ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

02:34 - 14/10/2020

تاوانی سیاسی لە شاوە بۆ ئایەتوڵا‌

پەیسەر

لە ئێرانی نوێدا، دوو یاسای بنەڕەتی پەسەندکراو هەن، هەردوو یاساکە بەهۆی دوو شۆڕشەوە بووە و دانیان ناوە بە مافی تاوانبارانی سیاسی و دادگایکردنیان.
لەکۆتایشدا، هەردوو یاسا بنەڕەتیەکە، واتە "مەشروتە" و "کۆماری ئیسلامی" جێبەجێنەکران. دادگای ئێران ڕایگەیاند، 11ی تشرینی یەکەم 2010 ، یەکەمین دادگای تاوانی سیاسی بە ئامادەبوونی دەستەی داواکاری گشتی بەڕێوەچووە. ئەم راگەیەندراوە لەنێوان یاسا-ناساندا بیروڕای جیاوازی لێکەوتەوە، لەوباوەڕەدان "هەمان تاس و حەمامە" و تاوانبارانی سیاسی مافەکانیان پێشێل دەکرێت. لە سەردەمی رەزا شاوە تا ئێستا بەهەمان شێوازە.

زیندانی ئەوین لە ماوەی شۆڕشی ساڵی 1979 دا

 
لە ئێراندا داواکاری دادگایەکی دادپەروەرانە بۆ تاوانبارانی سیاسی مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ پێش "حکومەتی کۆماری ئیسلامی" و دروشمی " زیندانیانی سیاسی پێویستە ئازادبکرێن" لە پێش شۆڕشەوە تا ئێستا دووبارە دەبێتەوە.

عەبدولکەریم لاهیجی، یاساناسی بەناوبانگ، کە لەهەردوو حکومەتەکەدا، پارێزەری ناسراوترین تاوانبارانی سیاسی بووە، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ بی بی سی گوتی "لە دادگایکردنی دکتۆر موسەدەق و هەروەها محمد تەقی ریاحی، پشتگیریکەری سەرۆکی هەڵبژێردراو لە ناوەندی سوپا، و بەگشتی بە گوێرەی بەڵگەنامەکانی تایبەت بە یاسای بنەڕەتی دەستوری ناڕازیبوون بە ئامادەبوونی دەستەی داواکاری گشتی. هەرچەندە سروشتی دادگا وەهابوو وەڵامی ئەم نارەزایەتیانەی نەدەدایەوە. واتە لەوکاتەشدا تاوانی سیاسیان دەبەستەوە بە تاوانی ئاسایشیەوە. ناتوانین ئەو دادگایکردنانە بە دادپەروەر دابنێین"

ئامادەنەبوونی دەستەی داواکاری گشتی، لە نارەزایەتیەکانی پارێزەرانی موسەدەق بوو

 
پێش شۆڕش، یاسای دەستوردان و دەرکەوتنی تاوانەکانی دژە ئاسایش
عەبدولکەریم  لاهیجی ئەوەشی گوت "تاپێش ساڵی 1931ی زاینی، ماوەی دروستبوونی دادگای نوێ بوو، تاڕادەیەک بەردەوامیدان بوو بە شێوەی سیستمی سەرکوتکردن، بەڵام لەماوەی سەردەمی ڕەزا شا و لە ساڵەکانی یەکەمی سەرکوتکردندا، یاسای سزاکانی دەستوەردانی دژە ئاسایشی و سەربەخۆی وڵات جێگیرکرا و بەشێوەیەکی کرداری تاوانبارانی سیاسی بە تاوانی دژ بە دەسەڵاتی دەستوری"مەشروتە" و  ئاسایشی گشتی ڕوبەڕوو دەکرانەوە"

دەرچوونی "یاسای دەستوەردان"، لە ساڵانی دوای 1931، ڕووبەڕووبونەوەی رەخنەگرانی رەزاشای ئاسان کرد و بە بەڵگەی هەمان یاسا  هەندێک لە کەیسەکان وەک کەیسی بەناوبانگی 53 کەس ، لە دادگادا بەبێ ئامدەبوونی دەسەتی داواکاری گشتی بەڕێوە دەچوو"
ئەمە لەکاتێکدا بوو بە گوێرەی مادەی 79 لە یاسای بنەرەتی دەستوری "لەبارەی تاوانی سیاسی و چاپەمەنیەوە، دەستەی داواکاری گشتی ئامادە دەبێت."
لاهیجی پێیوایە لە سەردەمی محەمەد رەزا شادا ئەم حاڵەتە دروست بوو و دەستەواژی "تاوانی دژە ئاسایشی" بووە شتێکی باو و تائێستاش بۆ تاوانبارانی سیاسی بەکاردەهێنرێت.
ئەو دەڵێت "لە سەردەمی محەمەد رەزا شاوە، تاوانبارانی سیاسی ڕوبەڕووی هەمان سزای هاوشێوە دەبوونەوە. بەتایبەت پاش دەرچوونی یاسای ڕێکخستنی دامەزراوەی ئاسایشی. بەشێوەیەکی سەرەکی ناونیشانی تاوانی دژە ئاسایشی  لەوکاتەوە هاتەکایەوە."

