ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

03:21 - 23/09/2020

ئیسرائیل و سعودیە؛ رێککەوتنە مێژووییەکە بە رێگاوەیە‌

پەیسەر

ئیسرائیل یەک یەک لە وڵاتە عەرەبییەکان نزیکدەبێتەوە، ئیمارات و بەحرەینی بە فەرمی کرد بە دۆست و ئێستاش لەگەڵ چەند وڵاتێکی دیکە لە گفتوگۆدایە، سعودییەکانیش کە دەیانوت تەنها کاتێک لەگەڵ ئیسرائیل رێدەکەون ئیسرائیلییەکان لەگەڵ فەڵەستیەنییەکان رێککەوتبن، کەچی زانیارییەکان ئاماژە بە نزیکبوونەوەی خێرای ریاز لە تەلئەبیب دەدەن.

نزیکبوونەوە
بەپێی زانیاریی میدیا عەرەبییەکان پشتگیرییەکان بۆ دەوڵەتی سعودییە لە ناوخۆدا روو لە زیادبوونن بەمەبەستی نزیکبوونەوە و رێککەوتن لەگەڵ ئیسرائیل، ئەوە لە کاتێکدا رێککەوتنی سعودییە و ئیسرائیل لەم قۆناغەدا بە دوور دەزانرا، بەتایبەت دوای ئەوەی سعودییە بەردەوام باسی لەوە دەکرد دەبێت ئیسرائیل لەگەڵ فەڵەستینییەکان ئاشتی بکات ئینجا ئەوان لەگەڵیان رێکدەکەون.

لەگەڵ ئەم نزیکبوونەوەیەدا راپۆرتە تایبەتەکان ئاماژە بە ناکۆکی بۆچوون دەکەن لەنێوان محەممەد سەلمان و شا سەلمانی باوکیدا، لەبارەی چۆنییەتی رێکخستنی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ تەلئەبیب و پاراستنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان.

دوژمنێکی هاوبەش
مارک شنایەر حاخامێکی جولەکەیە و لە نیویۆرک دەژی، راوێژکاری پاشای بەحرەینە و لە سعودییە و وڵاتانی کەنداو بەشدار بووە لە چەندین گفتوگۆدا، ئەمەش لەپێناو باشکردن و دروستکردنی پەیوەندی لەنێوان جولەکە و ئەم وڵاتانەدا.

شنایەر دەڵێت، "بێگومان ململانێ لەنێوان نەوەکاندا هەیە و ئەمەش شتێکی شاراوە نییە، پایتەختەکانی کەنداو لەپێناو راوەستان بەرامبەر دوژمنە هاوبەشەکەیان کە ئێرانە، تاکو دێت زیاتر لە ئیسرایئیل نزیکدەبنەوە."

لەسەر کات وەستاوە
حاخامەکە ئاگاداری وردەکارییەکانی دۆخی سعودییەیە، وەک دەڵێت، قسەی لەگەڵ خالد بین سەلمان باڵیۆزی پێشووی سعودییە لە ئەمریکا کردووە و وتویەتی، گرنگترین کار بە لای شازادە سەلمانی برایەوە چاککردنی دۆخی ئابوورییە.

خالد لە درێژەی قسەکانیدا بە حاخامەکەی وتووە، "ئێمە بەبێ ئیسرائیل سەرناکەوین، بەلای سعودییەکانەوە، رێککەوتن لەگەڵ ئیسرائیل تەنها لەسەر کات وەستاوە، بێگومان سعودییەکان لەگەڵ ئیسرائیلییەکان پەیوەندی دەبەستن."

ناکۆکی نییە
تورکی فەیسەڵ کە شازادەیەکی دیار و ناسراوی سعودییەیە، باس لەوە دەکات کە باسکردن لە ناکۆکی لەنێوان شا سەلمان و محەممەد بین سەلمان تەنها پێشبینی و خەمڵاندنە.

تورکی کە ماوەی چەند ساڵێک سەرۆکی دەزگای هەواڵگری و باڵیۆزی وڵاتەکەشی بووە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لەبارەی بوون و نەبوونی ئەم ناکۆکییانەوە بە یەک رستە وەڵامی داوەتەوە، ئەوەەش ئەوەیە وتویەتی، "شتی وامان نەدیوە."

شا سەلما ئامادەیە؟
چاودێر و شیکەرەوان پێیان وایە تاکو ئەو کاتەی شا سەلمان لە ژیاندا بێت قورسە تایبەتمەندی "فەرمی" بە پەیوەندیەکانی سعودییە و ئیسرائیل بدرێت، لەگەڵ ئەوەشدا ئەمە تەنها بۆچوونێکە، بەتایبەت کە شا سەلمان دەسەڵاتی تەواوی بە کوڕەکەی داوە و کوڕەکەشی کەسێکی زۆر کراوەیە و دوور نییە بە ئاشکرا رێککەوتن لەگەڵ ئیسرائیل نەکات.

