ڕاپۆرتی کوردستانی

02:11 - 05/01/2019

ئەگەرەكانی بەردەم هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ‌

پەیسەر

نەوشیروان مستەفا دەڵێت زۆربەی شەڕە ناوخۆییەکان لەسەر پارە بووە، بەڵام ئێستا کە ناکۆییەکانی پارتی و یەکێتی قووڵبوونەتەوە بۆ ئاستی دیل بە دیل، زۆربەی ئەوانەی هەست بە مەترسی سەرهەڵدانەوەی شەڕی ناوخۆ دەکەن هیوادارن ئەمجارەیان بەرژەوەندییە ئابورییە هاوبەشەکانی پارتی و یەکێتی ڕێگربێت لە سەرهەڵدانی شەڕێکی ناوخۆیی دیکە.

لە هەشتاکانی سەدەی رابردوو کە حیزبەکان هێشتا لە شاخ بوون و خاوەنی بستێک زەوی نەبوون، حیزبەکان لەسەر داهاتی گومرک شەڕیان دەکرد، بۆ نمونە یەکێتی و حیزبی سۆسیالیست لە ساڵی ١٩٨١وە لە شەڕدابوون تا ساڵی ١٩٨٦، شەڕەکەیان لەسەر داهاتی گومرک بوو و کاتێکیش شەڕیان راگرت رێککەوتن لەسەر ئەوەی یەکێتی لە داهاتی گومرک بەشی سۆسیالیست بدات.

لە دوای راپەڕین یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی چوار ساڵ شەڕی ناوخۆی پارتی و یەکێتی لەسەر پارە و داهاتی گومرکی ئیبراهیم خەلیل بوو، لەم سالانەی دواییشدا و بە تایبەت لە ساڵی ٢٠١٦ نەوتی کەرکوک خەریکبوو ناکۆکییەکانی ئەم دوو حیزبە بتەقێنێتەوە، هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد لە نامەیەکدا بۆ حەیدەر عەبادی سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق ماوەی پێنج رۆژ مۆڵەتی دایە ناوبراو بۆ ئەوەی ڕێگری بکات لە هەناردەکردنی ئەو ١٠٠ هەزار بەرمیلە نەوتەی کەرکوک چونکە داهاتەکەی لە هەرێمی کوردستان بە شەفافی دابەش ناکرێت، هۆشداریشی دابوو ئەگەر یەکێتی بەشدار نەبێت لە هەر رێكکەوتنێکی نەوت ئەوا ناچار دەبن پەنا بۆ ئەو رێگایانە بەرن کە لەبەر دەستیاندایە.

لە رۆژی ١٦ی ئۆکتۆبەریش لە گەرمەی هێرشەکەی حەشدی شەعبی بۆ سەر کەرکوک هەندێک لە بەرپرسانی یەکێتی لە لێدوانەکانیان لە دژی پارتی باسیان لەوە دەکرد کە چیتر پارتی ناتوانێت نەوتی کەرکوک تاڵان بکات، ئەمانە هەمووی ئاماژەبوون بۆ ناکۆکی ئەو دوو حیزبە لەسەر داهاتی نەوتی کەرکوک.

بەڵام بەو حاڵەشەوە، لە دوای ساڵی ٢٠٠٣وە بەرپرسانی ئەو دوو حیزبە بەرژەوەندییە ئابورییەکانیان پێکەوە گرێدراوە، بازرگانی هاوبەشیان هەیە، هاوبەشن لە داهاتی نەوتی هەرێمدا، یەکێتی نەوتی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی لەڕێی ئەو بۆرییەوە دەفرۆشێت کە لە کۆنتڕۆڵی پارتیدایە، ئێستاش کە ئێران لەلایەن ئەمریکاوە گەمارۆی خراوەتەسەر، یەکێتی ناتوانێت وەک جاران هیوا لەسەر ئەوە هەڵچنێت کە نەوتەکەی لەڕێی ئێرانەوە بفرۆشێت، کەواتە لەو حاڵەتەدا یەکێتی یان دەبێت لەڕێی پارتییەوە و لەژێر ناوی حکومەتی هەرێمدا نەوت بفرۆشێت یان دەبێت نەوتەکەی بداتە بەغدا، ئەگەر بێتو نەوتەکەی بداتە بەغدا، ئەوا یەکێتی وەک حیزب ناتوانێت بەوشێوەیە سودمەند بێت لە داهاتی نەوت، هەربۆیە ناچارە بە هەمان شێوەی رابردوو لەگەڵ پارتی پێکەوە بیفرۆشن.
جگە لەوانەش هەندێک لە بەرپرسانی پارتی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی یەکێتی و هەندێک لە بەرپرسانی یەکێتیش لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پارتی وەبەرهێنانیان کردووە، هەر بۆیە بەهۆی بەرژەوەندییە ئابورییە هاوبەشەکانیانەوە ئەستەمە ئەم دوو حیزبە جارێکی دیکە بۆ یەکلایی کردنەوەی ناکۆکییەکانیان پەنا ببەنەوە بەرچەک، بەپێی ئەم بۆچوونە ئەگەری سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆ ئەو کاتە زیاتر بوو کە پارتی و یەکێتی لەسەر نەوتی کەرکوک ناکۆکی قوڵیان هەبوو.

