ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

02:03 - 22/09/2020

چیرۆکی ئەشکەنجەدانی دەستگیرکراوانی دوو ناوەندی دەستگیرکردن لە تورکیا‌

پەیسەر

چوار ساڵ بەسەر هەوڵی کودەتاکەی ١٥ی تەموزی تورکیادا تێپەڕبووە، تاکو ئێستا هەموو شت روون نییە لەبارەی کودەتاکەوە، نەیارەکانی ئاکپارتی بەردەوام باسیان لە ئەشکەنجەدانی ئەو کەسانە دەکرد کە لە هەوڵەکەدا بەشداربوون و ئاکپارتیش رەتیدەکردەوە، لە ئێستادا سەدان بەڵگە دزەی پێکراوە کە ئەشکەنجەدانی دەستگیرکراوەکان ئاشکرا دەکات.

 لاپەڕەیەکی نوێ لە ١٥ی تەموزەوە

پێگەی (nordicmonitor) چەند بەڵگانەمەیەکی فەرمی بڵاوکردووەتەوە کە باس لەوە دەکەن فەرماندەیەکی پۆلیس چەند شوێنێکی نافەرمیی و نهێنیی دروستکردووە بۆ ئەشکەنجەدانی زیاتر لە دوو هەزار دەستگیرکراو لە ساڵی ٢٠١٦.

پێگەکە سەدان بەڵگەنامەی فەرمی خستووەتەڕوو، کە لە داداگاکانی تورکیاوە دزەیان کردووە، بەپێی ئەم بەڵگەنامانە، "تاهیر دەربازئۆغڵو" کە فەرماندەیەکی پۆلیسە، بەرپرسی ئەم شوێنانەی ئەشکەنجەدان بووە و شوێنەکانیش لە شاری ئەنقەرەیە، بەپێی زانیارییەکانی پێگەکە ئەم کەسە بە فەرمانی رەجەب تەیب ئەردۆغان ئەم کارانەی کردووە.

ئەو بەڵگانەی خراونە بەردەم دادگا لەسەر بنەمای وتەی وەرگیراوی دەستگیرکراوانن، ئەشکەنجەدراوەکان باس لە شێوازی ئەنجامدانی ئەشکەنجەدانیان دەکەن، ئەوە دەخەنە ڕوو کە لەژێر چاودێری بەرپرسانی حکومیی ئازار دراون.

تاهیر دەربازئۆغڵو وەک کەسێکی حکومیی و فەرمی لەم شوێنانەدا کاری کردووە، بە توندترین شێوە ئازار و ئەشکەنجەی زیندانیکراوەکانی هەوڵی کودەتاکەی ١٥ی تەموزی داوە، تاکو بەو جۆرە دان بە تاواندا بنێن، کە بگونجێت لەگەڵ لێدوانەکەکانی بەرپرسانی حکومەتی تورکیا لەبارەی هەوڵی کودەتاکەوە.

ئیزرائیل
بەپێی بەڵگەنامە بەردەستەکان کە پێگەکە بڵاویکردووەتەوە، جموجوڵە سەربازییەکانی ئەردۆغان لە ساڵی ٢٠١٦ هەوڵێک بوون بۆ دوورخستنەوە و لەسەکارلابردنی ئەو فەرماندانەی سوپا کە دژی دەستێوەردانی سوپای تورکیا بوون لە سوریا.

پێگەکە باسی لەوەش کردووە، کە فەرماندەکەی پۆلیس و تیمەکەی لە دەزگای هەواڵگریی، رەفتاری "داعشییان"لەگەڵ دەستگیرکراوەکاندا ئەنجامداوە، بەو پێیەی کە هاوسەر و کچانی دەستگیرکراوەکان دەستکەوتی جەنگن و دەکرێت دەستدرێژییان بکرێتە سەر، ئەوە جگە لە بردنی سەروەت و سامانەکانیان لە پارە، خشڵ و ئاڵتونەکانیان، هەروەها دەستدرێژی سێکسی و لاقەکردن.

