ڕاپۆرتی کوردستانی

03:54 - 10/10/2020

رێككەوتنی شەنگال دەبێتە هەوێنی مادەی 140؟‌

هەولێر و بەغداد لەبارەی ئاسایكردنەوەی دۆخی شەنگال رێككەوتن، هەردوولایان رێككەوتنەكە بە مێژوویی ناوزەد دەكەن و نەتەوەیەكگرتووەكانیش پێشوازی لێدەكات.
بەپێی ناوەرۆكی رێككەوتنەكەیان، چ لەرووی ئیداری و چ ئەمنی و چ ئاوەدانكردنەوە و خزمەتگوزارییەوە هەماهەنگی دەكرێت لەنێوان هەردوو حكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان.


چی دەگوزەرێت؟
رۆژی هەینی شاندێكی باڵای حكومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی، وەزیری ناوخۆ، گەیشتنە بەغدا، بۆ ئەوەی ڕێككەوتنی ئاساییكردنەوەی دۆخی شەنگال كۆتایی پێبهێنێت و سەرەنجام بە رەسمی واژۆكردنی رێككەوتن راگەیەندرا.
بەپێی زانیارییەكان، ڕێكەوتنەكە بەجۆرێكە كە بەغداد بەهەماهەنگی لەگەڵ هەولێر فایلی ئەمنی شەنگال بەڕێوە دەبات ، لەگەڵ گەڕانەوەی پێكهاتەكانی عەرەب و كوردو پێكهاتەكانی دیكەی ناوچەكە بەبێ‌ جیاوازی بۆ زێدی خۆیان كە لە ئێستادا بەشی زۆریان ئاوارەن و لە ترسی گروپە چەكدارەكان نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە.
لەوبارەیەوە، رۆژنامەی عرەب ئەلجەدید نوسیویەتی، ئەو ڕێككەوتنە بریتییە لە دوورخستنەوەی چەكدارەكانی پەكەكە لە شەنگال و دەوروبەری و بڵاوەپێكردنی هێزەكانی عێراق لە ڕێگەی سوپا و پۆلیسی فیدراڵییەوە ، بەڵام تا ئێستا ڕوون نییە چۆن چەكدارەكانی ئەو پارتە لە ناوچەكە دووردەخرێنەوە.
هاوكات سەرچاوە ناوخۆییەكان لە شەنگال بە رۆژنامەكەیان راگەیاندووە، پەكەكە بەرەنگاری ناكات و ڕەنگە بە شێوەیەكی ئاسایی هێزەكانیان لە ناوچەكەوە بكشێننەوە بەرەو چیاكان.

بەندەكانی رێككەوتنەكە
بەپێی ئەوەی لە راگەیەندراوی فەرمی هەردوو حكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان و میدیاكانەوە بڵاودەكرێتەوە، رێككەوتنی هەولێر و بەغداد لەبارەی شەنگال چەند ئاستێك لەخۆی دەگرێت ئاستی ئیداری، ئاستی ئەمنی، ئاستی خزمەتگوزاری بەجۆرێك:-

1) ئیدارەیەكی هاوبەش بە هەماهەنگی نێوان حكومەتی فیدراڵ و هەرێمی كوردستان پەرەپێبدەن و ئەو یەكانەی كە لە دوای ساڵی 2017ەوە بۆ ئیدارەدانی ناوچەكە رێكخرابوون، هەڵبوەشێنەوە

2) لەرووی ئەمنییەوە پاراستنی شەنگال دەكەوێتە ئەستۆی هێزەكانی پۆلیسی فیدراڵی عێراق بە هەمانهەنگی لەگەڵ هەرێمی كوردستان.  

3) لەرووی خزمەتگوزارییەوە هەماهەنگی دەكرێت بۆ سەرلەنوێ‌ بونیادنانەوە و ئاوەدانكردنەوەی شەنگال كە بەهۆی گروپی تیرۆریستی داعشەوە زیانی زۆر بە ژێرخان و سەرخانی گەیشتووە.


