ڕاپۆرتی کوردستانی

01:45 - 06/01/2019

کۆڵبەری پارویەک نان بە نرخی گیان‌

پەیسەر

لە ساڵی ٢٠١٨دا ٢٣١ کۆڵبەر لە سەر سنوورەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بوونە قوربانی، لە پێنج رۆژی یەکەمی ئەمساڵیشدا دوو کۆڵبەر کوژراون و سێ کۆڵبەری دیکەش برینداربوون.
چەندین دەیەیە بە هەزاران کەس لەسەر سنورەکانی نێوان رۆژهەڵات و باشوری کوردستان و رۆژهەڵات و باکوری کوردستان بە پارەیەکی کەم سەرقاڵی کۆڵبەرین، ساڵانە بە دەیان کەس بە تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی پاسەوانی سنووری ئێران دەکوژرێن و ژمارەیەکی زۆریش بە تەقینەوەی مین، هەرەسی بەفر و لافاو و سەرما دەبنە قوربانی.

لە دوو ساڵی رابردوودا بەهۆی گرنگیپێدانی میدیا، کێشەی کۆڵبەران لەسەر ئاستی کوردستان و ئێران دەنگدانەوەیەکی باشی هەبووە، ئێستا وشەی کوردی " کۆڵبەر" وشەیەکی ئاشنایە لەناو میدیا فارسی زمانەکانیشدا، ئەم گرنگیپێدانە بەرپرسانی ئێرانی لە ئاستی جیاجیادا ناچارکردووە قسە لەسەر کێشەی کۆڵبەران بکەن، لەگەڵ ئەوەی دوو ساڵە پەرلەمان و حکومەت بەردەوام بەڵێنیان پێ دەدەن، هێزەکانی پاسەوانی سنوور بەردەوامن لە کوشتن و راوەدوونانیان، تەنانەت لە ساڵی ٢٠١٨ بەراورد بە ساڵانی پێشتر ژمارەی قوربانییەکان زیاتریش بوون.

عەبدولڕەزا ڕەحمانی فەزڵی، وەزیری ناوخۆی ئێران، سەبارەت بە چارەسەرکردنی کێشەی کۆڵبەران ڕایگەیاند حکومەت بڕیاری داوە کۆڵبەری بە تەواوەتی نەهێڵێت و بۆ پاراستنی کەرامەتی ئینسانیی کۆڵبەران ١٥ بازاڕ لە سەرسنوور بکاتەوە.

حسێن زولفەقاری، جێگری سیاسی و ئەمنی وەزارەتی ناوخۆی ئێرانیش دەڵێت " لەگەڵ گۆڕانکاری لە یاسا و ڕێنماییەکاندا چیتر شتێک بە ناوی کۆڵبەری نەماوە، نازانم کێ ئەم وشەی کۆڵبەرییەی داهێنا کە هەم کێشەی بۆ خەڵک و هەم بۆ بەرپرسان ناوەتەوە."
زولفەقاری هەر وەها دەلێت: " ئەوانەی لە دەرەوەی ئەم یاسا و ڕێنماییانە هاتووچۆی سەر سنوورەکان بکەن و کاڵا و شتوومەک هاوردە بکەن، چیتر کۆڵبەر نین و قاچاخچین."

هاوکات لەگەڵ ئەم جۆرە هەڵوێستانەی بەرپرسانی ئێرانی، ئاستی توندوتیژییەکانی هێزە چەکدارەکان و پاسەوانانی سنوور لە دژی کۆڵبەران زیاتر بووە، بە جۆرێک کە بە پێی ئامارەکان تەنیا لە ساڵی ٢٠١٨ زیاتر لە  ٢٣١ کۆڵبەر بوونەتە قوربانی، بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەم ڕێژەیە ٧١ کەسیان کوژراون و ١٦٠ کەسیش بریندار بوون. 

