07:10 - 03/01/2019
گه‌ڕانه‌وه بۆ سه‌رده‌مى دیل به‌دیل
كاتێك مام جه‌لال و مه‌سعود بارزانى ٢٠ ساڵی تەواو پێش ئێستا، له‌دوورى ١٠ هه‌زار كیلۆمه‌تر له سه‌نگه‌رى پێشمه‌رگه‌كانیانه‌وه، له واشنتن دواى چوار ساڵ شه‌ڕ و خوێنرشتن، چوار رۆژ پێش پاییزی ١٩٩٨ پێكه‌وه دانیشتن و كاغه‌زى ئاشتییان بۆ هه‌ولێر و سلێمانى واژۆكرد، خه‌ڵكى چاوه‌ڕوانبوون چاره‌نوسیان بۆ قۆناغى زێڕین بگۆڕێت و وه‌ستانى تفه‌نگه‌كان ژیان له باشورى كوردستان بخاته سه‌ر ڕێ، به‌ڵام ئه‌زمونى نوێ به تامى ئاشتى راسته‌قینه هه‌رگیز ده‌ستیپێنه‌كرد.
له ئان و ساتى گفتوگۆكان بۆ دابه‌شكردنى كێكه‌كانى هه‌ولێر و به‌غدا و كه‌ركوك كه‌وتنه دۆخى هه‌ڕه‌شه‌و هۆشدارییه‌وه
نێوانى یه‌كێتى و پارتى دیسان كه‌وتووه‌ته دۆخێكى ئاڵۆزه‌وه، ئه‌و دوولایه‌نه كه خاوه‌نى هێز، چه‌ك، زیندان و ده‌زگاى هه‌واڵگرى تایبه‌ت به خۆیانن، له ئان و ساتى به‌ڕێوه‌چوونى گفتوگۆكان بۆ دابه‌شكردنى كێكه‌كانى هه‌ولێر و به‌غدا و كه‌ركوك، كه‌وتنه دۆخى هه‌ڕه‌شه‌و هۆشدارییه‌وه، له‌چه‌ند رۆژێكى كه‌مدا چوار كادیرى یه‌كێتى له سنورى ده‌سه‌ڵاتى پارتى ده‌ستگیركران، پارتیش ده‌ڵێت، له سنورى سلێمانى ده‌ستگیركراوى هه‌یه.
به‌پێى ئه‌و زانیارییانه‌ى له سه‌رچاوه‌یه‌كى تایبه‌تى ناو پارتییه‌وه ده‌ست په‌یسه‌ر كه‌وتوون، پارتى"به هۆكارى هاوكاریكردنی په‌كه‌كه" ژماره‌یه‌ك كادیری یه‌كێتی ده‌ستگیركردووه، یه‌كێتیش هه‌وڵى داوه له‌رێگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ پارتی ئازادیان بكات، به‌ڵام یه‌كێتى ئاماده نه‌بووه له راگه‌یاندنه‌كان قسه له‌سه‌ر ئەو هۆکارە بكات ئه‌وه‌ش له‌پێناو باشكردنه‌وه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ توركیا.
سەرچاوەکە گوتیشى، پێده‌چێت ده‌ستگیرکردنى كادیره‌كانى یه‌كێتى له‌سه‌ر داواى توركیا بووبێت، له به‌رامبه‌ردا باڵێكى یه‌كێتى هه‌ڕه‌شه‌ی گرتنه‌به‌ری هه‌مان رێكاریان كردووه، دژی كادیره‌كانی پارتی له‌سلێمانی، هه‌رچه‌نده پارتى باس له‌وه‌ده‌كه‌ن له گه‌رمیان كادیریان ده‌ستگیركراوه‌و پێشتیریش له راپه‌ڕین كادیرێكى رێكخراوى یه‌كێتى لاوانى پارتى بۆ ماوه‌یه‌ك ده‌ستگیركرا.
شه‌وى رابردوو پێشڕه‌و وه‌یسى كارگێڕى مه‌ڵبه‌ندى یه‌كێتى له هه‌ولێر ده‌ستگیركرا، به‌وه‌ش كێشه‌كه زۆرتر بووه جێگاى سه‌رنجى خه‌ڵك، تاریق نورى به‌ڕێوه‌به‌رى ئاسایشى هه‌ولێر، سه‌باره‌ت به ده‌ستگیركردنى وه‌یسى قسه‌یه‌كى ته‌واو راشكاو و جیاوازى كرد، كاتێك گوتى، له‌به‌رئه‌وه‌ى له گه‌رمیان كادیرێكى پارتى ده‌ستگیركراوه بۆیه پێشڕه‌و وه‌یسییان ده‌ستگیركردووه.
