ڕاپۆرتی کوردستانی

01:15 - 01/10/2020

ناردنی پەیامی سیاسی و ئەمنی بە موشەك بۆ هەولێر‌

پەیسەر

هاوكات لەگەڵ هەڕەشە و مەترسی لەسەر باڵیۆزخانە و نوێنەرایەتی دیبلۆماسی وڵاتان بەتایبەت ئەمریكا و ئەوروپا لە بەغداد، ژمارەیەك مووشەك هەمان هەوێنی مەترسییان بۆ هەولێریش گواستەوە و بە بڕوای چاودێران دوو پەیامی سەرەكی لە پشتی موشەكەكانەوە خۆیان حەشارداوە پەیامێكی سیاسی و پەیامێكیش ئەمنی.

چی روویدا؟
دواین شەوی مانگی ئەیلول، شەش مووشەك بە ئاراستەی فرۆكەخانەی هەولێر هاوێژران و بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستانیش مووشەكەكان هیچ زیانێكی گیانییان لێنەكەوتووەتەوە و شوێنی هاویشتنەكەشیان لە (بەرتڵە)ی سەر بە پارێزگای نەینەوا هاوێژراون كە لەرووی ئەمنییەوە لەژێر دەسەڵاتی حەشدی شەعبیدایە.
وەزارەتی ناوخۆ لە راگەیەندراوەكەیدا دەڵێت، "كاتژمێر  8:30 خولەكی شەوی چوارشەممە، شەش موشەك بە ئاراستەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر هاوێژران كە خۆشبەختانە هیچ ئامانجێكیان نەپێكاوە و هیچ زیانێكی لێ نەكەوتووەتەوە. موشەكەكان لە سنووری (بەرتلە) لە نێوان گوندەكانی شیخ ئەمیر و تەرجلە لە سەر پیكابێك هاوێژراون. ئەم دەڤەرەش دەكەوێتە سنووری لیوای 30 حەشدی شەعبی.  
ئاماژەیان بەوەشداوە تیمە تایبەتەكانی ئەوان خەریكی لێكولینەوەی وردن بۆ بە دەستهێنانی زانیاری زیاتر و لە كاتێكدا بە توندترین شێوە ئەم هێرشە تێرۆریستیە ترسنۆكانەیە ئیدانە دەكەن، لە هەمانكاتدا ئامادەیی تەواویان نیشانداوە بۆ بەرپەچدانەوەی هەر دەستدرێژیەك. داواش لە حكومەتی فیدرالی دەكەن ئیجرائاتی پێویست وەربگرن.

پەیامی هەولێر بۆ بەغداد
دوابەدوای هێرشە موشەكییەكە، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان پەیامێكی بە پەلەی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر بڵاوكردەوە و بەپێی پەیامەكە هۆشداری دراوە بە عێراق لەبارەی بەئامانجكردنی رەوشی ئاسایشی هەرێمی كوردستان.
مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە تویتەكەیدا دەڵێت، حكومەتی هەرێم لێبوردە نابێت بەرامبەر هەر هەوڵێك بۆ تێكدانی سەقامگیریی كوردستان و وەڵامی تووندی دەبێت.
مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەشكردووە، لەگەڵ مستەفا كازمی قسەی كردووە و باسی لە گرنگی لێپرسینەوە لەوانەی بەرپرسن لە هێرشەكە كردووە.

ئەمریكا هاتووەتە سەرهێڵ
بەرپرسێكی ئەمریكی لەبارەی هێرشە موشەكییەكەی سەر هەولێر زیانیاری بۆ كەناڵی سی ئێن ئێن ئاشكرا كردووە و دەڵێت، ئەو مووشەكانەی بەكارهێنراون گەورەتر و بەهێزترن لەو مووشەكانەی پێشتر بۆ كردەی هاوشێوە بەكارهاتوون.
هاوكات وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە وەڵامی كەناڵێكی راگەیاندنی سەر بە پارتی دیموكراتی كوردستان ئاماژەی بەوەداوە كە ئاگاداری هێرشە مووشەكییەكانن و لێكۆڵینەوەی لەبارەوە دەكەن.

