ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

04:02 - 23/09/2020

جیهان لە پشتی سەدام و ڕژێمەكەی بوون‌

پەیسەر

جەنگی نێوان عێراق و ئێران لە 22 ئەلوول 1980 دەستی پێكردو لە 8/8/1988 كۆتایی هات، لەبەر ئەوەی لە ساڵڕۆژی جەنگی قادسیەدا بوو كە سوپای ئیسلام لەسەردەمی خەلیفەی دووەمدا –عومەری كوڕی خەتاب- دا بوو ناوی لێنرا –قادسیەی دووەم- بەڵام لە دوای جەنگی كوەیتیش كە ناوی جەنگی كەنداوی دووەمی وەرگرت ئەو جەنگە ناونرا جەنگی كەنداوی یەكەم، لەلای ئێرانیشەوە ناونرا جەنگی بەرگریی پیرۆز، یان جەنگی سەپێندراو، ئەو جەنگە وڵاتانی دونیای دابەشی دوو بەرە كردووە، بەڵام ئەوەی كە جێگەی سەرنج بوو ئەوانەی كە یارمەتی عێراقیان دەدا زۆرتربوون وەك لەوانەی كە هاوكاریی ئێرانیان دەكرد، ئەو وڵاتانە كێن و چییان كردووە؟

ئەمریکا
بە پێی سەرچاوە ئێرانیەكان گرنگترین هاندەری سەددام بۆ هێرشكردنە سەر ئێران، ئەمریکا بوو. ئەمریکییەکان بە ڕووخانی دەسەڵاتی پاشایەتی لە ئێران بەرژەوەندییان لە سەرچاوە گەورە نەوتییەکانی ئێراندا نەمابوو، دەستبەجێ دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران 1979، هەموو كارێكیان كردبۆ ئەوەی دژایەتی ئەو وڵاتە بكرێت. كاتێكیش كۆنسوڵخانەی ئەمەریكا كەوتە بەر هێرشی حیزبوڵاهیەكانی ئێران هێرشی سەربازی لە بیابانی تەبەس شکستی هێنا، کوودەتای نوژە و دەیان پیلانی دیکە لە هەوڵەکانی دەوڵەتی ئەمریکا بوون بۆ ئەوەی نیەتی خۆیان بەرامبەر ئەو وڵاتە دەربكەوێت..

کاتێک کە ئەمریکییەکان لە هەموو ئەو پیلانانە شکستیان هێنا، سەددامیان هان دا کە هێرش بکاتە سەر ئێران و چی پێدەكرێت كۆتایی نەكات.
لە ساڵی دووهەم و کاتێک کە سوپای ئێران، هێزە داگیرکارەکانی لە خاکی خۆی دەرکرد، دەوڵەتی ئەمریکا هاوکات چوار ئۆپراسیۆنی بۆ پاڵپشتی لە سەددام و لە دژی ئێران دەست پێکرد:
١-ئۆپراسیۆنی ئێستانچ: هەوڵی دیپلۆماتیک بۆ ناساینەوەی سەرچاوەکانی هاتنی چەک و ڕێگری لە ناردنی جیهازاتی سەربازی بۆ ئێران.
٢- ئۆپراسیۆنی دارایی: هەوڵ بۆ دابین کردنی پێداویستییە داراییەکانی عێراق لە ڕێگای کۆمپانیا ئەمریکییەکانەوە.
٣- ئۆپراسیۆنی هەواڵگری: بردنی هەواڵی سەربازی لە ئێرانەوە بۆ عێراق و دانانی مانگە دەستكردەكان بۆ نەخشەكێشان و دیاریكردنی شوێنە ستراتیژییەكانی ئێران.
٤- ئۆپراسیۆنی دژە ئێران لە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکاندا.

یەكێتی سۆڤییەت
بەشی گەورەی چەکی پێویستی عێراقییەکان لە ماوەی شەڕ لەلایەن یەكێتی  سۆڤییەتی جارانەوە دابین دەکرا. ئەو وڵاتە بە پێدانی ئامێری جەنگی مۆدێڕن، یارمەتی زۆری رژێمی سەدامیان دا. لە نموونەی : پێشکەوتووترین فڕۆکەی جەنگی، کۆپتەر، تانک و چەکی دیکە لەو چەکانە بوون کە یەكێتی سۆڤیەت لە ماوەی هەشت ساڵ شەڕ دەیدایە عێراق.
فەرماندەکانی سوپای ڕووسیا لە عێراق، وێڕای پەروەردەی سەربازیی فەرماندە عێراقییەکان، ڕێگای بەرەوڕوو بوونەوەی سوپای فراوانی ئێران و هیرش بۆ سەر ئیرانیان پێیان نیشان دەدان و ڕێنمایی تەواویان پێشكەش دەكردن.

ئەورووپا
دوو وڵاتی فەڕەنسا و ئەڵمانیا زیاتر لە وڵاتانی دیکەی ئەورووپا، پاڵپشتیان لە عێراق کرد. فڕۆکەی سوپر ئێانداردو مووشەکی لەیزەری کە لە دوایین دەستەوکەتکانی پیشەسازیی سەربازی فەڕەنسا بوو خستیە بەردەستی سوپای عێراق. فڕۆکەکانی سوپەر ئێتاندارد بەهۆی نرخی زۆریەوە كە لە توانای دارایی عێراقدا نەبوو، بە کرێ دەخرایە بەردەستی سوپای عێراق و لە دژی ئێران بەكاریان دەهێنا . ئەڵمانیا بە ناردنی چەكی کیمیایی بە هانای سەددامەوەچوو، ئەویش لەچەند شوێنێك بەكاری  هێنا، كە بریتی بوو ٦٠٠٠ تۆن بۆمبی کیمیایی دژی سوپای ئێران و تەنانەت خەڵكی سڤیلیش بەكارهێنرا. نەك هەر ئەوەندە بگرە لە دژی خەلكی وڵاتەكەی خۆشی لە هەڵەبجەو قەرەداغ و چەندشوێنێكی دیمە  بەکاری هێنا. سوپای سەددام ١١٠٠ کەسی لە شاری سەردەشت و شوێنەکانی تری ئێران و ٥٠٠٠ کەسی لە شاری هەڵەبجە بەبەکارهێنانی ئەو چەکانە شەهید کرد.