هێشتا نه‌ریتى دیل به دیل به‌رده‌وامه
ئه‌و قسه‌یه‌ى به‌ڕێوه‌به‌رى ئاسایشى هه‌ولێر، راستى سه‌رده‌مى شه‌ڕى ناوخۆى وه‌بیرهێنایه‌وه، كاتێك یه‌كێتى و پارتى له دۆخى شه‌ڕدابوون، به‌هه‌مان شێوه له‌به‌رامبه‌ر كوشتن ده‌یانكوشت و بۆ هەر ده‌ستگیركردنێکیش كادیرى به‌رامبه‌ریان ده‌ستگیرده‌كرد، بۆ ئازادكردنیشیان دیل به دیلیان ده‌كرد، دواى تێپه‌ڕبوونى ٢٠ ساڵی تەواو به‌سه‌ر رێككه‌وتنى دواى شه‌ڕى ناوخۆى ئه‌و دوحزبه، هێشتا نه‌ریتى دیل به دیل به‌رده‌وامه و كاتێك كادیرێكى پارتى له گه‌رمیان بخرێته زیندان له هه‌ولێریش كادیرێكى یه‌كێتى ده‌بێت كه‌له‌پچه له‌ده‌ستى بێت.
حاجى مه‌سیفى جێگری لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی هه‌ولێری یه‌كێتی له بەیانێکی رۆژنامه‌وانیدا كه به‌ناوى مه‌ڵبه‌ندى هه‌ولێرى حزبه‌كه‌یه‌وه خوێندییه‌وه گوتى"ئێمه یه‌كێتییه‌كانى هه‌ولێر چاوه‌ڕێى ئه‌وه بووین كۆبوونه‌وه‌كان به ئه‌نجام بگه‌ن بۆ پێكهێنانى حكومه‌ت و چاره‌سه‌رى كۆى كێشه‌كان، به‌ڵام به‌داخه‌وه چه‌ند رۆژێكه ده‌زگا ئه‌منییه‌كانى هه‌ولێر شه‌وانه هه‌ڵده‌كوتنه سه‌ر هه‌ڤاڵانمان، هێزه ده‌مامكداره‌كان ده‌یانفڕێنن بۆ شوێنى نادیار".
دوور نییه گڵۆڵه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كانى ده‌باشان و سه‌رى ره‌ش گلۆربێته‌وه، دۆخه‌كه بگاته ئاستێك كۆنتڕۆڵكردنى ئاسان نه‌بێت
مه‌سیفى هه‌ڕه‌شه‌و داواكاریشى له په‌یامه‌كه‌یدا به‌یان كرد كاتێك گوتى"داوا له شاندى دانوستانكارى یه‌كێتى ده‌كه‌ین، ئه‌م جۆره دیاردانه بوه‌ستێنن بۆ ئه‌وه‌ى كۆبوونه‌وه‌كان به‌رده‌وامى هه‌بێت، چونكه ئه‌و جۆره كارانه ته‌بایى یه‌كێتى و پارتى و ئاشته‌وایى ده‌شێوێنێت، بۆیه داواكارین ئه‌و جۆره كارانه بوه‌ستێنن ئه‌گینا ئۆباڵى هه‌رجۆره كرده‌وه‌یه‌ك ده‌خه‌ینه ئه‌ستۆى".
تیژبوونه‌وه‌ى تیغى كێشه‌كان له دۆخێكى وادا كه دوو ئیداره‌یى وه‌ك كارت له‌سه‌ر مێزى دانوستانه‌كانى پێكهێنانى حكومه‌ته، دوور نییه گڵۆڵه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كانى ده‌باشان و سه‌رى ره‌ش گلۆربكاته‌وه، دۆخه‌كه به‌رێته ئاستێك كه كۆنتڕۆڵكردنى ئاسان نه‌بێت، ئه‌زمونى سێ چاره‌كه سه‌ده‌ى رابردووى ناكۆكى جه‌مسه‌ره سیاسییه‌كانى باشورى كوردستان به جۆرێكه كه پچڕان و له‌ده‌ست ده‌رچوونى دۆخه‌كه زۆر ئاسانتر بووه له گرێدانه‌وه‌و چاره‌سه‌كردنى كێشه‌كان، رووداوه گه‌وره‌كان له جوڵه‌ى بچووكه‌وه دروستبوون و چاره‌كردنیان ساڵانى زۆرى ویستووه.