هەواڵی بەشێک لە تاوانباران لەسەردەمی محەمەد رەزا شادا

 
لەیاسای "ڕێکخستنی دامەزراوەی زانیاری و ئاسایشی وڵات"، لە ئازاری 1957ی زاینی، هەندێک لە کەیسەکانی تاوان لە یاسای سزادانی پێشکەوتوو دژی ئاسایش و سەربەخۆی وڵات ، بە "پیلانگێڕی و پیلاندانان دژی ئاسایشی وڵات" ئەژمار دەکرا.

دادگایە سەربازیەکانی سەردەمی محەمەد ڕەزاشای پەهلەوەی بەبێ ئامادەبوونی دەستەی داواکاری گشتی بەڕێوە دەچوو. عەبدولکەریم لاهیجی کە لەوکاتەشدا پارێزەری دادگا بوو گوتی، جگە لە "چەند مانگی کۆتای حکومەتی پەهلەوەی- لە ئەیلوول تا کانوونی دووەمی 1979 -بە کردار ئامادەبوونی ئێمەی پارێزەرانی دادگا" قەدەغەبوو.

بەیانی شۆڕش، لە هوەیداوە تا زاکانی
عەبدولکەریم لاهیجی گوتی " لە سەرەتایی شۆڕشدا، دادگایکردنی سەرانی حکومەتی پێشوو دەستی پێکرد. ئەوکەسانەی تاوانباری سیاسی بوون، بەم بڕیارە تاوانبارکران، لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا کرا و لەسێدارە دران. ئەم هەنگاوەش لە دەوروبەری ساڵی 1980 وە تا ئەمڕۆ دژی  ئۆپۆزسیۆنەکان هەڵدەگیرێت"
لە ساڵەکانی سەرەتایی پاش شۆڕش، ژمارەیەکی زۆری دەسەڵاتدارانی حکومەتی پێشوو وەک ئەمیر عەباسی هوەیدا،  سەرۆک وەزیری پێشوو بەبێ ڕەچاوکردنی ڕێسا دادپەروەریەکانی دادگایکرن، لە سێدارە درا.
کۆماری ئیسلامی ئێران لە ساڵانی دواتردا، بۆ لێکۆڵینەوە لەو تاوانانەی کە بە دژە شۆڕش ناوی دەبردن، دادگا تایبەتەکانی شۆڕشی دروستکرد و بەپێی کات چوونە ناو سیستمی یاسای ئێران و بوونە بەشێک لە یاسا. بەم جۆرە لە زۆرێک لە کەیسەکاندا، تاوانبارانی سیاسی لەدەرەوەی یاسا پەسەندکراوەکان دادگای دەکران و لە ڕێگەی یاسا شەرعیەکانەوە، بەنددەکران و لە سێدارە دەدران وەک لە سێدارەدانی هەزاران بەندکراوی سیاسی لە هاوینی ساڵی 1988دا.

لە ئێران چەندین ساڵە بە بڕیاری تایبەتی، دادگایکرنەکان لەدەرەوەی یاسا پەسەندکراوەکن بەڕیوە دەچن.

لەئێستادا، بەرپرسانی ئێرانی دەڵێن، یاسای تایبەتیان لەبەرچاوگرتووە بۆ تاوانبارانی سیاسی ، کە مافە هەنوکەیەکانیان لە یاسای بنەرەتیدا دابین دەکات.
بەپێی مادەی 164 ی یاسای بنەرەتی ئێران، لە دادگایکردن بە تۆمەتی تاوانە سیاسی و چاپەمەنییەکاندا، دەبێت دەستەی داواکاری گشتی لە دانیشتنەکانی دادگادا ئامادەبێت.
ئەم مادەیە نزیکەی چوار دەیەیە گوێی لێخەوێنرابوو، تاوەکو لە ساڵی 2015 و لە ڕۆژانی کۆتایی کاری خولی نۆیەمی پەرلەماندا پەسەندکرا و پاش رەزامەندی شورای نیگاهبان"ئەنجومەنی گۆڕینی دەستور"  لە ساڵی 2016 لەلایەن حەسەن ڕۆحانی، سەرۆک کۆمارەوە، ڕاگەیەنرا. دەستەی دادوەری ئەم یاسایەی لە ساڵی 2020 دا جێبەجێکرد.

