ڕاپۆرتی کوردستانی

04:26 - 06/10/2020

رۆژئاوای کوردستان خێزانی چەکدارە سورییەکانی داعش ئازاد دەکات‌

پەیسەر

کەمپی هۆل، ئەو کەمپەی هەزاران کەسی لە هاوسەر و منداڵی چەکدارانی داعشی لەخۆگرتووە، چیرۆکێکی بەردەوامە، ئەو کەسانەی لە کەمپەکەدان هەڵگری رەگەزنامەی چەند وڵاتێکی جیاوازی جیهانن و بەشێکیشیان خەڵکی سوریان، لە ئێستادا ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوای کوردستان بڕیاری داوە رێگە بە سورییەکانی کەمپەکە بدات بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان.

ئازادکردن
ریاز دەرار هاوسەرۆکی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات رۆژی دووشەممە ٥ی تشرینی یەکەم رایگەیاند، سورییەکان کەمپی هۆل بەجێدەهێڵن و تەنیا بیانییەکان دەمێننەوە، سەرۆکی باڵی سیاسیی هێزەکانی سوریای دیموکراتیش دەڵێت، لە کەمپی هۆلدا خێزانی چەکدارانی داعش هەن کە سوریین، رێگە بە چوونی ئەم خێزانانە دەدرێت، لەبەرئەوەی هێشتنەوەی ئەم کەسانە لەم کەمپەدا بێمانایە لە کاتێکدا کەس و کاری ئەم کەسانە ئامادەن گەرەنتی ژیانیان دەکەن.

تاکو ئێستا کاتی جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە لەلایەن رۆژئاوای کوردستانەوە دیاری نەکراوە، بڕیارەکەش چەکدارە داعشە سورییەکان ناگرێتەوە بەڵکو تەنها خێزان و منداڵانی چەکدارەکان ئازا دەکرێن و رێگەیان پێدەدرێت کەمپەکە بەجێبهێڵن.

 ٤٦ هەزار کەس
هۆل کە لە پارێزگای حەسەکەیە، بەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان ٦٤ هەزار کەسی لەخۆگرتووە کە ٢٤ هەزار و ٣٠٠ کەسیان سوریین، کە یان روویان لەم ناوچانە کردووە یان لەکاتی هێرشەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات بۆ سەر چەکدارانی داعش، دەستبەسەرکراون و هێنراون بۆ ئەم کەمپە.

لە ناو بیانییەکاندا، زۆرترینیان عێراقیین، ئەمە جگە لە بوونی هەزاران خێزانی چەکدارانی داعش کە لە ٥٠ دەوڵەتی جیهانەوە روویان لە سوریا کردبوو بۆ شەڕکردن و بوونە ئەندامی رێکخراوی داعش.

عێراقییەکان دەترسن
هاوسەرۆکی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات ئاماژە بەوەش دەکات، رێگە بە خێزانە عێراقییەکان دەدرێت کەمپەکە بەجێبهێڵن، بەڵام بەشێکیان پێیان باشە لە کەمپەکەدا بمێننەوە، چونکە دەترسن لە کاتی گەڕانەوەیان بۆ عێراق دەستگیر بکرێن و بە تۆمەتی پەیوەندییان بە رێکخراوی داعشەوە دادگایی بکرێن.

کەمپی هۆل کە مانگی ئاب یەکەم حاڵەتی توشبوون بە کۆرۆنای تێدا تۆمار کرا، لەلایەن رێکخراوە مرۆیی و نێودەوڵەتییەکانەوە ئاماژە بە خراپی رەوشی کەمپەکە و نەبوونی پێداویستییە سەرەکییەکانی دراوە.

ئەمساڵیش چەند جارێک لە کەمپەکەدا هەوڵی هەڵهاتن و نانەوەی ئاژاوە درا، بەڵام لەلایەن پاسەوان و هێزە ئەمنییەکانەوە کۆنترۆڵ کرا، لە بەشی ژناندا چەند جارێک هەوڵی هەڵهاتن و کۆنترۆڵکردنی زیندانەکان درا، بەڵام سەرجەمیان شکستیان هێنا.

پێکهێنانی دادگا
لە دوای راگەیاندنی سەرکەوتن بەسەر داعش لە ئازاری ٢٠١٩، خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوای کوردستان داوایان لە وڵانای جیهان کرد کە ئەو چەکدارانەی هەڵگری رەگەزنامەکانیانن بیانبەنەوە وڵاتەکانی خۆیان یان لە رۆژئاوای کوردستان داداگایەکی نێودەوڵەتی بۆ داداگایکردنیان پێکبهێنرێت، بەڵام زۆربەی وڵاتان بەتایبەت وڵاتانی ئەورووپا داواکەی رۆژئاوای کوردستانیان رەتکردەوە و ئامادە نەبوون هاوڵاتییەکانیان وەربگرنەوە.

هاوسەرۆکەکەی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات سەبارەت بە بەڕێوەبەردنی کەمپەکە و تێچوونەکانی لەسەر رۆژئاوای کوردستان باس لەوە دەکات، کەمی هۆل لە رووی توانای ئاسایش و بژێوییەوە قورسیی لەسەر ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دروست کردووە.

دروستکردنی پەیوەندیی لەگەڵ عەرەبەکان
ئەمە یەکەم جار نییە سورییەکانی ئەم کەمپە ئازاد دەکرێن، بەپێی ئامارەکانی نووسینگەی هەماهەنگی کاروباری مرۆیی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوای کوردستان لە مانگی حوزەیرانی ٢٠١٩ تاکو ئێستا چوار هەزار و ٣٤٥ کەسی لە کەمپەکەدا ئازاد کردووە و رێگەی پێداون بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان.

خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوای کوردستان هەوڵ دەدات پەیوەندییەکی بەهێز لەگەڵ هەموو خەڵکی سوریادا دروست بکات و وەک داگیرکەر و نامۆ تەماشا نەکرێت، بەتایبەت لەو ناوچە عەرەبییانەی کە لەژێر دەستی خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوای کوردستاندان.

وەک هەنگاوی کردەیش لە کاتی دروستکردنی هێزەکانی سوریای دیموکرات، هەزاران کەس لە ناوچە عەرەبییەکانەوە پەیوەندییان بەم هێزانەوە کرد و دژی چەکادارنی رێکخراوی داعش شەڕیان دەکرد.

وەک هەوڵێک بۆ دروستکردنی پەیوەندییەکی باشتر لەگەڵ دانیشتوانی ناوچە عەرەبییەکان، خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوای کوردستان دەیان هاوڵاتی سوری ئازاد کرد کە بە تۆمەتی پەیوەندییان بە داعشەوە دەستگیرکرابوون، ئەمەش دوای ئەوەی سەرۆکی هۆزە عەرەبییەکان گەرەنتی ئەم کەسانەیان کرد.