03:21 - 02/10/2020
جه‌میل به‌شیر..ئەو سریانییەی بووە چرای میوزکی کوردی
زه‌ریابی دووه‌م و
ژێی شه‌شه‌می عود
له‌په‌نجاكان به‌دواوه ده‌نگی زاڵ و دیاری مۆسیقا له‌رادیۆی كوردی به‌غدا ده‌نگی كه‌مان یا عوده‌كه‌ی جه‌میل به‌شیر بوو. به‌بێ به‌كارهێنانی ڕیشه عودی ده‌ژنی و هه‌ر ده‌په‌نجه‌ی به‌كارده‌هێنا و ئاوازی لێوه ده‌رده‌هێنا. زۆرینه‌ی مه‌قام و گۆرانی هونه‌رمه‌ندانی كۆنی كورد مۆسیقاكه‌ی له‌لایه‌ن ئه‌مه‌وه ژه‌نراوه. ته‌نانه‌ت له ئاهه‌نگێكی عه‌لی مه‌ردان به بۆنه‌ی جه‌ژنی نه‌ورۆزه‌وه جه‌میل به‌شیر به‌جلی كوردییه‌وه به‌شداری كرد و موزیكی ژه‌نی.له‌كاتێكا خۆشی كوردی نه‌بوه.
ئه‌و به‌ئه‌ندازه‌یه‌ك عاشقی مۆسیقای كوردی بوو، كه ئاوازی چه‌ندین گۆرانی كوردی له‌سه‌ر نۆته‌ی مۆسیقا نوسیه‌وه و له كتێبه‌كه‌یدا بڵاویكرده‌وه و رۆڵی خۆی هه‌بوو له ناساندنی موزیكی كوردی. به‌هۆی ئاشنابوونی به هونه‌رمه‌ندانی كورد خۆی فێری زمانی كوردیش كردبوو.
جه‌میل به‌شیر كێیه؟ بۆ پێی ده‌ڵێن زه‌ریابی دووه‌م؟
جه‌میل به‌شیر ساڵی 1921 له شاری موصڵ له دایك بوو، په‌روه‌رده‌ی بنه‌ماڵه‌یه‌كی (سریانی) مه‌سیحی بوو، باوكی عودژه‌ن بوو و له هه‌مان كاتدا ئامێری عودیشی دروست ده‌كرد و ئاوازه‌كانی كه‌نیسه‌ی پێ ده‌ژه‌نی، ئه‌مه‌ش وای لێ‌كرد له منداڵیه‌وه مۆسیقای خۆشبوێ و حه‌زی فێربوونی موزیك چووه دڵیه‌وه. مونیر به‌شیری براشی هونه‌رمه‌ند و عودژه‌نێكی به‌ناوبانگ بوو.
له‌ماوه‌ی خوێندنی په‌یمانگای مۆسیقا له‌نێوان ساڵانی 1939- 1943 له‌به‌ر توانای هونه‌ری، مامۆستاكه‌ی عوده‌كه‌ی خۆی به‌دیاری پێبه‌خشی و پێی وت تۆ خه‌لیفه‌ی منی. ساڵی 1943 به پله‌ی ئیمتیاز به‌شی مۆسیقای له په‌یمانگای هونه‌ره‌جوانه‌كان (فنون جمیله) ته‌واو كرد.
یه‌كێ له‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی جێ په‌نجه‌ی به‌سه‌ر مۆسیقای رۆژهه‌ڵاتییه‌وه دیاره و له داهێنانێكی هونه‌ریدا وه‌ته‌ر (ژێی) شه‌شه‌می بۆ ئامێری عود زیادكرد، جه‌میل به‌شیره. ئه‌و خاوه‌نی ته‌كنیك و ڕێچكه‌یه‌كی تایبه‌ت به‌خۆیه‌تی له ژه‌نینی عود و به قوتابخانه‌یه‌كی عودی عێراقی داده‌نرێت. یه‌كه‌م كه‌سیشه له رۆژهه‌ڵاتی ناوەڕاستدا به‌ئامێری عود موزیك و ئاوازی رۆژئاوایی بژه‌نێ. له‌هه‌مانكاتدا كه‌مان (ڤیۆلین) كه خۆی ئامێرێكی رۆژئاواییه ئه‌و توانی به ئیحساسێكی شه‌رقیانه‌وه ئاوازه‌كان به‌م ئامێره بژه‌نێ.
