ڕاپۆرتی کوردستانی

02:38 - 10/10/2020

کۆرۆنا و مەرگی بابا شێخ؛ دوو نیگەرانییە قوڵەکەی ئێزدییەکان‌

پەیسەر

بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا تەنها ژیانی ئاسایی و کاری رانەگرتووە، بەڵکو بووەتە هۆی راگرتنی بۆنە و مەراسیمە ئاینییەکانیش لە سەرجەم دینەکاندا، ئێزدییەکانیش ئەمساڵ خۆیان لە بۆنە دینییەکانیان بەدوور گرتووە، کۆرۆنا و کۆچی دوایی بابا شێخ دوو رووداون بە قوڵی ئێزدییەکانی نیگەران کردووە و ناتوانن وەک ساڵانی رابردوو سەردانی شوێنە پیرۆزەکانیان بکەن.

کۆرۆنا؛ بەڵا گەورەکە
جەژنی بەکۆمەڵ یان حەج، گرنگترین بۆنەی ئێزدییەکانە، لە شەشی تشرینی یەکەمی هەموو ساڵێک ئەنجام دەدرێت و تاکو ١٣ی مانگ بەردەوام دەبێت.

ئەمساڵ بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە بڕیار دراوە بۆنەکە ئەنجام نەدرێت، ئێزدییەکان نیگەرانن کە ئەمساڵ ناتوانن وەک ساڵانی دیکە سەردانی شوێنە پیرۆزەکانیان بکەن.

ئەم جەژنە لە بۆنە هەرە گرنگ و دیارەکانی ئێزدییەکانە، کە تێیدا حاجیان سەردانی مەزاری گرنگترین کەسایەتیی مێژووییان دەکەن کە عەدی مسافیرە (ساڵی ١١٦٢ کۆچی دوایی کردووە) و دەکەوێتە لالش لە رۆژهەڵاتی شاری دهۆک.

موراد کە گەنجێکی ئێزدییە دەڵێت، "هەموو ساڵێک کە سەردانی لالش دەکەم بۆ ئەنجامدانی جەژنی بەکۆمەڵ، هەست بە ئاسودەییەکی بێکۆتایی دەکەم هەر لە سەرەتای بۆنەکەوە تاکو کۆتایی، ئاسودەیی دەروونیم بۆ دروستدەبێت."

 کۆچی دوایی بابا شێخ
بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا هاوکاتە لەگەڵ کۆچی دوایی کەسی پلە یەکی ئێزدییەکانی کوردستان، عێراق و جیهان، خەرتو حاجی ئیسماعیل، بابا شێخی ئێزدییەکان لە سەرەتای ئەم مانگەدا.

بابا شێخ تەمەنی ٨٧ ساڵ بوو، کاریگەریی گەورەی هەبووە لەسەر کۆمەڵگای ئێزدی، بەتایبەت دوای هێرشی داعش بۆ سەر ناوچەکانی ئێزدی لە ساڵی ٢٠١٤.

مونتی ئیبراهیم لەبارەی بابا شێخەوە دەڵێت، کەسێکی سادە، خۆشەویست و دەگمەن بوو، گرنگترین بڕیاریش دەریکرد ئەوە بوو کە هەموو ئێزدییەکانی دەستی داعش دەتوانن بگەڕێنەوە و لەلایەن خێزانەکانیانەوە پێشوازیییان لێبکرێت، بەجۆرێکیش مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت وەک ئەوەی نەڕفێندرابن، ئەمەش وای کرد بە ئاسانی تێکەڵ بە کۆمەڵگاکەیان ببنەوە."

ئیبراهیم ئێزدی کە چالاکوان و رۆژنامەنووسە باس لە کاریگەری بابا شێخ لەبارەی رزگاربووەکانی دەستی داعش دەکات و دەڵێت، لە ئاوی "پیرۆز"ی (کانی سپی) ئاوی دەکرد بە سەر رزگاربووەکاندا تاکو هەست بە شکان نەکەن و دەروونیان ئارام ببێتەوە.