پەنجەی تۆمەت رووی لە حەشدی شەعبییە
دوابەدوای هێرشە موشەكییەكە، راستەوخۆ وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان باسی لە بەرپرسیارێتی حەشدی شەعبی كرد لەو رووداوە بەوپێیەی ئەو ناوچەیەی سەكۆی هاویشتنی موشەكەكانی لێبووە لەژێر كۆنترۆڵی ئەمنی هێزەكانی حەشدی شەعبیدان.
لە بەرامبەردا فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی حەشدی شەعبی لە نەینەوا رایگەیاند كە بەدواداچوون دەكەن.
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی نەینەوای حەشدی شەعبی لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، "فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی نەینەوای حەشدی شەعبی بەدواداچوون بۆ لێدوان و هەڵوێستەكان كردووە لەبارەی ئاراستەكردنی مووشەك و كردنە ئامانجی هەولێر، داخ و سەرسووڕمانی خۆمان لەبارەی هەندێك كاردانەوەی بەپەلە دەردەبڕین و روونیدەكەینەوە، كە ئەو ناوچەیەی مووشەكەكانی تێدا ئاراستەی هەولێر كراوە، ناوچەیەكی چۆڵەوانییە و دەكەوێتە نێوان سێگۆشەی سوپا و هێزەكانی حەشدی شەعبی لە شەبەك و هێزەكانی پێشمەرگە".

فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی نەینەوای حەشدی شەعبی ئاماژەی بەوەشداوە كە لێكۆڵینەوە لەو رووداوە كراوە، لە كامێراكاندا وێنەی ئەو ئۆتۆمبێلە دەردەكەوێت، كە مووشەكەكانی هەڵگرتووە و لە كوێوە هاتووە، هەروەك فەرماندراوەتە فەرماندەی لیوای 30ی حەشد لێكۆڵینەوە و بەدواداچوون بكات لەبارەی ئەوانەی ئەو مووشەكانەیان ئاراستە كردووە، دواتر شوێنی جوڵەكردنی ئۆتۆمبێلەكە و ئەو لایەنەی كە ئەو شوێنەی لە ژێر كۆنتڕۆڵدایە، ئاشكرادەكەن.

پەیامی پشتی موشەكەكان
بە بروای چاودێران لەم كاتەدا ئاراستەكردنی مووشەك بۆ هەولێر بە دیاریكراوی بۆ فرۆكەخانەی هەولێر زیاتر لە پەیامێك هەڵدەگرێت، بەڵام لە رووی سیاسییەوە تەواوكەری هەمان ئەو ئاڵۆزییەیە كە باڵی بەسەر بەغدادا كێشاوە، بەتایبەت لە گرەوكردنی هەندێك لایەن بۆ هەرەسپێهێنانی حكومەت و لە چەند رۆژی رابردووشدا سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە ئاشكرا پشتیوانی هەرێمی بۆ سەرۆك وەزیرانی عێراق دووپات كردەوە.
لە لایەكی دیكەوە بۆچونێك هەیە پێیوایە كە لە ئێستادا دیبلۆماتكار و باڵیۆزی وڵاتان بیر لەوە دەكەنەوە كە بەهۆی مەترسییە ئەمنییەكانەوە بەشێك لە كاروبارەكانیان بۆ هەولێر بگوازنەوە، هەربۆیە دەشێ‌ ئەم موشەكانە وەك پەیامێكی ئەمنی تەرجەمە بكرێن كە هەولێریش شوێنێكی دوورەدەست نییە بۆ ئەو كەسانەی دەیانەوێت لە بەغداد مەترسی لەسەر دیبلۆماتكارانی بیانی دروستبكەن.