ڕاپۆرتی کوردستانی

03:48 - 17/10/2020

ربع الله کێن؟ ئەو گروپەی بارەگای لقی پارتیان لە بەغدا سوتاند‌

پەیسەر

بەرەبەیانی شەممە ١٧ی تشرینی یەکەم، چەند کەسێک بە ئاڵای شەعبی و لۆگۆی گروپی (ربع الله)وە هێرشیان کردە سەر بارەگای لقی پێنجی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا و سوتاندیان، گروپی (ربع الله) هەمان ئەو گروپەن تۆمەتبار کران بە سوتاندنی بارەگای کەناڵی دیجلە لە بەغدا کۆتایی مانگی ئاب. گروپە تەور بەدەستەکە کێن؟

تەور بەدەستەکان کێن؟
رۆژی نۆی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠ چەند کەسێک بە جل و بەرگی رەش و دەموچاوی داپۆشراوە پەیامێکی ڤیدیۆییان بڵاوکردەوە، ئەوانەی لە ڤیدیۆکەدا دەرکەوتن ناوی (ربع الله) لەسەر جلوبەرگەکانیان نووسرابوو، مانای دیاری گروپەکە (گروپی خودایە).

کەسێک بەیاننامەی گروپەکە دەخوێنێتەوە و چەند کەسێکی دیکەش لە پشتییەوە وەستاون. ئەوانەی لە پشتەوە وەستاون تەوریان بەدەستەوەیە و دەموچاوی هیچ کەسێکیشیان ناناسرێتەوە.


کەسی پێشەوە بە دەنگێکی هەڕەشە ئامێزەوە بەیاننامەکە دەخوێنێتەوە و بە ئایەتی ٥٢ی سورەتی (الفرقان) دەستپێدەکات "فَلَا تُطِعِ ٱلْكَٰفِرِينَ وَجَٰهِدْهُم بِهِۦ جِهَادًا كَبِيرًا"  "گۆێڕایەڵی بێباوەڕان مەكەن و بە قورئان بە توندی بچنەوە بەگژیاندا".

دواتر کەسەکە بەردەوام دەبێت و دەڵێت، "لە کاتێکدا کە وڵاتەکەمان بەرەوڕووی مەترسیی دەرەکییەکان بووەتەوە تاکو وڵات بەرەو کوشتاری ناوخۆیی ببەن، واجب بووە لەسەر گروپی (ربع الله) رووبەڕووی هەرکەسێک ببێتەوە کە سوکایەتی بە مەرجەعە پیرۆزەکانمان بکات و وێنەی جەنگاوەرانمان بشێوێنێت کە لەپێناو وڵاتە شکۆدارەکەمان بوونە قوربانی، لێرەوە پێتان رادەگەیەنین بە ئامادەیی تەواومان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەوانەی لەژێر ناوی نیشتماندان و هەرگیز لەپێناوی نیشتماندا نەمردوون."

لە درێژەی پەیامەکەیدا کەسەکە دەڵێت، "جەخت دەکەینەوە، ‎(ربع الله) بزوتنەوەیەکی گەنجانەی سەربەخۆیە، هیچ حزب و پێکهاتەیەکی سیاسیی ناوخۆیی و دەرەکی سەرکردایەتیی ناکات، هەرکەسێک هەوڵی نزیکبوونەوە بدات لە پێشێلکردنی رێزی پیرۆزییەکان و مەرقەدە پیرۆزەکان، رووبەڕووی کاردانەوەی مەزنی ئێمە دەبێتەوە."

پێشتریش گروپەکە پەیامێکیان بڵاوکردبووە و هەڕەشەی رووبەڕووبوونەوەی "بەکرێگیراو"ەکانی ئەمریکا و جولەکەیان کردبوو.

هێرشکردنە سەر دیجلە
کۆتایی مانگی ئاب گروپێک بە دروشم وتنەوەوە لە شاری بەغدا هێرشیان کردە سەر کەناڵی ئاسمانی دیجلە و سوتاندیان، دواتر لە هەندێک سەرچاوەی میدیاییەوە راگەیەندرا ئەوانەی هێرشیان کردووەتە سەر‎ بارەگای کەناڵی دیجلە سەر بە گروپی (ربع الله) بوون.

سەرچاوە ئەمنییەکان رایانگەیاند، هۆکاری هێرشەکە ئەوە بووە کەناڵەکە لە شەوی عاشورا گۆرانی پەخشکردووە، ئەمەش ئەو کەسانەی توڕە کردووە و بە دروشمی (لبیک یا حسین) هێرشیان کردووەتە سەر بارەگای کەناڵەکە و ئامێرەکانیان شکاندووە.

هێرشکردنە سەر کەناڵی ئێم بی سی
ناوەڕاستی مانگی مایس چەند کەسێک لە گەڕەکی وەزیرییەی شاری بەغدا هێرشیان کردە سەر بارەگای کەناڵی ئێم بی سی سعودی، گروپەکە گەمارۆی تەلەفیزیۆنەکەیان دا و دایانخست.