بەپێی بەڵگەنامەکان ئۆکان ئاتائۆغڵو یەکێک لە دەستگیرکراوەکان، تاهیر دەربازئۆغڵۆ بە جەلاد ناو دەبات کە بە فریشتەی مردن ناسراو بووە.

هۆڵی خوێناوی

بەپێی گەواهیدانەکانی ئاتائۆغڵو کە تەمەنی ٣٩ ساڵە و پلەکەی رائید بووە لە فەرماندەیی گشتیی، لەبەردەم دادگای باڵای تاوانەکانی ئەنقەرە لە ٢٠ی تشرینی دووەمی ٢٠١٧، دەربازئۆغڵو پیاوێکی تەمەن ٥١ ساڵ بووە، باڵای لەنێوان ١٦٠ بۆ ١٦٥ سانتیمەتردا بووە.

دەربازئۆغڵو بەردەوام لەبەردەم دەستگیرکراوەکاندا وتاری داوە و شانازی بە خۆیەوە کردووە، باسی لەوە کردووە کە وەک سەربازێکی کۆماندۆ لە سیرت لە ئەرکدا بووە و بەردەوام بە خۆی وتووە فریشتەی مردن.

ئاتائۆغڵو لە درێژەی وتەکانیدا دەڵێت، "رووداوەکان زۆر ترسێنەر بوون، هەرگیز ناتوانم لەبیریان بکەم، ئەم پیاوە کە خۆی ناو نابوو ئیزرائیل، بە روومدا هاواری دەکرد و دەیوت کۆتایی بە خێزانەکەت دەهێنم، منداڵەکانت دەهێنم و ئەگەریش کچت هەیە، ئەوە ئەیکەم بە لەشفرۆش و ناچاریشت دەکەم لە زیندانەوە سەیریان بکەیت."

بەپێی قسەکانی ئاتائۆغڵو، لە هۆڵەکەدا خوێن هەستاوە، نە ئاو هەبوو نە خواردن، ٨٠٠ تاکو ٩٠٠ کەس ناچاربوون تەنها دوو حەمام بەکاربهێنن، ئەویش بەبێ سابوون.

پێگەکە وێنەی دزەپێکراوی یەکێک لە ناوەندەکانی ئەشکەنجەدانیشی بڵاوکردووەتەوە کە هۆڵی وەرزشی یەکێتی تۆپی بالە بووە و لە شاری ئەنقەرەیە.

 ئەشکەنجەدان لەژێر خێمەدا

بەپێی بەڵگەنامەکان ناوەندی دووەمی دەستگیرکردن و ئەشکەنجەدان لە مەیدانی راگرتنی ئۆتۆمبێل بووە لە زیندانی سنجان لە ئەنقەرە، کە نزیکەی ١٠٠٠ دەستگیرکراوی تێدا بووە، لە خێمەی کاتیدا بوون و زەوی ژێر خێمەکەش بە قوماشیکی ئاسایی داپۆشراوە.

دەربازئۆغڵو بەردەوام لەنێوان هەردوو ناوەندەکەدا هاتوچۆی کردووە، سەرپەرشتی کاری شکەنجەدان و مامەڵەی خراپی بەرامبەر دەستگیرکراوەکان کردووە.

بۆ ئەوەشی ناوەکەی نەزانرێت بەردەوام ناوی خۆی وەک "ئیزرائیل" بردووە، ئەمە جگە لەوەی هەوڵێک بووە بۆ ترساندنی دەستگیرکراوەکان، دەربازئۆغڵو هەندێک جار ناوەکانی بایرام، ڤەیسەڵ و جەعفەریشی بۆ خۆی بەکارهێناوە.

