‌ستی به‌و مه‌ترسیه كردبوو، ته‌نانه‌ت مارف به‌رزنجی پێشنیاز ده‌كات كه "ڕێپێوانی كورده‌كان له ناوچه كوردییه‌كان بێت و توركمانیش با له ناوچه توركمانه‌كان بێت، له‌به‌ر گرژیی و ئاڵۆزی نه‌وه‌ك به‌كاره‌سات بشكێته‌وه". به‌ڵام پێشنیازه‌كه‌ی شێخ مارف وه‌رناگیرێت و به پاساوی ئه‌وه‌ی عێراق یه‌ك عێراقه و میلله‌تیش یه‌كه، كۆماری عێراقیش هی هه‌مووانه، ئه‌و جیاوازییه نابێ.
رێپێوانه‌كه ده‌كرێت، ئاپۆرای جه‌ماوه‌ر به‌شه‌قامی لای سینه‌ما خه‌یام تێپه‌ڕین، كه له‌ئه‌نجامدا ئاراسته‌ی خۆپێشاندانه‌كه گۆڕا و ئاڵۆزی لێكه‌وته‌وه، له پڕ رێپێوانه‌كه تێكچوو و دۆخه‌كه له‌ئانوساتێكدا بوو ته‌قیه‌وه و بوو به ته‌قه‌و شه‌ڕ له نێوان كورد و توركمان و ده‌سته‌ویه‌خه‌ی یه‌كتریی بوون و خه‌ڵكێكی زۆر كوژرا. تا وای لێهات بووه شه‌ڕێكی خوێناوی له‌نێوان كورد و توركمان له كه‌ركوك. ئه‌م پیلانه به‌هۆی عێراق و به‌شێك له‌و توركمانانه‌ی سه‌ر به‌ده‌وڵه‌تی توركیا بوون و تا پله‌یه‌ك ده‌ستێوه‌ردانی ئێران و سوریا و میسر گه‌یشته ئه‌نجام. كاره‌ساتێك بوو كورد له هه‌موو كه‌سێك زیاتر زیانی لێكه‌وت.
توركمانه‌كان هانایان بۆ برد و ئه‌ویش داڵده‌ی دان
له‌و شه‌ڕو كوشتاره‌دا زۆر له ماڵ و منداڵ و خێزانی توركمانه‌كان ده‌ڕژێنه ماڵی شێخ مارفه‌وه له ته‌كیه‌ی پیری قه‌ره‌چێوار، بۆ ئه‌وه‌ی شێخ مارف بیانپارێزێت، شێخ مارف -یش ده‌یانگرێته خۆی له ماڵی خۆیان و له ته‌كیه و هه‌موو ماڵی خزم و كه‌س و كاری پڕده‌كات له توركمان به مه‌به‌ستی پاراستنیان، هه‌تا نزیكه‌ی (١٥) رۆژێك خزمه‌تیان ده‌كه‌ن و ده‌یانپارێزن، تا دۆخه‌كه هێور ده‌بێته‌وه‌و تائێستاش به‌م كاره مرۆڤانه ده‌زانن و سوپاسی هه‌ڵوێستیان ده‌كه‌ن.
كاتێ نه‌خۆشخانه پڕ ده‌بێت له ته‌رم به بڕیارێكی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی ته‌ندروستی و لێپرسراوی سه‌ربازیی و سه‌رۆكی شاره‌وانی پێكه‌وه ته‌رمه‌كان ده‌نێژرێن، له ئه‌نجامدا به‌پێی سه‌رچاوه مێژوویه‌كان (٣٢) كه‌س كوژران و نزیكه‌ی سه‌د كه‌سیش بریندار بوون، رۆژی ٧/١٦/ ١٩٥٩ قه‌ده‌غه‌ی هاتۆچۆ "من‌ع تجول" راگه‌یه‌نرا. سه‌رۆكی شاره‌وانی كه‌ركوك به‌دڵێكی ته‌نگه‌وه فه‌رمانی كرد به كرێكارانی شاره‌وانی، ته‌رمی كوژراوه‌كان له‌سه‌ر شه‌قام و كوچه‌و كۆڵانه‌كان هه‌ڵبگرنه‌وه و بیده‌نه‌وه ده‌ست كه‌سوكاریان. له‌نێو كوژراوه‌كاندا ئافره‌تێك و دوو مه‌سیحی و ئه‌وانی تر هه‌موویان له‌نه‌ته‌وه‌ی توركمان بوون. ئه‌و رووداوه‌كه درزی خسته نێوان كورد‌و توركمانه‌وه.
