ڕاپۆرتی کوردستانی

01:21 - 18/10/2020

سوتاندنی ئاڵای كوردستان جیهانی هێنایە دەنگ‌

پەیسەر پرێس

سوتاندنی ئاڵای كوردستان لە بەغداد دەبێتە هەواڵی جیهان و كاردانەوەی بەرفراوانی ناوخۆیی و جیهانی بەدوای خۆیدا هێناوە، لە ئاستی حكومەتی و سیاسی بەرپرسانی باڵای هەردوو حكومەتی ناوەند و هەرێم هاتوونەتە سەرهێڵ و بەشی زۆری باڵیۆزخانەی وڵاتان لە بەغداد و كونسوڵخانەكان لە هەولێر داوا دەكەن دوكەڵی ئاڵاكە نەبێتە هۆی لێكترازان و تێكچوونی سەقامگیری و شیرازەی سیاسی.

چی روویدا؟ 
رۆژی 17 ئۆكتۆبەر، گروپێكی نزیك لە حەشدی شەعبی بەناوی گروپی (ربع اللە) هێرشیانكردە سەر لقی پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەغداد و سوتاندیان، ئەوەش لە كاردانەوەی بەرپرسێكی باڵای ئەو حیزبەدا كە وەك خۆیان دەڵێن گوزارشتی نەشیاوی بەرامبەر حەشدی شەعبی بەكارهێنابوو و لە ماوەی 3 رۆژدا چەند جارێك لە تویتەر هۆشداری سوتاندنی ئەو بارەگایەیان دابوو.
لەبارەی گروپەكە، شوان محەمەد، بەرپرسی لقی 5 پارتی دیموكراتی كوردستان بە میدیاكانی نزیك لە حیزبەكەی راگەیاندووە، لە رۆژی دووشەممەی رابردووەوە لەلایەن رێكخستنەكانی خۆیان و دەزگا هەواڵگرییەكانەوە زانیارییان پێگەیشتبوو كە چەند گرووپێكی توندڕەوی ناو حەشدی شەعبی بەنیازی هێرشكردنن بۆ سەر بارەگای پارتی، هەرچەندە بەرپرسانی كوردیان لە بەغدا و هەرێمی كوردستان و سەرۆك وەزیرانیان ئاگاداركردبووەوە، بەڵام دواجار هێرشەكە ئەنجامدرا.

دوكەڵەكەی گەیشتە جیهان
ئەوەی سەرنجی جیهانی راكێشا، سوتاندنی ئاڵایەكی كوردستان بوو، كاتێك چەكدارێكی ئەو گروپە لەبەردەمی كامێرای مۆبایلەكاندا ئاڵاكەی سوتاند و هەر زوو ڤیدیۆكەی بە راگەیاندن و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بڵاوبوەوە، بەوەش هەم بەرپرسانی هەرێمی كوردستان و هەم بەشێك لە ناوەندە جیهانییەكان هاتنە سەرهێڵ و جگە لە ئیدانەكردن، داوای دانبەخۆداگرتن لە كورد دەكەن و داوادەكەن دوكەڵی ئاڵاكەیان نەبێتە مایەی كاردانەوە و دروستبوونی كێشە و ئاڵۆزی و عێراقیش هەر زوو بەڵێنیدا كە ئەنجامدەرانی كردەوەكە بخاتە بەردەم لێپێچینەوە.

یونامی: هەڕەشە و تۆقاندن چارەسەر نین
نوێنەری نەتەوەیەكگرتووەكان لە عێراق – یۆنامی، لە تویتێكدا ئیدانەی سوتاندنی ئاڵای كوردستان و  هێرشكردنە سەر بارەگای پارتی لە بەغداد دەكات و دەڵێت، هەڕەشە و تۆقاندن چارەسەری ناكۆكییەكان ناكەن.  
یۆنامی پێیوایە عێراق پێویستی بە یەكگرتوویی، سەقامگیری و گفتوگۆ هەیە بۆ ئەوەی چارەسەری "كێشە زۆرەكانی" بكات.

