ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

04:36 - 29/09/2020

جەمال عەبدولناسر؛ مێژووی سەرکردەیەکی ئاڵۆز‌

پەیسەر

پەنجا ساڵ بەسەر مەرگی یەکێک لە سەرکردە هەرە بەناوبانگەکانی عەرەبدا تێدەپەڕێت، سەرکردەیەک هێندەی مێژووە ئاڵۆز و پڕ لە کێشەکەی، بۆچوون لەبارەی ژیان و بیرکردنەوەکانییەوە هەیە، ئەو سەرکردەیەش جەمال عەبدولناسرە، لە بابەتە گرنگەکانی ژیانی عەبدولناسر بەرکەوتنەکانییەتی لەگەڵ ئیسرائیلییەکان.

بەشێک لە مێژوونووس و خەڵکی ئاسایش جەمال عەبدولناسر بە هێمای "شکۆ، یەکێتی عەرەب و دژە داگیرکەران" دەزانن و هەندێکی دیکەش بە "ستەمکار و دژە ئۆپۆزسیۆن"ی دادەنێن و دەیخەنە ژێر بەرپرسیارییەتی شکستە گەورەکانەوە.

جەمال عەبدولناسر کێیە؟
جەمال عەبدولناسر لە ساڵی ١٩١٨ لە شاری ئەسکەندەرییە لەدایکبووە، منداڵی خێزانێکی ئاسایی بووە کە سەرچاوەیان دەگەڕێتەوە بۆ ناوچەی (صعيد) و باوکیشی فەرمانبەرێکی پۆستە و گەیاندن بووە، هەر بەهۆی ئەم کارەی باوکییەوە لە چەند ناوچەیەکی جیاوازی میسردا ژیاوە.

لە تەمەنێکی کەمەوە ژیانی سیاسیی دەستیپێکردووە، ئەوەش بە بەشداریکردن لە خۆپیشاندانی خوێندکاران دژی داگیرکاری بەریتانی و لە یەکێک لەم خۆپیشاندانانەشدا سەری بریندار دەبێت و هێڵێك لەسەر ناوچاوانی دروستدەبێت.

 پەیوەندیکردن بە کۆلێژی سەربازییەوە
بەشداریکردنی لە خۆپیشاندانەکانی خوێندکاراندا لە سەرەتادا بووە هۆی بێبەشبوونی لە پەیوەندیکردن بە کۆلێژی سەربازییەوە، دواتر چووە کۆلێژی یاسا و چەند مانگێک بەردەوام بوو لە خوێندن، بەڵام دواتر هەوڵیدایەوە لە کۆلێژی سەربازی بخوێنێت و وەرگیرا، دوای تەنها ١٧ مانگ لە ساڵی ١٩٣٨ کۆلێژی سەربازی تەواو کرد، ئەمەش بەهۆی ئەوەی پەلە کرا لە دەرچواندنی گروپێک ئەفسەر لەم کۆلێژە و ئەویش یەکێک بوو لەم خوێندکارانە.

ئەفسەرە ئازادەکان
دوای دەرچوونی لە کۆلێژی سەربازی پەیوەندی بە هێزی پیادەی وڵاتەکەیەوە کرد و لە چەند ناوچەیەکی میسردا خزمەتی کردووە، لەم ناوچە جیاوازانەدا ئەو کەسانەی ناسی کە دواتر پێکەوە "ئەفسەرە ئازادەکان"یان رێکخست، دواتریش بوو بە مامۆستا لە کۆلێژی سەربازیی.

کێشەی فەڵەستین
جەمال عەبدولناسر بەشداری لە جەنگی ١٩٤٨ی فەڵەستیندا کردووە، لە سەرەتادا وەک خۆبەخش بەشداری کردووە و دواتریش لە چوارچێوەی سوپای میسردا، ئەوەش کاتێک وڵاتانی عەرەبی دوای کۆتاییهاتنی داگیرکاری بەریتانیا هێرشیان بۆ دەرکردنی میلیشیا جولەکەکان لە فەڵەستین ئەنجامدا، دواتریش بە بڕیاری نەتەوە یەکگرتووەکان خاکەکە لەنێوان فەڵەستین و ئیسرائیلدا دابەشکرا بۆ پێکهێنانی هەردوو دەوڵەتی ئیسرائیل و فەڵەستین.