ئاواره‌بوونی خێزان و گیرانی خۆی و براكه‌ی
پاش هێوربوونه‌وه‌ی باره ناهه‌مواره‌كه، بنكه‌ی پۆلیس به دوای مارف و شێخ حوسێنی برای دا ده‌نێرن، مارف له ماڵ نابێ، كه ده‌گه‌ڕێته‌وه هاوژینه‌كه‌ی پێی ده‌ڵێ هاتوون به دواتدا، مارف به‌زرنجی -یش ده‌ڵێ من خۆم ده‌چم و هیچم له‌سه‌ر نییه، به ئۆتۆمبیلی خۆی ده‌چێته به‌رده‌می پۆلیس و پۆلیس ده‌یانگرێت و ره‌وانه‌ی به‌غدایان ده‌كه‌ن، له‌گه‌ڵ ( ٢٦) كه‌سی تر كه زۆربه‌یان پارێزه‌ر ده‌بن. له‌جیاتی ئه‌وه‌ی سوپاس بكرێ خۆی و شێخ حوسه‌ینی برای و كۆمه‌ڵێ كوردی بێگوناهی تریان ڕاپێچی دادگاكرد.
پاش ئه‌و رووداوه خێزان و منداڵه‌كانی تاوه‌كو له‌به‌ر چاوی ناحه‌زان نه‌مێنن، ده‌چنه ماڵی خاڵیان و له هه‌ولێر له ماڵێكدا ده‌مێننه‌وه، نۆ سه‌ر خێزان له ژوورێكدا ژیانیان به‌سه‌ر برد، باری ئابوورییان زۆر نـاهه‌موار بوو، به‌ڵام (نه‌دیمه خان)ی هاوسه‌ری ژنێكی ئیداریی بوو و هه‌وڵی ته‌واوی دا بۆ ئه‌وه‌ی منداڵه‌كانی له خوێندن دانه‌بڕێن.
سووربوون له‌سه‌ر له‌سێداره‌دانی مارف به‌رزنجی
مارف-یان به‌تاوانباری یه‌كه‌م له‌قه‌ڵه‌م دا كه گوایا سه‌رۆكی هه‌ڵگیرساندنی ئه‌م هه‌راو ئاژاوه‌یه. مارف به‌رزنجی كه‌سێكی ئاشتیخواز و پارێزه‌ر بوو، ئه‌ندامێكی كارای رێكخراوی ئه‌نسارلسه‌لام بوو. له‌سه‌ر داوای جه‌ماوه‌ر به سه‌رۆكی شاره‌وانی كه‌ركوك هه‌ڵبژێرا، سه‌رچاوه‌ی ده‌ستنووس هه‌یه وه‌كو به‌ڵگه كه له هه‌موو كه‌سێ زیاتر ماندوو بووه بۆ هێوركردنه‌وه‌ی باری كه‌ركوك، ویستویەتی خوێنی كه‌س نه‌ڕژێ، له ژیانی كورتی خۆیدا كه ٤٢ ساڵ ژیا، زۆر خه‌می ئه‌وه‌ی بوو كه پێكهاته‌كانی كه‌ركوك به‌یه‌كه‌وه به ئاشتی بژین، به‌ڵام دیاره وه‌ك چۆن ئێستا ده‌ستی تێكدان له سه‌روو كه‌ركوكییه‌كانه‌وه ده‌گه‌ڕێ ئه‌وده‌میش هه‌روا بووه.
به‌ڵام سه‌رانی كۆمپانیای نه‌وتی كه‌ركوك (I.P.C) مانه‌وه‌ی ئه‌ویان له‌كه‌ركوك و پۆستی سه‌رۆكی شاره‌وانی به‌زیانی خۆیان ئه‌زانی، بۆیه دووریان خسته‌وه و له‌گرتوخانه‌یان نا. ده‌گێڕنه‌وه شێخ مارف وتویه‌تی:"ئێمه كۆمپانیای نه‌وتی كه‌ركوك گرتوینی، ئه‌گینا نه‌ك هه‌ر بێ تاوانین به‌ڵكو دوژمنترین كه‌سێكین به‌رامبه‌ر هه‌موو تاوانێكی ڕاسته‌قینه".
(٦٤)كه‌س وه‌كو شاهید بانگران بۆ دادگایی مارف و هاوڕێكانی، شاهێدی به‌ناحه‌ق درا له‌سه‌ریان، ته‌نانه یه‌كێ له‌و شاهێدانه حاكم لێی ده‌پرسێ:"تۆ شێخ مارف ببینی ئه‌یناسیته‌وه؟" ئه‌ڵێ به‌ڵێ، ئه‌ڵێن كامه خۆیه‌تی؟ ئه‌و شاهێده ده‌ستی بۆ كه‌سێكی تر درێژكردبوو.! پاشان درانه دادگای سه‌ربازی، فه‌رمانی له سێداره‌یان بۆ ده‌رده‌كرێن، به‌ڵام سه‌ره‌تا جێبه‌جێ ناكرێ.
