ڕاپۆرتی کوردستانی

03:45 - 30/09/2020

رۆژئاوای کوردستان داواکاری ئەڵمانیا بۆ رادەستکردنەوەی خێزانە داعشەکان رەتدەکاتەوە‌

پەیسەر

دوای ئەوەی هێزەکانی سوریا ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان و بەشێک لە ناوچەکانی دیکەی سوریاشیی ئازاد کرد، هەزاران چەکداری داعش دەستگیرکران و خرانە زیندانەکانی رۆژئاواوە، چەندین جار رۆژئاوای کوردستان داوای لە وڵاتانی ئەورووپا کردووە، ئەم هەزاران ژن، منداڵ و چەکدارەی داعش وەربگرنەوە و بیانگێڕنەوە بۆ وڵاتەکانیان، بەڵام ئەم داواکارییە رەتکراوەتەوە.

رەتکردنەوەی داواکاری ئەڵمانیا
بەپێی هەواڵێکی نوێی دامەزراوەی رادیۆ و تەلەفیزیۆنی ئەڵمانی (NDR)، ئیدارەی رۆژئاوای کوردستان داوایەکی حکومەتی ئەڵمانی رەتکردووەتەوە سەبارەت بە رادەستکردنەوەی چەکدارە داعشە بە رەگەز ئەڵمانییەکان بە بەرلین.

بەپێی هەواڵەکە، دەسەڵاتی خۆسەری کورد لە باکور و خۆرهەڵاتی سوریا داواکاری ئەڵمانییەکانی بۆ رادەستکردنەوەی چەکدارە ئەڵمانییە داعشەکان رەتکردووەتەوە و بەو داوایە رازی نەبووە.

دامەزراوەکە لە درێژەی هەواڵەکەدا باسی لەوە کردووە، لە مانگی کانونی دووەمی ئەمساڵ وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا لیستێکی بە دەسەڵاتی خۆسەری رۆژئاوای کوردستان داوە کە ناوی ٢٥ ژن و منداڵی تێدا بووە، بەرلین داوای رادەستکردنەوەی ئەو ٢٥ هاووڵاتییەی خۆی کردووە کە لەنێو داعشدا بوون.

منداڵە نەخۆشەکان ببەن
دوای ئەوەی داواکارییەکە و لیستەکەی حکومەتی ئەڵمانیا بە دەسەڵاتی خۆسەری رۆژئاوا گەیشتووە، رۆژئاوا بە نەخێر وەڵامی ئەڵمانییەکانی داوەتەوە، لەبری ئەوە رۆژئاوا داوای لە ئەڵمانیا کردووە، ژمارەیەک منداڵی بێدایک و باوک و نەخۆش وەربگرێت و بیانبات بۆ ئەڵمانیا.

هەواڵەکەی دەزگای (NDR) پشتی بە چەند نووسراو و نامەیەکی ئەلیکترۆنی نێوان خۆسەری رۆژئاوا و حکومەتی ئەڵمانیا بەستووە.

لەگەڵ ئەوەی وەڵامی خۆسەری رۆژئاوا نەخێر بووە بەڵام لە هەواڵەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، نوێنەرێکی رۆژئاوا بە وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیای وتووە، دوای کۆتایهاتنی رێکارەکانی رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا یەکسەر داواکارییەکەی حکومەتی ئەڵمانی جێبەجێدەکەن و دەست بە پڕۆسەی گەڕانەوەی چەکدارە بە رەگەز ئەڵمانییەکان دەکەن بۆ بەرلین.

ئەوەی جێگەی سەرنجە هەواڵەکە باسی لەوە کردووە، بەپێی بەڵەگەکانی وەزرەتی دەرەوەی ئەڵمانیا، ئەو نوێنەرەی رۆژئاوا لە تەلەفۆندا بە روونی رادەستکردنەوەی ئەو لیستە ٢٥ کەسییەی رەتکردووەتەوە.

هەر بەپێی ئەو بەڵگانە، لەبەرئەوەی ژنە داعشەکان دەدرێت بە لیژنەی لێپرسینەوەی ئیدارەی رۆژئاوا، لەم کاتەدا ناتوانن رادەستی ئەڵمانیایان بکەنەوە.