ئەمریكا ئێران تۆمەتبار دەكات
دوابەدوای رووداوەكە و لە چوارچێوەی ئەو كاردانەوە نێودەوڵەتییانەی سوتاندنی ئاڵای كوردستان بەدوای خۆیدا هێنای، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە راگەیەندراوێكی رەسمیدا داوای ئاڵۆزنەكردنی رەوشەكەی كرد و پەنجەی تۆمەتیشی بۆ گروپەكانی نزیك لە كۆماری ئیسلامی ئێران لە عێراق راكێشا.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە راگەیەندراوەكەیدا كە بەناوی وتەبێژەكەیەوە بڵاویكردووەتەوە بەپێویستیی دەزانێت، لایەنە سیاسییەكان بتوانن گفتوگۆیەكی بونیاتنەری بێ هەڕەشەی "گرووپە چەكدارەكان و چەتەكان" ئەنجامبدەن . 
لە راگەیەندراوەكەدا وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا رایدەگەیێنێت، ئەو چالاكییە ناسەقامگیركارانەی كە گروپەكانی نزیكی ئێران لە دەرەوەی دەسەڵاتی حكومەتی عێراق دەیكەن، كێشەی ئیتنیكی و تائیفی دروستدەكات.
 
كۆبوونەوەی نائاسایی
جگە لە چەند پەیامێكی زارەكی سیاسی، هەمان رۆژی سوتاندنی ئاڵاكە لە بەغداد، ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی عێراق بە سەرۆكایەتی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆبوونەوە و بەپێی راگەیەندراوی كۆتایی كۆبوونەوەكەش كە ماوەی دوو كاتژمێری خایان ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی جگە لە ئیدانەكردنی رووداوەكە، بڕیاریدا كە لێكۆڵینەوە بكات و كۆبوونەوەكەشی بە كۆبوونەوەیەكی نائاسایی ناوبرد.
لە راگەیەندراوەكەدا ئەوەش خراوەتەڕوو كە حكومەت هەموو رێوشوێنێكی تووند دەگرێتەبەر دژی هەموو ئەوانەی شكۆی دەوڵەت و دەسەڵاتی یاسا دەشكێنن.
هەروەك راگەیەندراوی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئاماژەی بەوەشداوە كە 15 كەس دەستگیركراون بەهۆی ئەو رووداوەوە.

حكومەتی هەرێمی كوردستان: قبوڵی ناكەین
هاوكاتی كاردانەوە عێراقی و جیهانییەكان، لە هەرێمی كوردستانیش سەرجەم دامەزراوە رەسمییەكانی وەك پەرلەمان و حكومەت و سەرۆكایەتی هەرێم قسەی رەسمییان لەبارەیەوە كرد و حیزب و كەسایەتییە سیاسییەكانیش بە هەمان شێوە هاتنە سەرهێڵ.
حكومەتی هەرێمی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا بە توندی سووتاندنی ئاڵای كوردستان و هێرشی سەر بارەگای پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەغدا شەرمەزار دەكات.
حكومەت لە راگەیەندراوەكەیدا دەڵێت: هەر جۆرە هێرش و دەستدرێژییەك لە لایەن هەر كەس و گرووپێكەوە بۆ سەر سیمبۆلەكانی هەرێمی كوردستان و حزبە سیاسییەكانی جێگەی قبووڵكردن نییە.  
پێویستە حكومەتی فیدراڵ رێوشوێنی پێویست بۆ پاراستنی بارەگای حزبەكان و نوێنەرایەتیی وڵاتانی بیانی لە بەغدا و هەر شارێكی دیكە لە هێرشی هەر گروپێكی لە یاسا دەرچوو بگرێتەبەر.
هەروەك حكومەتی هەرێمی كوردستان بە مافی خۆی دەزانێت هەموو رێوشوێنێكی یاسایی و رێگەپێدراو بۆ پاراستنی هاووڵاتییان و دەستكەوتەكانی و رێزگرتن لە ئاڵای كوردستان بگرێتەبەر.
 