لە کتێبی "فەلسەفەی شۆڕش"دا کە ساڵی ١٩٥٤ دەرچووە و لەلایەن محەممەد حەسەنێن هەیکەلەوە ئامادەکراوە، جەمال عەبدولناسر باس لە خۆبەخشیی خۆی دەکات لە ریزی فیداییەکانی فەڵەستین پێش ئەوەی میسر بچێتە ناو جەنگی ١٩٤٨ و دەڵێت،" کاتێک قەیرانی فەڵيستین دەستیپێکرد، بە قوڵی بڕوام بەوە هەبوو کە شەڕکردن لە خاکی فەڵەستین شەڕکردن نییە لە خاکێکی بێگانە و غەریبدا، بڕیارەکەش سۆزدارانە نەبوو، بەڵکو پێم وابوو ئەرکێکە بۆ بەرگریکدن لە خۆ."

پێشی وایە ئەم جەنگە کە بە سەرکەوتنی سوپای ئیسرائیل، دەستگرتنی بەسەر ناوچەی (النقب) و گەمارۆدانی سوپای میسر لە باکوری غەززە کۆتایی هات، یەکێک بوو لەو هۆکارانەی وای لە "ئەفسەرە ئازادەکان" کرد لە تەموزی ١٩٥٢ شۆڕش ئەنجام بدەن، ئەو شۆڕشەی کۆتایی بە فەرمانڕەوایەتیی خێزانی محەممەد عەلی لە میسر هێنا.

 کشانەوەی بەریتانییەکان
لە ساڵی ١٩٥٣ جەمال عەبدولناسر سەرکردایەتیی شاندی میسری دەکرد بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی کشانەوەی کۆتایی هێزە بەریتانییەکان لە میسر. دوای ساڵێک رێککەوتنێک لەنێوان جەمال عەبدولناسر وەک سەرۆک وەزیرانی میسر و ئەنتۆنی ناتینج وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری دەرەوەی بەریتانیا واژۆ کرا.

 بەپێی رێککەوتنەکە دەبوایە بەریتانییەکان لە ماوەی ٢٠ مانگدا میسر بەجێبهێڵن، رێککەوتنەکەش کۆتایی بە پەیماننامەی هاوپەیمانی هێنا کە لە ساڵی ١٩٣٦ لە لەندەن واژۆ کرابوو.

بوونە سەرۆک
دوای ریفراندۆمەکەی ١٩٥٦، ناکۆکی کەوتە نێوان محەممەد نەجیب و ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕش، بەم هۆیەشەوە نەجیب خرایە ژێر مانەوەی ناچاری و جەمال عەبدولناسریش بوو بە سەرۆک.

جەمال عەبدولناسر لەلایەن لایەنگرانیەوە بە کەسێکی نزیک لە هەژاران داداەنرێت و ئەمەش بەهۆی سیاسەتە سۆسیالیستییەکانیەوە، رەخنەگرەکانیشی تۆمەتباری دەکەن بە سەرکوتکردنی رکابەرەکانی و دەیخەنە ژێر بەرپرسیارییەتی وێرانکردنی ژیانی سیاسیی و حزبی لە میسر بۆ ماوەی چەند دەیەیەک، ئەوەش بەهۆی هەڵوەشاندنەوەی حزبەکان و پەیڕەوکردنی تاک حزبی.

بە نیشتمانیکردنی کەناڵی سوێس
هێرشی سیانی فەڕەنسا، بەریتانیا و ئیسرائیل بۆ سەر میسر لە دوای بە نیشتمانیکردنی کەناڵی سوێس، بە قۆناغێکی گرنگی سەردەمی فەرمانڕەوایەتی جەمال عەبدولناسر دادەنرێت.

