ڕاپۆرتی کوردستانی

04:55 - 21/10/2020

هەرێمی کوردستان؛ بە گرانبوونی نەوت دەوڵەمەند و بە هەرزانبوونی هەژار دەبن‌

پەیسەر پرێس

ئێرە هەرێمی کوردستانە، ٣٠ ساڵە کوردەکان فەرمانڕەوایی خۆیان دەکەن، لە دوای ٢٠٠٣ دەستیان کرایەوە و وردە وردە گەشەیان کرد، لە دوای ٢٠١٠ هەرێم رووە و سەربەخۆیی ئابووری هەنگاوی نا، بەڵام دوای چەند ساڵێک کەوتە ناو قەیرانی دارایی و ئابوورییەوە و تاکو ئێستاش پێوەی دەناڵێنێت.

پشتبەستن بە نەوت
ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس لە راپۆرتێکدا تیشکی خستووەتە سەر قەیرانی ئابووریی و دارایی لە هەرێمی کوردستان و پشتبەستنی کوردەکان بە نەوت، "ئەو نەوتەی بە گرانبوونی دەوڵەمەند دەبن و بە هەرزانبوونیشی هەژار".

لە راپۆرتەکەدا هاتووە، کوردەکان لە ئێستادا گەڕاونەتەوە سەر پشت بەستن بە کشتوکاڵ، ئەوەش دوای ئەوەی لە دوای ٢٠٠٣ زۆربەی دانیشتوان روویان لە کەرتی گشتی کرد و ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک دامەزرێندران.

لەم ساڵەوە زۆربەی دانیشتوانی هەرێم پشتیان بە موچەی حکومەت دەبەست و پشتیان لە کەرتی کشتوکاڵ کرد، بەم جۆرە ئەوەی بڕیاری لەسەر دۆخی دانیشتوان دەدا موچە بوو.

عەبدوڵا حەسەن جوتیارێکی میر رۆستەمی سەر بە پارێزگای هەولێرە، بە فرانس پرێسی وتووە، لە دوای رووخانی رژیمی سەدامەوە ئەمە یەکەم جارە بەرهەمی ترێ کۆدەکەینەوە، لە کاتێکدا لە سەردەمی گەمارۆی ئابووری سەر عێراق، ترێ و بەرهەمە کشتوکاڵییەکان سەرچاوەی بژێوی دانیشتوان بوون.

داڕوخانی ئابووری
داهاتی عێراق و هەرێمی کوردستانیش پشتیان بە نەوت بەستووە، ئەمەش وای کردووە بەردەوام لەژێر کاریگەری بەرزبوونەوە و دابەزینی نرخی نەوتدا بن، پێشتریش بانکی نێودەوڵەتی رایگەیاندنبوو بەهۆی ئەوەی داهاتەکەی پشت بە نەوت دەبەستێت، ئەمساڵ عێراق رووبەڕووی داڕوخانی ئابووری دەبێتەوە.

بانکەکە هۆشداری ئەوەشی دابوو، خاڵە لاوازەکانی عێراق وڵاتەکە بەرەو داڕوخانی ئابووری و سەرهەڵدانەوەی توندوتیژی دەبەن.

راپۆرتەکەی فرانس پرێس تیشکی خستووەتە سەر دۆخی ئابووری و دارایی هەرێم کە بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت دوای بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا، هێندەی دیکە ناکۆکییەکانی لەگەڵ بەغدا قوڵتر بووەتەوە و دۆخە داراییەکەشی سەختتر بووە.

بیلال سەعید رۆژنامەنووسی ئابووری بە فرانس پرێسی وتووە، ئەو داڕوخانەی ئێستا لە ئابووریی هەرێمی کوردستان روویداوە، بەهۆی ئەوەوە بووە کە دەسەڵاتی هەرێم پشتیان بە سیستمێکی ئابووری نەبەستووە قابیلی جێبەجێکردن بێت لەپێناو دڵنیایی خۆشگوزەرانییەکی ماوە درێژ.

داهاتی زۆر و بێسود
رۆژنامەنووسە ئابوورییەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، کوردستان خاوەن سەرچاوەی دارایی گەورەیە؛ بەشە بودجەی هەریم لە بەغداوە و داهاتی دەروازە سنورییەکان لەگەڵ ئێران و تورکیا. حکومەتیش لەبری وەبەرهێنان بۆ ژێرخانی کشتوکاڵی، پیشەسازی، تەندروستی و گەشتوگوزار، هاتن و تەنها پشتیان بە پەرەپێدانی کەرتی نەوت بەست.

دامەزراندنی ژمارەیەکی زۆر لە کەرتی گشتیدا و بەبێ نەخشە و پێویستی، عێراق و هەرێمی کوردستانیشی رووبەڕووی هەڵئاوسان و چەندین کێشەی دارایی کردووەتەوە.

لە راپۆرتەکەی فرانس پرێسدا باس لەوە کراوە، لە کوردستانی پێنج ملیۆن دانیشتواندا، ملیۆنیک و ٢٠٠ هەزار کەس فەرمانبەری حکومەتن، لە ٤٠٪ی ئەم رێژەیەش لە ریزی هێزەکانی پێشمەرگە، ئاسایش و پۆلیسدان، بڕی ئەو پارەیەی بۆ موچەی موچەخۆرانی هەرێم دەچێت ٧٢٥ ملیۆن دۆلارە.