 نزیک لە سروشت
ئێزدییەکان بە درێژایی ساڵ چەند جەژنێکیان هەیە، ئەمەش نیشانەی پەیوەستییانە بە سروشتەوە،. لە گرنگترینیان بریتییە لە چوارشەممەی سور یان سەری ساڵ لە مانگی نیسان، کە تێیدا بەبۆنەی تازەبوونەوەی سروشت و نوێبوونەوە ئاهەنگ دەگێڕن.

جەژنی (جەمایا شێخادی) لە پیرۆزترین جەژنەکانیانە، تێیدا بەبۆنەی نیوەی ساڵ و سەرەتای پایزەوە ئاهەنگ دەگێڕن و وەک ئامادەکارییەک وایە بۆ وەرزی زستان و باران.

ئیبراهیم دەڵێت، لالش پیرۆزترین جێگای سەرزەوییە بۆ ئێزدییەکان، مەزاری کەسایەتییە چاکەکانی ئێزدییەکان و کانی سپی تێدایە کە منداڵ دوای لەدایکبوونی لە ئەم ئاوە هەڵدەکێشرێت. ساڵانە بۆ ماوەی یەک هەفتە نزیکەی ٣٥ هەزار کەس لە کاتی حەجدا سەردانی لالشیان کردووە.

ئێزدییەکان پێش کۆرۆنا و لە کاتی هێرشی چەکدارانی داعش بۆ سەر شەنگالیش نەیانتوانی ئەم جەژنە بگێڕن.

جەژنە کە ماوەی حەوت رۆژ دەخایەنێت، لە هەر رۆژیکدا کۆمەڵیک مەراسیم بەڕێوەدەچێت، گرنگترینیان مەراسیمی (سما)یە کە هەموو ئێوارەیەک ئەنجام دەدرێت. لە مەراسیمیکی دیکەشدا قوماشێکی درێژ لە ئاوی پیرۆز هەڵدەکێشرێت و بە دەروازەی مەزاردا هەڵدەواسرێت.

هەڵپەڕکێی گۆڤەند یەکێکی دیکەیە لەو شتانەی لە جەژنەکانیاندا ئەنجامی دەدەن، ئەمەش دەربڕینی خۆشیی و شادییانە.

مۆسیقا رۆڵێکی گرنگی هەیە لە مەراسیمی حەجی ئێزدییەکان لە کاتی چوونیان بۆ لالش، نووسراوی پیرۆزیان نییە بۆ باوەڕەکانیان و بە دەماودەم لەنێوان نەوەکاندا دەگوازرێتەوە، چەند کەسێکی دیاریکراو هەن کە ئەم باوەڕانە لەبەر دەکەن و بۆ نەوەکانی داهاتوویانی دەگوازنەوە.

لە کاتی هەموو جەژنەکاندا، دەقە پیرۆزەکان دەوترێنەوە، ئەمەش لەگەڵ ژەنینی دەف و نەی.

نوێژی ئێزدییەکان
موراد بەم جۆرە باسی یەکێک لە نوێژەکان دەکات و دەیگێڕێتەوە " پەرورەرێنم تۆگەورە و بڵندیت، شوێن و دەسەڵاتیشت بەرزە، پەروەرێنم، تۆ بەخشەر و میهرەبانیت، خودایا تۆ خوڵقێنەری و هەرتۆش دروستكەری، هەمیشە سوپاس و ستایش شایانی تۆیە"

هاوڵاتییەکی ئێزدی دەڵێت، بۆ ئەوەی لە ئاینیی ئێزدی تێبگەیت دەبێت لە فەلسەفە، زانستی بێکۆتایی و ماناکانی ئیمان قوڵ ببیتەوە، بە پلەبەندی بگەیت بە رووناکی، نەک پشت بە زانیاریی ساختە ببەستیت.

مەبەست لەو زانیارییە ساختانە ئەوەیە کە بۆ نموونە ئێزدییەکان شەیتان دەپەرستن، یان ناوەکەیان لە پێکهاتەی یەزیدی کوڕی معاوییەوە هاتووە.