دەستدرێژی بەبەرچاوی هاوسەرەکەیەوە

 نەقیب ئەردەم ئەرئاسڵان یەکێکی دیکەیە لە دەستگیرکراوەکان، بەپێی بەڵگەنامەکان ئەرئاسڵان ئەفسەر بووە لە فەرماندەیی، تەمەنی ٣٩ ساڵە، باس لە دەستدرێژیکردنە سەر ژنێک دەکات لەبەرچاوی هاوسەرەکەی.

ئەرئاسڵان دەڵێت، ئەوەی کە لە هۆڵی بالەکەدا سەرپەرشتی ئەشکەنجەدانەکەی دەکرد و رێکی دەخست دەربازئۆغڵو بوو،ئەفسەرێکی دیکەش لە هۆڵەکەدا بەوە تۆمەتبارە کە دەستدرێژی سێکسی کردووەتە سەر ئەفسەرێکی دەستگیرکراو کە لەگەڵ هاوسەرەکەیدا بوو لە هۆڵەکەدا و هەردووکیان دەستگیرکرا بوون.

ئەرئاسڵان بەم جۆرە باسی ئەشکەنجەدانەکە دەکات، ئەفسەرەکە پیاوەکەی لە ژنەکە جیاکردەوە و لەبەردەمیدا وەستاندی، ژنەکە تەنها جلەکانی ژێرەوەی لەبەردا بوو، ئەفسەرەکە لەبەرچاوی نزیکەی ١٠ پۆلیسدا ئاوی هێنا و کردی بەسەر ژنەکەدا، ناچاریشی کرد کە بەبێ ئەوەی ئەژنۆی بچەمێنێتەوە دەست لە پەنجەکانی پێی بدات.

ئازاری قورس
یەکێکی دیکە لە دەستگیرکراوەکان سینان شیمشەکە کە تەمەنی ٤٠ ساڵە، ئەویش باس لە ئیزرائیل دەکات کە سەرپەرشتی ئەشکەنجەدانەکەی کردووە، لە ٢ی تشرینی یەکەم لەبەردەم دادگادا قسەی کردووە.

شیمشەک دەڵێت، "ئیزرائیل بەردەوام دەیوت هاوسەر و منداڵەکانتان دەستکەوتی ئێمەن، ناونیشانی شوێنی نیشتەجێبوونی هەمووتان دەزانین، دەچین و هەموویان کۆدەکەینەوە، وایان لێدەکەین و ئاوایان پێدەکەین "کە مەبەستی ئەوە بوو دەستدرێژی دەکەینە سەریان."

شیمشەک دەڵێت، یەکەم جار کە منیان بردە هۆڵەکەوە لەلایەن حەوت بۆ هەشت کەسەوە لێیاندام، ئەمەشیان ناو نابوو، "دیاری پێشوازی"، پاشان بردمیانە ناو دەستگیرکراوەکانی دیکە کە ژمارەیان نزیکەی ١٠٠ کەس دەبوون، ناچار کرابوون لەسەر ئەژنۆ بوەستەن و لە دواشەوە دەستیان بە کێبڵ بەسترابووەوە، هەمووشیان تەنها جلی ژێرەوەیان لەبەردا بوو.

شیمشەک بەم جۆرە بەردەوامیی بە قسەکانی دەدات، "سێ رۆژی تەواو بە برسێتی بەجێیانهێشتم و نەشمدەتوانی هیچ هاوکارییەک وەربگرم، تەنانەت ئاویشیان پێنەدەدام."

لە دۆسییەکەی شیمشەکدا راپۆرتێکی پزیشکی هەیە لەبارەی دۆخی تەندروستییەوە کە باری تەندروستی تێکچووە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی کە ماوەیەک میزی کردووەتە شوشەوە.

قوربانییەکی دیکەی دەستی دەربازئۆغڵو ئەمرە ئەلگازی تەمەن ٤١ ساڵە، ئەم دەستگیرکراوە بەهۆی ئەشکەنجەدانەوە چەندین جار تووشی جەڵتە بووە، کەچی نەبراوەتە نەخۆشخانە.