ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

03:44 - 26/09/2020

ئەمریکا؛ بانکی ناوەندی عێراق بووە بە ناوەندی گواستنەوەی پارەی ئێران بۆ تیرۆریستان‌

پەیسەر

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەردەوامە لە دژایەتیکردنی کۆماری ئیسلامیی ئێران و راگرتنی پلانەکانی تاران لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە بە هەڕەشەیان دەزانێت بۆ سەر بوون و بەرژەوەندییەکانی خۆی، لەم چوارچێوەیەدا هەوڵ دەدات رێگریی لە رژێمی ئێران و سوپای پاسداران بکات کە پارە و پێداویستی بۆ گروپە "تیرۆریستییەکان" بنێرێت، لە سەروو هەمووشیانەوە حزبوڵای لوبنان.

مەترسی نێودەوڵەتی
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە دوایین راپۆرتیدا لەبارەی چالاکییە "ناشەرعییەکان" و رێگاکانی ئێران بۆ پارەدارکردنی کردەوە "تیرۆریستییەکان" لە جیهاندا، کە سەقامگیری و ئاسایشی سیستمی دارایی نێودەوڵەتی دەخەنە مەترسییەوە چەند زانیارییەکانی بڵاوکردووەتەوە.

بەپێی بەشی چوارەمی راپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، رژێمی ئێران کۆمپانیای خەیاڵیی و رێگای جۆراوجۆر بەکاردەهێنێت بۆ گواستنەوەی پارە بۆ گروپە "تیرۆریستییەکان" لە وڵاتانی جیهان.

بەکارهێنانی بازاڕی دراو
راپۆرتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، فەیلەقی قودس کە دەست و چاوی سوپا پاسدارانە لە دەرەوەی ئێران، تۆڕێکی لە چەند کۆمپانیایەک دروستکردووە بۆ بەکارهێنانی بازاڕی ئاڵۆگۆڕی دراو لە ئیمارات بەمەبەستی کڕین و گواستنەوەی ملیۆنان دۆلار.

 ئەم تۆڕە هەڵدەستێت بە ساختەکردنی بەڵگەنامە و شاردنەوەی کارەکانی لەپشت کارە ناڕەوا و نایاساییەکانییەوە، ئەمریکاش پەیوەست بەم چالاکی و کارانەی ئێرانەوە، نۆ گروپی خستووەتە ناو لیستی تیرۆر و پێی وایە لەم جۆرە کارانە تێوەگلاون.

 بەکارهێنانی شوێنە پیرۆزەکان
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە درێژەی راپۆرتەکەیدا ئەوەشی خستووتەڕوو، فەیلەقی قودس رێکخراوی بونیادنانەوەی شوێنە پیرۆزەکان بەکاردەهێنێت و بەو ناوەوە ملیۆنان دۆلار دەگوازێتەوە و بەکاریدەهێنێت بۆ پەرەدان و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی سوپای پاسداران لە عێراق، هەواڵگریی ئێرانیش هاوکار دەبێت لە گواستنەوە و ناردنی چەک و کەلوپەلی پێویست بۆ گروپە "میلیشیاکان" لە عێراق.

راپۆرتەکە باسی لەوەش کردووە، بەرپرسانی سوپای پاسداران پارەکانی ئەم رێکخراوە کە بۆ بونیادنانەوەی شوێنە پیرۆزەکان وەریگرتووە بۆ پارەدارکردنی چالاکییە "تیرۆریستییەکان" بەکاردەهینێت.

بەم هۆیەوە واشنتۆن بەهۆی پەیوەندییان بەم رێکخراوەوە نۆ کەسایەتی خستە ناو لیستی تیرۆرەوە، ئامانج لەم کارەش راگرتن و وشککردنی ئەم کارەی سوپای پاسدارانە.

بانکی ناوەندی ئێران و عێراق
بەپێی راپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لەسەر ئاستە باڵاکانی حکومەتی ئێران کارئاسانی بۆ کارە ناڕەواکانی فەیلەقی قودس دەکرێت، لەوانەش بانکی ناوەندی ئێران.

لە راپۆرتەکەدا جەختکراوەتەوە، زۆربەی ئەو پارە بیانیانەی لە ساڵی ٢٠١٦وە، گەیشتووەتە دەست سوپای پاسداران  لە رێگای بانکی ناوەندی عێراقییەوە بووە، تەنانەت بەشێک لە بەرپرسانی باڵای بانکی ناوەندی عێراق راستەوخۆ کار لەگەڵ فەیلەقەکە دەکەن و ئاسانکاری بۆ ئاڵۆگۆڕپێکردنی پارەکانی سوپای پاسداران دەکەن.

لە ساڵی ٢٠١٧ سوپای پاسداران سەرپەرشتی ناردنی دەیان ملیۆن یۆرۆی کردووە لە بانکی ناوەندی عێراقەوە بۆ ئێران، لە مایسی ٢٠١٨ش وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا ئەوەی ئاشکرا کردبوو، وەلیوڵا سەیف پارێزگاری ئەو کاتەی بانکی ناوەندی ئێران و هاریکاری بەڕێوەبەری بەشی نێودەوڵەتی لە بانکی ناوەندی عێراقی لەگەڵ سوپای پاسداران دەستیان بە کار کردووە بۆ شاردنەوەی کاری پارەدارکردنی ناشەرعی لە بەرژەوەندی حزبوڵای لوبنانی.