هەڵوێستی ئەمریکا و ئێران و تورکیا و عێراق چی دەبێت؟


ئەمریکا بە چەند هۆکار لە دژی هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ دەوستێتەوە

یەکەم: ئەمریکا بەهۆی هەژمونی ئێران لە عێراق، هێشتا لە یەکلایبوونەوەی هەژمونی خۆی لە عێراق دڵنیا نییە، بۆ ئەمریکا هێشتا هەرێمی کوردستان تاکە شوێنە کە هیوای پێیەتی بۆ ئەوەی لەڕێی کوردەوە لە کاتی پێویستدا هاوسەنگی هێز لە بەغدا لە بەرژەوەندی خۆیدا یەکلایی بکاتەوە، شەڕی ناوخۆ و دوو ئیدارەیی رێگر دەبێت لەبەردەم ئەوەی ئەمریکا بتوانێت بە ئاسانی کارتی کورد لە بەغدا بەکاربهێنێت.

دووەم: ئەمریکا گەورەترین کۆنسوڵخانەی خۆی لە جیهاندا لە هەولێر دەکاتەوە، بەپێی هەندێک لە میدیاکانی ئەمریکاش بە نیازە لە هەرێم گەورەترین بنکەی سەربازی خۆی لە ناوچەکەدا بکاتەوە، ئەمانەش دەریدەخەن کە سەقامگیری هەرێمی کوردستان بۆ ئەمریکا گرنگە، هەر بۆیە تێکچوونی سەقامگیری هەرێم بە تایبەت لەم قۆناغەدا پێچەوانەی ویستی ئەمریکایە.

سێیەم: تێکچوونی سەقامگیری و سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆ دەبێتە هۆی دەستێوەردانی زیاتری ئێران و تورکیا لە هەرێم، ئەمەش بە زیانی بەرژەوەندی ئەمریکایە، لە نەوەدەکانیشدا هۆکاری سەرەکی ناوبژیوانی ئەمریکا لەنێوان یەکێتی و پارتیدا بۆ کۆتایی هاتنی شەڕی ناوخۆ هەر پەیوەندیی بەوە هەبوو کە ئەم شەڕە ببووە هۆی بەهێزبوونی هەژمونی ئێران و تورکیا لە هەرێمدا.

چوارەم: تێکچوونی سەقامگیری هەرێم کاریگەری لەسەر نرخی نەوت لە بازارەکانی جیهاندا دەبێت، چونکە تێکچوونی سەقامگیری هەرێم کێشە بۆ هەناردەکردنی رۆژانە زیاتر لە نیو ملیۆن بەرمیلی نەوتی هەرێم و کەرکوک دروست دەکات، هەربۆیە بۆ ئەمریکا تایبەت لەم قۆناغەدا گرنگە کە نرخی نەوت بەرز نەبێتەوە.

هەڵوێستی ئێران
هەرچەندە سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆ دەرفەتی دەستێوەردانی زیاتر بۆ ئیران دروست دەکات، بەڵام بەو حاڵەوەشەوە بە چەند هۆکار هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ پێناچێت لە بەرژەوەندی ئێرانیشدا بێت.

یەکەم: ئێران لە زۆنی سەوز باڵادەستە و لەم دوایانەشدا پەیوەندییەکانی لەگەڵ پارتیش بەهێز بووە، شەڕی ناوخۆ دەبێتە هۆی دوورکەوتنەوەی پارتی لە ئێران و پشتبەستنی پارتی بە تورکیا و هێزی بیانی دیکە، بەمەش ئێران پێگەی لە هەولێر نامێنێت.