 گۆڕانکاری داواکارییەکان
تاکو ئەم ساتە خۆسەی رۆژئاوای کوردستان داوای لە وڵاتە بیانییەکان کردووە کە ئەو چەکدارە داعشانە وەربگرنەوە هەڵگری رەگەزنامەی ئەو وڵاتانەن، بەڵام ئەو وڵاتانە بە بیانووی جیا جیا ئەم داواکارییەیان رەتکردووەتەوە و تەنها وەرگرتنەوەی منداڵەکانیان پەسەند کردووە، بەڵام ئێستا دەردەکەوێت ئەڵمانیا داوای هاوڵاتییەکانی دەکات و رۆژئاوای کوردستان رەتیدەکاتەوە.

تاکو ئێستا ٢٥ خێزان لە ئەڵمانیا داواکارییان پیشکەشی حکومەت کردووە بۆ گەڕانەوەی ئەو ئەندامانەیان کە چوونەتە ریزەکانی داعش کە ئێستا لە زیندانەکانی رۆژئاوای کوردستاندان.

لە وەڵامی ئەم داواکارییانەدا دادگای ئیداری لە شاری بەرلین ژمارەیەکی زۆر لەم داواکارییانەی پەسەند کردووە و داوای لە حکومەتی فیدراڵی ئەڵمانی کردووە بەپێی دەستور کار بۆ گەڕاندنەوەی ئەم هاوڵاتیانەی داو داعش بدات.

رەخنەگرتن لە ئەڵمانیا
(Dirk Schoenian) پارێزەری ئەو خێزانە ئەڵمانیانەیە کە داوای گەڕانەوەی ئەو کەسانەی خێزانەکانیان دەکەن کە چوونەتە ریزەکانی داعش و ئێستا لای ئیدارەی خۆسەری رۆژئاوا زیندانین.

پارێزەرەکە باس لەوە دەکات، هەر لە سەرەتاوە حکومەتی ئەڵمانی هەوڵی خۆی داوە بۆ ئەوەی ئەم کەسانە نەگەرێنێتەوە ئەڵمانیا، هەوڵەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیاش هەوڵێکە لە چوارچێوەی "نەبوونی بەرپرسیارییەتی دەوڵەت بۆ پاراستنی هاوڵاتیانی."

پارێزەری خێزانە ئەڵمانییەکان ئەم سیاسەتە نوێیەی خۆسەری رۆژئاوای کوردستان بە سەرسامکەر نازانێت و پێشی وایە دەبوایە حکومەتی ئەڵمانیا زووتر کاری بۆ گەڕاندنەوەی ئەم هاوڵاتیانە بکردایە.

باس لەوەش دەکات، گوێنەدانی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا بە بڕیارەکانی دادگای باڵای ئیداری (Berlin-Brandenburg) و دادگای ئیداری بەرلین، بۆ گەڕاندنەوەی ئەم هاوڵاتیانە شورەییە.

هەڵهاتن لە کەمپ
یەکێک لەو رووداوانەی بەردەوام دووبارە دەبنەوە لە کەمپی هۆل ئەوەیە چەکدارانی داعش - ژنان هەوڵی هەڵهاتن دەدەن و دەیانەوێت بگەن بە تورکیا.

کەمپی هۆلی تایبەت بە خێزانەکانی چەکدارانی ٤٠ کیلۆمەتر لە  ڕۆژهەڵاتی شاری حەسەکەوە دوورە، ژنەکانی کەمپەکە بەردەوام ئاڵۆزی دروستدەکەن لە ناو کەمپەکەدا تاکو بتوانن هەڵبێن، بەڵام هەوڵەکانیان شکسدەهێنێت و دیسانەوە لەلایەن ئاسایشی کەمپەکەوە دەستگیر دەکرێنەوە.

 تورکیا زیندانییەکان دەڕفێنێت
تورکیاش چەندین  جار هەوڵی رفاندنی چەکدارانی داعشی لە کەمپی هۆل داوە و لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵیش دەزگای میتی تورکیا توانی بچێتە نێو کەمپی ئاوارەکان و ژنێکی مۆلدۆڤی و چوار منداڵ بڕفێنێت.

ئیدارەی خۆسەری رۆژئاوای کوردستان و هاوپەیمانی نێودەوڵەتیش بەردەوام داوایان لە وڵاتان کردووە کە چەکدارانی داعش وەربگرنەوە کە ژمارەیان هەزاران چەکدارە و لەنێو کەمپ و زینادنەکانی رۆژئاوای کوردستاندان.