ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

02:13 - 24/10/2020

ئایندەی ڕژێمی ئێران لەبەردەم ترەمپدا؛ ڕوخان یان ڕێککەوتن؟‌

پەیسەر

ئێران یەکێکە لەو وڵاتانەی لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە لە بانگەشەی هەڵبژاردنی خولی یەکەم و دووەمی  هەڵبژاردنە سەرۆکایەتیەکەی ئەمریکادا گرنگی تایبەتی پێدراوە، لەگەڵ بەڕێکردنی  چوار ساڵی سەرۆکایەتێکەشیدا هەنگاو و سزای کەمەرشکێنی دژی ئێران گرتۆتە بەر. بەگوێرەی بۆچوونی چاودێرانی سیاسی، کاریگەرترین بڕیار و سیاسەتەکانی ترەمپ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دژی دەسەڵاتدارانی ئێران بووە.

ترەمپ لەماوەی چوار ساڵی پێشووی سەرۆکایەتیەکەدا چەندین هەنگاوی دژی ئێران هەڵگرتووە و دوو کاریگەرترین هەنگاوێکیش دژی ئەم وڵاتە گرتیەبەر دەرچوون بوو لە ڕێکەوتن نامەی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران و کوشتنی قاسم سولەیمانی، گەورە بەرپرسی سوپای پاسداران و بەرپرسی سوپای قودس لەناو فرۆكەخانەی بەغداددا.

 

دەرچوون لە ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران

هەر لەسەرەتای بانگەشەی هەڵبژاردنی خولی یەکەمی سەرۆکایەتیەوە، ترەمپ پەیمانی بە خەڵکی ئەمریکادا، ئەگەر ببێتەوە بە سەرۆک ڕیککەوتننامەی ئەتۆمی لەگەڵ ئێراندا هەڵدەوەشینێتەوە، ئەم ڕێککەوتننامەشی بە نەنگییەکی سەرۆکایەتی ئۆباما دایە قەڵەم و ئاماژەی بەوەدا بەهۆی ئەم ڕیککەوتننامەیەوە پارە بلۆککراوەکانی ئێران ئازاد بوون، ئەم پارانەش لەلایەن ئێرانەوە بەکارهاتووە بۆ یارمەتیدانی گرووپە تونڕەوەکانی وەک حەماس و حیزبوڵا و میلیشیاکانی سەر بەئێران لە وڵاتانی ناوچەکە و بەم پارانە سەربازی ئەمریکی کوژراوە و بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا کەوتۆتە مەترسیەوە.

کاتێک وەک سەرۆکی ئەمریکا هەڵبژێردرا، زۆرێک لەو بڕوایەدا نەبوون ڕێککەوتنە ئەتۆمەیەکە هەڵوەشێنێتەوە و بە بانگەشەیەکی هەڵبژاردنیان دادەنا، بەلام ترەمپ پەیمانەکەی خۆی بە جیهێنا و لەساڵی 2018 دا بەتەواوی لە ڕێککەوتنە ئەتۆمیەکە چووە دەرەوە و ئێرانی وەک دیکتاتۆر و ئاژاوەچی ناوهێنا و پەیامی دۆستی بۆ خەڵکی ئێران نارد و گوتی " ناکرێت ولاتێک پەیامی مەرگ بۆ ئەمریکا بنێرێت و ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی ."

 

کوشتنی قاسم سولەیمانی
قاسم سولەیمانی فەرماندەی سوپای قودس وەک بەهێزترین پیاوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناسراو بوو، بە ئەندازیاری داڕێژەر و جێبەجێکەری سیاسەتی دەرەوەی ئێران دادەنرا و پاش تێوەگلانی لە هێرشکردنە سەر بنکەی سەربازی کەی وەن لە کەرکووک و خۆپیشاندانەکەی سەر باڵوێزخانەی ئەمریکا لە بەغداد، لە بەرەبەیانی هەینی ڕۆژی سێی کانوونی دوومی 2020 دا لە نزیک فرۆکەخانەی بەغدا و بە فەرمانی راستەوخۆی ترەمپ کوژرا.

کوژرانی سولەیمانی هێندە جەرگبڕ بوو بۆ ئێران، دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە و تەواوی دنیاشی توشی شۆک کردبوو، لەپاش کوژرانەکەشی و پێش ناشتنی تەرمی سولەیمانی دوو هێرشی کردە سەر دوو بنکەی ئەمریکا لە هەولێر و ڕومادی، بەڵام هێرشەکانی هیچ زیانێکی گیانی نەبوو بۆ سەر سەربازانی ئەمریکی، تائێستا ئێران باس لە تۆڵەکردنەوەی دەکات و ئاماژە بەهێرشی راستەوخۆ دەکات دژی سەربازانی ئەمریکی لە ناوچەکە و بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا.