دووەم: شەڕی ناوخۆ لە هەرێم کاریگەری لەسەر هاوکێشەکانی بەغداش دەبێت، پارتی وەک هێزی یەکەمی هەرێم لە بەغدا بە تەواوی دەچێتە بەرەی دژە ئێرانەوە. 

سێیەم: شەڕی ناوخۆی هەرێم دەرفەتی ئەوە بۆ ئۆپۆزسیۆنی کوردی رۆژهەڵات دروست دەکات کە لە ناوچە سنورییەکانی ژێر دەسەڵاتی پارتییەوە چالاکتر دەربکەون.

چوارەم: لەم قۆناغەدا کە ئێران لە ژێر گەمارۆدایە، زۆر پێویستی بە سەقامگیری لە سنورەکانی هەرێمە، چونکە لە ئێستادا ئێران چاوی لەوەیە بەشێک لە پێویستییەکانی لەڕێی سنورەکانی هەرێمەوە دابین بکات و جگە لەوەش کێشە بۆ بازرگانی ئێران دروست دەبێت کە ساڵانە نزیکەی ٥ ملیار دۆلار پەیوەندی بازرگانی لەگەڵ هەرێمدا هەیە و لەم قۆناغەشدا ٥ ملیار دۆلار بۆ ئێران ژمارەیەکی بەرچاوە.

پێنجەم: ئێران لەوە دەترسێت لە ئەگەری شەڕی ناوخۆدا ئەمریکا بۆ لێدان لە هەژمونی ئێران زیاتر دەستێوەردان لە دۆخی هەرێمدا بکات و کۆتایی بە هەژمونی ئێران بهێنێت.

هەڵوێستی تورکیا
تورکیاش بە هەمان شێوەی ئێران هەرچەندە دڵخۆش دەبێت کە شەڕی ناوخۆ دەبێتە هۆی لاوازبوونی پێگەی کورد لە عێراق و ناوچەکەدا، بەڵام شەڕی ناوخۆ بۆ تورکیاش هەندێک کێشەی گەورە دروست دەکات.

یەکەم: تورکیا نیگەرانە لە ئەگەری شەڕی ناوخۆدا هەژمونی ئێران بەهێزتر بێت، هەربۆیە بۆ ئەوەی پێش بە بەهێزتربوونی هەژمونی ئێران بگرێت تورکیاش ناچارە پشتی پارتی بگرێت.

دووەم: لە ئەگەری شەڕی ناوخۆدا بە بۆچوونی تورکیا دەرفەتی ئەوە بۆ پەکەکە دروست دەبێت کە ناکۆکییە ناوخۆییەکانی ناو هەرێم بقۆزێتەوە بۆ بەهێزکردن و پڕچەککردنی خۆی.

سێیەم: تورکیا پەیوەندییەکی بەهێزی بازرگانی لەگەڵ هەرێمدا هەیە و ساڵانە دەگاتە زیاتر لە دە ملیار دۆلار و بە سەدان کۆمپانیای تورکیش لە ناوچە جۆراجۆرەکانی هەرێمدا کار دەکەن، شەڕی ناوخۆ زیانی گەورە بە بەرژەوەندییە ئابورییەکانی تورکیاش دەگەیەنێت.

هەڵوێستی بەغدا
پێدەچێت براوەی سەرەکی دوو ئیدارەیی و شەڕی ناوخۆی نێوان پارتی و یەکێتی بەغدا بێت، چونکە دەرفەتی ئەوە بۆ بەغدا دروست دەبێت کە هەر جارێک بە لایەنێکی شەڕەکە لایەنەکەی دیکەی لاواز بکات، لەم حاڵەتەشدا بەغدا ئاسانتر دەتوانێت کۆتایی بە کیانێک بە ناوی هەرێمی کوردستان بهێنێت.


کە واتە یەکێتی و پارتی بۆ وا دەکەن؟
لە دوای ٢٠٠٣وە بەهۆی چوونی جەلال تاڵەبانی بۆ بەغدا و بە تایبەتیش دوای دروستبوونی بزووتنەوەی گۆڕان لە ساڵی ٢٠٠٩دا هاوسەنگی هێز لەنێوان پارتی و یەکێتی تێکچوو، یەکێتی لە دواین هەڵبژاردندا کەمتر لە نیوەی کورسییەکانی پارتی بە دەستهێناوە، بەهۆی ئەم تێکچوونی هاوسەنگییەوە پارتی لە حکومەت و دامەزراوەکانی هەرێمدا بەهێزە و قسەی یەکلاکەرەوە دەکات.

