ڕاپۆرتی کوردستانی

02:39 - 21/10/2020

"حكومەتی هەرێمی كوردستان لە قاچاخییەوە دەگلێت‌و خۆی كاڵا لە قاچاخچییەكان دەكڕێتەوە"‌

پەیسەر

خاڵە سنورییەكانی هەرێمی كوردستان بوونەتە دەروازەی ئاشكرای قاچاخچێتی و قەبارەی قاچاخییەكە كە وەك دەوترێت هەندێك بەرپرسی حزبی لە پشتەوە گەیشتووەتە رادەیەك تەنانەت سەروپێ‌ و كەرەستەی سێكسی و دەرمانی ماوەبەسەرچوو هاوردە دەكرێن، ئەوە جگە لە بوونی دەیان كۆمپانیا بۆ پارەكێشانەوە لە بازرگانان و بارهەڵگرەكان بەشێوەی نایاسایی.

چی روودەدات؟ 
لە چەند رۆژی رابردوودا كاتێك بارێك سەروپێی هاوردەكراوی قاچاخ لە خاڵی سنووریی پەروێزخان ئاشكرا بوو دۆسێكە تا ئاستی گاڵتەجاڕی لەناو هاوڵاتیان و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بڵاوبوەوە، هاوكات بەشێك لە زانیاریی و سەرچاوە میدیاییەكان باس لەوە دەكەن كە جگە لە سەروپێی قاچاخ، تەنانەت كەرەستەی سێكسی پلاستیكیش بە قاچاخ هاوردەكراون بۆ هەرێمی كوردستان.
عەباس ئیسماعیل، وتەبێژی دەروازەی نێودەوڵەتیی پەروێزخان دەڵێت: ، 80 بارهەڵگر ماددەی قاچاخ دەستیان بەسەرداگیراوە كە لەنێویاندا بارێكی قاچاخی سەروپێی تێدابووە. هەروەها ئۆتۆمبێلی مۆدێل نزم و كەرەستەی بیناسازیش دەستی بەسەرداگیراوە. 
 گوتەبێژی دەروازەی پەروێزخان  ئاماژە بەوەش دەدات، بەشێك لە بارەكان سزای یاسای دراون و بەشێكی دیكەیشیان گەڕێندراونەتەوە بۆ وڵاتی ئێران.

حكومەت دەرمان لە قاچاخچییەكان دەكڕێتەوە
ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان ئاشكرای دەكات، لە هەرێمی كوردستان قاچاخچێتی بەجۆرێكە كە لەبری ئەوەی رێگری لێبكرێت، حكومەت خۆی دەرمان لە قاچاخچییەكان دەكڕێتەوە.
كاروان گەزنەیی ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕێ كۆمەڵایەتی فەیسبووك نوسیویەتی: بەشێك لە دەرمانەكان بە شێوەی نایاسایی دێنە هەرێمی كوردستان، لەوە كارەساتتر ئەوەیە كە وەزارەت بەفەرمی لە بازرگانە قاچاخچییەكانی دەكڕێتەوە. لە هەمووشیان هەستیارتر دەرمانە دەگمەنەكانی شێرپەنجە، و بەنجن، كە بەردەوام بەكار دەهێندرێن. 
 ئەو پەرلەمانتارە نوسیویەتیشی: ئیتر كاتی ئەوەیە ڕای گشتی لەو مەترسییە لە ژیان و مردن ئاگادار بكەینەوە و كۆتای بە مافیاگەرێتی لە دەرمان بهێندرێت! كە بەشێك لە بەرپرسانی گەورەی هەرێمی لە پشتەوەیە..
بە وتەی ئەو پەرلەمانتارە، ئەوان ناوی هەموو دەرزی و كۆمپانیا و وێنە و بەڵگەی بە قاچاخ داخڵكردنی دەرمانیان داوە بە دەستەی بەدواداچوون لە داواكاری گشتی و چاوەڕوانی ئەنجامی كۆتای بەدواداچوونەكان دەكەن.