حکومەتی هەرێم سەرەتای ئەم مانگە پێنج موچەی دیکەی فەەرمانبەرانی هەرێمی پاشەکەوت کرد، کە سێ موچەیان هی کابینەی پێشوو بووە و دوو موچەشیان کابینەی ئێستا، سەرەتاش ٢١٪ی موچەی کەمکردەوە و دواتریش ١٨٪.

مەترسی سەر سەرچاوەکان
پەیمانگای لەندەن بۆ ئابووری و ئاشتی لە راپۆرتێکیدا باسی لە هەڵەی حکومەتی عێراق و هەرێم کردووە لە پشت بەستنی بە نەوت و ئەو سەرچاوانەی لەژێر هەڕەشەی بەردەوامدان.

پەیمەنگاکە ئاماژەی بەوە کردووە، لەگەڵ ئەوەی حکومەتی عێراق بەردەوام بووە لە پێدانی موچەی فەرمانبەران، بەڵام ئەو سەرچاوانەی حکومەت پشتی پێبەستوون بەردەوام لەژێر هەڕەشەدان.

راپۆرتەکە باسی لەوەش کردووە، حزبە سیاسییە خاوەن هەژموونەکان بە موچە لایەنگرانیان بۆ خۆیان پەلکێش کردووە، گرێبەستی پڕۆژەکانیش بەو کەسانە دەدەن کە لێیانەوە نزیکن و بەم جۆرە دەوڵەمەندیان دەکەن، واتە داهاتی وەزارەتەکان بۆ بەرژەوەندی حزبی و کەسی دەدزرێن.

دەوڵەمەند و هەژار بە نەوت
محەمەد شوکری سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان بە فرانس پرێسی راگەیاندووە، "کاتێک نرخی نەوت بەرز دەبێتەوە دەوڵەمەند دەبین و کە دادەبەزێت هەژار، من ئەم ئابوورییە بە تەندروست نازانم."

باسی لەوەش کردووە، بۆ راستکردنەوەی ئەم هەڵەیە، دەستەکە ٦٠ مۆڵەتی بە بەهای ١،٥ ملیار دۆلار بە وەبەرهێنەران لە بوارەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازی داوە.

بێبەڵێنیی
بەرپرسانی حکومەتەکانی عێراق و هەرێم بەردەوام باس لە چاککردنی دۆخی ئابووری و دارایی دەکەن و دەڵێن پڕۆژەی پرد، رێگا و نیشتەجێبوون دەکەنەوە، داواش لە وەبەرهێنەرانی بیانی دەکەن روو لە وڵاتەکە بکەن و کاری وەبەرهێنان بکەن.

یەکێکی دیکە لەو کێشانەی لە هەریمی کوردستاندا هەیە و زیاتر بەرۆکی جوتیارانی گرتووە، کەمی نرخی بەروبوومە خۆماڵییەکانە، هۆکاری سەرەکی ئەمەش هاتنی بڕێکی زۆری بەرهەمە لە ئێران و تورکیاوە کە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستانیان تەنیوە.

تورکیا و ئێران بەدەست دابەزینی بەهای لیرە و تمەنەوە دەناڵینن، بەڵام دیناری عێراقی هێشتا توانیویەتی پارێزگاری لە بەهاکەی بکات، ئەمەش هەلێکە بۆ ئەو دوو وڵاتە تاکو بەرهەمەکانیان لە عێراقدا ساغ بکەنەوە.

جواتیاران؛ زیانلێکەتووان
بارز رەسوڵ خاوەن کارگەیەکی دروستکردنی شیشە، دەڵێت، بەرهەمی مانگانەیان گەیشتووەتە ٥٠ هەزار تۆن، ئەوەش بەهۆی زیادکردنی باجی گومرگی و چاودێریکردنی دەروازە سنورییەکان بۆ کەمکردنەوەی بەرهەمی دەرەکی، پێویستیشە حکومەت پشتیوانی لە کەرتی کشتوکاڵی بکات.

رەسوڵ ٦٠ خانووی پلاستیکی خۆی هەڵوەشاندووەتەوە و بڕیاری داوە وازیان لێبهێنێت، ئەمەش بەهۆی هەرزانی بەروبومی دەرەکی و دەڵێت، بەرهەمهێنانی یەک کیلۆگرام خەیار ٢١ سەنتی تێدەچێت، بەڵام کیلۆیەک خەیاری ئێرانی و تورکی لە بازاڕدا بە ١٣ سەنتە.

بودجە؛ کێشە بەردەوامەکە
بودجە هەمیشە یەکێک بووە لە کێشە گەورەکانی هەرێمی کوردستان، خاڵی ناکۆکی نێوان حزبەکان بووە و هەر حزبێکیش بووبێتە ئۆپۆزسیۆن ئەم خاڵەی زەقکردووەتەوە.

لە ساڵی ٢٠١٤وە پەرلەمانی کوردستان دەنگی لەسەر بودجە نەداوە، هەربۆیە کەس نازانێت داهاتی دەروازە سنورییەکان، نەوت، باج، ناوخۆ و بڕی تێچوون و خەرجی چەندە.

هەموو ئەم کێشە داراییانە، پشت بەستن بە نەوت، ناڕوونی بودجە، قاچاخچێتی لە دەروازە سنوورییەکان و چەندین کێشەی دیکە وای کردووە، بەپێی وتەی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەرلەمان بگاتە ٢٨.٤ ملیار دۆلار کە حەوت ملیار دۆلاریان موچە نەدراوەکانی فەرمانبەرانە.