ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

12:14 - 26/10/2020

عزەت دوری لە بەفر فرۆشتنەوە بۆ جێگری سەدام حسین‌

پەیسەر

گەرچی بە كەسێكی نەرم و نیان و ئاینپەروەر بەناوبانگ بوو، بەڵام گەشتنی بە پلەو پایەی جێگریی سەرۆكی پێشووی بەعس و سەرۆكایەتی عێراق شتێكی دیكەی دەگوت، ئەو لە بنەماڵەیەكی هەژار لە دایك بوو نەیتوانی درێژە بە خوێندن بدات، بەڵام هەمیشە وەك سێبەری سەدام حسین دەركەوتووە، جاروبار لێدوانی توندی داوەو زۆرترین دەركەوتنەكاتنیشی بە جلوبەرگی سەربازیی پلەی سەربازیی باڵاوە دەركەوتووە، چەندین جار هەواڵی مردنی بڵاوبووەتەوە، بەڵام حیزبی بەعسی هەڵوەشاوە پشتڕاستی نەكردووەتەوە، دواجار بە بەیاننامەی فەرمی بە بێ ئەوەی ئاماژە بە شوێنی مردنەكەی بدەن ڕایانگەیاند -عزەت ئیبراهیم لەسەر پشتی ئەسپەكەی دابەزیی-.

 

عزەت دوری كێیە؟
عزەت ئیبراهیم دوری لە 1/ تەموزی 1942 لەناوچەی دور لەپارێزگای سەڵاحەدین لەدایك بووە، لەسەرەتای منداڵیدا پەروەردەی ئاینی ئیسلامی سوننی - تەسەوف وەردەگرێت، لەگەڵ ئەوەشدا دەخرێتە بەر خوێندن، دوای خوێندنی سەرەتای دەخرێتە ناوەندی ئەعزەمیە بەڵام دوای ئەوەی دوو ساڵی یەك لەدوای یەك دەرناچێت، لە خوێندنی رۆژ دەردەكرێت، و بەناچاری دەچێتە خوێندنگەی ئێواران، بەڵام لەوێش دەرناچێت بەهۆیەوە واز لە خوێندن دەهێنێت و دەست دەكات بە سەهۆڵ فرۆشتن، هەر لەو كاتەدا پەیوەندی دەكات بە ریزەكانی حزبی بەعسەوە و لەماوەیەكی كەمدا ناوبانگ پەیدا دەكات و دەبێتە ئەندامی سەركردایەتی هەرێمی حزبەكە.

عزەت دوری و بەعس
عزەت دوری لە كودەتای سەربازی بەعسیەكان لەتەموزی 1968 بەشداری كردووە لەدوای سەركەوتنی كودەتاكەش یەكێك بووە لە بەعسیە دیارەكان، لەساڵی 1972 تا ساڵی 1974 وەزیری كشتوكاڵ بووە لەساڵی 1974 تا 1979 وەزیری ناوخۆ بووە، لەساڵی 1979 بۆتە جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای شۆرش، عزەت دوری ماوەیەكی دووروودرێژ جێگری سەدام حوسێن بووە، بەڵام بەهۆی بێدەسەڵاتیەوە لەناو گەلانی عێراق هەردەم نوكتەی لەسەر دروست دەكرا و نوكتەكانیش بەخێرایی بڵاودەبوونەوە.

عزەت دوری و كورد
عزەت ئیبراهیم دوری بەیەكێك لەو سەركردانەی بەعس دادەنرێت كە دەستی سورە بەخوێنی گەلی كورد،بەپێی راپۆرتی رێكخراوی هیومان رایتس ۆۆچ، دوری یەكێكە لەو سەركردانەی كە بەرپرسیارە لە كۆمەڵكوژی كورد لەساڵی 1988، هیومان رایتس ۆۆچ دەڵێت عزەت دووری ئەندامی لیژنەی كاروباری باكور بووە لە ئەنجومەنی سەركردایەتی شۆرش، كە ئەنجامدەری پرۆسەی ئەنفال بووە.

رۆژنامەی " واشنتۆن پۆست" ی ئەمریكی لە ژمارەی رۆژی 24/كانونی دووەمی 1991 بڵاویكردەوە " عزەت ئیبراهیم دوری هۆشداری دایە دانیشتوانی شاری سلێمانی كە یەكێكە لە شارە گەورە كوردیەكانی عێراق، كە ئەگەر ئێوە هەڵبجەتان بیرچۆتەوە ئەوە من بەبیرتان دەهێنمەوە ئێمە ئامادەین ئەو پرۆسەیە دووبارە بكەینەوە"
واشنتۆن پۆست دەڵێت شاری هەڵبجە شارێكی كوردیە و لە 16ی ئازاری ساڵی 1988 بووە ئامانجی هێرشێكی گەورەی عێراقی بەچەكی كیمیایی و بەهۆیەوە نزیكەی 5 هەزار كەس لە دانیشتوانەكەی كوژران.