بەم حاڵەشەوە بەرپرسانی ئێرانی لە جیاتی چارەسەرکردنی کێشەی کۆڵبەران و دابین کردنی هەلی کار بۆ هاوڵاتیان، بەردەوام لە هەوڵی پاساوهێنانەوەن بۆ تەقەکردنی هێزەکانی پاسەوانی سنوور.

حسێن ئەحمەدی نیاز، پارێزەری بەشێک لە کۆڵبەران، لە وەڵامی جێگری سیاسی و ئەمنی وەزیری ناوخۆدا دەڵێت کۆڵبەری پیشە نییە، بەڵکو کارێکی لە ڕووی ناچارییەوەیە و بەرهەمی ستەمی دەوڵەتە.

ئەحمەدی نیاز لە لێدوانێکیدا بۆ پەیسەرپرێس دەڵێت: " کۆڵبەری وشەیەکی داهێنراو نییە کە بۆ کێشە نانەوە بۆ بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ساز کرابێت، بەڵکوو بەرهەمی چل ساڵ هەژاری، بێکاری، هەڵاواردن و نایەکسانییە کە دەوڵەت سەپاندوویەتی بە سەر ناوچە کوردییەکاندا."

بەپێی ئامارە فەرمییەکان ڕێژەی بێکاری لە پارێزگای سنە ١٢%، بەڵام بەپێی ئامارە نافەرمییەکان رێژەی بیکاری زۆر لەوە زیاترە کە حکومەت باسی دەکات، ئابوریناسان پێیانوایە ئامارەکانی حکومەت تەنیا بۆ شاردنەوەی راستییەکان و چەواشەکردنی رای گشتییە، ئەحسەن عەلەوی نوێنەری سنە لە پارلەمانی ئێران ئەم ئامارە بە ڕاست نازانێت و دەڵێت ڕێژەی بێکاری لە ناوچە کوردییەکانی ئێران زیاتر لە ٤٥%.

بێکاری، نەبوونی کارگەی پیشەسازی و خەمساردی حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی ئێران بۆ گەشەپێدانی ئابوری پارێزگا کوردییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، بووەتە هۆی ئەوەی زۆربەی دانیشتووانی  شارە سنوورییەکان ڕوو لە کۆڵبەری بکەن.

 بە پێی هەندێک ئاماری نا فەرمی زیاتر لە ٥٠٠ هەزار کەس لە ناوچە سنوورییەکان ژیان و گوزەرانیان لەسەر پیشەی کۆڵبەرییە و هەندێک ئاماری دیکەش زیاتر لە ٨٠ هەزار کەس کاری کۆڵبەری دەکەن،  ئەمەش جگە لەوەیە کە بەشێکی زۆری هەلی کار لە بازاڕی ناوچە کوردییەکان گرێدراوی کۆڵبەرین، بە جۆرێک ئەگەر بێتو کۆڵبەری نەمێنێت ئەوا بە هەزاران کەسی دیکەش لە بازاڕەکاندا بێکار دەبن.

پارێزەر ئەحمەدی نیاز پێیوایە  کۆڵبەری کار و پیشە نییە، بەڵکوو کەڵکوەرگرتنە لە لەشی مرۆڤ بۆ گواستنەوەی کاڵا لە هەلومەرجی زۆر سەخت و دژواردا و ئەمەش  شێوازێکی نوێی بە کۆیلەکردنی ئینسانە.

بە پێی مادەی ٤٣ی دەستوری کۆماری ئیسلامی، ئەرکی حکومەتە هەلی کاری گونجاو لەگەڵ کەرامەتی ئینسانی بۆ هاوڵاتیان دابین بکات، بەڵام ئەحمەدی نیاز دەڵێت حکومەتی ئێران بەرامبەر بە ژیانی هاوڵاتیانی کورد خۆی بە بەرپرسیار نازانێت.