 بەنیشتمانیکردنی کەناڵەکە لە کاتی خۆیدا بە هێمای شکۆی نیشتمانی دادەنرا و بووە دەستکەوتێکی سیاسی گەورەش جەمال عەبدولناسر بەتایبەت دوای کۆتایهاتن بە هێرشی سێ وڵاتەکە، لێرەشەوە وەک سەرۆکێک دەرکەوت کە پشتیوانی لە بزوتنەوە ئازادیخوازەکان دەکات و پشتیوانی سەربەخۆیی گەلانە.
بزوتنەوەی بێلایەن

جەمال عەبدولناسر رۆڵێکی گرنی هەبوو لە پێکهێنانی بزوتنەوەی "بێلایەن" کە لە ساڵی ١٩٦١ لە بەلگراد یەکەم کۆنگرەی خۆی بەست، ئامانجی سەرەکی بزوتنەوەکە بریتی بوو لە دوورکەوتنەوە لە سیاسەتەکانی جەنگی سارد و جەمسەرگیری نێوان رۆژهەڵات و رۆژئاوا، جەمال عەبدولناسر بە یەکێک لە دامەزرێنەرە سەرەتاییەکانی ئەم بزوتنەوەیە دادەنرێت لەگەڵ هەریەک لە نەهرۆی سەرۆک وەزیرانی هندستان، تیتۆی سەرۆکی یوگسلاڤیا و سوکارنۆی سەرۆکی ئەندۆنیزیا.

 هەوڵە هەرێمییەکان
جەمال عەبدولناسر پشتیوانی لە بزوتنەوە ئازادیخوزەکانی ئەفریقا کرد، ئەمەش لەوەوە دەهات کە بۆچوونی وا بوو کە ئەفریقا بازنەیەکی جەمسەرییە بۆ میسر، هەر لەو سەردەمەشدا بەشداری کرد لە هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی رێکخراوی یەکبوونی ئەفریقی کە ئەدیس ئابابا بوو بە بنکەی سەرەکی.

جەمال عەبدولناسر بە یەکێک لە بانگەشەکارانی هزری نەتەوەیی عەرەبیی دادەنرێت، ئەوەش لەبەر باوەڕبوونی بەوەی کە "بازنەی عەرەبی بازنەی باوەڕپێکراو و گرنگی بەستراوەیە بە میسر"ەوە. دواتریش توانی یەکێتی لەنێوان میسر و سوریا بەدیبهێنێت لە ساڵی ١٩٥٨ لەژێر ناوی "کۆماری عەرەبی یەکگرتوو".

جەمال عەبدولناسر پشتیوانی لە شۆڕشی سوپای عێراقیش کرد بەسەر فەرمانڕەوایی پاشایەتیدا لە ساڵی ١٩٥٨، رۆڵی گرنگیشی گێڕا لە پشتیوانیکردنی شۆڕشی جەزائیر و شۆڕشی یەمەنیش لە ساڵی ١٩٦٢.

بڕیاری ناردنی سوپا بۆ یەمەن رووبەڕووی رەخنەیەکی زۆر بووەوە و بە بەهەدەردانی سامانی وڵات لێکدرایەوە و وەک یەکێک لە هۆکارەکانی شکستی سوپای میسریش لەبەرامبەر ئیسرائیل لە ساڵی ١٩٦٧ دادەنرێت.

 بەرەو شکست
لە کۆنگرەی لوتکەی عەرەبی یەکەم لە ساڵی ١٩٦٤، جەمال عەبدولناسر داوای پێکهێنانی رێکخراوی ئازادکردنی فەڵەستینی کرد تاکو سەرکردایەتی هێزی گەلی عەرەبیی فەڵەستینی بکات بۆ جەنگی ئازادی، بەرگریکردن لە مافەکانی گەلی فەڵەستین، ئاسایشەکەی و رێگایەک بۆ سەرکەوتن.

جەنگی حوزەیرانی ١٩٦٧ بە شکستێکی گەورە دادەنرێت لە ژیانی جەمال عەبدولناسر و پڕۆژەی نەتەوەیی عەرەبی، کە تێیدا هێزە ئیسرائیلییەکان توانیان دەست بەسەر نیوە دوورگەی سینا، کەرتی غەززە، کەرتی رۆژئاوا و جۆلانی سوریادا بگرن.

کۆتا وێستگەی ژیانی جەمال عەبدولناسر کۆنگرەی لوتکەی عەرەبی ١٩٧٠ بوو، دواتر و لە ٢٨ی ئەیلولی ١٩٧٠ بە جەڵتەی دڵ کۆچی دوایی کرد.