ڕاپۆرتی کوردستانی

03:37 - 11/10/2020

باباجان لە ئامەدەوە ئەردۆغان و ئاکپارتی رەخنەباران دەکات‌

پەیسەر

عەلی باباجان سەرۆکی پارتی دیموکراسی و پێشکەوتن لە ئامادەی باکوری کوردستانەوە باسی لە کێشەکانی کورد کرد، باباجان کە چەند مانگێکە پارتی (دەڤا)ی دامەزراندووە، هەوڵ دەدات سۆزی کوردانی باکوری کوردستان بەلای خۆیدا رابکێشێت و لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوو دەنگی دەنگدەرانی کورد بەدەستبهێنێت.

پرسی کورد
عەلی باباجان سەرۆکی پارتی دەڤا بۆ بەشداریکردن لە یەکەمین کۆنگرەی ئاسایی پارتەکەی لە شارەکە، ١٠ی تشرینی یەکەم سەردانی ئامەدی لە باکوری کوردستان کرد.

زۆربەی قسەکانی باباجان لە کۆنگرەکە و دەرەوەی کۆنگرەکەش لەبارەی پرس و کێشەی کورد، ماف، یەکسانیی، دادپەروەریی و دیموکراسی بوون.

سەرۆکی دەڤا بە ئامەدییەکانی وت، "بۆ دیاربەکرێک لێرەین کە ئۆپراسیۆنی تێدا ئەنجام نەدرێت، خاوەندارییەتی لە دەنگ، هەڵبژاردن و ئیرادەتان دەکەین."

باباجان لە شاری ئامەد بەم جۆرە دەستی بە قسەکانی کرد، "لە دیاربەکری نیشتمانی جەیلان ئوێنکۆی تەمەن ١٢ ساڵی کۆچکردووەوە و لە دیاربەکری تاهیر ئەلچییەوە کە تەمەنی کردە قوربانی بەدیهێنانی دادپەروەری سڵاوتان بۆ دەنێرم."

ئاکپارتی و هاوبەشە بچوکەکەی
باباجان هێرشی کردە سەر پارتی دادا و گەشەپێدان و مەهەپە (پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست) و مەهەپەی بە هاوبەشە "بچوکەکە"ی ئاکپارتی ناوبرد. "پارتی فەرمانڕەوا و هاوبەشە بچوکەکەی دەیانەوێت مرۆڤ و کۆمەڵێک دروستبکەن کە خۆیان پێیان پەسەندە و دەیانەوێت، ئیتر بەسە."

بە ئاماژەدان بە دۆخی تورکیاش وتی، وڵات بە سەردەمی سەختدا تێپەڕیوە، ئازادییەکانی مرۆڤ خرانە ژێر پێ و مافەکانی مرۆڤ پێشێلکران. لە ئێستاشدا ئازادی رادەربڕین نەماوە، رەخنەگران لە کارەکانیان دەردەکرێن و دەستگیردەکرێن، ئەو گەنجانەی لە میدیادا کار دەکەن و رەخنە دەگرن لە ماڵەکانیان وەدەردەنرێن، رۆژنامەوانان لەبەر هەواڵەکانیان دادگایی دەکرێن و هەڕەشەکان تاکو باڵاترین ئاستی دادگاکان رۆشتوون."

لەگەڵ رەخنەگرتنی لە فەرمانڕەوایی پارتی داد و گەشەپێدان بەم جۆرە باسی دەوڵەتی کرد، " دەوڵەت بۆ بوونی مرۆڤ هاتووەتە کایەوە، هیچ شتێکیش لە شان و شکۆی مرۆڤ گرنگتر نییە."

پرسی کورد و باباجان
باباجان لە گوتارەکەی دا لە کۆنگرەی پارتەکەی لە ئامەد باسی لەوە کرد گرنگترین بابەت پێویست بکات قسەی لەبارەوە بکرێت مەسەلەی کوردە.

سەرۆکی پارتی دەڤا وتی، "دەیان ساڵ کێشەی کورد رەتدەکرایەوە، بەڵام لە سەرەتای ٢٠٠٠وە ناوی لێنرا و قسەی لەبارەوە کرا، دەمەوێت باس لە مەسەلەی کورد بکەم کە ئەمڕۆ دیسان بووە بە وشەیەکی قەدەغەکرا و ئەمڕۆش ئەم کێشەیە بووە بە کێشەیەک کە زۆترین ناڕەحەتی بۆ فەرمانڕەوایەتیی وڵات دروستدەکات."