مەترسی پێكدادان دەكرێت
هەر لەبارەی رێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغداد و بڕیاری چۆڵكردنی شەنگال لەلایەن سەرجەم هێزە چەكدارەكانەوە، مەترسی پێكدادان و ئاڵۆزی دەكرێت و رۆژنامەی شەرقولئەوسەت ئاماژەی بەوەداوە كە گروپە چەكدارەكان بەتایبەت ئەو گروپانەی ناو حەشدی شەعبی بە ئاسانی شەنگال چۆڵ ناكەن.
رۆژنامەكە نوسیویەتی، رەنگە ئەو رێككەوتنە لەلایەن حەشدی شەعبییەوە رەتبكرێتەوە كە دەستی بەسەر ناوچەكەدا گرتووە و حەشد ترسی هەیە ئەوەی پێی دەوترێت "هیلالی شیعی" لەنێوان عیراق و سوریا و لوبنان هەڕەشەی بێتەسەر.


نەتەوەیەكگرتووەكان: ئاراستەیەكی راستە 
دوابەدوای راگەیاندنی رێككەوتنی هەولێر و بەغداد لەبارەی شەنگال، نێردەی تایبەتی نەتەوەیەكگرتووەكان لە عێراق بەناوی كۆمەڵەكەیانەوە پێشوازی لە رێككەوتنەكە كرد و بە سەرەتایەكی باشی ئاسایكردنەوەی دۆخی ناوچەكە ناوزەدی كرد.
یونامی لەبارەی رێككەوتنەكەوە دەڵێت: رێككەوتن لەنێوان حكومەتی فیدراڵی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر بارودۆخی قەزای شەنگال لەنەینەوا وەك هەنگاوی یەكەم و گرنگە بەئاراستەیەكی ڕاست و هیواش دەخوازێت كە ئەم ڕێككەوتنە زەمینە بۆ ئایندەیەكی باشتر خۆش بكات.

ئەمریكا پیرۆزبایی دەكات
لەپاڵ پێشوازی نەتەوەیەكگرتووەكان، ئەمریكاش لەرێگەی باڵیۆزخانەكەیەوە لە عێراق بە رەسمی پیرۆزبایی لە هەردوو حكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان دەكات بۆ واژۆكردنی ئەو رێككەوتنە.

باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە عێراق لە راگەیەندراوێكی فەرمیدا دەڵێت: ئێمە بە هیوای جێبەجێكردنی تەواوین و هیوادارین ئەم ڕێككەوتنە ببێتە هۆی ئەوەی ئارامی و سەقامگیریی هەمیشەیی بێتە ئاراوە.

پارتی و یەكێتی ناكۆكن
لەبارەی رێككەوتنەكەشەوە یەكێتی نیشتمانی كوردستان پێی نیگەرانە و بە بەشێك لە یاری هەڵبژاردنی دەزانێت، پارتیش داكۆكی لە رێككەوتنەكە دەكات و دەڵێت هەندێكی ناو یەكێتی چاویان بە هیچ هەنگاوێكی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا هەڵنایەت.
بڵێسە جەبار فەرمان، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك نوسیویەتی، پێش هەموو ڕێكەوتنێكی سیاسی و ئەمنی دەبوایا میژوو لەبەرچاو بگیرێت، مێژووی قوربانیدانی ئیزیدی و بەرگری هێزە ڕەسەنەكان".  
ئاماژەی بەوەشكردووە، "شەڕی كورسی هەڵبژاردن لەوێوە زەنگی لێدرا و دەگوازرێتەوە بۆ هەموو ناوچە جێناكۆكەكان. هیچ ڕێككەوتنیك بێ ڕەزامەندی ئێزیدیەكان و بەشداربوونیان مایەی دڵخۆشی نییە.  
لەبەرامبەردا سەفین گەردی، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان بە میدیای حیزبەكەی ڕاگەیاندووە، "بڵێسە جەبار فەرمان و هاوئاوازەكانیان، چاویان بە كارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا هەڵنایەت، بۆیە هەموو هەوڵێكی خۆیان دەخەنەگەڕ بۆ ئەوەی ئەم حكومەتە ناشرین بكەن.

