ڕاپۆرتی کوردستانی

03:14 - 24/09/2020

دەروازە سنورییەکانی هەرێم؛ قاچاخچێتی لەنێو تاریکییدا‌

پەیسەر

ماوەی چەند مانگێکە دەیان راپۆرت لەسەر قاچاخجێتیی لە دەروازە سنورییەکانی هەرێم لەگەڵ ئێران و تورکیا دەکرێت، هەموو راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن هەر کە شەو دادێت، ئیتر کاروانی ئەو ئۆتۆمبێلانەی باری قاچاخ دەهێنن، روو لە هەرێم دەکەن، تەنانەت هەندێک لە بارەکان بە ئاشکرا دێن، بەڵام هیچ کەسێک ناتوانێت رێگرییان لێبکات و بیانوەستێنێت.

سەدان ملیۆن دۆلار
پێگەی (al-monitor)ی ئەمریکی لە دوایین راپۆرتیدا باس لە هێنانە ژوورەوەی کەلوپەلی ئێرانی دەکات بەبێ وەرگرتنی گومرگ لێیان، کە بەم هۆیەوە سەدان ملیۆن دۆلار بۆ گیرفانی قاچاخچییەکان دەچێت، ئەمە لە کاتێکدا وەزارەتی دارایی بەردەوام کێشەی نەبوونی پارەی پێویستی هەیە بۆ موچەی فەرمانبەران.

لە راپۆرتەکەدا هاتووە، لە یەکێک لە دەروازە سنورییەکاندا بە بڕی سەدان ملیۆن دینار قاچاخچێتی دەکرێت، بەبێ ئەوەی ئاماژە بە ناوی دەروازە سنورییەکە بدرێت، بەڵام ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن دەروازەکە پەروێزخان بێت.

قاچاخچێتی لەژێر چەتری سەرداندا
ئەفسەرێکی ئاسایش بە پێگەکەی وتووە، ژمارەیەک لە گروپ و میلیشیاکان دەستیان بەسەر ناوچەکەدا گرتووە، دەسەڵاتی تەواوی حەشدی شەعبیش بەسەر ناوچەکەدا روون و ئاشکرایە.

ئەفسەرەکە باسی لەوەش کردووە، یەکێک لەو میکانیزمانەی ئێران بەکاریدەهێنێت چوونی سەردانکەرانی ئێرانییە بۆ ناوچە پیرۆزەکانی نەجەف و کەربەلا.

هاتنی شمەکی ئێران
پێگە ئەمریکییەکە باس لە بڕی ئەو شمەکانە دەکات کە لە ئێرانەوە هەناردەی هەرێم و عێراق دەکرێن، بەپێی راپۆرتەکە تەنها لە ٢٠ی ئازار تاکو ٢١ی تەموز (واتە چوار مانگ) ١.٣٤ تۆن شمەک بە بەهای ٥٦٢ ملیۆن دۆلار لە ئێرانەوە هاتووەتە ناوەوە، پێگە ئەمریکییەکە ئەم زانیارییانەی لە راپۆرتی میدیا ئێرانییەکانەوە وەرگرتووە.

بەپێی راپۆرتە ئێرانییەکان لە ساڵی ٢٠١٧، لە ٥٤٪ی شمەکە ئێرانییەکان لە دەروازەی پەروێزخانەوە هاتووەتە هەرێمەوە، بەڵام دواتر بەهۆی ریفراندۆمەوە سێ مانگ داخرا و تەنها لە دیوەی ئێرانەوە بەم هۆیەوە سێ هەزار کەس بێکاربوون.

تۆڕی قاچاخچێتیی
لە درێژەی راپۆرتەکەیدا (al-monitor) باسی لە هەر سێ دەروازەی حاجی ئۆمەران لە پارێزگای هەولێر، پەروێزخان لە ئیدارەی گەرمیان و باشماخ لە پارێزگای سلێمانی کردووە.

لە سەرەتای ئەم مانگەدا وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستانیش ئاشکرابوونی تۆڕێکی قاچاخچێتیی لە دەروازەی سنووریی پەروێزخان رەگەیاند، کە بە بڕی ملیۆنان دۆلار زیان لە داهاتیی گشتی هەرێم دەدەن.