موحسین بیگلەری، نوێنەری شارەکانی سەقز و بانە لە پارلەمانی ئێران لە لێدوانێکدا بۆ پەیسەرپرێس دەڵێت ئەو کاتەی خەڵک لە کوردستان لە بەرانبەر هێرشی سەدام بۆ سەر ئێران خۆڕاگریان دەکرد، حکومەت لە ناوچەکانی دیکەی ئێران سەرقاڵی وەبەرهێنان و گەشەپێدانی کەرتی پیشەسازی و کشتوکاڵی و ... بوو و ناوچە کوردییەکانی لە بیر کردبوو، هەربۆیە ئیستا ڕێژەی بێکاری لە کوردستان لە بەرزترین ئاستدایە و کرماشان و سنە لە پلەی یەک و دووی ڕێژەی بێکاریدان لە سەر ئاستی ئێراندا.

عەبدولکەریم حسێنزادە، نوێنەری شارەکانی نەغەدە و شنۆ لە پارلەمانی ئێران پێیوایە سنوورەکان دەرفەتێکی باشە  بۆ گەشەپێدانی ئابووری بە مەرجێک حکومەت بە باشی کەڵکی لێ وەربگیرێت، حسەینزادە لەمبارەیەوە بە پەیسەرپرێسی ڕاگەیاند سنوورەکانی ئێران ڕێکخراو و مودێڕن نین و لە توانا بازرگانییەکان بە باشی کەڵک وەرنەگیراوە، ئاماژەی بەوەش دەدا تا کاتێک ئێران نەتوانێت ئاسایشی سنوورەکانی دابین بکا و لە ناوچە سنوورییەکان وەبەرهێنانی ئابووری و پیشەسازی ئەنجام بدات، ئەوا ناتوانێت دۆخی کۆڵبەرانیش بگۆڕێت.

ئەم پەرلەمانتارە کوردەی ئێران دژی ئەو بۆچوونە باوەی ناو بەرپرسانی ئێرانییە کە دەڵێن وەبەرهێنانی ئابوری تا لە سنوورەکان دوورتر بێت باشترە، حسێن زادە دەڵێت دەبێت گرنگی بە وەبەرهێنان لە ناوچە سنوورییەکان بدرێت، کۆڵبەران باجی بێکاری و هەژاری دەدەن و دەبێت هەلی کار و پیشەی شیاویان بۆ دابین بکرێت.

بەشێکی بەرچاوی ئابوری پارێزگا کوردییەکان لە ئێستادا گرێدراوی بازرگانیی سەر سنوورەکانی باشوری کوردستان و کاری کۆڵبەرەکانە، بە وتەی هەندێک لە ئابوریناسان نەهێشتنی دیاردەی کۆڵبەری واتە وەستان و مایەپووچ بوونی بازاڕەکانی کوردستان.
ساڵی ڕابردوو حکومەت بڕیاریدا بە تەواوی کۆتایی بە دیاردەی کۆڵبەری بهێنێت و لە جیاتی کۆڵبەری جۆرێک لە بازرگانی کە پێی دەوترێت پیلەوەری پەرە پێ بدات، بەپێی بڕیارەکە حکومەت مۆڵەتنامەی بازرگانی دەداتە بەشێک لەو کەسانەی کە دانیشتووی گوندەکانی نزیک خاڵە سنوورەییەکانن و دەتوانن بەپێی ئەم مۆڵەتنامەیە مانگانە بە بڕی ٥٠٠ هەزار تمەن کە دەکاتە کەمتر لە ٤٥ دۆلار کاڵا و شتومەکی رێگەپێدراو هاوردە بکەن، لە بەرامبەریشدا دەبێت باج بە حکومەت بدەن.

ئەم بڕیارەی حکومەت زۆر بە زیانی کۆڵبەرانە و زۆرینەی کۆڵبەرەکان لە پێدانی مۆڵەتنامە بێ بەش دەبن، جگە لەوەی دەبێت باج بە حکومەت بدەن، ئەو داهاتەشی کە دەستیان دەکەوێت زۆر کەمە و بەشی ژیانی تەنیا چەند رۆژێکیان دەکات.
 