لەگەڵ ئەوەی گروپەکە بە لایەنگرانی حەشدی شەعبی ناوبران، بەڵام ئەم کەسانە بە گروپی (ربع الله) ناو دەبرێن و دەوترێت ئەم کارەش لەلایەن گروپەکەوە ئەنجام دراوە.

ئەو کەسانەی هێرشیان کردە سەر بارەگای تەلەفیزیۆنی بی ئێم سی دروشمیان لە دژی خێزانی فەرمانڕەوای سعودییە دەوتەوە.

‎(ربع الله) بەرەو کەربەلا
فاهم الكريطي بەرێوەبەری راگەیاندنی ئۆپراسیۆنەکانی کەربەلا لە چواری تشرینی یەکەم رایگەیاند، لە بەشێک لە میدیاکاندا وێنەی گروپە چەکدارە توندڕەوەکانیان بڵاوکردووەتەوە گوایە بۆ پاراستنی مەراسیمی چلە هاتوونەتە ناو پارێزگای کەربەلا، ئێمە ئەم هەواڵانە لەبارەی بوونی ئەم گرەپانەوە رەتدەکەینەوە و رایدەگەیەنین گروپی لەم جۆرە نەهاتوونەتە پارێزگاکە.

پێشتر چەند میدیایەک وێنەی ئەندامانی (ربع الله)یان بڵاوکردبووە کە لەنێو گەڕەکانی کەربەلا بڵاوبوونەتەوە و بەشێکیشیان لە نزیک مەزارگەکانی حسێنییە و عەباسییە بوون و گوایە پارێزگاری لە مەراسیمەکان دەکەن.

لە بەشێکی دیکەی وێنەکاندا کە لە مەراسیمی چلەدا گیراون، ئەو کەسانە دەردەکەون کە وێنەی قاسم سولەیمانی فەرماندەی کوژراوی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسداران و ئەبو مەهدی موهەندیس جێگری کوژراوی سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبییان بەرزکردووەتەوە.

دژایەتی سیستانی
سەرهەڵدانی گروپی (ربع الله) بە هەوڵێکی دیکەی ئێران دادەنرێت بۆ دژایەتیکردنی پایە و پێگەی عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق.

میدیاکانی نزیک لە نەجەف بڵاویانکردەوە، بەرپرسانی حسێنییە و عەباسییە لە کەربەلا رێگرییان لە گروپیک کردووە کە لەسەر جلوبەرگەکانیان نووسراوە (ربع الله) و بە گروپی سەر بە ئێرانیش ناوبراون.

ئەم میدیایانە باسیان لەوەش کردبوو، هاتنی ئەم گروپە پلانێکی ئیستیفزازییە لەلایەن ئێرانەوە و ئامانجیان شێواندنی پێگەی عەلی سیستانییە و دەیانەوێت بڵین شوێنکەوتووانی تاران لە هەموو شوێنێک هەن.

بانگەشەی سوتاندنی بارەگای پارتی
١٥ی تشرینی یەکەم، واتە دوو رۆژ پێش ئێستا، گروپی (ربع الله) بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، رۆژی شەممە دەچنە بەردەم بارەگای لقی پێنجی پارتی.

لە بەیاننامەکدا هاتووە، کاتژمێر دەی سەر لەبەیانی لەبەردەم بارەگای پارتی دیموکراتی کوردستان کۆدەبنەوە و بەستنی کەمامەش پێویستییەکی شەرعییە، ئامانجیان دەربڕینی ناڕەزایەتییە دژی لێوانەکانی هۆشیار زێباری لەسەر دامەزراوەیەکی "پیرۆزی" وەک حەشدی شەعبی کە بۆ هەموو عێراقییەکان قوربانی داوە.

لە دوای بەیاننامەکەوە و بە درێژایی دوو رۆژی رابردوو گروپەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، داوایان لە لایەنگرانیان کرد رۆژی شەممە لەبەردەم بارەگای لقی پێنجی پارتیدا ئامادە بن.

سوتاندنی بارەگای لقی پێنجی پارتی
گروپی (ربع الله) وەک بانگەشەیان بۆ کردبوو، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ شەممە ١٧ی تشرینی یەکەم، لەبەردەم بارەگای لقی پێنجی پارتیدا کۆبوونەوە و بە دروشم وتنەوەوە هێرشیان کردە سەر بارەگاکە و سوتانیان.

هێرشبەرەکان بە ئاڵای حەشدی شەعبی و جلوبەرگی (ربع الله)وە دروشماین دەوتەوە، ئاڵای کوردستانیان سوتاند و ئاڵای حەشدی شەعبیشیان لەسەر بارەگای لقی پارتی هەڵکرد.