خۆبەڕێوەبەری شەنگال: چاودێری دۆخەكە دەكەین
هاوكات ئەنجومەنی خۆبەڕێوبەریی دیموكراتی شەنگال- مەخەدەشە، لەسەر ڕێككەوتنی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق لەبارەی شەنگال ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند: 
وەك خۆبەڕێوبەریی شەنگال چاودێریی دۆخەكە دەكەین، لەوانەش گۆڕانكارییەكانی نێوان بەغدا و هەولێر لەسەر ناوچە دابڕێندراوەكانی سنووری ماددەی ١٤٠ كە گفتوگۆیان لەسەر دەكرێت، دواجاریش ڕێككەوتنی ٩ی ئەم مانگە، چەند ڕێككەوتنێك لەسەر شەنگال كرا، بەبێ وەرگرتنی ڕای ئێزدیان و پێكهاتەكان و خەڵكی شەنگال، كۆبوونەوەی دوولایەنەیان وەك ئەنجامنامە ناولێنا و ڕایانگەیاند، بەڵام هیچ گفتوگۆ، چارەسەری و پرۆژەیەك بۆ شەنگال بێ ئەوەی ڕای ئێزدیان تێدا بە بنەما بگیرێت، بێ ئەنجام دەبێت، بۆیە ئێمەش لەنزیكەوە بەدواداچوون بۆ دۆخەكە دەكەین و گفتوگۆی لەسەر دەكەین، دەمانەوێت بگەینە ئەو قەناعەتەی كە بەرژەوەندیی كۆمەڵگامان لە كوێیە و كێی ناكۆكیی لەسەر ئەو ناوچانە هەیە، بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی كۆمەڵگامان و بۆ گەرەنتی مانەوەی پێگەی شەنگال، دەمانەوێت بگەینە ڕوانگەیەكی هاوبەش، كە تێدا ئیرادە و هەبوونی كۆمەڵگاكەمان ئازادانە ئیفادە بكرێت.

عێراق چی دەڵێت؟
ئەحمەد مەلا تەڵاڵ، وتەبێژی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە تویتێكدا دەڵێت، مستەفا كازمی، سپۆنسەری ڕێككەوتنێكی مێژوویی كرد كە دەسەڵاتی حكومەتی فیدراڵی لە شەنگال بەهێز دەكات بەپێی دەستوور لە ئاستی ئیداری و ئەمنیدا و كۆتایی بە دەسەڵاتی گروپە بیانییەكان دێت و ڕێگا خۆش دەكات بۆ ئاوەدان كردنەوەی شارەكە و گەڕانەوەی دانیشتووانەكەی بە تەواوی و بە هەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان.  
تەڵاڵ، وتیشی: ئەوەی ئەوانی تر شكستیان هێناوە تێیدا، ئەم حكومەتە سەركەوتو بووە لە جێبەجێكردنیدا.

سەرۆكی هەرێم: هەستكردنە بە بەرپرسیارێتی
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەستخۆشی لە تیمی دانوستانكاری هەردوولا بۆ سەرخستنی گفتوگۆكان و گەیشتن بەو رێككەوتنە دەكات و دەڵێت ئەم كارە ئەنجامی هەستكردن بە بەپرسیاریەتی، پێكەوەیی و كاری هاوبەشی لایەنە پەیوەندارەكانە‌.
 
دەستخۆشییەكی تایبەتیش لە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەكات و دەڵێت:  سەرۆك وەزیرانی عێراق رۆڵێكی دیار و كاریگەر و یارمەتیدەری بینیوە لە سەرخستنی گفتوگۆكان. 
هەروەك داواش لە هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەكان دەكات كە بۆ ئاوەدانكردنەوەی شنگال و ناوچەكە و بوژاندنەوەی ژێرخانیان هاوكاریان بن كە دەبێتە مایەی ئارامی و سەقامگیری و ئاشتیی كۆمەڵایەتی و قووڵكردنەوەی پێكەوەژیان و لێبوردیی لەنێوان پێكهاتەكاندا.

مەسرور بارزانی: ئەنجامی كاركردنی جدییە
هاوكات مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان دوابەدوای رێككەوتنەكە راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند: ڕێككەوتنی نێوان  حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵی بۆ ئاساییكردنەوەی بارودۆخی شەنگال، ئەنجامی كاركردنی جیددی و دانوستانی چەندین مانگی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵییە ، كە یارمەتیدەر دەبێت بۆ گەڕانەوەی سەربەرزانەی ئاوارەكانی شەنگال كە ڕووبەڕووی ئازار و مەینەتییەكی زۆربوونەوە لە سەر دەستی تیرۆریستانی داعش. بێگومان ئاساییكردنەوەی دۆخی شەنگال ، ڕۆلێكی گرنگی دەبێت لەوەی خەڵكی ناوچەكە بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن. هەردوولا ڕێككەوتووین لە سەر ئەوەی، شەنگال لە ڕووی ئیداری و ئەمنی و خزمەتگوزارییەوە، بە شێوەیەكی هاوبەش بەڕێوە ببرێت. ئەم ڕێككەوتنەش سەرەتایەكە بۆ جێبەجێكردنی ماددەی 140 ی دەستووری عێراق.