له ساڵانی په‌نجاكان و شه‌سته‌كان جه‌میل به‌شیر توانی وه‌ك كه‌مانژه‌ن و عود ژه‌نێكی به‌توانای له‌مه‌یدانی هونه‌ریدا خۆی نیشانبدا. زۆر له عودژه‌نه‌كانی عێراقی سوودیان له ئه‌زموون و به‌هره‌ی ئه‌م هونه‌رمه‌نده وه‌رگرتووه. به لێهاتوویی و سوكی په‌نجه‌و خێرایی له ژه‌ندنی ئه‌و ئامێره به‌ناوبانگ بوو. هونه‌رمه‌ند و ئاوازدانه‌ری میصری (محمد عبدالوهاب) له ستایشی توانا هونه‌رییه‌كه‌ی وتوویه‌تی"جه‌میل به‌شیر باشترین عودژه‌نی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته".
چۆن به موزیكی كوردی ئاشنابوو؟
چی پێشكه‌شی موزیكی كوردی كردووه؟
چیرۆكی ئاشنابوونی جه‌میل به‌شیر به مۆسیقای كوردی له‌شاری موسڵه‌وه ده‌ستیپێكرد، كه به‌هۆی سنوره جوگرافییه‌كه‌وه به‌موزیكی شادی كوردی و ئاوازه فۆلكلۆرییه‌كانی ناوچه‌ی بادینان وه‌ك (لاوك) ئاشنابوو، پاشان كه چووه رادیۆی به‌غدا له‌نزیكه‌وه هونه‌رمه‌ندانی كوردی ناسی ئه‌وه‌نده‌ی تر مۆسیقای كوردی چووه دڵیه‌وه و پێی كاریگه‌ربوو. ئه‌و مرۆڤێكی ئه‌نته‌رناسیۆنال بوو، هاوكاری زۆر له هونه‌رمه‌ندانی كوردی كرد كه ده‌هاتنه رادیۆی به‌غدا و به‌رهه‌میان تۆمار ده‌كرد.
بوه یه‌كێك له دامه‌زرێنه‌رانی به‌شی كوردی رادیۆی به‌غدا و ئه‌و له سه‌رده‌مێكدا خزمه‌تێكی به‌رچاوی به مۆسیقای كوردی كرد كه، مۆزیككار و مۆسیقاژه‌نی كورد كه‌م بوون، به‌ڵكو به په‌نجه‌ی ده‌ست ده‌ژمێردران.
جه‌میل به‌شیر وه‌ك موزیكژه‌نێك هاوكار بوو له تۆماركردنی چه‌ندین گۆرانی بۆ هونه‌رمه‌ندانی كورد وه‌ك مامۆستا عه‌لی مه‌ردان، حه‌سه‌ن جزراوی، محەمەد عارف جزراوی، نه‌سرین شێروان، شه‌ماڵ سائیب، مریه‌م خان، ئه‌ڵماس خان، تاهیر تۆفیق، ڕه‌شۆڵ، ره‌سوڵ گه‌ردی. به‌رهه‌می هونه‌رمه‌ندانی كورد له‌رادیۆی به‌غدا هه‌ر هه‌مووی جه‌میل به‌شیر دابه‌شكردنی مۆسیقای بۆ ده‌كرد و خۆشی عود یا كه‌مانی ده‌ژه‌نی.