عزەت دوری و كوەیت
پێش داگیركردنی كوەیت لەلایەن عێراقەوە عزەت دووری نوێنەرایەتی بەغدای دەكرد بۆ چارەسەری كێشەی سنوری نێوان هەردوو وڵات، لەلایەن كوەیتەوە شێخ سعد عبدالله سالم سوباح بۆ سەرۆكایەتی وەفدەكە دیاریكرا، بەڵام دانوستانەكان بەبێ ئەنجام كۆتاییان هات و سەرئەنجام عێراق لە 2ی ئابی ساڵی 1990 كوەیتی داگیركرد، كە بەهۆیەوە عێراق كەوتە ژێر گەمارۆ و سزای قورسی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.

گەشانەوەی ئەستێرەی عزەت دووری 
دوای جەنگی كەنداوی ساڵی 1991 سەدام حوسێن هەموو چوونە دەرەوەیەكی راگرت، بەهۆیەوە عزەت دووری نوێنەرایەتی سەدامی دەكرد لە كۆبونەوە و كۆنگرە نێودەوڵەتیەكان، بەڵام لەهیچ كام لەو كۆبونەوانەدا دەستكەوتێكی بۆ گەلی عێراق و تەنانەت بۆ حزبەكەشی بەدەست نەهێنا.

عزەت دوری دوای پرۆسەی ئازادی عێراق 
لەدوای پرۆسەی ئازادی عێراق، ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا لیستێكی 55 كەسی لەداواكراوانی رژێمی پێشوو بڵاوكردەوە كە تێیدا عزەت دوری داواكراوی ژمارە شەش بوو، ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا رایگەیاند بڕی 10 ملیۆن دۆلار وەك دیاری دەداتە هەر كەسێك كە زانیاری پێ بدات كە ببێتە هۆی دەستگیركردن یان كوشتنی عزەت دوری، جگە لەوەش بەپێی راپۆرتی هێزەكانی ئەمریكا رۆڵی سەرەكی بینیوە لە دروستكردن و پاڵپشتی و سەركردایەتی گروپە تیرۆرستیەكانی عێراق كە لەدوای ساڵی 2003 وە كردەوەی تیرۆرستیان لەناوچە جیاجیاكانی عێراق ئەنجام دەدا.

عزەت دوری و چیرۆكی مردنی
لەدوای ساڵی 2003 وە چەند جارێك هەواڵی مردن یان كوژرانی بڵاوكراوەتەوە، لەرۆژی 11 تشرینی دووەمی 2005 دەنگۆی مردنی بڵاوبۆوە، بەڵام زۆری نەخایاند و حزبی بەعس لە بەیاننامەیەكدا ئەو دەنگۆیانەی رەتكردەوە، لە 17ی نیسانی 2015 تەلەفزیۆنی عێراقی بڵاویكردەوە كە عزەت دووری لەپرۆسەیەكی سەربازی لەناوچەی حەمرین ی رۆژهەڵاتی پارێزگای سەڵاحەدین كوژراوە، بەڵام حزبی بەعس جارێكی تر كوژرانی دووری رەتكردەوە، و تەرمی ئەو كەسەش كە گومان دەكرا عزەت دووری بێت برایە باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغداد بەمەبەستی پشكنین.

رۆژی 15ی ئایاری 2015 عزەت دووری پەیامێكی ڤیدیۆی بڵاوكردەوە، لەدوای نزیكەی یەك مانگ لەدەنگۆی كوژرانی، بەوەش دەركەوت ئەوكەسەی كوژراوە ئەو نەبووە.
هەواڵی مردنی ئەمجارەی عزەت دووری جیاوازە، و حزبی بەعس لەبەیاننامەیەكدا هەواڵی مردنی دووری بڵاكردەوە، چەند سەرچاوەیەكی میدیایش دەڵێن لەپارێزگای سەڵاحەدین لەلایەن چەند كەسێكی تایبەتەوە بەخاك سپێردراوە.

عزەت دوری و ژیانی كۆمەڵایەتی
عزەت ئیبراهیم پێنج جار هاوسەرگیری كردووە و 11 كوڕ و 13 كچی هەیە، ئەمەش ناوی بەشێك لەمنداڵەكانیەتی ، كوڕەكانی" بەكر و ئەحمەد و ئیبراهیم و علی" كچەكانی " كبیرە و هوازن و عبلە و حمرا"، بەڵام هیچ یەكێك لە منداڵەكانی ناسراو نین و لەنێو میدیا و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاونەكراونەوتەوە، گەرچی قسە زۆرە لەبارەی نیشتەجێبوونی خانەوادەكەیەوە، بەڵام بەفەرمی ڕانەگەیەنراوە.