ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

03:20 - 27/09/2020

وەبیرهێنانەوەی خوێنی قاسمی سولەیمانی، یان ڕێگریی لە عێراق بۆ ڕێكنەكەوتن لەگەڵ ئیسرائیل‌

پەیسەر

خوێنی قاسمی سولەیمانی و دەركردنی سوپای ئەمەریكا لە عێراق لەبەرچاوی ئێرانیەكان لاناچێت و لە هەموو كۆبوونەوەكانیان لەگەڵ وەزیری دەرەوەی عێراق دووبارە دەبێتەوە، رۆژنامەیەكیش باس لەوە دەكات لە عەمانی پایتەختی ئەردەن كۆبوونەوەی نهێنی نێوان ئەمەریكاو ئێرانیش بەڕێوە چووە، لە لایەكی دیكەوەی ئەمینداری گشتی سوپای پاسداران بۆ دوو رۆژ دێتە بەغداد و لەگەڵ بەرپرسانی ئەمنی و سەربازیی عێراق كۆدەبێتەوەو وابڕیارە دۆسییەی كوشتنی قاسم سولەیمانی بهێنێتەوە بەباس، لە هەموو كۆبوونەوەكانیشدا جەخت لەسەر یەكپارچەیی خاكی عێراق كراوەتەوە ، هەموو ئەو ڕووداوانە لە ئێستادا جێگەی سەرنجە.

رۆژی شەممە 26 ئەیلوول 2020 فوئاد حسین وەزیری دەرەوەی عیراق بەسەردانێكی فەرمی گەشتە ئێران و لەلایەن محەمەد جەواد زەریف پێشوازیی لێكرا، بە پێی هەواڵە میدیاییەكانی ئێران لە كۆبوونەوەی دوو لایەنەدا باس لە كۆمەڵێك تەوەری گرنگ سەبارەت بە پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات كراوە لەوانەش:


1-پرسی هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عیراق كە وابریارە لە 6 حوزەیرانی 2021 بەڕێوەبچێت و لەئەگەر سەركەوتنی ئەو هەڵبژاردنەشدا بەشێكی زۆر لە لایەنەكانی عێراق ئاڵوگۆڕیان بەسەردا دێت و مەترسییان دەكەوێتەسەر، لەوانەش ئەو میلشیایانەن كە پەیوەندی ڕاستەوخۆو ناڕاستەوخۆیان لەگەڵ ئێراندا هەیە.

2-كێشەی سنوورەكانی هەردوو وڵات بە هەرێمی كوردتانیشەوە یەكێكی دیكەیە لەو كێشانەی كە بەشێكی پەیوەندی بە ئابووری وڵاتی ئێران و هاتنی زیارەتكارانی شوێنە پیرۆزەكانی شیعەوە هەیە، ئەوە جگە لە درێژەدان بە هیلالی شیعی و عێراقیش بەشێكە لە پێكهێنانی ئەو هیلالە، هەر بۆیە هەر حكومەتێك بێتە پێشەوە لە عێراق و هاوكاریی ئەو دۆخە نەكات نابێتە جێگە ڕەزامەندی ئێرانیەكان.

3-پرسی پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدادو دوا پێشهاتەكانی ئەو دۆسیەیە بەیەكێكی دیكە لەو بابەتانە دێتە ئەژمار كە دەتوانێت لە دۆخی ئێران لە عێراق كاریگەری هەبێت، بەو پێیەی كە لە هەرێمی كوردستان و عێراقیش پێكهاتەی حیزبی زۆرهەن كە لەبەرامبەر ئێراندا نەرمی دەنوێنن و هاوتەریبن لەگەڵ سیاسەتەكانی ئێران لەناوچەكەدا.

لە ڕووی عورفی دبلۆماسیشەوە باس لە پەیوەندییە دێرینەكانی نێوان هەردوو وڵات كراوە لە ڕووی مێژوویی و كۆمەڵایەتی و ئایینیەوە، بەپێی ڕاپۆرتێكی هەواڵی میهری ئێرانی وەزیری دەرەوەی ئێران پشتیوانی ئێرانی بۆ یەکپارچەیی خاكی عێراق دەربڕیوەو بە وەزیری دەرەوەی عێراقی گوتووە، ئاسایشی ئەم وڵاتە بۆ کۆماری ئیسلامی گرنگ و ستراتیژییە.