شوان محەممەد تەها بەرپرسی لقی ٥ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا بە میدیاکانی نزیک لە حزبەکەی راگەیاند، چەند رۆژێک بوو لایەنگرانی حەشدی شەعبی بانگەشەی ئەوەیان کردبوو دێنە بەردەم لقیە پێنجی حزبەکەی و ئەوانیش حکومەتی عێراقیان لە هەڕەشانە ئاگادارکردووەتەوە، بەڵام ئەم کەسانە بە بەرچاوی هێزە ئەمنییەکانەوە بارەگاکەیان سوتاندوون.

بەرپرسی لقی پێنجی پارتی وتیشی، لایەنگرانی حەشدی شەعبی و گروپی (ربع الله) هاتوونەتە سەر بارەگای لقی پێنجی حزبەکەیان و سوتاندوویانە.

پارتی: ربع الله حوكمڕانی به‌ره‌و هه‌ڵدێر ده‌به‌ن
مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان لە راگەیەندراویکدا سەبارەت بە سوتاندنی بارەگای لقی پێنجی پارتی، کارەکە دەخاتە ئەستۆی گروپی (ربع الله) و بە سەرلێشێواو و سەرگەردان ناویان دەبات.

لە راگەیەندراوەکەی مەکتەبی سیاسیی پارتیدا هاتووە، " به‌شێكی سه‌رلێشێواو و سه‌رگه‌ردان له‌ میلیشیاكان، كه‌ دورن له‌ پرنسیپه‌ نیشتمانیه‌كان و هه‌ستكردن به‌ به‌رپرسیاریه‌تی و دژ به‌ دیموكراسیه‌ت و ئازادی، هێرشیان كرده‌ سه‌ر باره‌گای لقی (5)ی پارتیمان و به‌ شێوه‌یه‌كی دور له‌ به‌های نیشتمانی و پێكه‌وه‌ژیان، باره‌گاكه‌ و ئاڵای پیرۆزی كوردستانیشیان سوتاند. له‌ كاتێكدا به‌توندترین شێوه‌ ئیدانه‌ی ئه‌و كرده‌وه‌ نا به‌رپرسانه‌ ده‌كه‌ین كه‌ به‌رامبه‌ر باره‌گایه‌ك كراوه‌ كه‌ ته‌نیا ئه‌ركی‌ ئه‌نجامدانی چالاكی سیاسییه‌ له‌ چوارچێوه‌ی یاسادا."

لە درێژەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "له‌ هه‌مان كاتدا هۆشداری ده‌ده‌ین كه‌ ئه‌وانه‌ی ناویان له‌خۆیان ناوه‌ (ربع الله‌) و هاوكاره‌كانیان، كرده‌وه‌كانیان دور و نزیك په‌یوه‌ندیان به‌ ئیسلامه‌وه‌ نیه‌ و ناوی ئیسلام ته‌نیا بۆ په‌رده‌پۆشكردنی تاوانه‌كانیان به‌كاردێنن، به‌م ره‌فتارانه‌یان ته‌واوی پرۆسه‌ی سیاسی عێراق ده‌خه‌نه‌ بارودۆخێكی مه‌ترسیدار و، هه‌ڕه‌شه‌ن بۆ ئیستیقراری عێراق و ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تی و، حوكمڕانیش به‌ره‌و هه‌ڵدێر ده‌به‌ن."

سەرەتای کیشەکان
چەند رۆژێک پێش ئێستا هۆشیار زێباری رەخنەی لە هێرشەکانی گروپە چەکدارییەکان بۆ سەر نوێنەرایەتییەکان گرت و وتی ئەم گروپانە سەقامگیریی عێراق تێکدەدەن.

پێشتریش هۆشیار زێباری ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان لە چاوپێكەوتنێكی كەناڵی الحرە داوای لەمستەفا كازمی سەرۆك وەزیران كردبوو ناوچەی سەوز لە حەشدی شەعبی پاك بكاتەوە.

دوای چەند رۆژیکیش لەسەر لێدوانەکانی هۆشیار زێباری لە پەرلەمانی عێراق دەمەقاڵی لەنێوان پەرلەمانتارانی شیعە و پارتی دروستبوو.

هۆشیار زێباری ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان بە كەناڵی " العهد" ی عێراقی راگەیاندووە، حەشدی شەعبی هێزێكی تێكۆشەر و خەباتكارە، و ئەو هێرشی نەكردۆتە سەری، و هەندێك شت بەناوی ئەوەوە دەڵێن كە نەیگوتووە. بەهەموو شێوەیەك رێزی حەشدی شەعبی دەگرن و كەس ناتوانێت بێرێزی پێ بكات یان هێرش بكاتە سەر قوربانیەكانیان، دەشڵێت  بەهەڵە لە لێدوانەكەی پێشووی تێگەیشتوون.