وڕکی هاوبەشە نوێیەکان
باباجان لە درێژەی رەخنەکانیدا بەرامبەر ئاکپارتی و مەهەپە وتی، لەم ساڵانەی دواییدا لە چوارچێوەی "وڕکی هاوبەشە نوێیەکان" (مەبەستی ئاکپارتی و مەهەپەیە) شێواز و رێگایەکی نوێ گیراوەتە بەر، ئەم شێوازە کێشەی کوردی زیاتر گەورە کردووە و گۆڕاوە بە کێشەی هاوڵاتی هاوبەش و دادپەروەریی کە ئەمەش کاری کردووەتە سەر هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگا.

باباجان و ئەردۆغان
باباجان ئاڕاستەی رەخنەکانی کردە سەرۆک کۆماری تورکیا و بە روون و ئاشکرایی خستییە بەردەم رەخنە و بیرهێنانەوەوە، باباجان وتی، ئەردۆغان لە ساڵی ٢٠٠٥ کە سەرۆک وەزیران بوو لە ئامەد وتی، "کێشەی کورد هەیە ئەمەش بە کێشەی خۆم دەزانم."  کەچی دوای ئەوەی بوو بە سەرۆک کۆمار بەڵینەکەی لەبیرکرد، دوای دە ساڵ و لە ٢٠١٥ وتی، "براکەم کێشەی کوردی چی، لەوە زیاتر چیتان دەوێت."

زمانی کوردی
یەکێکی دیکە لەو بابەتانەی باباجان باسی کرد زمانی کوردی بوو، لەم بارەیەوە وتی، لە ساڵی ٢٠١٢ بە دوا دەست بە لابردنی قەدەغە و گرفتەکانی بەردەم زمانی کوردی کران، بەڵام ئێستا بابەتە کوردییەکان کەم دەکرێنەوە.

وتیشی، ئەو تابلۆ کوردییانەی ئەو کاتە هەڵواسران وا ئێستا یەک یەک لادەبرێن، تەنانەت ئەو رۆشنبیرە کوردانەی پێشتر بۆ ئەورووپا هەڵهاتبوون، لە سەردەمی چاکسازییدا بە ئومێدێکی گەورەوە دەگەڕانەوە، بەڵام ئێستا دۆخەکە گۆڕاوە.

ئەمڕۆ لەبەرئەوەی ژمارەیەکی زۆر رۆشنبیر و رۆژنامەوان لە هەر کاتێکدا ئەگەری دەستگیرکردنیان هەیە وا دەستیان بە کۆجکردن کردووە بۆ ئەورووپا، بەڵام لە ٢٠١٢ شڤان پەروەر و مەسعود بارزانی دەهاتنە دیاربەکر (ئامەد).

لابردنی سەرۆک شارەوانییەکان
سەرۆکی دەڤا باسی لە سیاسەتی دەوڵەت بەرامبەر پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) کرد، پارتی فەرمانڕەوای خستە بەر رەخنە و وتی، ئەو سەرۆک شارەوانییانەی لەلایەن خەڵکەوە هەڵبژێردران لە پۆستەکانیان لابران، کەسانی دیکە خرانە شوێنیان و ٤٨ سەرۆک شارەوانی هەدەپە لابران.

ئاماژەی بەوەش کرد، پارتی فەرمانڕەوا (داد و گەشەپێدان) کە هەڵبژاردنەکانی نەبردەوە (لە باکوری کوردستان) دەستی بە سیاسەتی دانانی قەیومەکان کرد (لابردنی سەرۆک شارەوانییەکی هەڵبژێردراو و دانانی کەسێکی دیکە لە شوێنەکەی) و هەڵبژاردە و ئیرادەی خەڵک خرایە ژێر پێ.

هەر لە باسکردنی بابەتی قەیومەکان باباجان وتی، کە پارتی فەرمانڕەوا هەڵبژاردنەکانی دۆڕاند، بە شێوەیەکی نایاسایی دەستی بەسەر شارەوانییەکانی هەدەپەدا گرت، دەشیانەوێت لە ناوچەکانی دیکەی تورکیا ئەم کارە بکەن، بەڵام جورئەتی ئەوەیان نییە، ئەمەی لە تورکیا روودەدات لە سیستمێکی دیموکراسیدا روونادات و کەس دەست بۆ دەنگی هاوڵاتیان نابات.

