ڕاپۆرتی کوردستانی

02:55 - 21/09/2020

مەلا بەختیار: ئەمریكا تەكلیفم لێدەكات و فەرەنساش چاوەڕوانمە ببمە سەرۆك كۆمار‌

پەیسەر پرێس

مەلا بەختیار، ئەو سیاسییەی كە لەو رۆژەی رێی كەوتووەتە سیاسەت تا هەنوكە بەردەوام لە هەوڵی وەرگرتنی پۆست و گەیشتن بە بەرپرسیارێتییەكی بەرز بووە، بەڵام هەمیشە بە ناكامی كۆتایی بە خەونەكانی هاتووە و لەو نێوەندەشدا سەرەتا لەنێوان حیزبەكان و ئێستاش لەنێوان كەسایەتی و هێڵی ناو حیزبەكاندا لە ئەمبەر و ئەوبەردا بووە.

خەون بینین بە پۆستی سەرۆك كۆمارەوە
ئەگەرچی بەردەوام لە دەركەوتنەكانیدا دەیەوێت وای نیشان بدات كە خولیای وەرگرتنی پۆستی نییە، بەڵام ئەنجامی كارەكانی خۆی بانگەشەكانی پوچەڵ دەكاتەوە و لە دواین خەونی بەدینەهاتویدا مەلا بەختیار هەوڵی دەدا ببێ‌ بە سەرۆك كۆماری عێراق لەسەر پشكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، بەڵام دوای بەدینەهاتنی خەونەكەی، كەوتەوە رەخنەگرتن لە یەكێتی و بەحسابی خۆی نوسینی پرۆژە بۆ كۆنگرە و هەوڵدان بۆ دانانی ستراتیژی ئەو حیزبە.

بە بڕوای چاودێرێك، لە سەروبەندی دانانی كەسێك بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار لەلایەن یەكێتییەوە، مەلا بەختیار نەك تەنها خەونی وەرگرتنی ئەو پۆستەی هەبوو بەڵكو توشی جۆرێك لە وەهمیش بووبوو، وەهمێك كە رۆژێك دەیوت ئەمریكا تەكلیفی لێكردووم ببمە سەرۆك كۆمار و رۆژێكیش دەیوت فەرەنسا چاوەڕوانە ببمە سەرۆك كۆمار و پێشوازیم لێبكات.

مەلا بەختیار لە ڤیدیۆیەكدا بە دەق دەڵێت، " سەفیری ئەمریكا هاتووە بۆ مەكتەبی سیاسی یەكێتی تەكلیفی لێكردووم ببم بە سەرۆك كۆمار نەمكردووە بۆ ئاگاداریتان".

هەر ئەم مەلا بەختیارە بەوە ناوەستێ‌ كە تەكلیفی ئەمریكای شكاندووە، بەڵكو لە لێدوانێكی تەلەفزیۆنیدا كە ئەویش دیسان بە ڤیدیۆ هەیە بە دەق دەڵێت "دەوڵەتی فەرەنسا خەبەریان ناردووە وتویانە ئەگەر تۆ خۆت كاندید بكەیت بۆ سەرۆك كۆمار، ئێمە وەك یەكەم دەوڵەتی سەر زەوی پیرۆزبایت لێدەكەین و وەك یەكەمین دەوڵەتیش ئێمە دەعوەتت دەكەین بۆ فەرەنسا".

قادر عەزیز: مەلا باسی چاكسازی نەدەكرد لە یەكێتیدا
لە سەروبەندێكدا كە مەلا بەختیار بایكۆتی كۆبوونەوەكانی مەكتەبی سیاسی یەكێتی كردبوو و ناو بەناو قسەی فڕێدەدایە میدیاكانەوە كە كێشەی بیروڕای لەگەڵ سیاسەتی یەكێتی هەیە، ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی ئەو حیزبە بە رەسمی وتی كە دوای كاندیدكردنی بەرهەم ساڵح بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار ئیتر مەلا بەختیار نەهاتە كۆبوونەوەكانی مەكتەبی سیاسی.

قادر عەزیز، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە دیدارێكی تەلەفزیۆنیدا كە بە ڤیدیۆ لەبەردەستە، كاتێك پرسیاری لێدەكرێت كە ئایا نیگەرانییەكانی مەلا بەختیار لە یەكێتی پەیوەندی بە پۆستی سەرۆك كۆمارەوە هەیە یان پرسی چاكسازی لەناو حیزبدا، بە راشكاوی وەڵام دەداتەوە و بە دەق دەڵێت "هیچ باسی ریفۆرم و چاكسازی نەكردووە، دوای دەستنیشانكردنی كاك بەرهەم بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، ئیتر مەلا بەختیار نەهات بۆ كۆبوونەوەكان".