كاتێ كه‌سوكاری زیندانی كراوان سه‌ردانی به‌غدایان كردبوو، مه‌به‌ستی سه‌ردانه‌كه‌یان هه‌وڵدان بۆ ئازادكردنی ئه‌و گیراوانه، له‌كۆبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی ئه‌وكاته‌ی عێراق دا عه‌بدولكه‌ریم قاسم پێی وتبوون:"من ئه‌زانم ئه‌مانه به‌ریئن، بێ تاوانن، با جه‌وه‌كه هێمن بێته‌وه، له‌زیندان ده‌ریان ئه‌كه‌م".
له‌دوای ئه‌وه‌ی هه‌وڵی كوشتنی قاسم درا و رزگاری بوو، بۆ وه‌رگرتنی چاره‌سه‌ر گه‌یه‌نرایه نه‌خۆشخانه‌ی سه‌لام. عه‌بدولكه‌ریم قاسم له‌وێ لێدوانێكی دا‌و وتی:"ئێستا زانیم رووداوه‌كانی كه‌ركوك، به‌ڕیتانیای له‌پشته‌وه‌یه".
له‌سه‌رئه‌وه‌ش ڕه‌خنه‌ی ئه‌وه له قاسم ده‌گیرێ كه ئه‌گه‌ر ده‌یزانی مارف به‌رزنجی و ئه‌و كه‌سانه‌ی گیراوبوون بێ تاوانن، بۆچی ئازادی نه‌كردن و له‌زینداندا هێشتیانیه‌وه.
سه‌رباری ئه‌وه‌ی كه بڕیاری له‌سێداره‌دانی بۆ ده‌رده‌چێت و چوار ساڵ له‌زیندان ده‌مێنێته‌وه، ئه‌و بڕیاره نه‌یترساندووه‌و له‌زیندانه‌وه شیعر‌و چیرۆك‌و وتاره ره‌خنه‌ییه‌كانی نوسیوه‌و ساڵی ١٩٥٨ ئه‌ندامی ده‌سته‌ی نوسه‌رانی گۆڤاری شه‌فه‌ق بوو كه له‌شاری كه‌ركوك ده‌رئه‌چوو، به‌رهه‌مه‌كانی له‌م گۆڤاره‌و رۆژنامه‌و گۆڤاره‌كانی تری ئه‌و سه‌رده‌مه‌دا بڵاو كردۆته‌وه. له‌به‌رئه‌وه‌ی خاوه‌نی فكری چه‌پ بوو، هه‌میشه ئه‌و فكره له‌نوسینه‌كانیدا ره‌نگی داوه‌ته‌وه.
به‌عسیه‌كان له به‌ندیخانه‌دا ده‌ریان ده‌هێنن و پاش چوار ساڵ زیندانی كردن كه زۆربه‌ی كات له به‌ندیخانه‌ی تاكه‌كه‌سیدا بوون . له به‌ره‌به‌یانی ئه‌و ڕۆژه‌دا ، حوكمی ئیعدامیان سه‌پاند به‌سه‌ر خۆی ٢٨ كه‌سی هاوڕێی پێكه‌وه له سێداره‌دران و ته‌رمه‌كانیان هێنایه‌وه بۆ كه‌ركوك. به به‌رچاوی خه‌ڵكه‌وه ده‌یانكه‌ن به عه‌مووده‌كانی ئه‌و شاره‌وه و له‌رادیۆشه‌وه هه‌واڵی له‌سێداره‌دانیان وه‌ك تاوانبار خوێندرایه‌وه.
وه‌سیه‌تنامه‌ی پێش له‌سێداره‌دان
مارف به‌رزنجی چه‌ند خوله‌كێك پێش له‌سێداره‌دانی چه‌ند وشه‌یه‌كی وه‌ك وه‌سیه‌تنامه نوسیوه كه ده‌ڵێ:
" من به‌ناحه‌ق له‌سێداره دراوم، من سه‌ربه‌رزانه ژیاوم و سه‌ربه‌رزانه‌ش ده‌مرم. من خۆشحاڵم كه هیچ تاوانێكم ئه‌نجام نه‌داوه. من شه‌هیدم به‌ئامانه‌تی خودا".
سه‌رچاوه:
1- به‌رهه‌مه‌كانی شه‌هید مارف به‌رزنجی: كۆكردنه‌وه‌ی سامان مارف به‌رزنجی
2-گۆڤاری رۆڤار، ژماره (63)
3- بیره‌وه‌ری یه‌كانی ژیانم: مسته‌فا نه‌ریمان
4- سێ دیكۆمێنتاری جیاواز له‌كه‌ناڵه‌كانی (KNN ، Rega، GK) ده‌رباره‌ی مارف به‌رزنجی
5-پاشكۆی تایبه‌تی كوردستانی نوێ