ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

02:25 - 19/10/2020

یەكەم فرۆكەی ئیماراتی لە ئیسرائیل نیشتەوە‌

پەیسەر

"مێژوومان دروستكرد"، ئەمە ئەو وتەیە بوو كە وتەبێژی دەسەڵاتی فرۆكەوانی ئیسرائیل دوای نیشتنەوەی یەكەم فرۆكەی ئیماراتی لە فرۆكەخانەی بنگۆریۆنی نێودەوڵەتی لە تەلئەبیب دای بەگوێی جیهاندا.

چی روویدا؟
ئەمڕۆ دووشەممە یەكەم فرۆكەی هێڵی ئاسمانی ئیماراتی لە فڕۆكەخانەی بن گۆرین لە نزیك تەلئەبیب نیشتەوە ، ئەوەش دوای زیاتر لە مانگێك لە ئیمزاكردنی پەیمانی ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیل.
وتەبێژی دەسەڵاتی فرۆكەوانی ئیسرائیل لەبارەی وردەكاریی گەشتەكەوە ڕایگەیاند،: گەشتی ژمارە 9607 ئەبوزەبی ، بەرەبەیانیی ئەمرۆ لە فڕۆكەخانەی بن گۆریۆن نیشتووەتەوە،  سەرنشینانی گەشتەكە  پسپۆڕانی بواری گەشتیاری و فرۆكەوانی ئیسرائیلی بوون و دوو رۆژ لەمەوبەر بۆ ئامادەكاری ئەم گەشتە روویان لە ئیمارات كردبوو.

"مێژوومان دروستكرد"
كۆمەڵەی "ئیتیحاد بۆ فرۆكەوانی ئیماراتی" كە یەكەم گەشتی نەفەرهەڵگری بۆ ئیسرائیل ئەنجامدا، لە ئەكاونتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر نوسیویەتی: "ئێمە مێژوومان دروستكرد" و ئەمە سەرەتایە، كە مەبەستی كۆمەڵەكە لەم دەربڕینە ئەوەیە ناوی دەچێتە مێژووی ئاسایكردنەوەی پەیوەندییەكانی ئیسرائیل و ئیمارات كە لە چوارچێوەی رێككەوتنێكی گەورەدا لە ماوەی رابردوودا لە كۆشكی سپی ئەمریكا ئیمزا كرا.

رێككەوتنی ئاشتی
لە ناوەراستی مانگی ئابدا، ئیمارات و ئیسرائیل ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانیان ڕاگەیاند، دوای ئەوەش لە مانگی ئەیلولدا رێككەوتننامەی نێوان تەلئەبیب و ئەبوزەبی لە كۆشكی سپی لە واشنتۆن بە رەسمی واژۆكرا و بەپێی رێككەوتنەكە ئیسرائیل و ئیمارات پەیوەندییە دیبلۆماسی و ئابورییەكانیان ئاسایی دەكەنەوە و هاوكاری پاراستنی ئاسایشی یەكتر دەكەن.
چوارەم وڵاتی عەرەبی
ئەگەرچی رێككەوتنی ئیمارات و ئیسرائیل نارەزایی توندی فەلەستینی بەدواداهات و فەلەستینییەكان رێككەوتنی ئیمارات و ئیسرائیل و هەر وڵاتێكی دیكەی عەرەبی و ئیسرائیل بە فەرمی رەتدەكەنەوە، بەڵام نارەزایەتییەكانی فەلەستین هیچی لە رەوشەكە نەگۆڕی و بەدوای ئیماراتدا بەحرەینیش رێككەوتننامەی ئاسایكردنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئیسرائیل واژۆكرد.
هاوكات كنێستی ئیسرائیلی "پەرلەمانی ئیسرائیل" بە فەرمی رێككەوتننامەكانی ئاسایكردنەوەی پەیوەندی وڵاتەكەیان و وڵاتانی كەنداو پەسەندكرد و پشتیوانی بۆ راگەیاند.
ئەوەش لەكاتێكدا كە ئیمارات و بەحرەین سێیەم و چوارەم وڵاتی عەرەبین پەیوەندییەكانیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی دەكەنەوە و پێشتریش وڵاتی میسر لە ساڵی 1979دا و وڵاتی ئوردن لە ساڵی 1994دا هەمان رێككەوتنی ئاسایكردنەوەی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ ئیسرائیلدا واژۆكردووە.

پەرەپێدانی گەشتەكان
لەپاڵ ئەوەی ئەمرۆ یەكەم گەشتی ئیماراتی بۆ ئیسرائیل و لە دوو رۆژی رابردووشدا یەكەم گەشتی ئیسرائیلی بۆ ئیمارات ئەنجامدران، بەڵام بە وتەی بەرپرسانی كەرتی فرۆكەوانی ژمارەی گەشتەكان زۆر بەرزدەكرێنەوە لەنێوان ئیمارات و ئیسرائیلدا و هێڵی ئاسمانی نێوانیان دەبێتە یەكێك لە هێڵە پڕ جووڵە و قەرەباڵغەكان.
لەوبارەیەوە میدیا جیهانییەكان لە زاری كاربەدەستێكی وەزارەتی گواستنەوەی ئیسرائیلەوە ئاشكرایان كرد، لە كاتژمێرەكانی داهاتوودا ئیمارات و ئیسرائیل ڕێككەوتنێك واژۆ دەكەن بۆ ئەوەی 28 گەشتی بازرگانی هەفتانە لەنێوان هەردوو وڵاتدا ئەنجام بدرێت.