موحیسن بیگلەری نوێنەری شارەکانی سەقز و بانە لە پەرلەمانی ئێران پێیوایە بڕیارەکەی حکومەت، ژیان و بەرژەوەندی دانیشتووانی سەر سنووری خستووەتە مەترسییەوە.

 بیگلەری بە پەیسەرپرێسی ڕاگەیاند ژیان و گوزەرانی زیاتر لە ٨٠% خەڵکی ناوچەکە بەستراوەتەوە بەو داهاتانەی لە ڕێی سنوورەوە دەستیان دەکەوێت، هەربۆیە لە دژی بڕیارەکەی حکومەتە، لە جیاتی دەرکردنی وەها بڕیارێک پێویستە حکومەت و بەرپرسان واز لە بەڵێنی پڕوپووچ بهێنن و هەست بە بەرپرسیارێتی بکەن بەرامبەر بە ژیان و گوزەرانی خەڵک.

دۆخی کۆڵبەران تا دێت خراپتر دەبێت، پێشتر دانیشتوانی ناوچەکانی بانە و مەریوان دڵیان بە کردنەوەی ناوچەی ئازادی بازرگانی بانە و مەریوان خۆش کردبوو، کەچی بەپێی بڕیاری حکومەت بۆ رێکخستنەوەی خاڵە سنوورییەکان زۆربەی کۆڵبەران بێکار دەبن و مۆڵتنامەی کۆڵبەری تەنیا دەدرێتە ئەو گوندنشینانەی کە ٢٠ کیلۆمەتر لە سنوورەکانەوە دوورن.

هیوا ساڵحی کە کاسبکارێکی بازاڕی مەریوانە نیگەرانە لە بڕیارەکەی حکومەت و دەڵێت حکومەت بە جێبەجێکردنی بڕیارەکە ژیانی خەڵکی ناوچەکەی خستووەتە مەترسییەوە چونکە ژیانی هیچ خێزانێک بە داهاتی مانگانەی ٥٠٠ هەزار تمەن بەڕێوەناچێت سەرباری ئەوەش دەبێت باجیش بە حکومەت بدات.

هێرش ساڵحزادە کاسبکارێکی بازاڕی بانەیە و دەڵێت بەر لەم بڕیارە، حەسەن روحانی بەڵێنی دابوو کۆڵبەران بیمە بکرێن، رێگەی تایبەت بۆ کۆڵبەران دروست بکرێت، بانکەکان قەرزی درێژخایەن بە کۆڵبەران بدەن، بەڵام ئەوە هیچ کە بەڵێنەکان جێبەجێ نەکران، کەچی رێک بە پێچەوانەوە بەم بڕیارەیان ژیانی زۆربەی دانیشتوانی ناوچەکە کەوتووەتە مەترسییەوە.

بەر لە سێ ساڵ چەند ناوچەیەکی ئازادی بازرگانی کرانەوە، بڕیار بوو ئەم ناوچە بازرگانیانە ببێتە هۆی بوژانەوەی ئابوری ناوچەکە سنوورییەکان و دابەزینی رێژەی بێکاری، کەچی بە پێچەوانەوە زۆربەی کارە بازرگانییەکان دراونەتە کەسانێکی سەر بە حکومەت کە کورد نین و لە ناوچەکانی دیکەی ئێرانەوە هاتوون.

کۆڵبەرەکان کارەکەی خۆیان بە "پارویەک نان بە نرخی گیان" وەسف دەکەن و دەڵێن هەر جارێک کە هاتووچۆی ئەو دیوی سنوور دەکەن مەترسی ئەوەیان هەیە بکەونە سەر مینە چێنراوەکانی پاشماوەی شەڕی عێراق_ ئێران، لە وەرزی زستاندا مەترسی ئەوە هەیە بە سەرما و هەرەسی بەفر تێدابچن  و لە هەر چوار وەرزی ساڵیشدا مەترسی ئەوەیان بە فیشەکی پاسەوانانی سنووری ئێران بکوژرێن.