شاره‌زای ئاواز و مۆسیقای كوردی بو و چه‌ندین پارچه مۆسیقای كوردی وه‌ك ( لاوك و كابوكێ و هه‌ی نێرگز نێرگز) تۆمار كردووه.
جه‌میل به‌شیر ڕۆڵی گرنگی هه‌بوو له بڵاوكردنه‌وه و ناساندنی مۆسیقا و گۆرانی كوردی له وڵاتانی عێراق و ئێران و سوریا و لوبنان و توركی له‌ڕێی ئه‌و قه‌وانانه‌كانی (چه‌قماقچی و عه‌شتارفۆن و به‌شیرفۆن) كه ده‌یان گۆرانی كوردی تۆماركرد.
بۆ ئه‌نجامدانی كۆنسێرتی موزیك ده‌چووه شاره‌كانی قاهیره و به‌یروت و مۆسكۆ و باكۆ و پاریس و مۆنتی كارلۆ. یه‌كێ له‌و ئاهه‌نگانه ئاوازی گۆرانی (كابۆكێ) به عوده‌كه‌ی ده‌ژه‌نێ به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌م ئاوازه كوردییه ریتمێكی شادی هه‌یه و دڵخوازی زۆركه‌سه، ده‌بێته هۆی سه‌رسامی ئاماده‌بووان و به چه‌پڵه‌ڕێزان پێشوازیان له‌و به‌رهه‌مه‌ی كرد.
جه‌میل به‌شیر دوای هونه‌رمه‌ند كۆمیتاسی ئه‌رمه‌نی، دووه‌م كه‌سه كه كه چه‌ندین ئاواز و گۆرانی كوردی له‌سه‌ر نۆته‌ی مۆسیقا نوسیوه‌ته‌وه و له‌كتێبه‌كه‌یدا بڵاوی كردۆته‌وه. كتێبه‌كه‌شی تا ساڵانێكی زۆر سه‌رچاوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی بو له‌پرۆگرامی خوێندنی ئه‌كادیمیا هونه‌رییه‌كانی عێراق و توركیا. بێگومان ئه‌و كاره هونه‌رییانه‌ی جه‌میل به‌شیر خزمه‌تێكی به‌رچاوه به گۆرانی و مۆسیقای كوردی.
https://www.youtube.com/watch?v=vCduvqUOClQ
جه‌میل به‌شیر و هونه‌رمه‌ندانی كورد
جه‌میل به‌شیر براده‌ر و دۆستی نزیكی هونه‌رمه‌ندانی كورد بوو. زوو زوو دەچووە به‌شی كوردی رادیۆی به‌غدا، به‌شداری ده‌كرد له ئاهه‌نگی گۆرانی هه‌ندێ له گۆرانیبێژانی ئه‌وسا.
له‌گه‌ڵ قادر دیلان-یشدا براده‌ر بوون، وایان ده‌كرد گۆرانیه‌كان كه‌مێك به‌لای ئاوازی كوردیدا بشكێنه‌وه و ڕه‌نگ وبۆی كوردی لێبێت. زۆرجاریش له وه‌رزی به‌هاردا به‌هاوڕێیه‌تی شه‌ماڵ سائیب ده‌هاته كوردستان بۆ بینینی سروشته جوان و دڵنشینه‌كه‌ی.
https://www.youtube.com/watch?v=GJ-MfkYzqmo
ئه‌رشیفكردنی ئاوازه كوردییه‌كان
جه‌میل به‌شیر ساڵی 1961 كتێبێكی به ناونیشانی (عود و ڕێگای فێربوونی ـ عود و گریقه تدریسه) دانا. ئه‌م كتێبه كه دوو به‌رگه، ئه‌زموونی بیست ساڵی ئه‌و هونه‌رمه‌نده موزیكزانه‌یه له‌كاری كردنی له ڕادیۆ و ته‌له‌فزیۆن.