مەلا بەختیار: بەرهەم ساڵح لە 3 كۆنگرەدا تەزكیە كراوە
بە بڕوای چاودێرێك، مەلا بەختیار دوای وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار لەلایەن بەرهەم ساڵحەوە بە تەواوی نیگەرانە و دەیەوێت تەنانەت ئەگەر لە دەرەوەی یەكێتیش بێت بە هەموان بڵێت كە ئەو خۆی لە بەرهەم ساڵح بە كەمتر نازانێت.
لە دیدارێكی میدیایشدا مەلا بەختیار چەند گوزارشتێك بەرامبەر بەرهەم ساڵح بەكاردەهێنێت و بە كەسێكی تەزكیەكراو ناوزەدی دەكات و بە دەق دەڵێت: " لەمە زیاتر یەكێتی چی بۆ كاك بەرهەم بكات لە 3 كۆنگرە بە تەزكیە دەرچووە".
لەبارەی رابردووی بەرهەم ساڵحیشەوە دەڵێت: " كاك بەرهەم نە یەك رۆژ پێشمەرگە بووە و نە یەك جوت گۆرەوی ناردووە بۆ پێشمەرگە".
لەبارەی ئەوەش كە ماوەیەك زیندانی بووە دەڵێت: " سەرۆك عەشیرەتێكی تكریتی بەرهەم ساڵحی لە زیندان ئازادكردووە و زمالەیان بۆ وەرگرتووە و چووەتە دەرەوە بۆ خوێندن".

28 ساڵ گێچەڵی پۆست 
ئەزمونی داواكردنی پۆست و وەرنەگرتنی و دواتر گێچەڵكردنی بۆ پۆست لای مەلا بەختیار ئەزمونێكی نوێ‌ نییە، لە یەكەم كابینەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ساڵی (1992) دەستپێدەكات ئەوكاتی بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزارەتێكی حكومەت هەموو هەوڵێكی دا و كە پۆستەكەی پێنەدرا سەنگەری لە حیزبەكەی گواستەوە.
بەپێی سەرچاوەكان چیرۆكەكە بەمجۆرەیە:
لەدوای راپەرینی بەهاری ساڵی 1991 وە مەلا بەختیار دەچێتە ریزەكانی حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان و دەبێتە ئەندامی مەكتەبی سیاسی ئەو حزبە، لەكاتی پێكهێنانی كابینەی یەكەمی حكومەتی هەرێم حزبی زەحمەتكێشان وەزیری كشتوكاڵ و ئاودێری پێدەدرێت و مەلابەختیاریش داوا دەكات ئەو بكرێت بە وەزیر بەڵام قادر عەزیز سكرتێری حزبی زەحمەتكێشان خۆی پۆستەكە وەردەگرێت و بەهۆیەوە مەلا بەختیار بڕیار دەدات واز لە زەحمەتكێشان بهێنێت.

ئەوە جگە لە هەوڵەكانی و شكستەكانی پێش راپەڕین بۆ وەرگرتنی پۆست و بەرپرسیارێتی گەورە لە شۆڕشدا و لەو پێناوەشدا هەتا هەوڵی شكستهێنان بە شۆڕش و هەوڵدان بۆ بڕینی سەرچاوەی هاوكارییەكانی شۆڕش گێچەڵی كردووە.

ئیبراهیم جەلال، یەكێك لە ناوە دیارەكانی شۆڕشی كوردی و بەرپرسی دۆسێی لێكۆڵینەوە لە مەلا بەختیار لە زیندانی شۆڕشدا لەبارەی خیانەتی مەلا بەختیار و هەوڵدان بۆ كۆكردنەوەی پشتیوانیش دژی شۆڕش دەڵێت: "گەورەترین تاوان ئەوەیە لەكاتێكدا تۆ لە شۆڕشی بەرەنگاریدایت و دیفاع لە گەلەكەی خۆت دەكەیت بەرامبەر دیكتاتۆرترین رژێم، ئەو هاتووە لەوكاتەدا دەیەوێت هێزی پێشمەرگە شەق و پەرت بكات كە هەرخۆی باش دەزانێت بەپێی دیسپلینی حزبی هەركەسێك (خەتمائیل) بێت و لەناو دوو تەنزیمدا كاربكات ئەو كەسە خیانەتی كردووە".

لەبارەی پەنابردنیش بۆ هەموو شتێك لەلایەن مەلا بەختیارەوە لەپێناوی بەرژەوەندی خۆیدا، ئیبراهیم جەلال دەڵێت: " دوو پەرپرسی باڵای نزیكی خۆی ناردە راژان، تا لیبیا و سوریا كە هاوكاری شۆڕشەكەی ئێمە بوون وا تێبگەیەنن كە ئێمە هاوكاری بەعسین تا هاوكارییەكانی شۆڕش ببڕن".