ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

02:49 - 18/10/2020

کۆتایی سزای چەک لەسەر ئێران، چ گۆڕانکارییەک لە پێشە؟‌

پەیسەر

سزاکانی چەکی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوە یەکگرتوەکان لە نیوە شەوی  18ی تشرینی یەکەم 2020 و پاش 13 ساڵ کۆتای هات. بەگوێرەی ڕیکەوتنی ئەتۆمی ئێران لەگەڵ شەش زلهێزی جیهانی لە ساڵی 2015، سزاکانی سەر چەک لەسەر ئێران لەم بەروارەدا کۆتای دێت و ئەم وڵاتە دەتوانێت لە وڵاتانی تر چەک بە شێوەیەکی یاسای بکڕێت.

 
کاردانەوەکانی ئەمریکا
ئەمریکا ساڵێک زیاترە ڕایگەیاندوە بەهۆی ئەو پێشینەیەی کە ئێران هەیبووە، نابێت ئەم سزایانەی لەسەر هەڵبگیرێت. واشنتۆن لە چەند مانگی ڕابردوودا هەوڵیدا لە ڕێگەی پرۆژە بڕیارێکەوە لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سزاکانی سەر چەکی ئێران درێژبکاتەوە، بەڵام ئەم پرۆژە بڕیارە پاش ڕاوێژێکی زۆر دەنگی نەهێان. لە دوای دەنگ نەهێنانی ئەم پرۆژە بڕیارە، ئەمریکا میکانیزمی "ماشە" یان پەلەپیتکەی بەکارهێنا ، (پەلەپیتکە) سازوکارێکە کە لە ڕێکەوتننامەی شەش زلهێزی جیهانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی دەربارەی چالاکییە گوماناوییەکانی لە ساڵی ٢٠١٥ واژۆ کرا کە باس لەوە دەکات لە ئەگەری ڕەزامەند نەبوونی لایەنێکی ئەو ڕێکەوتنە بە پابەندبوونی کۆماری ئیسلامی بە بەڵێنەکانی، سکاڵا لە ئەنجوومەنی ئاسایش تۆمار دەکات و لە ڕێگەی ئەم سازوکارەوە گەمارۆ هەڵپەسێراوەکانی ئەنجوومەنی ئاسایش دژی کۆماری ئیسلامی چالاک دەکرێتەوە، ئەم میکانیزمەش لەلایەن ڕوسیا و چینەوە دژایەتی کرایەوە.

ئێران بە سەرکەوتنی گەورە ناوی دەبات
بەهەرجۆرێک بێت، ئێران کۆتای ئەم سزایانەی بە "سەرکەوتنێکی گەورە" لەقەڵەمدا و بانگەشەی ئەوەشی دەکرد بەهۆی سزاکانی ئەمریکاوە، نەیتوانیوە دەرمانی پێویست دابینبکات، ئەمە لەکاتێکدایە چەندین جار بەرپرسانی ئەمریکای ڕایان گەیاندوە ، سزاکانیان دەرمان و کەلوپولی تەندروستی ناگرێتەوە.

حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران، گوتی بە کۆتای هاتنی ئەم سزایانە ئێستا "دەتوانین لەهەر کوێ بمانەوێت چەک بکڕین و چەکیش بفرۆشین بەهەر کەسێک".
ئەمریکا جەختلەوە دەکاتەوە، هەر وڵاتێک مامەڵەی چەک بکات لەگەڵ ئێراندا، سزادەدرێت و بەمەش ڕوون نیە بازرگانی چەک لەگەڵ ئێران تاچەند بەکرداری دەکرێت.