عەبدولکەریم لاهیجی لەم بارەیەوە دەڵێت، بەرپرسانی حکومەتی ئێستا" تایبەتمەندی کڵاوی شەرعن. ئەوەی ئێمە پێی دەڵێین فێڵی یاسای. بەهەمان شێوە کە ناوی کۆماریان بەکارهێناوە بۆ حکومەتی ئیسلامی، ئەمجارەش هەروایە. چل ساڵە تاوانی سیاسی بە ناوی تاوانی دژە شۆڕش یان دژە ئاسایشی و بە خراپترین شێوە دادگایکردن، بەندکردن و لە سێدادان ڕادەگەیەنن. دواتر ئاشکرایە ئەوەی ناتوانن بڵێن تاوانی سیاسیە، وەک تاوانی سیاسی لەقەڵەمی دەدەن"

عەبدولکەریم لاهیجی لە چاوپێکەوتنەکەی بی بی سی دا، بەڕێوەچوونی دادگایکردنی تاوانبارانی سیاسی بە " دروستکراو، ڕووکەش و ساختە" وەسفکرد  و گوتی" بە گوتەی بێنسام* تەنها بە دەستی پاکەوە دەتوانی بچیتە ناو یاساوە، واتە بەنێتی پاکەوە، بەڵام کاتێک نێتی خراپ هەیە، ناونیشانی یاسای تەنها بۆ ئەوەیە راستی  بەشاراوەی بمێنێتەوە و بە ڕووکەش بڵێن یاسای بنەرەتیمان جیبەجێکردوە"
*بێنسام:فەیلەسوف و یاساناسێکی ئینگلیزیە.

بەگوێرەی یاسای تاوانی سیاسی،لە ئێستادا دەستەی دادوەری خستوێتیە جێبەجێکردنەوە،  ئەوانەی هاندەری چاکسازی و دژی بەڕێوەبردنی وڵاتن تاوانباری سیاسین. بەگوێرەی مادەی دووەمی ئەم یاسایە، تۆمەت و سوکایەتی بە دەسەڵاتدارانی ئێران وەک تاوانی سیاسی لەقەڵەم دەدرێت.

عەبدولکەریم لاهیجی

 
عەبدولکەریم لاهیجی گوتیشی، لە بنەرەتدا جیاوازی نێوان تاوانی سیاسی و تاوانی گشتی لە  هانداندایە. واتە کاتێک هاندانەکە دژی حکومەت، سیاسەتی حکومەت و لایەنی نارەزایەتی تێدابێت. وەک ئەوەی حکومەت خۆپیشاندان بە نایاسای دابنێت و کۆمەڵێک کەس بێن خۆپیشاندان بکەن، ئەمەش تاوانی سیاسیە و سزای دیاریکراوی هەیە. کاتێک تۆمەت و سوکایەتی بە دەسەڵاتداری حکومەت تاوانی سیاسی بێت، ڕاگەیاندن و جێبەجێکردنی ئەم یاسایە هەر لە بنەڕەتەوە ساختەیە، کاتێک تاوانبارانی وەکو نەسرین ستودە و نەرگسی محەمەدی بە 15-20 ساڵ بەندکردن سزادەدرێن، ئەم شێوە لە نوسینی یاسا و ساختکاری لە تێگەشتنی یاسای کارەساتبارە"

یەکەمین تاوانباری دادگای تاوانی سیاسی لە ئێراندا، عەلیڕەزا زاکانی، نوێنەرێکی پارێزگارانی توندڕە بوو ، کە بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی درۆ دژی وەزارەتی ڕاگەیاندن دادگایکرا و بێ تاوان دەرچوو.
لاهیجی لەبارەی ئەوەوە، کە سەرەڕای هەبوونی مافی تاوانبارانی سیاسی لە دوو یاسای بنەرەتیدا، و بوونی کێشە لەم یاسایەدا گوتی"لە ئێراندا، سیستم بەگوێرەی یاسایەک کە نوێنەری  بڕیاردانی خەڵک و  حکومەتی نیشتیمانی بێت بەڕێوە نەچووە. پەنجا ساڵە سیستمی سەرکوتکاری جێبەجێدەکرێت. هەڵبژێردراوان، نوێنەری راستەقینەی خەڵک و ئیرادەی گەل نەبوون. بەڵکو ئەگەر یاسایەک جێبەجێکرابێت لە لایەن حکومەتەوە، یاسایەک بووە بۆ سنوردارکردن و سەرکوتکردنی ئازادییەکان جێبەجێکراوە".