لەوەڵامی ئەم هەڕەشانەشدا دۆناڵد ترەمپ لە تویتێکیدا، لە  15 ئەیلوولی مانگی رابردوودا ڕایگەیاند " بەپێی لێدوانە ڕۆژنامەوانییەکانی بەرپرسانی ئێرانی باس لەوە دەکەن کە تۆڵەی کوشتنی قاسم سلێمانی دەکەنەوە، بە هێرشی راستەوخۆ بۆسەر ئەمریکا و تیرۆر کردنی سەربازانی ئەمریکی، بەرپرسانی ئێران دەڵێن، مەرگ و نەهامەتی گەورەتر و زیاتر لە کوشتنی سولەیمانی توشی ئەمریکیەکان دەکەن، هەر هێرشێک لەلایەن ئێرانەوە بۆ سەر ئەمریکا ئەنجام بدرێت، لەلایەن ئەمریکاوە 1000 جار بەهێزتر وەڵام دەدرێتەوە ".

کوشتنی سولەیمانی دەستی ئێرانی تەواو کورتکردەوە و چالاکیەکانی دوای کوشتنی سولەیمانی بەشێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە لە سوریا، عێراق، لوبنان، یەمەن و وڵاتانی تری دەرەوە، خەونی  هیلالی شیعەش لەگەڵ سولەیمانیدا بەرەو کاڵبوونەوە دەچێت.

 

سەپاندنی سزا بەسەر ئێراندا
دوای دەرچوونی لە ڕێککەوتنە ئەتۆمیەکەی لەگەڵ ئێران، ترەمپ هەڕەشەی سەپاندنی سزای توندی کرد بۆسەر ئێران، و ئەم هەڕەشەیەشی خستە بواری جێبەجێکردنەوە. لە ئێستادا ئێران رووبەڕووی جۆرەها سزای ئەمریکا بۆتەوە، کەلە 40 ساڵی ڕابردوودا بێ پێشینە بووە، بەتایبەت سزا بانکی و داراییەکان، بەهۆی سزاکانیشەوە دەرامەتی ئێران لە ناردنەدەرەوەی نەوت، گازو بەرهەمە پترۆکیمیاییەکان و هەروەها کانزاکانی وەک ئاسن و مس، لە هەژدە مانگی رابردوودا بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە و بانکی ناوەندیش نەیتوانیوە دەستی بگاتەوە بە دارایەکانی خۆی لە وڵاتانی تر، تەنانەت فرۆشتنی بەرهەمی کشتوکاڵی ئێران ڕووبەڕووی سزاکانی ئەمریکا بۆتەوە.

سزاکانی چەکی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوە یەکگرتوەکان لە نیوە شەوی  18ی تشرینی یەکەم 2020 و پاش 13 ساڵ کۆتایی هات، ئیدارەی ترەمپ ساڵیک زیاترە داوایکردووە، نابێت ئەم سزایانە لەسەر ئێران هەڵبگیرێت بەهۆی ئەو پێشینەی ئێران هەیبووە لەماوەکانی رابردوودا،  لە ڕێگەی پرۆژە بڕیارێکەوە لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سزاکانی سەر چەکی ئێران درێژبکاتەوە، بەڵام ئەم پرۆژە بڕیارە پاش ڕاوێژێکی زۆر دەنگی نەهێا. لە دوای دەنگ نەهێنانی ئەم پرۆژە بڕیارە، ئەمریکا میکانیزمی "ماشە" یان پەلەپیتکەی بەکارهێنا کە باس لەوە دەکات لە ئەگەری ڕەزامەند نەبوونی لایەنێکی ئەو ڕێکەوتنە بە پابەندبوونی کۆماری ئیسلامی بە بەڵێنەکانی، سکاڵا لە ئەنجوومەنی ئاسایش تۆمار دەکات و لە ڕێگەی ئەم سازوکارەوە گەمارۆ هەڵپەسێراوەکانی ئەنجوومەنی ئاسایش دژی کۆماری ئیسلامی چالاک دەکرێتەوە.

 

ئەگەرەکانی دوای هەڵبژاردنەوەی ترەمپ؟
یەکێک لە تەوەرە گەرمو گوڕەکان، لە  بانگەشەکانی هەڵبژاردندا لە ئێستادا، سیاسەتی دەرەوەی ترەمپ و ئێرانە. تیمی کەمپینی هەڵبژاردنەکانی ترەمپ بە خاڵی بەهێزی دۆناڵد ترەمپی دادەنێن و نارازیبوون لە دیبەیتی دووەم و کۆتایدا نەخرابوەوە ناو تەوەرە سەرەکیەکانی دیبەیتەکەوە. پاش هەڵبژاردنەوەی بەسەرۆک کۆماریش باس لە دوو ئەگەری سەرەکی دەکرێت لە پەیوەندی بە مامەڵەی ترەمپ لەگەڵ ئێرندا ئەوانیش ڕێکەوتن ، یان گۆڕینی ڕژێمی ئێرانە.