گەڕانەوەی ئەشکەنجە
عەلی باباجان لە گوتارەکەیدا تیشکی خستە سەر ئازار و ئەشکەنجەدان لە تورکیا و باسی لەوە کرد لە سەرەتای ٢٠٠٠ هەوڵەکان بۆ کۆتاییهێنان بە تاوانە شاردراوەکان (چەند کەسێک کوژران و تاوانبارەکان نەدۆزرانەوە) دەستیانپێکرد، کەچی ئەمڕۆ ئەشکەنجەدان سەریانهەڵداوەتەوە.

وتیشی، دوو ساڵ پێش ئێستا لە وان خەڵکی لادێ کە سەرقاڵی کۆکردنەوەی قارچک بوون بە تیرۆریست ناوبران و ئەشکەنجە دران، کەچی دواتر کەس داوای لێبوردنی نەکرد.

باسی لەوەش کرد، ئەم شارە، ئەم هەرێم و وڵاتە نابێت ئەم هەموو ئازارەی بەسەردا بهێنرێت، هەرکەس تاوانی کرد، ئەگەر فەرمانبەری دەوڵەتیش بێت دەبێت رێکاری ئیداریی و یاسایی لەبەرامبەردا بگیرێتەبەر.

خۆپیشاندانەکان بۆ کۆبانی
باباجان باسی لە خۆپیشاندانەکانی باکوری کوردستان بۆ پشتگیری کۆبانی کرد و وتی، دەبوایە ئەم رووداوانە لە داداگادا یەکلا بکرانایەتەوە نەک بکرێن بە کاڵای سیاسیی و فشاری دەسەڵات.

باباجان پرسیاری ئەوەی کرد، ئایا حکومەت ئاگاداری ئەوە نەبوو پێش چوار مانگ بانگەشەی ئەم خۆپیشاندانانە کرابوو، بێگومان ئاگادار بوو، بەڵام کەوتنە دوای هاوبەشە بچوکەکانیان (مەهەپە) و دۆخەکەیان بەرەو سەردەمی نەوەدەکان برد، خەڵکیان بەگژ یەکتردا دا و دەستیان بە هەڕەشەکردن لە پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان کرد.

هۆشداریدان
باباجان وتی، بەکارهێنانی داداگا بۆ ئامانجی سیاسی مایەی قبوڵ نییە و بەم جۆرە بانگی لە پارتی فەرمانڕەوا کرد؛

"بە مکوڕییەوە بەرگری لە دیموکراسیی و چارەسەری سیاسیی دەکەین، لە رێگەی پڕۆژەکانتانەوە دەست بە دەستگیرکردنی خەڵک مەکەن، وەها لە خەڵک مەکەن بڕوای بە پێویستی هەڵبژاردن نەبێت، چونکە ئەمە ئاگری کیشەی کورد گەورەتر دەکات."

جەختیشیکردەوە، ئەوان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو کەسانە هاتوون کە لەم خاکەدا رێگاکانی سیاسەت دادەخەن، رووبەڕووی ئەوانە دەبنەوە کە توندوتیژیان کردووە بە رێگای بەرێوەبردن، ئەو رێکخراوانەشی کە مەرگ بۆ ئەم وڵاتە دەهێنن و لەسەر مەرگ درێژە بە خۆیان دەدەن.


عەلی باباجان یەکێکە لە دامەزرێنەرە سەرەکییەکانی پارتی داد و گەشەپێدان، بۆ ماوەی سێ خول پەرلەمانتاری حزبەکەی بووە، لە حکومەتیشدا پۆستەکانی وەزیر، جێگری سەرۆک وەزیرانی وەرگرتووە و بووە راوێژکاری باڵاش.

 

باباجان لە ٨ی تەموزی ٢٠١٩ وازهێنانی خۆی لە پارتی دادا و گەشەپێدان راگەیاند و لە ٩ی ئازاری ٢٠٢٠ پارتی دیموکراسی و پێشکەوتنی دامەزراند.