زەریف گوتوویەتی: هێرشەکان بۆ سەر شوێنە دیپلۆماتیکەکانی ئێران و زەروورەتی  دەستەبەری ئاسایشی دیپلۆماتەکانی ئێرانی لە عێراق لە ئەستۆی دەسەڵاتدارانی عێراقدایە، وەك ئاماژەیەك بۆ سوتاندنی كۆنسوڵخانەكانی ئێران لە نەجەف و كەربەلا لە ماوەی پێشوودا گوتوویەتی: هێرش بۆ سەر شوێنە دیپلۆماتیکەکانی ئێران قبووڵ ناکرێت. داواشی لە فوئاد حسین كردووە کە دەوڵەتی عێراق بەرپرسیارێتی خۆی لە ئەستۆ بگرێت لە بەرانبەر هێرشی بۆ سەر فەرماندەی سوپای قودس لە رۆژی 3كانوونی دووەمی ئەمساڵ لەناو فرۆكەخانەی نێو دەوڵەتی بەغداد.


وەك ڕاپۆرتە رۆژنامەوانییەكان باسیدەكەن لەسەرووبەندی هێرش بۆسەر قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس دا مستەفا كازمی سەرۆكی دەزگای هەواڵگریی عێراق بووە، لایەنە نزیكەكانی ئێران لە عێراق بەشێكی تاوانەكەیان دەخستە ئەستۆی مستەفا كازمی و لە دوو ڕووەو تاوانباریان دەكرد، لە حاڵی یەكەمدا ئەگەر ئاگاداریی ئەو دۆخە نەبێت ئەوا نەنگی و عەیبەیەكی گەورەیە و ناكرێت دەزگایەكی لەو شێوەیە ئاگای لەو ڕووداوە گەورەیە نەبێت، خۆ ئەگەر ئاگای لەو پلانە بێت و لایەنی ئێرانی ئاگادار نەكردبێت یان هەڵوێستی نەبووبێت دووبارە دەبێت بەرپرسیارێتی لە ئەستۆبگرێت و بە خیانەت لە ئێران ئەژمار دەكرێت.

پاش دیدارەكەی لە گەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران، فواد حسێن لەگەڵ محەمەد باقر قاڵیباف سەرۆکی مەجلیسی شورای ئیسلامی –پەرلەمانی ئێران-  كۆبووەتەوە و پەیوەندی کۆماری ئیسلامی ئێران و کۆماری عێراقی بە ستراتیژیی و مێژوویی باسكردووە،  قاڵیباف لە ئەو دیدارەدا گوتوویەتی: سەروەریی یاسایی، ئاسایشی ناوخۆیی، سەربەخۆیی و یەکپارچەیی خاكی عێراق بەردەوام لەلایەن ئێمەوە جەختی لەسەر کراوە. پێمان وایە عێراقی ئێستا ڕۆڵی ئەرێنی، گرینگ و کاریگەری لە ناوچەکەدا هەیە. یەکێک لە گرینگترین داواکارییەکانی خەڵک، دەوڵەت و پەرلەمانی عێراق چوونە دەرەوەی ئەمریکایە لە عێراق کە ڕیشەی هەموو نائەمنییەکانە.

لە كۆبوونەوەی وەزیری دەرەوەدا لەگەڵ قاڵیباف باسی لەوەکردووە کە كوشتنی قاسم سولەیمانی و ئەبوو مەهدی موهەندیس سووکایەتی بە سەروەریی عێراق و پێشێل کردنی سەربەخۆیی عێراق بووە.

فواد حسێنیش لە ئەو دیدارە هەندێک گۆڕانکاری ناوچەیی و نێودەوڵەتی شی کردەوەتەوە و هیوای خواستووە کە ئێران وەکوو ڕابردوو پاڵپشتی لە و وڵاتە بکات. بە پێی زانیارییەكانی پەیسەر پرێس لەدانیشتنەكەی  فوئاد حسەین لەگەڵ محەمەد جەواد زەریفدا باس لە دۆخی پەیوەندییەكانی  پارتی دیموكراتی كوردستان و ئێرانیش كراوە هەردوولا جەختیان لە پێویستی ئەو پەیوەندییانەكراوەتەوە..


