ڕاپۆرتی کوردستانی

02:22 - 22/09/2020

رقی پەنگخواردوو بەرامبەر نەوشیروان مستەفا یان پرۆژە سیاسییەكەی؟‌

پەیسەر

بزوتنەوەی گۆڕان پەلاماردانی مێژووی رێكخەری كۆچكردوویان بە رقێكی پەنگخواردوو دژی بزوتنەوەی چاكسازخواز و پرۆسەی ریفۆرم و عەدالەتخوازی لە هەرێمی كوردستان لەقەڵەم دەدات و راشیدەگەیەنێت كە لە دەرفەتێكدا كۆی چەواشەكاریەكان بۆ خەڵكی كوردستان و مێژوو رووندەكەنەوە و راستی نیەتەكەی مەلا بەختیار دەردەخەن.

راستی نیەت چییە؟
بە بڕوای بزوتنەوەی گۆڕان بە ئامانجگرتن و پەلاماردانی نەوشیروان مستەفا زیاتر لە ئامانجێكی هەیە، دیوێكی ئامانجێكی مێژویی و شێواندنی حەقیقەتە مێژوییەكانە لە بەرژەوەندی تایبەت و دیوێكیشی دژایەتی دواین پرۆژە سیاسییەكەیەتی كە لەو رۆژەی هاتووەتە مەیدان تا هەنوكە بەرژەوەندخوازەكان لە هەوڵی پلار گرتنیدان.

بزوتنەوەی گۆڕان دەڵێت: "نەوشیروان مستەفا یەكێكە لە رابەر و سەركردە گەورەكانی میلەتەكەمان و لە هەموو قۆناغەكانی ژیانیدا، خەمخۆرانەو راستگۆیانەو خۆنەویستانە، كاری بۆ ئازادی و عەدالەت و رزگاری كردوە. ئەو چ لە قۆناغی شاخدا، وەك سەركردەیەكی كارامەی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و كۆمەڵە، وەك ئەندازیار و رابەری راپەڕینی ١٩٩١، وەك پلاندانەری پرۆسەی ئاشتی و رێكەوتنەكانی نێوان دوو هێزی شەڕكەری یەكێتی و پارتی، وەك كەسایەتیەكی سەرەكی لە گفتوگۆكانی دوای راپەڕین و دوای روخانی رژێمی بەعس و نوسینەوەی دەستور و پەیكەری نوێی عێراق، وە چ لە قۆناغی دامەزراندن و بەڕیخستنی بزوتنەوەی چاكسازی و گۆڕانخوازی، بزوتنەوەی گۆڕان، هەمیشە لە خەمی بنیاتنانی كۆمەڵگایەكی مەدەنی دیموكرات و مۆدێرندا بوە لەسەر بنەماكانی عەدالەت و رێز لە مافی مرۆڤ. بۆیە وەستانەوە بە ڕوی ئەو چەواشەكاری و ناڕاستی و بوختان و حیكایەت داتاشینەی مەلا بەختیار و هاوچەشنەكانی، كە دەیانەوێت لەپاڵ باسكردنی مێژوویەكی ناڕاست و خەیاڵپڵاوانەی خۆیاندا، لە پرۆژە فكری و سیاسیە گەورەكەی بدەن و پەرێزی خۆیان لە دادگای گەل و مێژوو و ویژداندا پاكبكەنەوە.

شەڕی بەڵگەنامە
بەوپێیەی مەلا بەختیار لە كتێبەكەیدا باس ل كۆمەڵێك وێستگەی مێژوویی دەكات، لەو رۆژەی كە لە دیدارێكی میدیایدا باسی لە بەشێكی ناوەرۆكی كتێبەكەی كردووە تا ساتی نوسینی ئەم راپۆرتە، بە شێوەیەكی گشتی هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان بەتایبەت بەكارهێنەرانی سۆشیال میدیا و هەڵسوڕاوەكانی بزوتنەوەی گۆڕان و بەشێك لە ئەندام و لایەنگرانی حیزبەكانی دیكەش، بە جۆرێك لە بڵاوكردنەوەی بەڵگە و دانپێدانانەكانی كەسانی شاهیدحاڵی رووداوەكان وەڵامی مەلا بەختیار دەدەنەوە و بە بوختانكردنی مێژویی و سیاسی تۆمەتباری دەكەن.
بزوتنەوەی گۆڕانیش لە وەڵامە فەرمییەكەیدا دووجار باسی بڵاوكردنەوەی بەڵگە و دۆكۆمێنتی كردووە لە ئایندەیەكی نزیكدا لە شوێنێكدا دەڵێت: "ئێمە وەك بزوتنەوەی گۆڕان، وێڕای دەستخۆشی و پێزانینمان بۆ خەمخۆرانی نەوشیروان مستەفا و مێژووە پڕشانازیەكەی و خەباتی هاوسەنگەر و هاوڕێیانی، لەهەمانكاتدا رایدەگەیەنین كە بزوتنەوەی گۆڕان و هەموو گۆڕانخوازان و كەسانی دڵسۆز وراستگۆو خەمخۆری نیشتمان، بەهەموو توانایەكەوە، ئەو هەوڵە ریسوائەكەن و بەرپەرچی ئەدەنەوە، هەم لەرێگەی خستنە روو ودەرخستنی راستیەكان و هەمیش لە رێگای ئەو هەموو بەڵگانەی لەبەردەستدا هەن و لە ئایندەیەكی نزیكدا بڵاوئەكرێنەوە.