وەک ئاماژەیەکیش بۆ ئامادەبوونی شا سەلمان بۆ هەر نزیکبوونەوەیەک، شا سەلمان لە شەشی ئەم مانگەدا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا پابەندبوونی وڵاتەکەی بە رێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی دووپاتکردووەتەوە.

پێداگرییەکی بێوێنە
سەلمان و دەسەڵاتی نوێی سعودییە ئامانجی ئەوەیە پەیوەندییەکانی لە ناوەوە و دەرەوەشدا بەرەوپێش ببات، پێداگرییە بێوینەکانی شازادەی سعودییەش بۆ پشتگیریکردنی رێککەوتنی عەرەب-ئیسرائیل پیشاندەری ئەم راستییەن.

لەگەڵ ئەوەی بەشێکی بەرچاوی فەڵەستینییەکان رەخنەیان لە رێککەوتنی ئیمارات و ئیسرائیل گرت، بەڵام سعودییەکان پشتگیری ئەم رێککەوتنەیان کرد و خۆیان لە رەخنەگرتن لەم پەیوەندییە نوێیە بەدوورگرت.

فەڵەستینییەکان رەخنەیان لە رێککەوتنەکە گرتووە و وتویانە، ئەمە " خیانەتە لە قودس، مزگەوتی ئەقسا و کێشەی فەڵەستین، کەچی میدیاکانی سعودییە رێککەوتنەکەیان بە مێژوویی و باش ناو دەبرد بۆ ئاشتیی هەرێمیی.

ئاماژەکانی نزیکبوونەوە
سعودییەش قایل بوو بەوەی ئاسمانی وڵاتەکەی لە گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان ئیسرائیل و ئیمارات بەکاربهێنرێت، ئەمەش دوای کۆبوونەوەی جارید کۆشنەر زاوا و راوێژکاری دیاری ترەمپ و محەممەدی شازادە لە ریاز.
پێشتریش و لە نیسانی ٢٠١٨ رۆژنامەی زە ئەتڵەنتیک لە شازادە محەممەدەوە گواستبوویەوە کە " ئیسرائیل ئابورییەکی گەورەیە و چەندین بەرژەوەندی هاوبەشمان هەیە کە بەشدارییان پێبکەین لەگەڵیان."

تورکی باسی لەوەش کردووە ئیسرائیلی و فەڵەستینییەکان لەسەر زەوی مافی خۆیان هەیە، پشتگیری لە پەیوەندییەی تەواویش دەکات لەنێوان وڵاتەکەی و ئیسرائیل.

ئامادەیی
شیکەرەوان پێیان وایە رێککەوتنی نێوان بەحرەین و ئیسرائیل بەبێ رەزامەندی سعودییە ئەنجام نەدراوە.

حسێن ئیبش توێژەر لە پەیمانگای دەوڵەتانی کەنداوی عەرەبی دەڵێت، ئەم لێدوانانە ئاماژەن بە ئامادەیی و کرانەوەی ریاز بۆ دروستکردنی پەیوەندی فەرمی لەگەڵ ئیسرائیل.

حسێن ئیبش باس لەوە دەکات سعودییەکان دەیانەوێت بەهێز دەربکەون و ئەم ئامادەییەشیان وەک بەهێزی ئەوان سەیر بکرێت نەک لاوازیی.

ئەمیر تورکی جەختی لەوەش کردووەتەوە کە پێویستە دەوڵەتانی عەرەبی بۆ بەستنی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل داوای نرخێکی گەورە بکەن.

ئامادەکاریی
٢٣ی ئەیلول سعودییە ئاهەنگی ٩٠ ساڵەی رۆژی نیشتمانی دەگێڕێت، پیاوانی ئاینیی لە هەموو وڵاتدا باس لە گرنگی پەیڕەویکردن لە شازادەی وڵات و پاراستنی یەکێتیی و ئاشتی دەکەنەوە.
هەر لە رۆژانی رابردووادا شێخ عەبدولڕەحمان سودەیس پێشنوێژی مزگەوتی حەرام باسی لە پشتگیریکردنی دەوڵەت کرد لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دیکە و هاوسۆزی لەگەڵ ناموسڵمانان و بەتایبەت جولەکە.

لە کۆتایی وتارەکەیدا ئاماژەی بەوە کردبوو کە نابێت کێشەی فەڵەستین لەبیر بکرێت، بەڵام لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کاردانەوەی زۆری بە دوای خۆیدا هێنا، هەندێکیش پێیان وایە ئەم جۆرە لێدوانانە بەڵگەن لەسەر دانانی بناغەکانی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل و سعودییە.