سیستمی بانکی عێراق لەژێر مەترسیدا
لە پلانەکەی سوپای پاسداراندا ئەوەش هاتووە، بەڕێوەبەری جیبەجێکار و سەرۆکی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی بانکی (البلاد الإسلامي) بکرێتە بە نێوەندگیر و بۆ گواستنەوەی پارە بۆ حزبوڵای لوبنان.

ئامادەکارانی راپۆرتەکە پێیان وایە ئەم پلانەی سوپای پاسداران تەنها "تیرۆر" نابوژێنێتەوە، بەڵکو زیان لە سیستمی دارایی عێراق و گەشەی ئابووریی و گەشەپێدانیش دەدات، هەر بۆیە لە مایسی ٢٠١٨ واشنتۆن چوار کەسی خستە لیستی تیرۆرەوە کە پەیوەندییان بەم کارانەوە هەیە.

راپۆرتەکە ئاماژە بەوەش دەکات، لەگەڵ ئەوەی واشنتۆن هەوڵی داوە ئەم رێگایانەی سوپای پاسداران وشک بکات، بەڵام سوپاکە توانیویەتی سەرپەرشتی گواستنەوەی ملیۆنان دۆلار بکات لە بانکی ناوەندی عیراقییەوە بۆ حوسییەکان، هەر بە هاوکاری سوپای پاسدارانیش لە نێوان ساڵانی ٢٠١٨ بۆ ٢٠١٩ بانکەکە پارەی بۆ حزبوڵای لوبنانی ناردووە.

ئەمریکا ئاگای لە پلانەکانە
ئەمریکا لە ساڵی ٢٠١٨ سندوق و بانکی ناوەندی ئێرانی خستە لیستی تیرۆرەوە، ئەمەش دوای ئەوەی بانکی ناوەندی ئێران بە هەماهەنگی لەگەڵ سندوقی گەشەپێدانی نیشتمانی ئێران بە سەدان ملیۆن دۆلار و بە کاش سوپای پاسدارانیان پارەدار کردووە.

پێشتریش و لە ئەیلولی ٢٠١٩، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا تۆڕێکی گواستنەوەی نەوتی ئاشکرا کرد کە سوپای پاسداران و حزبوڵای لوبنانی سەرپەرشتیان کردووە، هەروەها رۆستەم قاسمی وەزیری پێشووی نەوتی ئێران و بەرپرسێکی باڵای سوپای پاسداران سەرپەرشتی ئەم کارەیان کردووە و کاریان گواستنەوەی نەوت بووە بە بەهای ملیۆنان دۆلار لە بەرژەوەندی رژێمی ئەسەد و حزبوڵای لوبنان.

ساختەکردنی دراو
هەوڵەکانی فەیلەقی قودس تەنها لە قۆستنەوە و بەکارهێنانی سیستمی دارایی نێودەوڵەتیدا کورتنەبووەتەوە، بەڵکو گەیشتووەتە ئاستی چاپکردن و ساختەکردنی دراو، وەک ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٧ روویدا و لە ئەڵمانیاوە ئامێر هێنراوە و دراوی یەمەنیان پێ ساختەکردووە،، ئەمەش بۆ هاوکاریکردنی حوسییەکان.

بەپێی راپۆرتێکی چەند پسپۆڕێکی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ٢٠١٩، ئێرانییەکان چەند نێوەندگیرێکیان بەکارهێناوە بۆ گواستنەوەی وزە بە شێوەیەکی نایاسایی بۆ حوسییەکان و پارەدارکردنیان بەمەبەستی درێژەدان بە ناکۆکی و پێکدادانەکان لە یەمەن.

کۆمپانیای ماهان ئێر
بەپێی راپۆرتەکە هێڵی ئاسمانی بازرگانی ئێران و بەتایبەت کۆمپانیای (ماهان ئێر) رۆڵێکی سەرەکییان بینیوە لە گواستنەوەی دراوەکانی سوپای پاسداران، چەک و کەلوپەل بەمەبەستی درێژەدان بە ناکۆکییە هەرێمایەتییەکان، بەهۆی ئەم رۆڵە گرنگەی کۆمپانیاکەشەوە، سوپای پاسداران هەوڵیداوە کۆمپانیاکە لە سزاکانی ئەمریکا بپارێزێت و بە ئاسانی دەستیان بەو کەلوپەلە فڕۆکەوانیانە بگات ئەمریکا لە کۆمپانیا ئێرانییەکانی قەدەغە کردووە.

هەر لەبەر رۆڵەکانیان لە کارەکانی سوپای پاسداران، ئەمریکا لە ناوەڕاستی ٢٠١٨ نۆ کەسایەتیی و گروپی ئەم بوارەی خستە لیستی تیرۆرەوە.

پێشتر و لە ساڵی ٢٠١٩ ئەمریکا کۆمپانیای ماهانی خستبووە ناو لیستی تیرۆرەوە، ئەوەش بەهۆی ئەو هاوکارییانەی پێشکەشی سوپای پاسدارانی کردووە، لەم ساڵانەی دوایشدا بەشێک لە وڵاتانی ئەورووپا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گەشتەکانی کۆمپانیاکەیان هەڵوەشاندەوە، ئەوەش بەهۆی ترسیان لە چالاکییەکانی کۆمپانیاکە.