شەنگال دەبێتە هەوێنی مادەی 140؟
سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە راشكاوانە رایدەگەیەنێت كە ئەم رێككەوتنەی نێوان بەغداد و هەولێر كاریگەری دەبێت لەسەر مادەی 140ی عێراق.
مادەی دەستوری 140 دوای پرۆسەی ئازادی عێراق لە ساڵی 2003 بۆ چارەسەركردنی كێشەی كەركوك و ناوچە كێشە لەسەرەكان نوسرا لە دەستوردا، بەر لە دەستوریش لە یاسای بەڕێوەبردنی كاتی عێراقدا لەكاتێكدا پۆڵ بریمەر حاكمی مەدەنی عێراق بوو مادەیەكی پەیوەست بوو بە كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكان، بەڵام لەو سەردەمەدا بریمەر نەیتوانی كورد و عەرەب و توركمان لە یەك كاتدا رازی بكات، هەربۆیە ناكۆكی پێكهاتەكان گوازرایەوە بۆناو مادەی 140ی دەستور كە لە 15ی ئۆكتۆبەری ساڵی 2005دا دوای راپرسی دەستوورەكە پەسەندكرا و بووە دەستوری هەمیشەیی عێراق.

مادەی 140 چی تێدایە؟ 
دەستووری عێراق مادەی 140ی وەك چارەسەرێك بۆ كێشەی كەركوك و ناوچە كێشە لەسەرەكانی  نێوان هەرێمی كوردستان و پارێزگا دراوسێكانی ( نەینەوا ، دیالە و سەڵاحەدین ) دەستنیشان كردووە.
مادەكە میكانیزمی سێ قۆناغی دەستنیشان دەكات : یەكەمیان ئاساییكردنەوەیە ، واتە چارەسەری گۆڕانكاری دیمۆگرافیای كەركوك و ناوچە كێشەلەسەرەكان، دووەمیش سەرژمێری لەو ناوچانە ، دواهەمینیش ڕاپرسییە بۆ دیاریكردنی ئەوەی دانیشتووانەكەی دەیانەوێت سەر بە هەرێمی كوردستان بن یان حكومەتی عێراق و پێویست بوو ئەم قۆناغانە پێش 31 ی كانونی یەكەمی 2007 ئەنجام بدرانایە.
كورد چاو لە رێگایە
كورد ماددەی 140 بە تاكە نەخشەڕێگای چارەسەركردنی كێشەی كەركوك و ناوچە كێشە لەسەرەكان دەزانێت و سەركردەكانی هەرێمی كوردستان لە كاتی جیاجیادا داوای جێبەجێكردنی دەكەن.
مەسعود بارزانی لەكاتێكدا كە سەرۆكی هەرێمی كوردستان بوو لە 27 ی حوزەیرانی 2014 لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لە هەولێر وتی: ماوەی 10 ساڵە لەگەڵ حكومەتی فیدراڵدان بۆ چارەسەركردنی كێشەی ناوچە جێناكۆكەكان بە پێی مادەی 140 ، بەڵام بێ ئەنجام بووە .
هاوكات سەرۆك كۆماری پێشووی عێراق كە كورد بوو، د. فواد مەعسوم ، لە مانگی ئازاری 2017 دا داوای لە حكومەتی فیدراڵی كرد، كە دەست بە جێبەجێكردنی ماددەی 140 بكات و تەواوی ئەركەكانی لەو بوارەدا جێبەجێ بكات.

عەرەب و توركمان
لەلایەن خۆیانەوە عەرەب و توركمان ، ناڕەزایی خۆیان بەرامبەر مادەی 140 ی دەستووری عێراق دروست دەكەن و باس لەوە دەكەن كە لەكانوونی یەكەمی 2007 دا ماوەی كاتەكەی بەسەرچووە و پێیان وایە پێویستی بەهەمواركردنەوەی دەستووری عێراق هەیە .