ڕاپۆرتی کوردستانی

03:37 - 04/10/2020

کۆرۆنا هەرێمی کوردستان گیرۆدە دەکات‌

پەیسەر

ساڵێک بەسەر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنادا تێدەپەڕێت، جیهان هێشتا بەدەست ڤایرۆسەکەوە دەناڵێنێت، تاکو ئێستاش هیچ ڤاکسینێکی دڵنیاکەرەوە و دانپێدانراو لەلایەن رێکخراوی تەندروستی جیهانییەوە ئامادە نەکراوە، ژمارەی تووشبوون و مردن بە ڤایرۆسەکە لە هەرێمی کوردستان لە ئاستێکی بەرزدایە، رێکارەکانی خۆپارێزیش لە ئاستێکی زۆر لاوازدایە، دهۆکیش بۆ رزگاربوون داوای قەدەغەی هاتوچۆ دەکات.

هەرێمی کوردستان
مانگی ئازار مانگی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوو لە هەرێمی کوردستان، لەم مانگەوە ژمارەی حاڵەتەکانی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرنا بەرزدەبووەوە و بۆ یەکەم جاریش مردن بە ڤایرۆسەکە لە سلێمانی تۆمار کرا.

دوای سلێمانی ڤایرۆسەکە لە شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستانیش تۆمارکرا، بەڵام لە مانگەکانی سەرەتادا ڤایرۆسەکە تەنها لە سلێمانیدا بە رێژەیەکی بەرز تۆمار دەکرا، دواتر لە هەولێر و سەرجەم شارەکانی دیکەش بڵاوبووەوە، لە کۆتایی مانگی مایس لە گەرمیانیش ڤایرۆسەکە تۆمارکرا.

دهۆک؛ پارێزراوێکی کارەساتبار
 لەگەڵ ئەوەی لە ١٩ی ئازار یەکەم تووشبووی کۆرۆنا لە دهۆک تۆمارکرابوو بەڵام دهۆک هێشتا پارێزراو بوو، تاکو چەند هەفتەیەک دواتریش هیچ تووشبوویەک لە دهۆک گیانی لەدەستنەدا.

مانگی ئاب مانگی سەرەتای کارەساتباری بوو بۆ دهۆکییەکان، دوای تۆمارکردنی زیاتر لە ٥٠٠ تووشبووی کۆرۆنا، لە سەرەتای مانگی ئاب دوو تووشبووی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەی ئاکرێ گیانیان لەدەستدا، دواتر و بەردەوام رێژەی تووشبوون و مردن بە کۆرۆنا لە سنوری پارێزگای دهۆک رووی لە بەرزبوونەوە بوو.

پارێزگای دهۆک کە پارێزراوترین ناوچەی هەرێمی کوردستان بوو، ماوەی چەند هەفتەیەکە لە پلەی یەکەمی شارەکانی کوردستاندایە بۆ تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا و تاکو ئێستاش زۆرترین تووشبووی تێدا تۆمار دەکرێت، تاکو ئێستا لەم پارێزگایە ١٣ هەزار و ١٤١ حاڵەتی تووشبوون بە کۆرۆنا تۆمار کراوە و لەو ریژەیەش ٢٨١ کەس گیانیان لەدەستداوە.

تەنها رۆژی یەکشەممە ٣ی تشرینی یەکەم ٢٦٣ تووشبووی کۆرۆنا تۆمارکرا کە زیاترە لە کۆی تووشبووانی ناوچەکانی دیکەی هەرێم لە هەمان رۆژدا و حەوت کەسیش گیانیان لەدەستدا، ئەم بەرزبوونەوەیەش وای لە بەرسانی تەندروستی پارێزگا کرد داوای راگەیاندنی قەدەغەی هاتوچۆ بکەن.
ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ پێگەی (باسنیوز) وتی، "ئەوەی پێمان بکرێت بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، درێخی لێ ناکەین و ئەرکی سەر شانی خۆمان بەجێ دێنین، بەڵام ئێستا ناتوانم بڵێم قەدەغەی ھاتوچۆ ڕادەگەیەنین، چونکە پێویستمان بە بۆچوونی پارێزگارەکان و وەزیری تەندروستی و بەڕێوەبەری تەندروستیی شارەکانی ھەرێمی کوردستانە، بۆیە ھەر کاتێک کۆبوونەوەکە کرا، ئەوکاتە دەردەکەوێت ئاخۆ پێویست بەوە دەکات بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆ بدەین یان نا."

حاڵەت و مردن بە کۆرۆنا لە ئاستێکی بەرزدایە
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی هەرێم و بەرپرسانی تەندروستی شارەکان، لە ئێستادا لە زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان رێژەی تووشبوون بە کۆرۆنا و گیانلەدەستدان لە ئاستێکی زۆر بەرزدایە، بەرپرسانی تەندروستی و پزیشکەکان گلەیی لە هاوڵاتیان دەکەن کە پابەندی رێکارەکانی تەندروستی نین، بەرسانی تەندروستی سلێمانیش دووپاتیان کردووەتەوە کە لە سلێمانیدا جێگا نەماوە و بۆ نەخۆش و داوای پابەندی لە هاوڵاتیان دەکەن.

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان، تاکو ئێستا تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمار کراوە، لەو رێژەیەش کەس گیانیان لەدەستداوە و تووشبووش چاکبوونەتەوە.

جیهانی پەتا گرتوو
دوای نزیکەی ساڵێک لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە ژمارەی تووشبوون بە ڤایرۆسەکە گەیشتووەتە ٣٥ ملیۆن و ١٧٤ هەزار و  ٩٩٦ کەس، لەو رێژەیە یەک ملیۆن و ٣٣ هەزار و ٥٤٣ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٢٦ ملیۆن و ١٦٣ هەزار و ٢٨١ تووشبوو چاکبوونەتەوە.

ئەمریکا هێشتا لە پلەی یەکەمدایە و زۆرترین تووشبووی تێدایە، لەم وڵاتەدا تاکو ئێستا حەوت ملیۆن و ٦٠٠ هەزار و ٨٤٦ تووشبووی کۆرۆنا تۆمار کراوە و لەو رێژەیەش ٢١٤ هەزار و ٢٧٧ کەس گیانیان لەدەستداوە.

لە ئەمریکا کۆرۆنا گەیشتە بەرزترین و پارێزراوترین خاڵی وڵاتەکە کە کۆشکی سپیە و هەریەک لە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی وڵات، هاوسەرەکەی و چەندین کەسی دیکەی ناو کۆشکی سپی تووشی ڤایرۆسەکە بوون.

جیهان لە چاوەڕوانی ڤاکسیندا
دوای چەند هەفتەیەک لە بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەکە لە جیهاندا هەوڵەکان بۆ ئامادەکردنی ڤاکسینی دژ بە کۆرۆنا دەستیانپێکرد، زیاتر لە ٧٠ ناوەند لە جیهاندا تاکو ئێستاش سەرقاڵی ئامادەکردنی  ڤاکسینی دژ بە کۆرۆنان، بەڵام تاکو ئێستا ڤاکسینێکی یەکلاکەرە و دانپێدانراو ئامادەنەکراوە و نەگەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی.

لەگەڵ ئەوەی روسیا ئامادەکردنی ڤاکسینی دژ بە کۆرۆنای راگەیاند، بەڵام ڤاکسینەکە لەلایەن هەموانەوە دانی پێدا نەنراوە، بەتایبەت رێکخراوی تەندروستی جیهانیی، لەگەڵ ئەوەشدا چەندین وڵات داوای ڤاکسینەکەیان لە مۆسکۆ کردووە و ئامادەن بەکاریبهێنن.

دۆناڵد سەرۆکی ئەمریکا بەردەوام باس لە نزیکبوونەوەی ئامادەبوونی ڤاکسینەکە دەکات و چەندین جاریش ئاماژەی بەوە کرد کە پێش هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی مانگی داهاتوو ڤاکسینەکە ئامادە دەبێت، بەڵام ئەم لێدوانانە وەک بەشێک لە بانگەشەی هەڵبژاردن سەیر دەکرێت و پزیشکانی ئەمریکاش ترسی خۆیان نەشاردەوە لەوەی کە ئەگەر هەیە لەپێناو ئەوەی وەک بانگەشە بەکاربهێنرێت پەلە لە ئامادەکردنی ڤاکسینەکە بکرێت، کە ئەمەش مرۆڤایەتیی روبەڕووی مەترسییەکی گەورە دەکاتەوە.

ئەوەی بەشێکی گەورەی جیهان و تەنانەت رێکخراوی تەندروستی جیهانیش هیوای پێیەتی، ئەو ڤاکسینەیە کە کۆمپانیای دەرمانی ئەسترازێنیکا و زانکۆی ئۆکسفۆرد کاری لەسەر دەکەن، بەپێی راگەیەندراوەکانیان ڤاکسینەکەیان لە قۆناغی کۆتاییدایە و لە چەند مانگی داهاتوودا دەتوانن بەردەستیبخەن، بەڵام راگرتنی ڤاکسینەکە بۆ چەند رۆژێک دوای ئەوەی خۆبەخشێک تووشی نەخۆشیی بوو، وای کرد بێهیوایی لەسەر ئەم ڤاکسینەکەش دروستببێت، لەگەڵ ئەوەشدا تاکو ئێستا نزیکترین و باوەڕپێکراوترین ڤاکسینی چاوەڕوان کراوە.