وەزیری دەرەوەی عێراق لەگەڵ حەسەن رۆحانی سەرۆككۆماری ئێرانیش كۆبووەتەوە، بە پێی وتەی میدیاكانی ئێران رۆحانی بە وەزیری دەرەوەی عیراقی گوتووە: مانەوەی  هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق و وڵاتانی دیكەی ناوچەكە زیانە بۆ ئاسایش و ئۆقرەیی ناوچەكە، كاركردن بۆدەركردنی ئەو هێزانە تەنها ئەركی ئێرانیەكان نیە، بەڵكو ئەركی سەرشانی ئەو ولاتانەشە كە ڕێگەیان داوە هێزی ئەمەریكا لەناویاندا بێت. رۆحانی هەلوێستی پەرلەمانی عێراقی بۆ دەركردنی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق بەرزنرخاند و داوای كرد كە حكومەتی عێراق بیخاتە بواری جێبەجێكردنەوە، داوای كرد حكومەت ڕێز لەو بڕیارەو خواستی گەلی عێراقیش بگرێت و لەو بوارەشدا حكومەتی ئێران هاوكارییان دەكات. هەروەها جەختی لەسەر ئەوەش كردووەتەوە كە دەركردنی ئەمەریكا لە عێراق تاكانە ڕێگەی ئۆقرەیی و ئاسایشی ناوچەكەیەو سەرجەم كێشەكانی عیراق چارەسەر دەبن و وڵاتانی دیكەش ئارامی ڕوویان تێدەكات.

كۆبوونەوەیەكی دیكەی وەزیری دەرەوەی عێراق لەگەڵ عەلی شەمخانی لێپرسراوی ئەنجوومەنی پاراستنی بەرژەوەندی ڕژێمی ئێران بووە ، نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکە میدیا فەرمییەکانی ئێران بڵاویان کردووەتەوەو شەمخانی گوتوویەتی: "بچووکترین سزای بکوژانی قاسم سلێمانی و ئەبومەهدی موهەندیس ئەوەیە، دەستبەجێ ناوچەکە و بەتایبەت عێراق بەجێبهێڵن". هەر لەو کۆبوونەوەیەدا شەمخانی رایگەیاندووە، چاوەڕوانن عێراق لەڕێی کۆنفرانسە نێودەوڵەتییەکانەوە "بەجیددی" بەدواداچوون بۆ کوژرانی قاسم سولەیمانی بکات.

لە لایەكی دیكەشەوە بە پێی زانیاریی میدیا ئێرانییەكانئەمڕۆ یەکشەمە سەرۆکی دەستەی ئەرکانی گشتی سوپای پاسدارانی ئێران محەمەد باقری سەردانی عێراق دەکات.
وەك باسدەكرێت لە سەفەرێکی دوو ڕۆژەدا دەچێتە بەغدا و بڕیارە لە گەڵ چەندین بەرپرسی باڵای سەربازی و دەوڵەتیی عێراق کۆببێتەوە و باس لە دوا پێشهاتەكانی نێوان عیراق و ئێران بكرێت. 


هاوكات لەگەڵ سەردانەكەی محەمەد باقری بۆ عێراق، موسا تەباتەبائی جێگری باڵێۆزی ئێران لە بەغداد ڕایگەیاندووە: هەر هێرشێك بۆسەر دبلۆماتكارانی ئێرانی سەركۆنەدەكەین و گوێ لە لێدوانی دووفاقی ناگرین. هەروەها ڕایگەیاندوە بە پێی عورفی دبلۆماتی نێو دەوڵەتی هەر هێرشێك بۆسەر دبلۆماتكارانی وڵاتان هێرشكردنە بۆ سەر خودی ولاتەكە، بە پێی تەلەفزیۆنی فەرمی ئێران سەرۆك ئەركانی سوپای پاسداران لەگەڵ بەرپرسانی سەربازیی و ئەمنی عێراق دۆسیەی هێرش بۆ سەر فەرماندەی سوپای قودس قاسم سولەیمانی و هاوڕێكانی هەڵدەنەوە.

بەرپرسێكیش لە حكومەتی عیراقیش بە –العربی الجدید-ی گوتووەو ناوی ئاشكرانەكراوە: ئامانج لەسەردانەكەی باقری قسەكردنە لەسەر سنوورەكان، دۆسیەی ئەمنی هاوبەش، هەروەها مانەوەو نەمانەوەی هێزە بیانیەكان لە عیراق، كە وەك ئەو بەرپرسە باسیدەكات لەسەر سەروەریی و ناوبانگی عێراق كەمدەكاتەوە.