وڵاتانی ئیتالیا و بەلژیکا بە ناردنی مووشەکی پێشکەوتووی دژە تانك و یارمەتی عێراق لە چێ کردنی تۆپخانەی دوورهاوێژ و بەشەکانی دیکەی سوپای ئەو وڵاتە، لە پاڵپشتەکانی عێراق بوون بۆ ئەوەی ئێران بە چۆكدا بهێنێـت..

وڵاتانی عەرەبی
دوای ئەوەی لەنێو دیلەكانی عێراقدا چەند سەربازێك دەستگیركران دەركەوت ئەو گەورەترین پشتیوانی عێراق بوون لە بواری پشتویانی دارایی و هێزی مرۆییەوە.
هەبوونی ژمارەیەكی زۆر  لە سەربازانی وڵاتانی ئەردەن، میسر، مەراکش، سوودان سۆماڵ و وڵاتانی عەرەبی کەنداو نیشاندەری ناردنی هێزی مرۆیی بوون بۆهاوكاریی كردنی  عێراق.

ئاسمانی ئەو وڵاتانەش لە ماوەی شەڕدا لە ئیختیاری عێراق بوو و فڕۆکە عێراقییەکان بۆ هێرش بۆ سەر ناوچە هەستیارەکان لە کەنداوی عەرەبی و تەنگەڵانی هورموز و پارێزگا باشوورییەکانی ئیران، لە ئاسمانی ئەو وڵاتانە کەڵکیان وەردەگرت و ڕێگەیان پێدرابوو لە هەرحاڵەتێكی نەخوازراودا بچنە ئەو وڵاتە و بنیشنەوە یان سووتەمەنی وەربگرن.

وڵاتانی دیکە
وڵاتانی وەکوو بەرازیل و ئەڕژەنتین کە لە پیشەی سەربازی ئەو سەردەمەدا زۆر پێشکەوتوو بوون، چەکیان دەدایە عێراق. هەندێک لە وڵاتەکانیش یان توانای یارمەتیدانی عێراقیان نەبوو، وەکوو وڵاتانی ئەمریکای لاتین و ئەفەریقیی یان ئەوەی کە بێ لایەن بوون وەکوو تورکیا و پاکستان.

لە سەردەمی شەڕدا ٥٠ وڵاتی جیهان بە شێوەی ڕاستەوخۆ پاڵپشتی سەددام بوون.

میدیاكانی ئێران باس لە چەند نموونەیەك دەكەن ؛ بەرپرسانی ئەمریکا لە سەرەتای شەڕدا گوتیان کە ڕاستەوخۆ پالپشتی لە سەددام ناکەن، بەڵام ئیمام خومەینی لە هەمان سەرەتاوە وتی سەددام شێتە و پیاوی ئەمریکایە و دواتر بە دەرکەوتنی بنکەکانی ئەمریکا لە عێراق و میسر دەرکەوت کە هەر بەو جۆرە بووەو ئەمەریكا بە تەواوی لە پشتی عێراقەوە بوو بۆ ئەوەی ئێران كۆتایی پێبهێنێت، یان ناچاری بكات بە ملدان بۆ ئەمەریكیەكان و پلانەكانیان..

لە کەربەلای ٤ و ٥ روسیا  ١٥٠ تانکی خستە بەردەستی عێراقیەكان ؛ فەڕەنسییەکان یەکەم فڕۆکەی دوورهاوێژی خۆیان دایە عێراق و ئەڵمانییەکان لە بواری کیمیایی و ئەتۆمی هەم چەک و هەم تەکنۆلۆژیاکەیان دایە عێراق. کوێت، ئیمارات و عەرەبستان هەر ساڵ پێکەوە ٨٠ ملیار دۆلار یارمەتی سەددامیان دا لە حاڵێکدا ئێران- وەك خۆیان دەڵێن- سەردەمی شەڕدا ساڵانە بڕی ٧ ملیار دۆلار داهاتیان هەبووە.

كۆتایی ئەو جەنگەش لە 22 ئەیلوولی 1988 بە ڕێكەوتن كۆتایی هات، ئەوە لە كاتێكدا كە هەردوولایان خۆیان بەسەركەوتوو بەرامبەرەكەیان بە دۆڕاو دەزانی. سەرەڕای ئەوەی ڕژێمی سەدام لەبەرامبەر ئێراندا جۆرەها چەكی بەكارهێناو لە بواری دارایشدا كەمی بەخۆیەوە نەبینی، بەڵام هەمان ئەو سەرچاوانەشی لەدژی كورد بەكارهێناو زیانێكی زۆری لە كوردستان دا، چ وەك كیمیاییباران و چ وەك ئەو هەموو پارەیەی لە بواری چۆڵكردنی گوندەكان و بەرەنگاریی شۆڕشی باشووردا خەرجی كردووە. لەو میانەیەشدا كۆمپانیا ئەوروپیەكان رۆڵی سەرەكییان دیوەو چەكی بایۆلۆژیی و كیمیایی و كۆكوژیان بە سەدام حسین و ڕژێمەكەی داوە.