داخران و شاردنەوە
باوەڕدارانی ئێزدییەت لەگەڵ ئەوەی بە درێژایی مێژوو رووبەڕووی کۆمەڵکوژیی زۆر بوونەتەوە، بەڵام داخراون و باوەڕیان ئاشکرا ناکەن و خۆیان دەپارێزن لەوەی باوەڕەکەیان بگوازنەوە بۆ کەسانی دیکە.

ئێزدییەت ئاینێکی بڵاونەکراوەیە و گرنگی بە بڵاوکردنەوە نادات، کەسی نوێ وەرناگرێت کە بڕوای بە ئێزدییەت هێنابێت و بووبێت بە ئێزدی، رێگەش نادەن کچیان هاوسەرگیری لەگەڵ کوڕێک بکات کە ئاینێکی دیکەی هەبێت.

مێژوونووسان کۆک نین لەسەر سەرچاوەی ئاینیی ئێزدییەت، بەڵام باوەڕ وایە کە ئاینی کوردەکان بووبێت لەپێش ئیسلام، ئاینە کۆنەکانی عێراق کاریگەریی دیارییان لەسەر ئەم ئاینە و مەراسیمەکانیان هەیە، ئەمە جگە لە کاریگەری زەردەشتییەت لەسەریان.

کاریگەرترین و پیرۆزترین کەسایەتی لای ئێزدییەکان شێن عەدیی بین مسافیرە.

ئێزدییەکان لە رۆژێکدا پێنج جار نوێژ دەکەن، پێیان وایە ئەوانیش لە ئادەمەوە هاتوون، بڕوایان بە تاک خودایی هەیە کە ئاسمان و حەوت فریشتەی دروستکردووە کە سەرکردەکەیان مەلیک تاوسە، پێیان وایە مەلیک تاوس هاتووەتە سەر زەوی‌، بەهۆیەوە گەردوون بە سروشت‌ و جوانی گوڵە سورەکانی لەمانگی نیساندا ڕازاوەتەوە لەگەڵ خۆیدا خێرو خۆشی بۆ مرۆڤ هێناوە و زەوی پڕکردووە لە میهرەبانی.

ئێزدییەکان پێیان وایە خودا دەستوەردان لە کاروبارەکانی مرۆڤ گەردوون ناکات و ئەم ئەرکەی بە مەلیک تاوس بەخشیوە.

 دین و مەدەنییەت
لای ئێزدییەکان بابا شێخ نوێنەرایەتی لایەنی دینیی دەکرد و ئەمیریش نوێنەرایەتیی مەدەنییەت. ئێستا حازم تەحسین بەگ سەعید پۆستی ئەمیریی هەیە و لە ساڵی ٢٠١٩ لە جێگەی باکوی دانرا کە تەحسین بەگ بوو، لە دوای مردنی بابا شێخیشەوە بڕیار وایە کەسێک لە جێگەکەی دابنرێت.

چینایەتیی
لە کۆمەڵگەی ئێزدیدا دابەشکاری چینایەتی تایبەت هەیە، رێگریش دەکات لە هاوسەرگیری لەنێوان ئەندامەکانی چینەکاندا، چینی سەرەوە چینی شێخە و باويڕیان وایە لە شەش فریشتەکەوە هاتوون، چینی پیر کە بە مانای پیاوی گەورە و عاریف دێت، چینی موریدیش کە زۆرینەی ئێزدییەکان پێکدەهێنێت.

ئێزدییەکان لەسەر بنەمای دینەکەیان گرنگی بە پەروەردەی منداڵ دەدەن، لە چەند ساڵی رابردوودا کرانەیەوەیەکی پلە بە پلە لە کۆمەڵگەی ئێزدیدا بەرەو کۆمەڵگەدا روویداوە، پەرستگای لالشیش لە ئێستادا کراوەیە بە رووی هەموو کەسێکدا و تەنها تایبەت نییە بە ئێزدییەکان.