هۆکاری ئەم سزایانە چی بوون؟
ئەنجومەنی ئاسایش لە لوتکەی قەیرانی بەرنامە ئەتۆمیەکەی ئێراندا، سزای پەیوەندیداریی تایبەت بە بازرگانی چەکی بەشێوەیەکی یاسای پەسەندکرد و وڵاتانی نەتەوەیەکگرتوەکنی لە کڕین و فرۆشتنی راستەوخۆ و ناراستەوخۆ هەرجۆرە چەکێکی هێرشی، بەرگری و بەرنامە دروستکردنی چەکی لێ قەدەغە کردن.
هۆکاری ئەم سزایانەش، نیگەرانی لە ئامانجی بەرنامە ئەتۆمیەکەی ئێران بوو، تاوەکو هەر لادانێک بەرەو ئامانجی سەربازی  ئەم بەرنامەیەدا ڕووبدات، بەهۆی سزاکانی چەکەوە خێرای و توانای ئەگەری هێرشکردنی ئێران بە چەکی ئەتۆمی کەمبکاتەوە.

بەردەوامی سزا یەکلایەنەکان
ئەم سزیانە لە پێنج ساڵی ڕابردوودا بەشیوەیەکی دیاریکراو مابوەوە، واتە کڕین و فرۆشتنی چەک بە گوێرەی زانیاری و ڕیگەپێدانی ئەنجومەنی ئاسایش ڕێگەی پێدرابوو. هەرچەندە سزاکانی چەکی سەر بە ئەنجومەنی ئاسایش لەسەر ئێران کۆتایهاتووە، بەڵام سزا یەکلایەنەکانی فرۆشتنی چەک بەم وڵاتە هیشتا بەردەوامە.

سزاکانی سەر چەک دژی کۆماری ئیسلامی ئێران، لە کۆنترین ئەو سزایانەیە کە ئەمریکا بەسەر ئێرانیدا سەپاندوە. دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا ، ساڵی ڕابردوو بڕیارێکی دەرکرد و بەگوێرەی ئەم بڕیارە فرۆشتنی چەک بە ئێران نەک تەنها بۆ هاوڵاتی و کۆمپانیا ئەمریکییەکان قەدەغەیە، بەڵکو کۆمپانیا نائەمریکیەکانی دروستکردنی چەکیش ، لە کاتی فرۆشتنی چەکدا بە ئێران ڕووبەڕووی سزا دەبنەوە.
فرۆشتنی چەک بە ئێران لەلایەن یەکێتی ئەوروپا و بەریتانیاشەوە، سزای لەسەرە، تەنانەت سویسراش کە لە بەرهەمهێنەرانی چەکی گەورەیە و هەرچەندە سەر بەیەکێتی ئەوروپا نیە و  پەیوەست نیە بە ئەم پەیماننامەوە، بەڵام لەم ساڵانەی دوایدا خۆی بەدوورگرتووە لە فرۆشتنی چەک بە ئێران.

ئێران تەنها روسیا و چینی بەدەستەوە ماوە
لەم کاتەشدا، لە وڵاتانی بەرهەمهێنەری چەک تەنها کۆریای باکوور، چین و ڕوسیا بەدەست ئێرانەوە ماوە.
کۆریای باکوور بەهۆی بەرنامە ئەتۆمیەکەیەوە لە ژێر سزاکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیدایە و هەرجۆرە مەمەڵەیەکی سەربازی لەگەڵیدا قەدەغەیە، بەڵام چین و ڕوسیا وەک دوو وڵاتی ئەندامی هەمیشە ئەنجومەنی ئاسایش دژی پرۆژە بڕیارەکەی ئەمریکا بوون سەبارەت بە درێژکردنەوەی سزاکانی چەک لەسەر ئێران، بۆیە ئێران تەنها ئەم دوو وڵاتەی بەدەستەوە  ماون چەکی پێ بفرۆشن. پێشتریش مایک پەمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە دیاریکراوی ناوی ئەم دوو وڵاتەی برد، کە رەنگە چەک بە ئێران بفرۆشن.

پێویستی سەرەکی ئێران بە چەک لە ئێستادا، بەگوتەی لێکۆڵەرەوانی کاروباری سەربازی فرۆکەی جەنگییە، بەهۆی سزای چوار دەیەی ئەمریکای لەسەر، زۆر پێویستی بە فراوانکردن و نوێکردنەوەی هەیە. ئێران بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەمە، لەم ساڵانەی دوایدا بەرنامەیەکی دروستکردنی موشەکی بالیستیکی دەستپێکرد و فراوانی کرد، تاوەکو  ناوی هێزی هەوای سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی گۆری بۆ هەوای-ئاسمانی،  ئەمەش ئاماژەیەک بە زیادکردنی کاروباری موشەک وەک جالاکیەکی تایبەتی.