پەرلەمانی كوردستان: پێویستە بەدواداچوون بكرێت
پەرلەمانی كوردستانیش لە راگەیەندراوێكدا دەڵێت: پەرلەمانی كوردستان وەكو نوێنەرایەتیی شەرعیی تەواوی خەڵكی كوردستان، وێڕای دەربڕینی نیگەرانیی زۆری خۆی لەئاست ئەم رووداوە نەخوازراوە، داواكارە حكومەتی فیدرالی رێگە نەدات هێزێكی یاخی و لەیاسا دەرچوو زیان بە پێكەوەژیان و بنەماكانی دەستوورو رەنگاڵەیی و فرەیی نەتەوەیی و ئاینی و مەزهەبیی عێراق بگەیەنێت.  
هەر لەو راگەیەندراوەدا پەرلەمانی كوردستان ئاماژەی بەوەشداوە، وێڕای بەتوندی شەرمەزاركردنی ئەو پەلامارەو سووتاندنی ئاڵای كوردستان كە سومبولی گەلی كوردستانەو لەسایەیدا رۆلەكانی گەلەكەمان خوێنی خۆیان كردە قوربانی بۆ ئازادی و دیموكراسی و سەرفرازی، داوا لەحكومەت و پەرلەمانی فیدرالی دەكەین بەدواداچوون بۆ ئەم كارە نایاساییە دوور لەهەموو عورفێكی سیاسی و گیانی پێكەوەژیانە بكەن و ئەنجامدەرانی بەسزای یاسایی خۆیان بگەیەنن. 

سەرۆكایەتی هەرێم: بە ئاژەوەگێڕی دادەنێین
سەرۆكی هەرێمی كوردستانیش لە پەیامێكدا سوتاندنی ئاڵای هەرێمەكەی بە ئاژاوەگێڕی دانا و داوای كرد مێژووی هاوبەشی پێشمەرگە و حەشدی شەعبی لە روبەروو بوونەوەی تیرۆر بەم كارانە نەشێوێندرێت.
لە بەشێكی پەیامەكەیدا سەرۆكی هەرێم دەڵێت: هێزی پێشمەرگە و حەشدی شەعبی و هێزە چەكدارەكانی عێراق مێژوویەكی تازەی هاوبەشیان لە شەڕی داعشدا تۆماركرد، ئێمە هیوادارین ئەو هاوبەشییە هاوكارییەكی زیاتری بەدوادابێت لەڕووی سیاسییەوە لەپێناو دەربازكردنی هەموو خەڵكی عێراق لەو بارودۆخە ناخۆشەی تێیكەوتووە.
هەروەك داواش لە دامودەزگاكانی عێراق دەكات لێكۆڵینەوە لەو رووداوە بكەن و داوا لە هەموو لایەك دەكات بە ئارامی مامەڵە لەگەڵ ئەو رووداوە بكەن.

ئەمانە بەشێك بوون لە كاردانەوە فەرمییەكان، لە پاڵیشیدا كەسایەتی و حیزبە سیاسییەكان كاردانەوە و ئیدانەنامەیان هەبوو، بەڵام هاوتەریب لە ناوخۆی هەرێمی كوردستان بەشێك لە بەكارهێنەرانی تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان باس لەوە دەكەن كە سوتاندنی ئاڵای كوردستان هیچ نیگەرانی نەكردوون هۆكاری ئەوەش دەگەڕێننەوە بۆ نەبوونی دادی كۆمەڵایەتی و جیاكاری چینایەتی لە سایەی دەسەڵاتێكی خۆماڵیدا لە هەرێمی كوردستان لەژێر سایەی ئەو ئاڵایەدا.