سەرانە و پارە وەرگرتن بە نایاسایی
لەپاڵ دۆسێی قاچاخیدا لە خاڵە سنورییەكان، دۆسێیەكی دیكەش هەیە، ئەویش وەرگرتنی پارە و سەرانەیە لە بازرگانان و بارهەڵگرەكان بەشێوەی نایاسایی لەلایەن ژمارەیەك كۆمپانیای حیزبەوە، بۆ ئەمەش پەرلەمانتارێك ناوی كۆمپانیاكانی دوو دەروازەی سنوری و شێوازی كارەكانیان ئاشكرا دەكات.

عەلی حەمەساڵح، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە بەدواداچوونێكدا ئاشكرای دەكات كە یەكێك لە ڕێگاكانی گەندەڵی؛ كاری ژمارەیەك كۆمپانیایە، بە قۆرخكاری و بەناڕوا مانگانە دەیان ملیۆن دۆلار وردەگرن لە هاوڵاتیان.
بە وتەی ئەو پەرلەمانتارە، كۆمپانیا هەیە مانگی سێ ملیۆن دۆلار و هەیە پێنج ملیۆن و هەیە زیاترو هەشە كەمتری لەم پارەوەرگرتنە دەستدەكەوێت و بڕیارە لە نزیكترین كاتدا ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری كۆتایی لە چارەنووسی ئەم كۆمپانیایانە بدات.
عەلی حەمەساڵح هەردوو دەروازەی ئیبراهیم خەلیل و حاجی ئۆمەران دەكاتە نمونە و بە 14 خاڵ ئەنجامی بەدواداچوونەكەی دەخاتەڕوو و دەڵێت ئەمە بۆ دەروازەكانی دیكەش راستن.