لەنێوان روسیا و چینیشدا، روسییەکان لە بەرهەمهێنەرانی فرۆکە شەڕکەرەکانی پێویستی ئێرانن وەک فرۆکەی جۆری سیخۆ35 ، بەڵام تا ئیستا خۆی بەدوور گرتووە لە فرۆشتنی بە ئێران.
سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕوسیا، جەختیکردەوە لەسەر ئەوەی کە دژی سزاکانی چەکە بۆ سەر ئێران. بە گووتەی لێکۆڵەرەوان بۆ نیشاندانی ئەم ناڕازیبوونەوش، ڕوسیا دەبێت بە لایەنی کەمەوە پێداویستی سەربازی بە ئێران بفرۆشیت، بەڵام فرۆشتنی چەکی هێرشی سەربازی وەک فرۆکەی هیرشکەری سیخۆی-35 یان موشەکی ژێردەریای، هۆکاری دەرئەنجامێکی جدی دەبێت لە ناوچەکەدا، دەبێتە گۆی نارەزایەتی ئیسرائیل، سعودیە و هاوپەیمانەکانی روسیا لە کەندوای فارسدا.

بەگوێرەی ئەمەش، دەتوانین بڵێین بەلایەنی کەمەوە لە ماوەیەکی کورتدا فرۆشتنی چەکی هێرشی بە ئێران، لە ئەولەویەتی کارەکانی ڕوسیادا نابێت، بەڵام رەنگە لە چەکی ناهێرشبەری وەک بەرگری موشەکی ئەویش بەمەرج بە ئێران بفرۆشێت.

سزاکانی ئەمریکا کەمەری ئێرانیان شکاندووە
لە ئێستادا ئێران رووبەڕووی جۆرەها سزای ئەمریکا بۆتەوە، کەلە 40 ساڵی ڕابردوودا بێ پێشینە بووە، بەتایبەت سزا بانکی و داراییەکان، بەگوێرەی ئەم سزایانە ئێران ناتوانێت داواکاریەکانی خۆی لە لەهەندێک وڵاتی وەک عێراق و کۆریای باشوور دابین بکات. بەم حاڵەشیەوە فرۆشتنی چەک هەرچەندە  چەکی بەرگریش بێت، ڕووبەڕووی کێشە دەبێتەوە، مەگەر روسیا بڕیاربدات یەکلایەنە جەک بەم وڵاتە بفرۆشیت، بۆ گەیاندنی پەیامێکی نێودەوڵەتی سەبارەت بەلەبەرچاونەگرتنی سزاکانی ئەمریکا.

تازەیی باڵوێزی روسیا لە ئێران رایگەیاند، فرۆشتنی سیستمی موشەکی ئێس-400 بە ئێران بابەتێکە شایەنی ڕێکەوتنە لەسەری ، بەمەرجێک ئێران بتوانێت پارەی ئەم سیستمە موشەکیە دابینبکات. فرۆشتنی سیستمی موشەکی ئێس-300 بە ئێران پاش ڕێکەوتنی بەرنامە ئەتۆمیەکەی و بە ڕێگەپێدانی ئەنجومەنی ئاسایش بوو، بۆیە رەنگە فرۆشتنی مۆدێلی تازەی ئەم سیستمە موشەکیە چاوەڕوانکراوبێت، هەرچەندە بارودۆخی ئێران لە ئێستادا لەگەڵ ئەوکاتە جیاوازە.

دەرامەتی ئێران زۆر کەمیکردوە
دەرامەتی ئێران لە ناردنەدەرەوەی نەوت، گازو بەرهەمە پترۆکیمیاییەکان و هەروەها کانزاکانی وەک ئاسن و مس، لە هەژدە مانگی رابردوودا بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە و بانکی ناوەندیش نەیتوانیوە دەستی بگاتەوە بە دارایەکانی خۆی لە وڵاتانی تر. بەگوێرەی ئەمە  سەرچاوەی دارای لەبار نییە بۆ ئەم کڕینە، تەنانەت وەک پێنج ساڵی پێشووش نییە، بەڵام کۆتایهێنان بە سزاکانی ئەنجومەنی ئاسایش ،بەتایبەت ئەمریکا و یارمەتیدانی ڕوسیا هۆکاری سەرەکی دەبێت بۆ کڕینی چەک لەلایەن ئێرانەوە.