به‌هۆی گرنگی و بایه‌خی ئه‌و كتێبه له مه‌نهه‌نج و پڕۆگرامی زانكۆ و په‌یمانگاكانی مۆسیقایه له توركیا و عێراق و قاهیره ده‌خوێندرێت.
جه‌میل به‌شیر له‌كتێبه‌كه‌یدا ئاوازی چه‌ندین گۆرانی كوردی و عه‌ره‌بی تێدا به‌شێوه‌ی نۆته‌ی مۆسیقا نووسیوه، ئه‌رشیفكردنی ئه‌و میلۆدییه كوردییانه كارێكی گرنگی ئه‌م مۆسیقاره بوو، كارێكی كرد له فه‌وتان رزگار بكرێت و تا له‌رووی زانستی موزیكیشه‌وه سودی لێوه‌ربگیرێت.
ئه‌و گۆرانیه كوردییانه‌ی كه جه‌میل به‌شیر نۆته‌ی موزیكی بۆ داناوه و له‌كتێبه‌كه‌یدایه:
سابڵاخ شارێكی خۆشه، ئه‌ی باڵا به‌رزی نه‌رم و شل، له‌و كه‌له ده‌نگی ساز دێ، دانه دانه ، كۆڵان به كۆڵان، هه‌وری لار ، به یادم كه، راسته‌ی خیابان كه سه‌رجه‌می ئه‌م گۆرانییانه ئاوازه‌كه‌ی عه‌لی مه‌ردان دایناوه.
كابوكێ و گۆرانی كراسێ ته مه‌له‌سه.. هاوه‌رلێ جان و جان، به‌ده‌نگی هونه‌رمه‌ند محەمەد عراف جزراوی، مۆسیقاكه‌ی جه‌میل به‌شیره‌و له كۆمپانیای چه‌خماقچی تۆماركراوه.
ئامینێ نازه‌نینێ، هه‌ی نێرگز نێرگز ، ئامنه‌ی باڵا به‌رز، خاڵه‌ی ڕێبوار، ئامینێ و ئامین ، با بچینه سه‌ر وه‌یس بارانه، خاسێ تۆ خانمی، ئا لاوه لاوه گوڵی، نیوه شه‌و ڕابورد، كاڤوكێ، ، هه‌ی به‌لار، كراس كوده‌ری ئاوریشم، نه‌سرین ده‌مێكه، وه‌ك قومری سه‌ر باڵم شینه و ده‌یان گۆرانی تر.
جه‌میل به‌شیر دوای چه‌ندین ساڵ له سه‌رپه‌رشتی كردنی به‌شی مۆسیقای رادیۆی به‌غدا و تۆماركردنی سه‌دان گۆرانی كوردی و عه‌ره‌بی و توركمانی و ئاشوری بۆ هونه‌رمه‌ند و گۆرانیبێژانی ئه‌و ڕۆژگاره. دانانی چه‌ندین پارچه مۆسیقا و له هه‌مان كاتدا په‌روه‌رده‌كردنی ده‌یان موزیكژه‌ن له‌ماوه‌ی بیست ساڵی ده‌رس وتنه‌وه‌ی له‌به‌شی موزیكی په‌یمانگای هونه‌ره جوانه‌كان، له‌سه‌ر داوای خۆی خانه‌نشینكرا و به‌هۆی نه‌خۆشی و باری ته‌ندروستیه‌وه وازی هێنا. ئه‌م هونه‌رمه‌نده له ڕۆژی 22ی ئه‌یلولی 1977 له له‌نده‌ن كۆچی دوایی كرد.
سه‌رچاوه:
1-پاشكۆی رۆژنامه‌ی (المدی) له‌سه‌ر جه‌میل به‌شیر، ژماره ( 3193 ).
2-نامه‌ی (جونه‌ید جه‌میل به‌شیر) كوڕی هونه‌رمه‌ند بۆ نوسه‌ر.