بەدواداچوونەكەی ئەو پەرلەمانتارە بەمجۆرەیە:-
یەك: راگەیاندنی گومرگی، بۆ كۆمپانیای كۆریدۆر، كاغەزێكی ئاساییەو پێشتر حكومەت دەیكرد و هیچ گرفتێكی نەبوو لە مانگی 9ی 2019ەوە دراوە بەم كۆمپانیایەو بۆهەر كاغەزێك 15 هەزار دینار وەردەگرێت.
‏‎دوو: كۆمپانیای ستار، بۆ دڵنیایی ئیجباری لە ئیبراهیم خەلیل و حاجی ئۆمەران دراوە تەنیا 10% بۆحكومەتە..
‏‎سێ‌: مەنفێست25 دۆلار، لە ئیبراهیم خەلیل بۆ جبل نهزە لە حاجی ئۆمەران بۆ اشراقات العوادە.
‏‎چوار: سكانەر، 50 دۆلار وەردەگیرێت بۆ كۆمپانیای هانداون 80% بۆ كۆمپانیاو 20% بۆ حكومەت.
‏‎پێنج: تەعقیم 10 دۆلار لە هەر ئۆتۆمبێلێك وەردەگیرێت، 85% بۆ كۆمپانیاو 15% بۆ حكومەت.
‏‎شەش: پشكنینی خۆراك و كاڵا، هەردوو دەروازەكە لەگەڵ كۆمپانیای نیوستاندەر كردوویانە، بۆ هەر ئۆتۆمبیلێكی شەحن بڕی 100 هەزار دینار وەردەگیرێت، ‏‎بۆ هەر بارهەڵگرێك بڕی 100 هەزار دینار وەردەگیرێت.
‏‎هەر بارهەڵگرێك هیچ جۆرە پشكنینێكی نەوێت 150 هەزار دیناری لێوەردگیرێت، تەنیا سەرەتاكانی بۆ مۆردەكرێت و ‏‎بۆ هەر پشكنینێكی فیزیایی و كیمیای و بایلۆجی بەجیا پارە وەردەگیرێت.
‏‎حەوت: كۆمپانیای سەربەخۆ كە وەزارەتی ناوخۆ لە 13/1/2019 رێگای پێداوە،  بۆ  دروستكردنی هەر تابلۆیەكی كاتی بڕی 15 هەزار دینار وەردەگرێت.
‏‎هەشت: لە حاجی ئۆمەران چەند رێگایەكی تر هەیە بۆ وەرگرتنی پارە لە ئیبراهیم خەلیل نیە، كۆمپانیای شەو ڕۆژ بۆ هەر حاڵەتێك 25 دۆلار وەردەگرێت بەناوی كۆمپانیای گەشتیاری و ئەركی دیار نیە.
‏‎نۆ: كۆمپانیایەك بەناوی سبكەبار لە هەر ئۆتۆمبیلێكی ترانزێت 50 دۆلار وەردەگرێت، 70% بۆ كۆمپانیا 30% بۆ حكومەت.
‏‎دە: لە خاڵی سنوری حاجی ئۆمەران كۆمپانیای شەو رۆژ، بەناوی نۆژەنكردنەوەی كۆمەڵگاكەوە 25 دۆلار لە هەر بارهەڵگرێك وەردەگیرێت ( ئێرانی و عێراقی)، زیاتر لە چەند مانگێكە بەردەوامە، پرۆسەكە دراوە بە كۆمپانیایەك و هیچ كارێكی نەكردووە.‏‎
یازدە: لە ئیبراهیم خەلیل هەندێك كار هەیە لە هیچ خالێكی سنوری دیكە نییە، كۆمپانیای ئەنتەرتیك لەسنوری ئیبراهیم خەلیل بۆ چێككردنەوەی كاڵا بزاندرێت هاوتایە لەگەڵ كارگە بنەڕەتییەك، بۆ هەر بەراوردێك 700 بۆ 2000 دۆلار وەردەگرێت، ئەگەر رۆژانە 500 بەراورد بكات، داهاتەكەی 9 ملیۆن دۆلارە، پاش ئەم بەراوردەش هەمان كۆمپانیا سی پارەی دیكە بەناوی پشكنینی فیزیایی و كیمیاوی و بایۆلۆجی وەردەگرێت!!! داهاتی ئەمیش مانگانە نزیكەی 3 ملیۆن دۆلارە؟
‏‎دوازدە: گۆڕەپانی (بەتون كوردستان) لە ئیبراهیم خەلیل، رۆژانە نزیكەی 1800 ئۆتۆمبیل لەم گۆڕپانە پشكینینی بۆ دەكرێت و بە ئیجباری 55 دۆلار وەردەگیرێت و بڕێكی زۆر گازویلیان پێدەفرۆشرێت.
‏‎سیازدە: رۆژانە ژمارەیەكی زۆر ئۆتۆمبیلی نەفەر هەڵگر تێدەپەڕن و بۆ هەر یەكێك 25 دۆلار وەردەگرن، رۆژانە زیاتر لە هەزار حاڵەتە.
‏‎چواردە: ئەمە جگە لەوەی پێشتر چەندین كاڵا بەناوی سوریاوە داخڵدەكرێت وەك ترانزێت 20% گومرگ دەدەن، بەڵام ‏‎نەڕۆشتون بۆ سوریا.


ئەوەش لەكاتێكدایە كە لە ئێستادا حكومەتی عێراق دەستیكردووە بە كۆنترۆڵكردنی دەروازە سنورییەكان و بەپێی رێككەوتنەكانی نێوان هەولێر و بەغدادیش، یەكێك لەو خاڵانەی رێككەوتنی لەسەركراوە دۆسێی رادەستكردن و ئیدارەدانی هاوبەشی دەروازە سنورییەكانی هەرێمی كوردستانە لەگەڵ دەستەی دەروازە سنورییەكانی عێراق، بەڵام تا ئێستا حكومەتی هەرێم هیچ هەنگاوێكی نەناوە بە ئاراستەی رادەسنكردنی دەروازەكان و پابەندبوون لە چوارچێوەی دەروازە سنورییەكانی عێراقدا.