هاوكات هەر لە چوارچێوەی هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی بەڵگە و دۆكۆمێنتەكان دژی مەلا بەختیار، بزوتنەوەی گۆڕان لە بەشێكی دیكەی وەڵامنامە فەرمییەكەیدا دەڵێت: "لە دەرفەتێكی نزیكدا، كۆی چەواشەكاریەكان بۆ خەڵكی كوردستان و مێژوو رونبكەینەوەو راستی نیەتی مەلا بەختیار دەربخەین".

بۆچی پلار دەگیرێتە بزوتنەوەی گۆڕان؟
بزوتنەوەی گۆڕان، وەك قەوارەیەكی سیاسی، مێژوەكەی دەگەڕێتەوە بۆ مانگی چواری ساڵی ٢٠٠٩، بەدیاریكراوی رۆژی ١١/٤/٢٠٠٩ كاتێ نەوشیروان مستەفا لە دیدارێكدا لەگەڵ رۆژنامەی "شەرقولئەوسەت"ی لەندەنی ژمارە ١١٠٩٢ ئاشكرای كرد كە رێبەرایەتی لیستێكی تایبەت دەكات، جیاواز لە لیستی حیزبەكانی تری كوردستان، بۆ هەڵبژاردنەكانی پەرلەمان.
رۆژی ٢٨/٤/٢٠٠٩ كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق بە نوسراوی ژمارە ١٥٩ لیستی گۆڕانی وەك قەوارەیەكی سیاسی فەرمی لە هەرێمی كوردستان ناساند. بۆ بەشداریكردنیش لە هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان رۆژی ٢٧/٨/٢٠٠٩ بە نوسراوی ژمارە ٣٢ لیستی گۆڕانی وەك قەوارەیەكی سیاسی فەرمی لە سەر ئاستی عێراق ناساند.
بە بڕوای چاودێرێك لەوكاتەوە تا هەنوكە گۆڕان لە ناوەندی سێرەی پلارگرتنی بەژەوەندیخوازەكاندایە، رێگای فشار نەماوە بەرامبەری تاقینەكرێتەوە، سزای سیاسی، هەڵكوتانە سەر بارەگاكانی، تەقەكردن بەسەر مەزاری رێكخەرەكەیدا، نان بڕین و هەڕەشە و چاوسوركردنەوە، تا دەگات بە هەوڵی دوورخستنەوە و گۆشەگیركردنی لە كایەی سیاسی و حكومەتداریدا لە هەرێمی كوردستان، بەڵام تا ئێستا هەوڵەكان ئەنجامی نەبووە هەربۆیە ئێستا لەرێگەی بوختانكردن بە مێژووی دامەزرێنەرەكەی هەوڵی پلارگرتنی دەدرێت.

ئەو چاودێرە دەڵێت، تا رەوانشاد نەوشیروان مستەفا لە ژیاندا بوو، فشارەكان نەیاندەتوانی گۆڕان خاوبكەنەوە بە جۆرێك كە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان خولی‌ سێیەم ساڵی 2009 لیستی گۆڕان 25 كورسی پەرلەمانی لە كۆی 111 كورسی بەدەستهێنا، وەك دووەم فراكسیۆنی پەرلەمان بووە گەورەترین هێزی ئۆپۆزیسیۆن لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان.

 لە هەڵبژاردن پەرلەمانی كوردستان خولی‌ چوارەم ساڵی‌ 2013 لیستی گۆڕان24 كورسی پەرلەمانی بەدەستهێنا.

 لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ساڵی 2010  لیستی گۆڕان وەك دووەم گەورەترین هێزی سیاسی هەرێم دەركەوت، لەسەر ئاستی عێراقیش 487،181 دەنگی بەدەستهێنا، لەو هەڵبژاردنەدا هەشت كورسی ئەنجومەنی نوێنەرانی بەدەستهێناو بووە پێنجەم فراكسیۆنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.
بەڵام ئێستا لەپاڵ چەندین پیلانگێڕیدا دژی بزوتنەوەكەی رەوانشاد بۆ كەمكردنەوەی سەنگ و قورسایی، هاوكات لەرێگەی هۆنینەوەی بوختان بە ناوی مێژووەوە پیلانگێڕی و رقێكی پەنگخواردوو بەدیدەكرێت بۆ لەكەداركردنی كەسایەتی رابەری نیو سەدە خەباتی گەلی كورد تا لەو رێگەیەوە جارێكی دیكە و جۆرێكی دیكە پیلانگێڕی دژی پرۆگرامە سیاسییە جێماوەكەی بكرێت.