بەلەبەر چاوگرتنی ئەم خواستەی ، ئێران رەنگە دەست ببات بۆ پاشەکەوتە نەختێنەیە بیانییەکان ، بۆ کڕینی ئەو چەکانەی کە روسیا ئامادەیە پێی بفرۆشیت.

کڕینی چەک لە چین و فرۆشتنی چەک لەلایەن ئێرانەوە

کڕینی چەک لەلایەن چینەوە بە ئێران، بەراورد بە روسیا ، تەمومژاوی ترە.
چین بە ئاشکرا ئامادەی خۆی دەربڕیوە بۆ فرۆشتنی چەک بە ئێران، بەڵام لەم گەشتەی دوایی محمەد جەواد زەریفی وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ پەکین، چین پێشنیازی گرنگی بەشداریکردنی ئێرانی کردووە لە گفتوگۆکانی ناوچەکە بە ئامادەبوونی ئیسرائیل و سعودیە، دوو وڵات کە یەکێکیان بە رسمی لەلایەن ئێرانەوە دانی پێدا نەنراوە و ئەوی تریان بە "بەرپەچدەرەوەی ناوچەکە "  و دوژمنی خۆی دەزانیت.
ئەگەر ئێران نەتوانێت یان نەیەوێت لەم گفتوگۆیانەدا بەشداری بکات، رەنگە نەتوانێت چین رازیبکات چەکی پێبفرۆشیت.

ئێران لەمەودا، قەدەغەی نێودەوڵەتی لەسەر نییە بۆ هەناردەکردن و فرۆشتنی چەکەکانی و بە گوێرەی قسەی حەسەن ڕۆحانی دەتوانن "چەک بفرۆشن بەهەر کەسێک"
کۆماری ئیسلامی ئێران فرۆشیکی باشی چەک نەبووە بە شێوەیەکی تایبەتی و ئەم پیشەسازیە لە ئێراندا نیە، کە مشتەری و بازاڕێکی وای پەیدا کردبێت لە رابردوودا.

لە کاتێکدا، تەنانەت فرۆشتنی بەرهەمی کشتوکاڵی ئێران ڕووبەڕووی سزاکانی ئەمریکا بۆتەوە،  دۆزینەوەی وڵاتانێک، کە ئامادەبن، لە وڵاتێکی سزادراو لەلایەن ئەمریکاوە چەکی کەم پێشکەوتوو بکڕن، ئاسانیە و مەگەر فرۆشتنەکە بە ڕێگەیەک بکرێت کە لەمەو پێش ئێران کردبووی. وەک ناردنی چەکی سووک بە میلیشیاکانی سەربە خۆی و فرۆشتنی چەک بە سوریا ، سوریاش لە قەیرانێکی دارای و نیودەوڵەتی خراپتر لە ئێراندایە.

ئەگەر ئێران بتوانێت سود لە هەڵگرنتی سزاکانی سەری لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشەوە وەربگرێت، دەبێت خۆی بە دوور بگرێت لە فرۆشتنی چەک بە کۆریای باکوور و یەمەن، جونکە هەردوکیان لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشەوە سزای چەکیان لەسەرە.

کۆتای هاتنی سزاکانی چەکی ئەنجومەنی ئاسایش لەسەر ئێران، هیچ دەرامەتێکی تێدا نیە بۆ ئێران وەک دەرامەتی فرۆشتنی چەک، بەڵام ڕەنگە بەهۆی بانگەشەکانی ئێرانەوە دژی ئەمریکا بە رەوانەکردنی چەک بۆ وڵاتانی تر، بازاری  ئاڵۆزی هاوکێشە سیاسیەکانی ناوچەکە و هەستیارە نێودەوڵەتیەکان رەواج پەیدابکات.