لە دوای نەخۆشکەوتنی تاڵەبانی و بە تایبەتیش دوای کۆچی دواییەکەی دەرفەت بۆ کوڕەکانی ماڵی تاڵەبانی دروست بوو کە بێنە پێشەوە، کوڕەکانی ماڵی تاڵەبانی لە چەند ساڵی رابردوودا هەموو هەوڵیان ئەوەیە هاوسەنگی لەنێوان پارتی و یەکێتی راست بکەنەوە و یان پشکی زیاتریان لە حکومەت و دامەزراوەکانی هەرێم زیاتر بێت.

کاتێک لە ساڵی ٢٠١٤ بۆ پێکهێنانی کابینەی هەشتەم پارتی و گۆڕان زووتر رێککەوتن، یەکێتی تەواو هەستی بە مەترسی کرد، لەو کاتەوە ناکۆکییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی کەوتە قۆناغێکی نوێوە و تا ئێستا رۆژ لە دوای رۆژ قووڵتر دەبێتەوە.
کوڕانی ماڵی تاڵەبانی لەم چەند ساڵەدا بە ئاراستەی جیاواز کاریان کردووە بۆ راستکردنەوەی هاوسەنگی، جارێک هەوڵیانداوە بە نزیکبوونەوە لە هێزەکانی دیکە فشار بخەنە سەر پارتی بۆ ئەوەی پشکی زیاتر لە پارتی وەربگرن، جارێکیش لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماردا قسەی بارزانیان شکاند و بەرهەم ساڵحیان کاندید کرد، هۆکاری سەرەکی پێداگری یەکێتی لەسەر کاندیدکردنی بەرهەم ساڵح ئەوە بوو ئەو پەیامە بە پارتی بگەیەنن کە یەکێتی هێزێکە بە قورسایی پارتی و قورسایی یەکێتی بە ژمارەی دەنگ و کورسی هەڵناسەنگێندرێت بەڵکو بە ژمارەی هێزەی چەکدار و توانای دارایی و پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی هەڵدەسەنگێندرێت.

پارتیش لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر و هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمارەوە لە هەموو هەنگاوێکی یەکێتی بە گومانە، کاتێک ئاسایش لە زۆنی سەوز کادیرێکی پارتی دەستگیر دەکات پارتی بێ یەک و دوو وەک پیلانێک لە دژی خۆی سەیری دەکات.
لەم دوایانەدا کاتێک پارتی و گۆڕان هەوڵی لێکنزیکبوونەوەیان داوە بۆ پێکهێنانی کابینەی نۆیەم، یەکێتی ئەوەندەی دیکە هەستی بە مەترسی کردووە، بە تایبەت دوای ئەو هەموو پێداگرییەی پارتی لەسەر ئەوەی کە هەر لایەنێک دەبێت بە پێی ڕێژەی دەنگ و کورسییەکانی بەشداری لە حکومەتدا بکات.

هەربۆیە لە وەها باردۆخێکدا هەموو شەڕی یەکێتی بۆ ئەوەیە بە قورساییەکی زیاترەوە بەشداری لە حکومەتدا بکات و پێگەیەکی بەهێزی لە حکومەتدا هەبێت، هەموو شەڕی پارتیش ئەوەیە بە یەکێتی بڵێت قۆناغی فیفتی بە فیفتی کۆتایی هاتووە.

بە کورتی یەکێتی دەیەوێت بە فشارخستنە سەر پارتی هەنگاوێک بگەڕێنەوە بۆ دواوە و بۆ قۆناغی زێڕینی رێککەوتنی ستراتیژی و فیفتی بە فیفتی، پارتیش دەیەوێت هەنگاوێک بچێتە پێشەوە و کۆتایی بە سەردەمی فیفتی بە فیفتی بهێنێت و خۆی وەک حیزبی یەکەم و حیزبی پێشڕەوی کورد بناسێنێت، وەکچۆن زۆر جار دروشمی ئەوە دەدەن کە پارتی حیزبی پێشڕەوە.