پێگە ئەمریکییەکە لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا (ئەیلول) راپۆرتیکی لەبارەی دەروازەی پەروێزخانەوە بڵاوکردەوە و نووسیبووی، چەند میلیک لە دووری دەروازەکە لە رێگایەک کە لە ئێرانەوە دێتە ناو کەلار بە شەودا دەیان بارهەڵگر شمەکی قاچاخی لێوە دەگوازنەوە.

پێگەکە باسی لەوە کردبوو، هەر کە تاریکی شەو دێت، ئیدی لەم رێگایەوە بارهەڵگرەکان ملی رێگا دەگرن و شمەکی ئێرانی دەهێننە ناو هەرێمەوە.

 کۆنترۆڵکردنی دەروازەکان
دوای ئەوەی مستەفا کازمی پۆستی سەرۆکی حکومەتی عێراقی وەرگرت و سوێندی یاسایی خوارد، پەیمانی دا رووبەڕووی گەندەڵیی و قاچاخچێتیی ببێتەوە، هەر بۆیە لە ١١ی مانگی تەموزدا سەردانی دەروازەی سنوریی مەندەلی کرد لە پارێزگای دیالە، ئاماژەی بەوەش کردبوو کە بەبێ پێدانی گومرگ رێگە بە هێنانی هیچ شمەکێک نادەن.

ئەفسەرێکی ئاسایش کە داوای کردووە ناوی نەهینرێت بە پێگە ئەمریکییەکەی وتووە، لەو کاتەوەی مستەفا کازمی هاتووەتە سەر دەسەڵات، کۆنترۆڵی هێزە ئەمنییەکان لە ناوچەکانی نێوان عێراق و باشوری گەرمیان زیاتر بووە.

ئەفسەرەکە ئاماژە بەوەش کردووە، ماوەیەک دەبێت پۆلیسی فیدراڵی، پۆلیسی ناوخۆ و سوپا کۆنترۆڵی زیاتریان بەسەر ئەم ناوچانەدا هەیە، لە کاتێکدا پێشتر هێزەکانی حەشدی شەعبی دەستیان بەسەر ئەم ناوچەیەدا گرتبوو.

نەبوونی پشکنین
ئەو ئەفسەرە دەشڵێت، تاکو ئێستا لە ناو خانەقین کە شاری نزیک دەروازەکەیە هێزەکانی حەشدی شەعبی دەبینرێن و سوپای عێراق بە ئەرکی خۆیان هەڵناستن، ئەمەشی بە کێشە لە ناوچەکەدا ناو بردووە.

بە بۆچوونی ئەفسەرەکە یەکێکی دیکە لە کێشەکانی ناوچەکە ئەوەیە، رۆژانە وەفد لە ئێرانەوە دێنە خانەقین و گروپیش لە ئێرانەوە روو لە نەجەف و کەربەلا دەکەن، بەڵام هیچ هێزێک ناتوانێت بیانپشکنێت جگە لە هێزەکانی حەشدی شەعبی کە کۆنترۆڵی ناوچەکەیان کردووە.

بەشێکی زۆری خەڵکی ئەم ناوچەیە لە کورد و عەرەب سەر بە ئاینزای شیعەن، ئێرانیش توانیویەتی ئەم تایبەتمەندییەی خەڵکی ناوچەکە بەکاربهێنێت، تەنانەت چەندین تۆڕی هەواكڵگرییان تێدا دروستکراوە.

تینوکردنی گەرمیان
پێگەکە باسی لە کێشەی خەڵکی ناوچەکەش کردووە، بەشێک لە دانیشتوانی ناوچەکە بە پێگەکەیان راگەیاندووە، ئەوان کێشەی بەڵگەنامەیان لەسەر زەوییەکانیان هەیە، لەنێوان فەرمانگەکانی سلێمانی و دیالەدا گیریان خواردووە و بۆ هەر لایەکیان دەچن دەڵێن کاری ئێوە لە لاکەی دیکەیە.

خەڵکی ناوچەکە جگە لە قاچاخچێتی لەژێر کێشەیەکی دیەکشدان، ئەویش کەمبوونەوەی ئاوە لە ناوچەکەدا بەهۆی دروستکردنی چەند بەنداوێک لەلایەن ئێرانەوە.

چاوەڕوان دەکرێت دروستکردنی بەنداوەکانی ئێران لە ساڵانی داهاتوودا زیان لە ئابووریی و کشتوکاڵی ناوچەکە بدات و بەشێک لە دانیشتوانی ناوچەکەش ناچار بن شوێنەکانیان بەجیبهێڵن.