 

ڕێککەوتنی ئێران لەگەڵ ترەمپ
ئەگەرچی سەرۆک کۆماری ئێران لە ڕبردوودا جەختی لەوەکردۆتەوە ئەگەر بێت و واشنتۆن سزاکانی سەر ئێران هەڵنەگرێت ئەوە هیچ گۆڕانکارییەکی ئەرێنی لە پەیوەندییەکانی نێوان تاران واشنتۆن روونادات، بەڵام ڕۆژی سێشەمەی 15 ی ئەیلوول، لەکاتی کۆبونەوەی لەگەڵ محەمەد بن زایدی وەزیری دەرەوەی ئیمارات لە کۆشکی سپی، دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند پاش سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنەکان، ئێران لەماوەی "یەک هەفتە یان یەک مانگ" دا دەگەڕێتەوە بۆسەر مێزی گفتوگۆ.
لە کۆبونەوەیەکی ئەم دوایەی بانگەشەی هەڵبژاردندا، دۆناڵد ترامپ ئاماژەی بەوەدا، ئابووری ئێران  بە سەختی بەهۆی سزاکانی ئەمریکاوە لەسەری توشی داتەپینی ئابووری بووە.

گوتیشی" هەرچەندە ئێران نایەوێت من لەهەڵبژاردنەکاندا سەرکەوم،بەڵام لە ئەگەری سەرکەوتنم لە هەڵبژاردنەکاندا، یەکەمین وڵاتێک کە تێلیم بۆ دەکات ئێران دەبێت و داوای ڕێککەوتنێکی نوێی لێ دەکات."

 

گۆڕینی ڕژێمی ئێران
دۆخی نالەباری ئێران بە جۆرێکە ناتوانێت بەم حاڵەوە بەردەوام بێت، لە ئەگەری دووبارە هەڵبژاردنەوەی ترەمپ و نەگەشتنە ڕێککەوتن لەگەڵیدا، ئەگەری هێرشکردنە سەر ئێران و گۆڕینی ڕژێمی ئێستای ئەم وڵاتە ئەگەرێکی کراوەیە.

لە ئێستادا و لەناو لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران لەدەرەوە، تاکە ئۆپۆزسیۆنێک لە ترەمپەوە نزیک بێت "ئۆپۆزسیۆنی ڕەیستارتە"، ئەم ئۆپۆزسیۆنە لەلایەن سەید محەمەدی حسەینی، پێشکەشکاری بەناوبانگی پێشووی کەناڵی سەدا و سیمای ئێران ڕابەرایەتی دەکرێت، ئەو لە تویتێکیدا گوتی "ئێمە نەک تەنها لەسەر مێزی ترەمپ سەرکەتووبووین،  بەڵکو خودی مێزەکەین!". لایەنگرەکانیشی هەموو رۆژێک لە تویتەر پشتگیری دووبارە هەڵبژاردنەوەی ترەمپ دەکەن و هەموو هەینیەکیش "تۆفانی تویتەری" بەڕێوە دەبەن بۆ پشتگیری لە ترەمپ و ترێندکردنی هەشتەگەکانی سەر بە ئۆپۆزسیۆنەکەی خۆیان و هەشتەگاکانی لایەنگیریی لە ترەمپ.

سەید محەمەدی حسیەنی بانگەشەی دروست بوونی ئیمپراتۆری کۆرش دەکات لە ئێران بە زووی و چەسپاندنی یاساکانی ئەرستۆکراسی لەم وڵاتەدا و چەندین جار ڕایگەیاندوە : وڵاتانی ناوچە خۆیان بۆ هاتنی ئیمپراتۆریەتێکی نوێ لە ئێران ئامادە بکەن و ناوی ئێرانیش لەسەر شانوی ڕۆژگار دەسڕینەوە و دەیگۆڕین بە "پێرشیا".

بە گوێرەی بۆچونەکانی حسەینی، بزوتنەوەکەی بزوتنەوەیەکی نیشتیمانپەروەریە و  رەزا پەهلەوی کوڕی شای پێشوو و موجاهیدینی خەلقی مرەیم ڕەجەوەی، دوو داشی دامەی ئینگلیس و ڕوسیا و دیموکراتەکانن ، لەسەر مێزی ترەمپ وەک ئەگەری هەڵبژێردراو بۆ دوای نەمانی رژێمی ئێران نەماون.

 ئۆپۆزسیۆنی رەیستارت لەزاری ڕابەرەکەیانەوە ئاماژە بەوە دەکەن، لەئەگەری هەڵبژاردنەوەی ترەمپدا ، ئەمریکا هێرشێکی بروسکە ئاسا دەکاتە سەر ئێران و ئەوانیش لە ناوخۆدا کاری خۆیان دەکەن و ئیمپراتۆری کۆرش لەم وڵاتەدا دروست دەبێت.