٢٦ی ١٠ی ٢٠١٨ كادیرێكى پارتى به‌ناوى خۆشناو ئه‌نوه‌ر له رانیه له‌لایه‌ن ئاسایشى یه‌كێتییه‌وه ده‌ستگیركرا، دواى چوار رۆژ مانه‌وه‌ى له زیندان له ٣٠ی ئەو مانگە، مه‌سعود بارزانى پێشوازى له‌و كادیره كرد و له‌گه‌ڵى كۆبووه‌وه‌و وێنه‌ى له‌گه‌ڵ بڵاوكرده‌وه، به‌هه‌مان شێوه مه‌سرور بارزانى راوێژكارى ئه‌نجومه‌نى ئاسایش له‌گه‌ڵ ئه‌و كادیره كۆبووه‌وه، گرنگیپێدانى پارتى له ئاستى لوتكه‌یدا به ده‌ستگیردنى ئه‌و كادیره‌و كۆبوونه‌وه له‌گه‌ڵى هەم ناردنی پەیام بوو بۆ یەکێتی هەم ئاماژه‌ى هه‌ستیارى و ناسكى نێوانى یه‌كێتیى و پارتییه كه‌به‌رپرسانى باڵا خۆیان له‌سه‌ر خاڵ و خه‌تى ناكۆكییه‌كانن و بایه‌خى تایبه‌ت به جیاوازى و كێشه‌كان ده‌ده‌ن.
گه‌ردنى ئه‌و ئاشتییه له ژێر تیغى به‌رژه‌وه‌ندییه گه‌وره‌كانى هه‌ردوو حزب مایه‌وه
یه‌كێتى و پارتى دواى شه‌ڕێكى خوێناوى چوارساڵه كه وه‌ك باس ده‌كرێت ٣٠ هەزار كه‌س تێیدا مردن و سه‌دانیش بێسه‌روشوێن بوون(ئاماره‌كان فه‌رمى نین)، ١٧ی٩ی ساڵى ١٩٩٨ له واشنتنى پایته‌ختى ئه‌مه‌ریكا، قۆناغى ئاشتییان راگه‌یاند، كاتێك به سه‌رپه‌رشتى ئه‌مه‌ریكا و كاریگه‌رى فه‌رەنسا، جه‌لال تاڵه‌بانى و مه‌سعود بارزانى واژۆیان له‌سه‌ر لاپه‌ڕه‌ى نوێى ئاشتى كرد، هه‌رچه‌نده واژۆكان شه‌ڕى گه‌رم و خوێن رشتنى راگرت، به‌ڵام هه‌رگیز ئاشتى نه‌برده نێو ماڵ و باره‌گاكان، شه‌ڕى ساردى ئه‌و دوو حزبه‌ى نه‌توانده‌وه.
په‌رله‌مانى كوردستان چوار ساڵ دواتر واته له ٢٠٠٢ رێككه‌وتننامه‌ى ئاشتى په‌سه‌ندكرد و وه‌ك یاسا په‌سه‌ندكردنه‌كه‌ى له رۆژنامه‌ى وه‌قائیعى كوردستان بڵاوكرایه‌وه، به‌وشێوه‌یه‌ش ئاشتى به‌رگى یاسایى به‌ربه‌رداكرا، به‌ڵام گه‌ردنى ئه‌و ئاشتییه له ژێر تیغى به‌رژه‌وه‌ندییه گه‌وره‌كانى هه‌ردوو حزب مایه‌وه، دواى ئه‌وه‌ش قۆناغى ده‌ستبادان و پشتتێكردن نه‌وه‌ستا، هه‌ردوو حزب وه‌ك پێویست له زۆنه‌كان ده‌رفه‌تیان نه‌ره‌خساند بۆ یه‌كدى له‌لایه‌ك ده‌سه‌ڵات و له‌لاكه‌ى دى وه‌ك ئۆپۆزسیۆن ده‌بینران.