لە لایەكی دیكەشەوە رۆژنامەیەكی كوەیتی- الجریدة- باسی لەوە كردووە كە بەرپرسێكی ئێرانی لە باڵی توندڕەوەكانی ئێران بە نهێنی چاوی بە نوێنەرێكی ئەمەریكا كەوتووە لە عەمانی پایتەختی ئەردەن و لەو دیدارەدا باس لە پویەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات كراوە، ژمارەیەك لە توێژەرانیش باس لەوە دەكەن كە ئەو كەسەی بە نوێنەرایەتی ئێران بەشداریی ئەوكۆبوونەوەیەی كردووە هیچ پلەو پۆستێكی نیەو تەنها متمانەپێكراوی ئێرانیەكانەو ئەمەریكاش ئەو ڕاستییە دەزانێت، هەرچەندە بەشێك لە میدیاكان باس لەوەكردووە كە ئەو هەواڵە هیچ بنەمایەكی نییە، بەڵام بە پێی جوولەی ئەم دوو رۆژەی ناوچەكەو ئێران بێت ئەو بابەتە جۆرێك لە ڕاستی تێدایەو نوێنەری تایبەتی ترامپ چاوی بە كەسێكی پلەباڵای ئێران كەوتووەو بە نهێنی گفتوگۆیان كردووە. بەپێی وتەی رۆژنامە كوەیتییەكە نوێنەرەكەی ترامپ گوتوویەتی ئەگەر ترامپ سەربكەوێـتەوە بۆ سەرۆكایەتی ئەمەریكا سزاكانی سەر ئێران سووك دەكات و بە جۆرێكی دیكە مامەڵە لەگەڵ ئێران دەستپێدەكاتەوە.

لە لایەكی دیكەوە رۆژنامەكە باسی لەوەش كردووە ڕاوێژكارەكانی ترامپ پێیان گوتووە كە دەبێت ئاگاداریی ئەوە بێت جێگرەوەی دەوڵەتەكەی حەسەن رۆحانی كەسانێك دەبن كە توندڕەودەبن و بەهیچ شێوەیە خاڵی هاوبەش لەگەڵ ئەمەریكا ناهێڵنەوەو ئەوەش كێشە بۆ ناوچەكە دروست دەكەن، بۆیە بە ڕوونی پێیان گوتووە دەستی بە رۆحانییەوە بێت و پشتی بگرێت، بۆ ئەوەی ڕێگری بكرێت لە هاتنە پێشەوە كەسێكی توندڕەو.

هەربۆیە ترامپ بۆ گەلی ئێرانی ڕایگەیاندووە : تا هەڵبژاردنەكان تەواو دەبێت ئارام بگرن، ڕێككەوتنێكی باشترتان لەگەڵ واژۆ دەكەین.

گەرچی ڕاپۆرتی رۆژنامەكە لەلایەن پەیامنێری رۆژنامەكەوە بەناوی –فەرزاد قاسمی- ئامادەكراوە، بەڵام پێشتر وەزارەتی ئیرشادی ئیسلامی ڕایگەیاندووە كە ئەو ڕۆژنامەیە نوسینگەیان لە ئێراندا نیەو كەسێكیش ناناسن بەو ناوەوە كاری رۆژنامە نووسی بكات.

وەك شارەزایان باسیدەكەن فشارەكانی ئێران بۆ سەرعێراق لە كاتێكدایە كە مستەفا كازمی سەرقاڵی خۆ ئامادەكردنە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەو لەگەڵ ئەوەشدا نزیكە لە ئەمەریكاوە، لە لایەكی دیكەشەوە خواستێك لە ئارادایە بۆ زیاتر نزیكبوونەوەی وڵاتانی عەرەبی لە ڕێككەوتن لەگەڵ ئیسرائیل میدیاكانیش باسیان لەوەكردووە كە بەشێكی دیكەش لە وڵاتانی عەرەبی لەڕیزدان بۆ ئەوەی ئەو ڕێككەوتنانە واژۆ بكەن، ئێرانی ترسی لەوە هەیە عێراقیش بكەوێتە ژێر ئەو كاریگەرییەوە.