دواتر یه‌كێتى و پارتى له‌زیاد له قۆناغێكدا رێككه‌وتنى سیاسی‌یان به‌رده‌وامیپێدا، دروستكردنى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم، كابینه‌ى هاوبه‌شى حكومه‌تى هه‌رێم له ٢٠٠٥، به‌شدارى به لیستى هاوبه‌ش له هه‌ڵبژاردنه‌كان، درێژكردنه‌وه‌ى واده‌ى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم، دابه‌شكردنى پۆسته‌كانى به‌غدا و هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆك كۆمار، دابه‌شكردنى پێگه‌كانى ده‌سه‌ڵات و شۆڕبوونه‌وه‌یان به‌هاوبه‌شى بۆ هه‌موو جومگه‌كان، به‌ڵام هیچ كام له‌و هاوبه‌شییانه، یاده‌وه‌رییه ناخۆشه‌كانى سه‌رده‌مى شه‌ڕ و كوشتاریان بیرنه‌برده‌وه. ره‌نگه مایه‌ى سه‌رنج بێت كه پایزى ٢٠١٧ هه‌ردوولا كه‌مپینى هاوبه‌شیان بۆ ریفراندۆمیى سه‌ربه‌خۆیى و دروستكردنى ده‌وڵه‌ت به‌ڕێوه‌برد، ئێستا دواى ماوه‌یه‌كى كەم ئه‌و دووهێزه سه‌رقاڵى دیل به‌دیلن.
قۆناغى سڕینه‌وه‌ى شوێنه‌واره‌كانى شه‌ڕو جیاوازییه‌كان ده‌ستیپێنه‌كرد
ساڵى رابردوو نێچیرڤان بارزانى جێگرى سه‌رۆكى پارتى له كه‌مپینى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردنى پارتى به لایه‌نگرانى سلێمانى حزبه‌كه‌ى گوت"ئێوه دوو جار پارتییەکانن"، ئه‌وه‌ش وه‌ك ئاماژه‌ی قورسى ئیشوكارى حزبایه‌تى پارتى له‌سنورى ده‌سه‌ڵاتدارێتى یه‌كێتى، مه‌سعود بارزانیش به‌هه‌مان شێوه ستایشى كردن و وه‌ك كادیرى خۆڕاگر و سته‌ملێكراو وه‌سفیكردن.
په‌یامه‌كه‌یان له‌و ئاسته‌ى پارتیدا، ده‌رخه‌رى ئه‌وه‌ن كه شوێنكه‌وتووان و به‌رپرسانى ئه‌و دووحزبه بە بوونیان له‌ناوچه‌كانى یه‌كدیى دڵخۆشنین و بابه‌تى مانه‌وه‌ش له‌و ناوچانە تا ئێستا كه‌ره‌سته‌ى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردنن، به جۆرێك كادیرانیان له‌ناوچه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاتی خۆیان وه‌ك كه‌سانى سته‌ملێكراو و به‌شخوراو باس ده‌كرێن، له‌كاتى بانگه‌شه سۆز و سه‌رنجیان راده‌كێشینه‌وه بۆ "دۆخى خراپى"خۆیان له‌وناوچانه.
له‌قۆناغى شه‌ڕو رێكنه‌كه‌وتنیان خوێن رژا و رێككه‌وتنیشیان شوێنپێكانى شه‌ڕى نه‌سڕییه‌وه
قۆناغى دواى شه‌ڕ، كه قۆناغى سڕینه‌وه‌ى شوێنه‌واره‌كانى شه‌ڕو جیاوازییه‌كان بوو ده‌ستیپێنه‌كرد، یه‌كێتى و پارتى ته‌نها دوو حزبن كه لێكه‌وته‌كانى رێككه‌وتن و رێكنه‌كه‌وتنیشیان هه‌ر مایه‌ى ره‌خنه‌و قسه‌له‌سه‌ركردن بووه، به‌جۆرێك له‌قۆناغى شه‌ڕو رێكنه‌كه‌وتنیان خوێن رژا و رێككه‌وتنیشیان شوێنپێكانى شه‌ڕى نه‌سڕییه‌وه، له‌قۆناغى پێكه‌وه بوون درێژه به حوكمڕانێتى ده‌ده‌ن بۆمۆدێلى دڵخوازى خۆیان، كه‌پشت ده‌به‌ستێت له دابه‌شكردنى به‌رژوه‌ندى و ده‌ستكه‌وته‌كان به‌جۆرێك باس ده‌كرێت كه له قۆناغى رێككه‌وتنى ئه‌و دوحزبه خه‌ڵك سه‌نته‌رى رێككه‌وتنه‌كان نه‌بووه.